بەشی سی و یەکەمی گەرانەوە(٣١) نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by

درێژەی بەشی سی گەرانەوە…..
وەک باسم کرد: دوای بڕینی رێگایەکی سەخت و شەوێکی تاریک گەیشتینە،گووندی“ھەرزنێ“.زۆر کەسی دیکە لەو زێدە ھاوسەفەری ئەو کاروانە بوون و ئێستا لێمان دابڕوان،وەک:شەھیدان رەسوڵ خەبات“ئەحمەد شووشەو زۆری دیکە…ناوچەکە کەوتۆتە بەر شەپۆلی شەڕی ماڵوێرانکەری“ئێراق،ئێران“ و ئاسەوارێک لە ئاوەدانی نابیندرێ.
لە خوار گووند دەچینە سەر“کانی“یەک.لە دوورەوە چۆڕەی ئاوێک…وەک:دەنگێکی غەریب بە گوێی ئێمە دەگات.

سەردەمێک لێرە ژیان تابڵۆیەکی ئەوەندە جوان بووە،کە خەڵکی ئەو ناوچە سەختە،وەک:ریشەی دارەبەنەکانی“بناری چیا وا بوون،ئەو شەوە کە دەگاتە لای بەیانی بە زگی برسی و نائومێد چەند سەعاتێک خەوتین.بەیانی بە ھۆی گەرمای زۆری ئەو شوێنە زوو لە خەو ڕابووین،کە ھەستام لە ژێر تیشکی ھەتاوێکی گەرم،چاوێکم بە ناوچەکە دا گێرا،کانیاوێکی بێناز، دار ھەنارەکان و چەند ھەنجیرێکی تیکشکاو،سەخت لە گەڵ مەرگ و مانەوە لە کێبەرکێ دان،ئەو کانی“یە سەردەمێک جێ ژوانی ئەویندارانی خۆشەویستی بووە،دەیھێنمە بەرچاوی خۆم !چ زووڵمێکی گەورەیە!بەڵێ:ئێمە بۆ کۆتایی ھێنان بەو مەرگە ساتە لە وڵاتی خۆر دەجەنگین،بەڵێ:ھەر لێرە وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکانی رەوایەتی ئەو خەبات و قووربانیدانەم وەرگرتەوە.من و تۆ بۆ ئەو نیشتمانە لە خوێن دەگەوزین، ئاخر ھەنارەکانیش ،دارەھەنجیرە بێنازەکانیش،بۆ قوومە ئاوێک چاویان بڕیوەتە ئێمە!ئەوان تینوو!ئێمە برسی…! ئەوان و ئێمەش بە زووڵمێکی گەورەدا:تێدەپەڕین.دوای نیوەرۆ لە ژێر ھرووژمی برسییەتی دا پێشمەرگەکان چەند ھەنارێکی ترش“یان لێکردنەوە،دەنکەکانی رەق و ویشک بوون،ئەوە ھەستی برسییەتی ئێمەی زیاتر کرد.دواتر وا ساخ بووینەوە چەند کەسێک بڕۆنە ناو گووندی خاپوورو لە نێو کاولە“ رووخاوەکان بگەرێن!بەڵکوو:شتێکی بە جێماو ببینەوە کە بۆ خواردن بشێ.(با لێرەدا:بۆ ئەوانەی برسییەتیان چێشتوە ئەوەندەش زیاد بکەم!لە ھەر جێگایەک ھەستت بە برسییەتی کرد!ھەر کە زانیت نانت دەست ناکەوێ زوو ئەژنۆت شل دەبن و ھیوا بڕاو دەبی،وە ھەستی برسیەتی زیاتر پەلامارت دەدا.ئێستا کە گەراومەوە بۆ ئەو رۆژانە چاوەکانی من پڕ بوون لە فرمێسک…تۆ بڵێی:بتوانم وەک:ئەوەی رووی دا بە ئەمانەتەوە سەختییەکانی ئەو چەند رۆژە بگێرمەوە،حەقی خۆی پێبدەم و ئازارەکانی ئەو رۆژانە لە نائومێدی و بێکەسی دا:بکەمەوە رووداوە راستەقینەکە و تۆش لە ژێر کاریگەری روداوە تاڵەکان دابی).بەڵێ:سێ تا چوار کەسێک چوونە ناو گووندی چۆڵ،لە حاڵێک دا:ئێمە چاوەروانی ھەواڵێکی خۆشمان دەکرد،بێسیم“یان کرد کە تەنیا توانیویانە لە ژێر دیوارەکانی کەلاوەیەک!ساوەری“کۆنی بە جێماو ببیننەوە!گووتمان بیھێنن.ئەوە بوو:ساوەرەکەو دوو تەنەکەی“ ژەنگاوی بەتاڵیشیان لە گەڵ خۆ ھێنابوون،ھێنامان ئاومان لە پاڵ کردو سەر ئاگرمان نا!پاش ماوەیەک ساوەر خۆی کێشاو تەنەکە“کە،پڕ بوو.ھێنامان بیخۆین بێ» رۆن و بێ خوێ«!کە تاقیمان کردەوە زۆر ناخۆش بوو!بۆنێکی ناخۆشیش،بەڵام:دابەش کراو خواردمان..پاش ماوەیەک زگی“ئێمە ھەڵدمسا!بە جۆرێک زۆر نارەحەت بووین!زگ“ئێشەش پێمانەوە زیاد بوو….!!!!ھیوا بڕاو بووین و ھەر کەس لە جێگای خۆی دانیشت ھەرچی کردمان سوودی نەبوو!نە ھەنارە ترشەکان بە زگی برسی و نە ساوەرەکە!نەیانتوانی ھەستی برسیەتی ئێمە کپ بکەن،ھیچ!خرابتر بووین.لای ئێوارە کۆبووینەوە،ئەوە بوو: سێ کەسمان لێ جیابوونەوە،کاک سەعدوون مارەغانی و حوسێنی فەقێ عەلی و نەفەری سێھەمم بیرنەماوە کێ بوو!؟
ئەوان جارێکی دیکە گەرانەوە بۆ ناوچە،چەند کەسێک بوون و دەیانتوانی بحاوێنەوە.ئێمەش تەنیا کەسێک تا رادەیەک ھیوای ئێمە بوو:کاک(کەریم شەھرنیا)بوو گۆیا جارێک بەو رێگایە دا رۆیشتبوو.ئێوارەکەی بە زووەوە خۆمان بەست و بڕیار درا کە:بە رێگای چیای ئاسۆس“دا بۆ بەیانی خۆمان بگەیەنینە سەرتەنگ و دۆڵە گۆم“ لە بەرزایی لووتکەی ئاسۆس.راستی ئەوە تەنیا قسەیەک بوو و بڕایەوە!نە کەس شارەزایە نە کەس دەزانێ مەودای گەیشتن بەو شوێنە چەندە!.زانیاری دیکەی ئێمە چەند پرسیارێک بوو کە پێشتر لە چەند کەسێکی باوەڕ پێکراو کرابوو،کە ئەو شوێنە لە ئاسۆس رێگای کاروانچییەکانی ناوچەکەیەو ھەر لەو شوێنەش بیری ئاوی“لێن!ئەگینا ئێوە تا گەیشتن بەو شوێنە ئاوتان دەست ناکەوێ!ئەی بۆ نان چی بکەین!؟
ئێستا ئێمە توانامان لە کەمی داوە!برسییەتی ئەو زەنگە مەترسیدارەیە،کە بە گوێی ھەموومان دەگا!خۆ رەنگە چەند کەسێک وردەکە نانی رەقی پێ مابێ و ھێشتا نەیوێراوە دەستی بۆ ببات!ھەتا دەستی لێبدات بزانێ زۆری و کەمی چەندە.من وەک خۆم لە شەوی رابردووەوە ھیچم پێ نەماوە!تا ئێرەش کەس نازانێ چی روودەدات.بەڵێ:خۆشەویستان بۆ نان“یش تەنیا ھیوا ھەر ئەو شوێنەیە،واتە:(کاروانچییەکان).جا لەوەش مەترسیدارتر!ئەو کات(رەبیعە)کانی سووپای ئێراق سەرکەوتوون بۆ بەرزاییەکانی ئاسۆس کاراونچییەکان لەو ترسانە تەنیا شەوەکەی تا ھەوا رووناک بوون لەو شوێنە» وچان« دەدەن،پێش ھەوا رووناک بوون ئەوان بار دەکەن و دەڕۆن.!کەواتە:چی؟ئێمە دەبێ پێش سیوادی بەیانی خۆمان بگەیەنینە ئەو کاراونە تا ھیوامان بۆ بگەرێتەوە.بەو جۆرە ئێمە ئێوارەکەی یەکەم ھەنگاوەکانی بڕیارە ھەڵەو قوورسەکەمان دەست پێکرد.ئێوارەکەی پێش ئەوەی تاریک دابێ لە رووباری زێی“بچووک پەرینەوە.کە بوارمان بڕی و گەیشتینە ئەو بەر ،گووترا:کووڕینە گوورج با بەر لەوەی تاریک بێ!رێگاکە ببینینەوە،رێگاکە کوێرە رێیەک بوو،لە رێگای دۆڵی سەفرەوزەروون“لات دەداو بە دەستی راست دا تیژەباسکێک ھەبوو سەر دەکەوتین،ھەروامان کرد!بەڵام:ھەر لەو شوێنە مەیدانێکی گەورەی“مینی تەڵەیی“ھەبووە!بەو پێیەی من دواتر پرسیارم کرد؟تۆسقاڵێک ترازان بەس بووە بۆوەی تووشی کارەسات بین!ئەوە چۆن رووی نەداوە!ئیدی بەخت یاوەری پێشمەرگەکان بووە!ئێمە لە سەر ھەقین و لە سەدان مەترسی ئاوا رزگارمان بووە.بە پەلە گوورج بە ئاراستەی دەم چۆم دا بە نێو رەوەزە بەردەکان و رێگا سەخت و چەتوونەکە دا:لە ژێر رووناکی کەمی مانگێکی دوورو کز دا :لە کاتێک دا ھەموو گیانمان شەڵاڵی ئارەقەیە،تیژ تیژ رێگا دەبڕین،وچان نادەین!گووترا:کوورینە ئێمە بەر لەوەی مانگ ماڵ ئاوایی بکات و بمانداتە دەست تاریکى،پێویستە ریگا سەختەکەمان بڕیبێ…ھەر رۆیشتین چەند جارێک پێشمەرگەکان رادەوەستن و دەنگە دەنگێک لە پێشەوەی سەفەکە دەگاتە ئێمە!من حەز ناکەم بچمە پێشەوە تا لەوە زیاتر گوێم لە ھەواڵی ناخۆش نەبێ!؟ ئاخر من ئەو شەوە جیا لە برسییەتی دوو بەڵای دیکە ھاودەمی رێگای دوورمن!یەکیان کوولیەم“ئازارێکی زۆری ھەیە و دەبێ تەحەموولی بکەم!دواتر من ئادیداسی“پێم دڕاوە،راستی کەوشەکەم کوون بووە،بە ھەر حاڵ:لە ئازارەکانی خۆم دەگەڕێم!ئەو جار وردە وردە ئاوی قوم قوومە“کانیش تەواو دەبێ ,کەواتە:نۆبەی تینوەتیش دێ!دەی ھەر ئەوەمان کەم بوو.ئاخ خوایە گیان چی روودەدات بۆ رزگاریمان نابێ!تاوانی ئێمە چییە!؟بە دەر لە خەونێک بۆ ئازادی ژیان،ئەویش بۆ ئەوانی دیکە،بۆی ھەیە ئێمە بەو خەونە نەگەین!
ماوەیەکی دیکە رۆیشتین… لە پڕ!لە پێشەوە کێی؟کوورە!پەیدا بوو..!ئەی ھاوار لەو چۆلگە بێجگە لە ئێمە کەسێکی دیکە ھەیە! بەو شەوە تاریک و لەو ناوچە چۆڵەوانییە بوونی ھەبێ!باشە ئەوانە کێن!؟من لە دواوە بووم ھەموومان دانیشتبووین،بێسیم کرا ئەوانە (راوچین)!لەو پەڕی بی ھیوایی دا:ترووسکەی ھیوایەک!ئەوە لە مەزەندەی کەس دا نەبوو!
بەرپرسەکان کەوتنە پرسیار کردن لێیان؟راستی ئەوانیش شۆک ببوون لە بوونی ئێمە لەو شوێنە!قسەیەکی زۆریان لە گەڵ کرا،کە ھاوکاریمان بکەن لە دەست نیشان کردنی رێگاکە.ئەوە بوو:کەوتینە مەعامەلە!وابزانم داوای ھەشتا(٨٠)دیناریان کرد.باش…کێ ئەو پارەی پێیە!ھەر کەس جواب دەداتەوە:کەیفی خۆیەتی!من پارەم پێ نەبوو!دواجار برایمی شێخی”و کاک نەبەز”پارەکەیان جوور کرد.کەمێک نانیان پێیە!تکایە ھاورێیان عادڵانە دابەشی بکەن!ھەر کەسێک نانی پێماوە با وەر نەگرێ!راستی سەروو پاروومان گەیشتنێ.ئێ ئەو جار رێگایەکی سەخت لە رێمانە!(ئەوە بە قسەی ئەوان)دوو کەسەکەی بە کرێمان گرتن ھاتن تا لەو شاخە سەختەی باسیان کرد دەربازمان بکەن،جا کە راستە رێ بووین ئەوان بگەرێنەوە.ئەو جار رێگایەکی سەخت لە دوای رۆیشتنی مانگ دەستی پێکرد،نزیکەی سەعات و نیوێک یا دوو سەعات رۆیشتین گەیشتینە ئەو شاخە سەختەی ئەوانیش لێی دەترسان!پێشمەرگەکان ھیلاک ببوون برسییەتی و تینوەتی ھەنگاوەکانی ئێمەی شل و شلتر دەکرد.بەرە بەرە ئارەقەی نێوچاوان و ژێر لیباسەکانیشمان بەرەو ویشک بوون دەرۆیشت!گەیشتینە شاخێکی ئەستەم کە کەس نەیدەوێرا لە خوارەوە بڕوانێ!ئەوە بوو: پشتێندکانمان”کردنەوە،چەندین دانەیان تێک خستن تا گەیشتنە کۆتایی شاخ و ئەو جار یەک بە یەک بە پشتێدەکان بڕۆینە کۆتایی شاخ.ئای کە سەخت بوو!ھاورێیەکی پێشمەرگە لە سەر شاخەکە ماوەتەوە،بانگی دەکەین:وەرە خوارەوە!جواب ناداتەوە!دواتر ئەو نەفەرەی لە سەرەوە لە گەڵمان بوو گووتی:کاکە دەڵێ:ھیچ تاقەتی رۆیشتنم نەماوە!ئەوە بوو من کەمێک بە ھاوکاری پشتێندەکان سەرکەوتمەوە!بانگم کرد:کەمێک ھاتە خوارتر ھەر لە بەر خۆیەوە ھاواری دەکرد!برسیمە نانی ناخۆم!تینوومە ئاو ناخۆمەوە!ماندووم ناڕۆم!ئاربیچی”ش نادەم بە کەس!ئەو شتانەی ئەو باسی دەکردن ئەو شەوە لە ئێمە قات ببوون!ئیدی بەو وەزعەش!پێشمەرگەکان پێکەنین….!چۆن ئەو بە پێچەوانەی ویستی ھەموومان ناوی ھێنان!چووینە سەرتر کاکە گیان قووربانت بم وا نابێ!ع….ق! گووتی:نانت پێیە!نا ئاوت پێیە!نا ئەی چیت دەوێ؟قسەیەکم بۆ کردن نەما!زۆر پاڕامەوە کاکە زۆرمان نەماوە دەرباز دەبین!دوا جار قەناعەتی کردو ھاتە خوار.ئەو جار دوو راوچییەکە”گەرانەوە!یەکێکیان گووتی:کاکە رێگای سەختتان نەماوە،تەنیا باش بڕۆن بۆوەی نەجاتتان بێ!
ھاتینە خوارتر وچانێکن داو رۆیشتین ماوەیەکی زۆر رۆیشتین وا دەبێتە لای سەعات چواری شەو،بەرەبەرە دڵی شەو دەبڕین.کەواتە ئەو جار ئەگەر بمانھەوێ نەجاتمان بێ دەبێ بەر لەوێ ھەوا رووناک بێ بگەینە ئەو شوێنەی باسم کرد،لای کاروانچیەکان.
لەو شەوە تاریکەدا:نیگای چاوێکتان لێرە بێ دەفتەری ژینی ئێمە بخوێننەوە،چرکە چرکەی ژیانی ئێمە شەونخوونی”یە.ئازارێکی سەختە لە رێگایەکی سەخت و بێ کۆتایی دا:ئەی ھاوار چی بکەین بۆ قوومە ئاوێک“ خەریکە کوێر دەبین!گەروومان ئیشک بۆتەوە،لێوەکان سیس بوون.گوێم لە ناڵەو ھاواری چەند پێشمەرگەیەکە!دەڵێن:کاکە ئێوە بڕۆن جێمان بێڵن!حاشا خۆ لە مردن زیاتر نییە.
من بە ئازاری خۆمەوە دەتلێمەوە!ئازاری رێگا،ئازاری برسیەتی و ئازاری کوولی”یە، و تینوەتی .چەند جار کەوشەکەم دادەنێم و زیخە بەردەکانی ناوی خاڵی دەکەم،ئێستا ھەمووان مات بوون کەس ھێزی رۆیشتنی نەماوە ،ئێمە شەپۆل شەپۆل ئەستێرە بە ئەستێرە ،رەنج بە رەنج ھاتین،ئاگامان لەدوا درەوشانەوەی ئەستێرەکان بوو ،ھاورێی مانگ بووین دەرەقەت نەھات،شەویش وا بە چۆک دادێت .لەو کاتەدا:چاوم بڕیوتە ئاسمان و بیر لە چارەنووسی تاڵی خۆمان دەکەمەوە…تۆ بڵێی چیمان بە سەر بێ!کێ ئەو بڕیارە ھەڵەی دا!
لەو کاتە دا:کاک (عەوڵا و کاک نەبەز)دەنگیان بەرز بۆوە!گووتم:چیتان دەوێ!ئێستا چی بکەین!گووتیان:کاکە ھیچ ئومێدێک نەماوە بەو جۆرە رۆژ دەبێتەوە!ناگەینە کاروانچیەکان!لەو کاتەدا:لەو لا چەند پێشمەرگەیەک دەنگیان دێ:کاکە فڵان کەس و فڵان کەس جێماون!.بە دەنگی ئەوانەوە ویستم بگەرێمەوە دواوە!کاک نەبەز گووتی:عەلی وەرە ئەوە دەردی ئێمە چارە ناکات!گەرامەوە دووبارە پاڵم دایەوە…گوێ بگرن…….
ئێستا ئێمە رەنگە سەعات و نیوێک یا دوو سەعاتن مابێ بۆ شوێنی دیاری کراو.
بڕیار درا کێ توانای رۆیشتنی ماوە با نەجاتمان بدات!تەنیا رێگا ئەوەیەو ھیچی دیکە…ئاخ…راست بوومەوە من ئامادەم..تا دوا ھەناسە تەسلیم نابم ھەر چەند نەخۆشم،کاک عوومەر کانیبی منیش..برایمی شێخی منیش دێم!باش من بێسیمم پێیە سێ کەس دەبنە ھیوا بۆوەی رەفیقەکانیان لە برسان نەمرن!بەر لەوەی ھەوا رووناک بێ دەبێ بگەینە سەر تەنگ و دۆڵە گۆمان…..!!
با بۆ بەشی داھاتوو بێ ھێشتا سەختی زۆر ماون….منیش ماندووم و دڵم پڕە!!
چاوەروان بن….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *