بەشی:چل و سێھەمی گەرانەوە(٤٣) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی (٢)
…………………………………
نیشانەکانی دۆخێکی نەخوازراو بە تەواوی دەرکەوتوون،چەند تیمێک لە رێگای پێوەندی بێسیم“ییەوە،ئاگاداریان کردینەوە کە وریا بین.پێویستە ئەوەش لە بیرنەکەین کە دەمێک بوو باس لە دەستگایەکی“کۆنترۆڵی بێسیم“ دەکرا کە دوژمن بە مەبەستی کۆنترۆڵی بێسیم“کانی ئێمە لە گووردانی ئیشکەدۆڵێ“دایناوە!پێشمەرگەکان بە پارێزەوە بە ناو دێ“دا دێن و دەچن.

خەڵک لە ماڵەکانیان ھاتوونە دەر تا لە نزیکەوە ئەو کەسانە ببینن کە بوونیان لێرە مایەی شادی و خۆشی ئەوانە،کاری تەبلیغی و باس کردنی سیاسەتەکانی حیزب لە رێگای چەند کادرێکەوە دەستی پێ کردووە،کیژو کوورانی گووند بە ئەوینەوە پێشوازی لە پێشمەرگەکان دەکەن.ھیچ نووسینێک ناتوانێ وێنای ئەو خۆشەویستی“یە بکات.نان و چایی خواردن تەواو بووە،زۆربەی پێشمەرگەکان لە کۆڵانەکان سەرگەرمی قسە و باس لە گەڵ خەڵکن.زۆری نەبرد چەند کاروانچییەک کە خەڵکی ناسراوو کەس و کاری پێشمەرگەکانیان لە نێو دابوو ،ئاگاداریان کردین کە:کاتی نزیک بوونەوە لە گووند لە پشتی ماڵان نەفەریان دیتوون!وادیارە:ئەو ھێزەی دوژمنە“کە بۆ گەمارۆدانی ئێمە ھاتوون،خۆیان لە کاروانچی“یەکان نەگەیاندووە!ئەوان ئەمشەو چاوەروانی نێچیری خۆیانن.لە کاتی کۆبوونەوەی ھەموومان چەند تیمێک لەوە دڵنیایان کردینەوە کە چەند بریسکەیەکیان دیتوە کە پێدەچێ بریسکەی چەک بووبێ.ھەروەھا
بەر لەوەی کۆبینەوە بۆوەی بڕیار بدەین چی بکەین،دەرکەوت کە کەمینەکەی ئێمە شوێنی خۆیان چۆڵ کردووە!کە راستی من نازانم ھۆکاری ئەو سەرپێچیی“یە بۆ!؟.ئێستا بە دە نەزەر گرتنی ئەو وەزعە پێویستە بە وریایی لە ناو دێ دەربکەوین. خەڵکەکە بە چاوی پڕ لە نیگەرانی“یەوە وێرای پەرۆشی داوا دەکەن زۆر وریا بین.
………………………….
پلانی چوونەدەر لە ناو گووند:
………………………….
بە پەلە فەرماندەرانی نیزامی کۆدەبینەوە،شوێنی دەرچوون و چۆنییەتی رووبەروو بوونەوەی ھەر پێشھاتێک باس دەکرێ.بە پێی بەرنامەیەک کە لە سەری ساخ بووینەوە،دەبێ تیمی پێشرەو بە وریایی لە ناو گووند دەربکەوێ،بە مەودایەکی چەند میتری ھێزی ئەسڵی ئێمە کە ھێزێکی زۆری کادرو پێشمەرگەیە بکەوێتە رێ.لە نێوان تیمی پێشرەو و ھێزەکەی خۆمان عەلی سوورەچۆمی“دیاری کرا کە ھەمامەنگی ھەر دوو تیمەکە لە رێگای بێسیم“وە بکات.
…………………….
ھەموو شتێک بێدەنگە وەک ئەوەی چاوەروانی رووداوێک بکرێ..سەرەتای پاییزەو چەند گەڵایەکی زەرد بە سەمای پاییزی“وە وەریون،دەنگی پێی پێشمەرگەکان نزمەو چاوەروانی رووداوێک دەکەن.ھەورازی پشت ماڵانمان بڕی،لێرەوە مەودایەک ھەیە کە لابە لایەو بە کۆتایی ئەو شوێنە لە مەترسی و دیدی دوژمن دەردەچین،ھەر شتێک رووبدات دەبێ لەو مەودا کەمەدا رووبدات.کە لە رێگاکە ترازای تەلانێکی سەخت ھەیە کە بە لارێ بوون تازە تا جۆگەیەک کە لە دۆڵەکەدا ھەیە خۆت ناگرییەوە.تیمی پێشرەو چەند ھەنگاوێکی ماوە ئەو دیو بێت،ھەناسەکان تووند بوون و پێدەچێ نەتوانین بێ گرفت دەرباز بین.لە گەڵ کاک سلێمان کەڵەشی لە پێوەندی دا بووم کە باسی ئەوەی دەکرد چی تازە ھەیە.ئیدی لە پڕ دنیا بوو بە رووناکییەکی سامناک و لە ھەموو لایەکەوە کەوتینە بەر ئاگری رگبارەکانی دوژمن،ھاشەو برسکەی چەکەکانی دوژمن بە جۆرێک زاڵ بوو کە ھەر جۆرە پێوەندییەکی لە نێوان ئێمە دا راگرت،چەند پێشمەرگەیەکی ئازا زوو جواب دەدەنەوە و سەنگەر لە دوژمن دەگرن.تیژە باسکێک بەرامبەر ئێمە ھەڵکەوتووە کە لەوێوە بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار ئێمە بووینە ھەدەف.پێشمەرگەکان بە پەلە بڵاو دەبن و ھەموویان بە ھەڵدێرەکەدا بەرەو دۆڵەکە دەڕۆن،راستی ئەو شوێنە جۆرێک ھەڵدێرە بە مەودایەکی زۆر تا لە دۆڵەکەدا دەگەیە سەر جۆگەیەک ناتوانی خۆت بگریەوە،تا نەگەیە خوار ناتوانی خۆت بگریەوە،کەواتە تەقە کردنیش زەحمەتە.
……………………………
ئەوانەی لەو کاتە دشوارەدا وەڵامی دوژمنیان دایەوە رەنگە لە پەنجەی دەست تێنەپەڕن باقی پێشمەرگەکان ھەوڵی خۆ دەرباز کردن دەدەن،ھەر لە راستی دا شوێنی گەمارۆو کەمینی دوژمن جۆرێکە کە زۆر بە زەحمەت دەتوانی خۆت رزگار بکەی.ئێستا تیمی پێشرەو زۆر بە ھاسانی خۆی رزگار دەکات،ئاوری دوژمن ئەوان ناگرێتەوە.
زۆر جار ئەگەر بتەوێ باسی رووداوەکانی ئێرە بکەی دەبێ بەشێک بووبی لەوانەی ھەموو سەختییەکانی ئێرە بە رووح و جەستە دەکێشن،ئاخر بە چ وشەیەک بتوانین باسی سنوورەکانی مەرگ بکەین،کەسانێک لێرە زۆر بە ھاسانی گیانی خۆیان بەخت دەکەن،زۆر جار ئازایەتی دەگاتە جێگایەک بیر لەوە بکەیەوە چی بکەی بۆوەی گیانی ھاورێکانت پارێزراو بێ،یا بەرپرسیارەتی، ئەوین و ئەشق بۆ حیزبەکەت پێت بڵێ:دەبێ:فیداکاری بە جێگایەک بگات تا حیزبەکەت تووشی زەربەیەکی قوورس نەبێ.وەک باسم کرد کاتەکە زۆر مەترسیدارە،ئەوەش چارەنووسی دوو تیمەکەی ئێمە بوو،ئێستا لەو نێوە دا من چی دەکەم!دەتوانم دوا بە دوای تیمی پێشرەو بڕۆم و خۆم ئەودیو بکەم.نایشارمەوە وە لە ژیانی پێشمەرگایەتی دا چەند جارێک ئەوەم بۆ ھاورێکانم گێراوەتەوە….
بیرم لەوە کردەوە کە ئێمە ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی کومیتە شارستان کاک مستەفا“لە گەڵمان دایە پێویستە شتێک لە چارەنووسی ئەو بزانم.دوای کەمێک درێژ بوون لە رێگاکەدا وە چەند ھەوڵێک بۆ پێوەندی گرتن بە ھاورێیانمان ھیچ سوودێکی نەبوو.راستی ھیچ فیشەکێکم نەتەقاندووە…ئەسڵەن نازانم چی روودەدات!ھەستم کرد تەنیا ماومەوە تۆزێک کە لە پشت پێشمەرگەکان بە جێماوە ھێشتا تەواو نەبووە،من پێم وایە زەربەیەکی قوورس دەخۆین ھەموو ئەو شتانەی من باسیان دەکەم لە نێو ئاگرێکی تووندو شەرێکی قوورس دا روودەدەن.
بڕیاری خۆم دا!دەقیق بەرەو ئەو شوێنە دەرۆم کە ھێزەکەی خۆمان پاشەکشەی بۆ کردوە،کە ھەستام بێسیم“کە لە دەستم دابوو ھەر کەمێک لە رێگاکە رۆیشتمە خوار کەوتمە سەر ھەڵدێرەکەو بە (خیزماڵ)کێک دا خۆم بۆ نەگیراوە،بێسیم“کەم لە دەستم ترازا ھەستم کرد ئازارێک بە دەستەکانم دەگات چۆن ناچارم بە ھێزی دەستم خۆم بگرمەوە،ئێستا بڵێی چەند کەسی دیکە ئەو وەزعەیان بۆ پێش ھاتبێ!ئیدی ئەوە بەیانی روون دەبێتەوە!.
دەمھەوێ بێسیم“کەم ون نەبێ کە لە پێشمەوە لە گەڵ خۆڵ و وردکە بەردەکان بەروخوار دەڕوات.
…………………………
ئەگەر تەمەن باقی بێ چاوەروان بن
تێبینی:یەک ١
تیمێک لە دۆڵەکەدا شێرانە دەستیان کردۆتەوە….
تیمێک ھەڵبڕاوە.
قەرارە جارێکی دیکە بگەرێینەوە بۆ ناو مەیدانی گەمارۆکە،بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی ئەوانەی ھەڵبراون.
تێبینی:٢
رووداوەکان وەک خۆی تا ئەو جێگایەی بیرم مابن،ھەر شتێک زانیاری خۆم بێ تا لێی دڵنیا نەبم ناینووسم.
ئەوە بەو مانایە نییە ھەڵە نەکەم.لە ھەر جێگایەک ھەستتان بەوە کرد »ئیغراق«ی تێدایە پەنجەم بۆ درێژ بکەن و رێگا مەدەن ناھەقی بەرامبەر بە مێژوو و کاراکتەرەکانی بکرێ.
دڵنیام دەیان رووداوی دیکەی جێگای سەرنج ھەن کە من لێیان ئاگادار نیم و رەنگە ھاورێکانم بیزانن.
کێشەکە ئەوەیە من ئەو شتانەم بیرماوە کە خۆم تێییان دا دەورم ھەبووە.ناشمھەوێ بە ھیچ جۆرێک راستییەکان بگۆرم.
سووپاسی کاک حەسەن خۆشکەلام،کاک شاخەوان عەزیزی و کاک مەحمەد بایزیدی دەکەم بۆ ھاوکارییەکانیان.
ھەر کەسێک ھاوکاریم بکات سەری رێز بۆی.
چاورەوان بن رووداوە سەختەکانی ئێرە تەواو نابن ھەر جارەو شاکارێکی ئەوان دەبینین.
ھەموو ھەوڵێکی خۆم دەدەم بۆوەی لێرە ھەست بکەن بەشێکن لەو مێژووە.لە گەڵ خوێندنەوەی تەزوو بە گیانتان دا بێت و ھەزاران ئافەرینیان بۆ بنێرن.بۆ ئەوانەی بەشداریش بوون جارێکی دیکە خۆیان لەوێ ببیننەوە.
……………………..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *