لە پەراوێزی گەرانەوە دا:بەشی(٧) : نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by

لە پەراوێزی گەرانەوە دا:بەشی(٧)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
بۆ گووڵی شۆرش(قاسم رەحمانی)
.شۆرشی ئێمە بۆ رزگاری نرخێکی زۆری داوە،بە دەیان و ھەزاران لاو لە پێناو خەونی رزگاری دا گیانی خۆیان بەخت کرد.ھەر کاتێک چاو لەو مێژووە دەکەی بە دڵنیایی دەبێ چاوێکیشت لە سەر ئەوانە بێ کە بۆ ئەو مێژووە بوونە قووربانی.
چاو لێبکەن لاوە جوانەکەی ئێمە،کوورە دڵ پڕ لە ھیواکەی شۆرش خەونەکانی لێرە تەواو بوون،ھەر لە درێژەی ئەو کاروانە دا:

ھیواکانی تێکەڵاوی چەند قەترە خوێنێک بوون و چوونە دڵی خاکەوە.لە شەوێکی تاریک دا جێی ھێشتین،ھاورێکانی ناچار دەبن لە شەوێک دا دوو رووداوی تاڵ تاقی بکەنەوە.
من یەکەم جار بەھاری ساڵی“١٣٧١“لە شیوەرز“چاوم پێی کەوت.پێش ئەو رێکەوتە ساڵی „١٣٦٦“کە دێت بۆ پێشمەرگایەتی بە ھۆی ئەوەی تەمەنی زۆر کەم دەبێ دەنێردرێتە یەکیەتی لاوان“دوای چەند ساڵێک ئەو جار نەقڵی مەڵبەندی ٣ی“کوردستان دەکرێ.کەچی قاسمی“ لاو دڵی ھەر بۆ سەردەشت و زێدەکەی لێدەدا،دوای ماوەیەک حیزب رەزامەندی نیشان دەدا بۆوەی بگەرێتەوە کۆمیتە شارستانی سەردەشت و ھێزی گیارەنگ.کارووبارەکەی تەواو دەکات و بەپەلە بەرەو مقەرەکانی ھێزی گیارەنگ وەرێدەکەوێ.قاسم زۆر زوو چۆ دڵی ھەمووانەوە،ئەزموونی چەند ساڵێک پێشمەرگایەتی فێری زۆر شتی کردبوو،ئەوەی زۆر جێگای سەرنج بوو لە تایبەتمەندییە جوانەکانی قاسم زیرەکی و ھووشیارییەک بوو کە لە چاوی ھەمووانەوە دیار بوو.قاسم رەحمانی لە حاڵێك دا لە گووندە جوانەکەی خۆی“کاژێ“تەنیا تا پێنجی سەرتایی دەخوێنێ ماوەیەکیش فەقێ دەبێ،کە ھەستی پێشمەرگایەتی وەک خەونێک وازی لێناھێنێ و لە حاڵێک دا:تەمەنی زۆر کەم دەبێ رێگای پێشمەرگایەتی دەگرێتە بەر.ئەو ھەر لە سەرەتای منداڵییەوە وەک کوورێکی زیرەک بۆ خەڵکی گووند دەناسرێ.لە پێشمەرگایەتیش قاسم رۆژێک لە پێگەیاندنی خۆی خافڵ نابێ،ئەو بەردەوام دۆستی کتێب و ھاورێی خوێندنەوە دەبێ.لە ریزەکانی شۆرش دا وەرزش و کتێب دوو ھاورێی دا نەبڕاوی قاسم دەبن،بە تەمەن ھێشتا سەرەتاکانی لاوی خۆی تاقی دەکاتەوە،دنیایەک خۆزگە و ئارەزووی جوان لە مێشکی دایە،بۆ ھەموو ئەو ھیوا جوانانە بە گەش بینییەوە دەروانێتە داھاتووی خۆی،ھەر بۆیە بێ وچان لە ھەوڵ دایە،وەرزش بەشێکە لە ژیانی رۆژانەی،دەست و پەنجە ناسک و جوانەکانی ھەر دەتگووت:بۆ واڵیباڵ“ درووست کراون ئەو وەرزشەی خەونی پێوە دەبینی،لە گەڵ ھاورێکەی مەنسوور رەحیمی“دەبنە کۆڵەکەی وەرزشی گیارەنگ،ھەر لە واڵیباڵ“و تێنیس“بگرە تا دەگاتە فووتباڵ.لە گەڵ ئەوەش دا کوورێکی بە نەزم و دیسپلین بە مانای راستەقینە.کوورێک لە لووتکەی ئارەزووە جوانەکانیەوە دەیڕوانییە داھاتووی خۆی.قاسم تا بڵێی خۆشەویست بوو بۆ ھاورێکانی،کەسێکی جێگای متمانە و رەوشت بەرز،ھەموو ئەو تایبەتمەندیە جوانانە وایان کرد ساڵی(١٣٧٢)قاسم رەحمانی“رەوانەی دەورەی سیاسی بکرێ،بە سەرکەوتنێکی زۆرەوە دەورەکەی تەواو دەکات. ساڵی(١٣٧٤)لە تیمی تەشکیلاتی شار سازمان دەدرێ.ئیدی ئەو لاوە خوێن گەرمە رێچکەی سەرکەوتنەکانی گرتووە ھەموومان داھاتوویەکی گەش بۆ کاک قاسم لە بەر چاومانە.ئەو ماوە بەشداری زۆربەی جەولەکانی ھێزی گیارەنگ دەبێ،لە سەر جادەی پیرانشار سەردەشت لە کەمینێکی سەرکەوتوانە کە تەنیا پێنج کەس بووین بەشدار بوو کە دەوری بەرچاوی گێڕا.ئەو رێبازە بۆوەی بە زیندووی بمێنێتەوە،بە درێژایی خەبات بۆ رزگاری قووربانی پێویست بووە،ئەوەتا لاوە خاوەن ھەست و خێر لە خۆ نەدیوەکانی بۆ گۆرینی ئەو واقعە تاڵە بە سەخاوەتەوە بەرەو پیری مەرگ دەچن.
سەرماوەزی ساڵی(١٣٧٤)مەئمووریەتێک لە لایەن کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزبەوە،لە لایەن:شەخسی کاک مستەفا ھیجری”یەوە،بە ھێزی گیارەنگ و فەرماندەری ئەو ھێزە:کاک حوسێن پەیرەوان دەسپێردرێ.لە شەوێکی ساردی پاییزی دا:تیمێک لە کوورە ئازاکانی ھێزی گیارەنگ و تیمی تەشکیلاتی ناو شار بۆ بەجێگەیاندنی ئەو مەئموورییەتە دوای سەختیەکی زۆر خۆیان دەگەیەننە ناو شاری سەردەشت.
با ئەوەش بڵێین:بێشک دەبێ ئەو مەئموورییەتە تایبەتە ھەڵگری پەیامێکیش بووبێ!کە ئێمە رەنگە ھێماکانی نەزانین.قاسم”لەو مەئمووریەتە بەشدارە و وێرای ھاورێکانی بە دڵ گەرمی و باوەرێکی قووڵەوە ھەوڵ بۆ سەرکەوتن دەدا.ئەو شەوە دوو قووللەی”پادگانی سەردەشت دەکرێنە ئامانجی ئەو عەمەلیاتە،کوورە ئازاکانی ھێزی گیارەنگ بە سەرکەوتنەوە کارەکەیان بە جێدەگەیەنن.چوونە ناو شار بۆ عەمەلیاتێکی ئاوا گرینگی خۆی ھەیە،تۆ بچیتە قەلبی دووژمنەکەتەوەو بە تەقاندنی چەند گوولە ئاربی چی“یەک،خەوی دوژمن حەرام بکەی و لە بەرابەردا:مزگێنی گەرانەوەی پێشمەرگە لە شەوێکی ساردی پاییزی دا بە گوێی شارێک دا بدەی.ھەموو ئەو سەرکەوتنانە لە سەر دەستی لاوە خۆ بەخشەکانی وەک قاسم“دەنووسرێنەوە. ھەموو شتێک بە سەرکەوتنەوە کۆتایی دێت و دووژمن وەک ھەموو جارێک زەبوون و لاواز دەکەوێتە تۆپ و خۆمپارە بارانی ناوچەکە،بە پدافند و دۆشکە“ئاور باران دەست پێدەکات. پێشمەرگەکان کە تیمێکی دوازدە کەسی دەبن،زۆر بە بەرنامە لە ناو شار دەردەچن و دێن بۆ گووندی شینوێ“تا لەوێ بە پەلە نانێک بخۆن و بڕۆن.ھێشتا لە سەرنان خواردن دەبن کە ئاگادار دەکرێن،ھێزێکی زۆری رێژیم پێک ھاتوو لە جاش و پاسدار بەرەو گووند دێن،ھەر بۆیە پێشمەرگەکان بە پەلە گووند بە جێدەھێڵن.لەو کاتە دا لە بەری رەبەت“و تەواوی مۆڵگەکانی دەورووبەر،مەسیری پاشەکشەی ئەو تیمە پێشمەرگە دەکەوێتە بەر ئاگربارانێکی تووندی چەکە قوورسەکان.
پێشمەرگەکان کە چەند ھاورێیەکیان لە ناو گووند بە جێدەمێنن لە دەرەوەی گووند لە بەرامبەر گووندی شینوێ“لە خوار ماڵەکانی وشترمل“چاوەروانی ئەوان دەبن،دواتر فەرماندەری گشتی بڕیار دەدات بپەرنەوە بۆ ئەو بەر ماڵان.تا رەفیقە جێماوەکانیان دەگەنە لایان. ھێزەکانی دووژمن بە ھەموو جۆرە چەکێک شوێنی پاشەکەشەی پێشمەرگەکان ئاور باران دەکەن.لە حاڵێک دا پێشمەرگەکان دوای ئەو رووداوانە وا ھەست دەکەن بێ زیان و سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانیان دەھێنن.لەو شوێنەی پێشمەرگەکان وچان دەدەن تا رەفیقەکانیان بگەنە لایان،ئا لەو کاتە دا گوولەیەکی وێڵ دێت!کەس نازانێ لە کوێوە!چۆن!ئەو گووللە دەبێتە کارەساتێکی گەورەو لە بیر نەکراو،ئەو گووللە بەر سینگی لاوی دێموکرات قاسم رەحمانی دەکەوێ…شەوێکی سارد و درەنگی پاییزی“یە،کە بانگی دەکەن قاسم وەڵام ناداتەوە!ئەی چەند دیمەنێکی کاریگەرو ناخ ھەژێنە بۆ ھاورێکانی،چۆن باوەڕ بکەن قاسم پێکراوەو ئیدی جێیان دەھێڵێ.چرای ھیوا جوانەکانی قاسم رەحمانی ھەر لەوێ دکووژێتەوە،کاتێک دەچنە سەری و بانگی دەکەن قاسم جواب ناداتەوە!ئەوەندە برینەکەی کاریگەرە کە ھیوایەک بۆ ژیان بەدیناکرێ…بێدەنگی دوای کارەساتەکە چیرۆکێکی ئەوەندە تاڵ و خەمێکی ئەوەندە قووڵە لە گەڵ گێرانەوەی بە دەم ئازارەوە بێ ئیختیار فرمێسک لە چاوت جاری“یە.من گووتم:مێژووی برینە قووڵەکان لێرەن،ھاوسەنگەری ماندوو و شەکەت دوای بڕینی رێگایەکی زۆر لێرەش ناحەسێتەوە،ئەو جار جیا لە ئازارەکانی رێگاو مەترسییەکان،ئێستا دڵیان ژان دەکات و ئەو جار ئەژنۆی حەسرەتیش لە باوەش دەگرن،حەسرەتی لە دەست دانی ھاورێیەکی ئەوەندە شیرین و خۆشەویست کە بۆوەی دەبێ:لە دەست ئەو رووداوە بە ژانە یاغی بیت و باوەڕ بە ھیچ رێسایەکی ژیان نەکەی.ئاخر قاسم گیان چی تۆمان بۆ دەگێرێتەوە،ھاوارمان لەو شەوە ساردو تاریکە دا بۆ کوێ بەرین.قاسم گیان بۆ لەو شوێنە وچانت دا ھەر ھەنگاوێک دوورتر پاڵت داباوە،بەس بوو بۆ دەرکردنی ئازارەکانی ماندوویەتی بۆوەی ئێستا سیمای گەشت شەڵاڵی خوێن نەبێت.قاسم گیان ھەگبەی سەفەرێکی درێژت ھەڵگرتبوو بۆ وا زوو چۆکت بۆ مەرگ دادا.ئێمە چاوەروانی درەوشانەوەی تۆ بووین لە ریزەکانی شۆرشی گەلی چەوساوەمان دا،تا ببیە رێبەرو رێنیشاندەری ھەژاران.
شەو درەنگە ھاورێکانت گەلێک ماندوون کوا کاتی ئەو خەمە قوورسەیە.دوای ئەو رووداوە قاسمی لاو لە سەر پشتی ھاورێکانی دوور دەخرێتەوە بۆ شوێنێک تا بڕیار بدەن چی بکەن.دوا جار ھیچ ھیوایەک بۆ رزگار کردنی شەھیدەکەیان شک نابەن،تەرمی بە خوێن سوور بووی قاسم“ھەر لەوێ دەشارنەوەو دوا ماڵ ئاوایی لێدەکەن.ھەر بۆیە بڕیار دەدەن لە رێگای ھاورێ خۆشەویستەکەی کاک حەسەن خۆشکەلامەوە خزمەکانی لە یەکێک لە گووندەکان ئاگادار بکرێن تا بۆ بەیانی دوور لە چاوی دووژمن جەنازەکەی ببەنەوەو بە بێدەنگی بە خاکی بسپێرن،کەچی بۆ بەیانی نایبیننەوە.بە ناچار(اطلاعات)لە سەردەشت ئاگادار دەکەن!ئەوان دەچن لەو شوێنە!جەنازەی شەھیدی دێموکرات دەبنەوە شاری سەردەشت و دوای چەند رۆژێک بە فشاری بنەماڵەکەی جەنازەکەی وەردەگرنەوەو بە خاکی دەسپێرن.
بۆ رۆژی دواتر ھەواڵی شەھید بوونی قاسم رەحمانی بڵاودەبێتەوە،خەمێکی گەورە خەڵکی ناوچەی سەردەشت دادەگرێ.بۆ ئێمەش ئازارێکی گەورەو کەمەر شکێن،داخی لە دەست دانی قاسم ھەموومانی دڵ بریندارو ماتم بار کردین.ھاورێیەکی دیکەی خۆشەویستی خۆمان بۆ خەونی رزگاری لە دەست دا.
رووحت شاد ھاورێ گیان
بەردەوامی بۆ رێبازەکەت

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *