بەشی سی و شەشەمی گەرانەوە(٣٦) له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی. (٣)

Posted by

بەشی سی و شەشەمی گەرانەوە(٣٦)
له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی (٣)
ئێوارەکەی بە دەم پێکەنین و خەندەی جوانی پێشمەرگانە،وردە وردە بەر لە تاریکی شەوەکە دەچینە ساڵۆنی نان خواردن،پرسیاری ئەوەی چی بۆ خواردن ساز کراوە،لەو پرسیارانەیە کە زۆر جار دەمی ژەمەکان“درووست دەبێ،ژیانی پێشمەرگایەتی سەخت و ئیمکاناتی کەم.
نابێ چاوەروانی خواردنی دڵخوازت ھەبێ،ئەگەر نۆکاو“بە ھۆی دووبارە بوونەوە،یا فاسوولیا“نیسک“ێنە،لە ھەفتەیەک دا چەندن جار دووبارە بۆوە نابێ نیگەران بی،لێرە نازی کەس بڕ ناکات.

ئەو شەوە دوای نان خواردن،زووتر گەراینەوە بۆ پەلی فەرماندەیی.ھەر زوو پاسەوانەکان“کە سێ کەسن بە شێوەی سێ گۆشەیەک“لە شوێنی خۆیانن،لای رۆژئاوا بە کراوەیی ماوەتەوە.شەوێکی تاریک و بێدەنگ،جار جار ھەناسەی بایەک بە ھێمنی دێت و تێدەپەڕێ.نزیک سەعات(١٢)ی شەو سەردانێکی نیگابان”کانـم کرد،چەند قسەیەک و باسی ئەوەمان کرد تا وریا بین کەمە.چەند نوورێکی کز نەبێ ھیچ بەدیناکرێ،ئەو ئێوارەیە بە ھۆی بوونی بۆشایی و نەبوونی چەندین بەرپرسی نیزامی ھەست دەکرێ،ئەرکەکان قوورس بن!ئەگەر لە پڕ شتێک رووی دا فەرمان لە کێ وەرگرین،ئارێ کێ موودیرییەتی شەڕ دەکات!(زۆر جار کە لە رووداوێک دوور دەکەویەوە ئاوڕێک لە کەش و ھەوای ئەو سەردەمە دەدەیەوە تێدەگەی ھەڵەی گەورە زۆر سادە تێپەریون)با ئەوەش زیاد بکەین،نەک لە بەر ئەوەی کەس نەبێ،ئەو شەوە چەندین کادری تێکۆشەرو بە ورە سەرەرای بوونی چەند پێشمەرگەیەکی ئازا لێرەن!کێشەکە زیاتر ئەوەیە کەس نازانێ ئەو بۆشاییە ھەیە!راستەوخۆ بەرپرسایەتی بە کەس نەدراوە بۆ پاراستنی شوێنەکان،رەنگە زۆر کەس نەزانێ کەمینەکان”لە شوێنی خۆیان نین!ئەزموونی ئێمە کەمە و رەنگە ئەو متمانە و (اعتماد)بە نفس”ە،بوونی نەبێ.زۆر بە نیگەرانی نزیک سەعات(١٢/٥)و نیو،دەگەرێمەوە بۆ لای پەل”بێسیمەکەم کراوەیە،چەند جارێک لە گەڵ کاک رەسوڵ عەزیزی”قسەم کردوە،پێوەندی لە نێوان ھەموومان لە رێگای بێسیمەوە ھەیە،لە گەڵ سوونێ”گەڵوەرزە”.ھەست بە ھیچ شتێکی نامۆ ناکرێ!لە ترسێک زیاتر کە من ھەستی پێدەکەم و رەنگە زۆر قوورس بێ باس کردنی!ھەر لە بەر ئەوەشە نابێ وەسەر خۆتی بێنی!.جێگاکەم لە ژووری پەلی فەرماندەیی دەقیق لە بەردەم پەنجەرەکەیە،رەخت و تفەنگەکەم لە تەنیشت خۆم لە پەنا جێگاکەم درێژ کردووە،کەمێک دەچمە فکرەوە بیرێک لە چارەنووسێک دەکەمەوە کە کەس ناتوانێ پێشبینی بکات.ئەو ھەموو شەڕو رووبەروو بوونانەوە تا کەنگێ درێژ دەبنەوە.ئێمە لە شەڕ بێزارین،رەنگە بەلاتانەوە سەیر بێ،چەکی ئێمە بۆ بنیات نانی چڵە زەیتوونی ئاشتی”یە.لە خوار من پێشمەرگەیەک خەوتووە»ھ…ب«،زۆر نەخۆشە،کووڕەکان دەڵێن:تاو“ بردوویەتی یا نەخۆشییەکی دیکەی ھەیە نازانم،ئەو شەوە لە (پر پرە)و ماست گیراوە،چەند جارێکە گوێم لە ناڵەیەتی!وادیارە:ئازاری زۆرە،نازانم چەندە خەوم لێ کەوتووە!ئەوەی بە درێژایی رۆژ چەند جارێک بە مێشکم دا ھاتووە!کەچی من نەمتوانیوە لە نێوان چەندین خەیاڵی جۆراوجۆردا بیدۆزمەوە!…ئێستا رووی دا….
دەنگی تەقینەوەیەکی بە ھێز…سامناک و رووخێنەر لە خەو راماندەپەڕێنێ،ئەوەندە بە ھێزە ھەست دەکەم خانووەکە خەریکی رووخان بێت،لەرزینەوە ھەست پێدەکەین،چرا کزەکەی ئێمە دەکووژێتەوە،تۆ بڵێی:نیشانە بێ بۆ وەستانی ژیانی ئێمە و کۆتایی ژیان.رووناکی تەقینەوەکە تەواوی ناوچەکەی رووناک کرد،تۆزێک کە بڵاو بۆوە!وام زانی مقەرەکەی”ئێمە کراوتە ئامانج،دەستم برد بۆ تفەنگەکەم دەستم گێڕا ھیچم دەست نەکەوت،خوایە گیان چی بە سەر ھاتووە!بێسیمەکە”لە شوێنی خۆی بوو…ھەر کە کەوتە بەردەستم ویستم بیکەمەوە،ھەر ئەوەندەم زانی بوو بە رۆژی حەشر!رەگبارەکان بە جۆرێک ھاتن،کە کاتێک سەرم بڵند کرد چاوێک لە بەری کومیتەی شارستان بکەم:لە ئاگر و بریسکەی تەقینەوەکان سەرم سووڕما!با ئەوەش بڵێم:(تفەنگەکەم دەست نەکەوتەوە)ھاورێی(خدمە)ی ئاربی جی“ کاک سمائیل میراوەیی” بێ پرسی من بێ ئەوەی خەبەرم بکاتەوە!بردوویەتی بۆ نیگابانی,ئێستا ماوەیەکی باش پەشۆکاوم!بەراستی چی روودەدات!ھاواری ھەرکەس دەکەم دەنگم بە ھیچ شوێنێک ناگات،دەبێ بڕۆمە دەرەوە.ماوەیەکی پێویستە تا لە ژێر تاسانی تەقینەوە گەورەکەو ئاوربارانی بێ پسانەوەی چەکەکانی دووژمن خۆمان دەگرینەوە.زۆری پێ نەچوو..م..)لووقمان کەسرایی،مەنسوور رەحیمی،رەحیم دەروێش ئەحمەد میرشێخەیدەری،رەحمان حوسێنی،عەوڵا ئەلیاسی(کە راستی ھەر ئەو چەند کەسە لە بیرم ماون)
توانیمان لە بەر بێڵاکەی پەلی فەرماندەیی کۆببینەوە،سێ”نیگابانی ئێمە خەریکی بەرنگارین،چەند جارێک ھەوڵ دەدەین پێوەندی بە کاک(عەوڵا شەریفی)بەرپرسی کومیتە شارستانەوە بکەین،کەچی:دەنگ و ھاشەی چەکەکانی دوژمن بە جۆرێک زاڵە دەنگت بە کەس ناگا!راستی ناتوانی لە پێوەندییەکە تێبگەی.کاتی سەنگەر گرتنە لە بەرابەر دوژمن دا:مەنسوور رەحیـی“لە گەڵ دوو کەس لە دەستی چەپی پەل“لە زاویەکە سەنگەریان گرتووە،لووقمان کەسرایی و…م…لە دەستی راست و ئێمەش لە بەینی ئەو دوو تیمە لە ھاتووچۆ داین.بەشی زۆری ئەو کوورانەی لەوێن تازەن و شەری بەو جۆرەیان نەدیتوە،باش لە یادمە مەنسوور ھات پێی گووتم:کاکە,خالیدە سووتاو“لێرەیە،ئەو کوورە کەسێک بوو ناوبانگی ئازایەتی تەقیبۆوە،لە ناو شاری سەردەشت“بە نوێژی نیوەرۆ بە ئاربی جی“شەری کردوە،بە ھەرحاڵ:ئەوە زۆر دڵ خۆشی کردم،ئەو ئێستا لە گەڵ مەنسوورو دوو کەسی دیکە لە دەستی چەپ بە ئاراستەی دوژمن شەڕ دەکەن.مەنسووری“ش دەبێ یەکەم شەڕی بێت،بەڵام:ئەو کوورێکی بە جەرگ دیارە.دوای ماوەیەک توانیمان پێوەندی بە کاک عەوڵا شەریفی“یەوە،بکەین.دوای پێوەندییەکی کوورت!کە زۆر نیگەران دیار بوو،تەنیا شتێک گووتی:دووجار دووبارەی کردەوە!ھیوای ئێمە ئەم شەو ئێوەن،ئێوە سەنگەر چۆڵ بکەن دەزانن چی روودەدات!کە ئەوەمان گوێ لێ بوو،ئیدی تێگەیشتین چ ئەرکێکی قوورس و چ شەرەفێکی گەورە بەو بەرنگارییەوە بەندە.پێوەندین بە کاک رەسوڵ عەزیزی“یەوە کرد،دوای چەند قسەیەکی کوورت حاڵیم کرد کە وەزعی ئێمە زۆر خرابە!ئەوە بوو ساغ بووینەوە تیمێک لە لکی٣“ را بە دەستی راست و بە لای قەڵاتی دارەبەنان“دا بێن و لە وێوە لە دوژمن بدەن تا فشاری سەر ئێمە کەم بێتەوە.
باوەڕ ناکرێ لە یەک کاتدا:چەند ئاربی جی“دەتەقینەوە،ئەوە سەرەرای رەگباری بی کەیسی“و چەکەکانی دیکە.
فشارەکان زۆر زیاد بوون کەس فریای ئێمە نەکەوتووە!لە ژێر تۆپ بارانێکی بێ ئەماندا ئەو ھێرشە دەستی پێکردووە،ناوچەکە بە گشتی ئاگری لێدەبارێ لەو شەوە تاریکە دا:بریسکەی تەقینەوکان ناوچەکە رووناک دەکاتەوە.لە راستی دا:سەرەتای ئاوربارانەکە،ھەر کەس لە بەری کومیتەی شارستان لە شوێنی خۆی دەرکەوتبا دەکەوتە بەر ئاگری دوژمن و رزگاری نەدەبوو،چاوەروان بووین لە چەند شوێنێکی دیکەوە چەند کەسێک بە ھانای ئێمەوە بێن،دەرفەتی ئەوەش نەبووە!دوای ئەو ئاگربارانە تووندە ئەوان ئەو جار ھێرشەکانی خۆیان بەرەو شوێنەکانی ئێمە و لە راستی دا بۆ گرتنی پەلی فەرماندەیی“دەست پێ کردن.خەریکی بەرگرییەکی چڕو شەرافەتمەندانەین ھیوا بە پێشمەرگەکان دەدەین،کاکە:نیگەران مەبن دوژمن دەشکێ و خۆی ناگرێ،ئێمە زۆر شەڕی لەوە گەورەترن تاقی کردوونەوەو دوژمن شکاوە،نارنجۆکەکانی ئەوان کە شوێنەکەیان بەرزە دەگەنە ئێمە.شەڕکە زۆر لەوە سەختتر بوو کە ئێمە چاوەروانی بووین،لەو کاتەدا:پێویستن بە (انبار)ی تەقەمەنی بوو،کلیلەکەم لە بەر تاسان و ترسی ئەو شەوە نەدەزانی چی لێکردوون،ھاوارم کرد کاکە بیشکێنن بە پەلە قووفڵەکەیان شکاند.
تا ئێرە سێ جار ھێرشی ئەوان لە دەستی چەپ تێک شکاون.
………………..
با ئاورێک لە شوێنەکانی دیکە بدەینەوە،پاشان دەگەرێینەوە بۆ شەڕە گەرمەکە:
…………………
لە ھەموو لایەکەوە شەر دەستی پێکردووە لە گەڵوەرەزەوە تیمێک کە کاک ئەبووبەکر سێوەتاڵی،کاک مەحمەد ئەراک،کاک سەید قادر،لە گەڵیانن ھاتوونە شاخەکانی بەرامبەر ئێمەو دەتوانرێ بە بیکەیسی و ئاربی جی“لە دوژمن بدرێ.
…………………………………..
لکی٣ێ
ئەو شوێنە دەتوانێ ببێتە ھاناو فریاد رەسی کومیتەی شارستان و پەلی فەرماندەیی“,لە بەشی رابردوو دا باسی بوونی دۆشکەیەک“کرا،ئێستا ئەو دۆشکە بە جۆرێک سەنگەری ھێزە پەلامار دەرەکانی دوژمن ئاور باران دەکات کە بۆتە ھیوایەک بۆ سەنگەرەکانی پێشەوە.
سێ کەس ئەو شەوە،وەک:پاڵەوان لە پشتی ئەو چەکە ھیوا بەخشەن،رەئوف شۆکە،مەحمەدە سوورە(گروێسی)لە گەڵ…ر….لەوێ چەند ماڵێکی کەمی لێن،ئەگەر ھەڵە نەبم!ماڵی كاك حوسێن ماڵی،خدری عەوڵای مام ئاغا،خدر خاڵدار.ئەگەر ماڵی دیکە ھەبووبێ داوای لێبووردن،کە ناوم نەھێناون.
ھێزەکانی پەلاماردەر تیمێکیان“زاڵە بە سەر ئەو شوێنەش دا بۆ سەرگەرم کردن و دەرفەت نەدان بۆوەی نەتوانن بە ھاواری ھێزەکانی کومیتەی شارستان“وە بێن.لێرە شێرە ژنان دەبنە ھاوکارو یارمەتیدەری پێشمەرگەکان،دوای تەواو بوونی ھەر زنجیرێک“فیشەکی دۆشکە“ئەوان ئازایانە بۆیان پڕ دەکەنەوە تا ھیواکانی بەرنگاری لاواز نەبن و دوژمن نەتوانێ خەونی گڵاوی بەدیبێنێ.
خۆشەویستان:شکۆ بە دەستەوە نادەین ھەر نرخێک پێویست بێ دەیدەین و رێگا نادەین دوژمن مەرامی بەدیبێنێ.
…………………
زۆر رووداوی سەرنج راکێش ماون باسی بکەین ئێمە چیمان بە سەر دێت!ئەو تیمەی بە ھاواری ئێمەوە ھاتوون لە لکی٣ێ،چییان بە سەر دێت،بۆ بەیانی چی روودەدات رووداوەکان زۆر گرینگن و لە بەشی داھاتوو دا بیانخوێنەوە
تێبینی:
داوای لێبووردن بۆ کەم و کۆرییەکان.
خۆزگە ئەوانەی ئاگاداری رووداوەکان بوون زانیارییەکانی خۆیان باس کردبان.
—–
سووپاس کاک لووقمان بۆ ھاوکاریت.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *