بەشی:حەفتاو پێنجەمی گەرانەوە(٧۵) له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بەشی:حەفتاو پێنجەمی گەرانەوە(٧۵)  نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
لە نێو بەشێک لە رووداوەکانی کوردستان و باس لە شۆرشی رۆژھەڵات داین.بە چاو خشاندن بە مێژووی حیزبی دێموکرات لە مەیدانی خەبات دا ئەو راستی“یە بەرچاوە کە مێژووی خەباتی ئێمە بۆ رزگاری نەتەوەیی بە ھەورازو نشێوی زۆردا ھاتووە.
ئەگەر لێرە باسی ئێمە لە سەر بەرنگاری چەکداری بێ ،ئەوە دەبێ ئەوە لە بیر نەکەین کە تێکۆشەرانی گەلی کورد بست بە بستی کوردستانیان کردبوو بە سەنگەر و ھەموو تەپۆلکە و شاخ و شیوو دۆڵی کوردستان لە ژێر پێی داگیرکەران دا وەک بووڕکان“بڵێسەی دەدا ،بەڵێ: سووپای داگیرکەر سەری سووڕما بوو لە بەرنگاری و ئیرادەیەک کە بەرامبەری وەستابوو ،ئەوان نەک ھەر ھێزەکانیان ،بەڵکوو:گەورەترین فەرماندەکانیان لە کوردستان بە پەند چوون.
………………………………………………….
ئەو جارە چۆنییەتی دەست بە سەر داگرتنی(گوورھان)ێکی دوژمن ھەڵکەوتوو لە گووندی ئاغەڵانی ناوچەی سەردەشت دەگێرینەوە ،ھەر ئەو جێگایەی کە پیلانی شەھید کردنی فەرماندەری لک“رەحیم عەلی پوور“ی لێ داڕێژرا……..
…………………………………………………..
دوای چەند رووداوێک و گەرانەوەی بنکەکانی ھێزی گیارەنگ لە بناری قەندیل“بۆ شیوەرەز“لە سەر رێگای قەڵادزە“سوونێ“،بەرە بەرە تەواوی کومیتەی شارستان و دواتر بنەماڵەکان بە چەند قۆناخێک گەرانەوە ،جارێکی دیکە بە ھیممەتی کادرو پێشمەرگەکان تواندرا سەر لە نوێ جێگا بۆ تەواوی بنەماڵەکان دابین بکرێ.
دواتر لە سازماندەھی نوێ دا ،کاک کاوە بەھرامی“لە سەردەشت نەقڵ کراو کاک حاجی جندی“وەک فەرماندەری ھێز دیاری کرا. کاک حەمە نارستی“ جارێکی دیکە وەک جێگری ھێز دیاری کرایەوە.
ساڵی ١٣٧١“ھێزی گیارەنگ خاوەنی دەیان پێشمەرگەی قارەمان و فەرماندەی لێھاتوو بوو کە لە ھەر جێگایەکی ناوچە مەبەستی بایە دەیتوانی حزووری ھەبێ و زەربەش لە دوژمن بدات.
بەدرە لەوە سەرەتاکانی حەفتاکان دوژمن بە پێی بەرنامەیەک کە کاری لە سەر دەکرد دەیویست وا نیشان بدات کە کوردستان ئارامەو توانیویەتی نائارامی لە ناوچەکە دا نەھێڵێ ،بە قەولی خۆیان دەیانویست وەک سیاسەتێک بەرامبەر بە دنیای دەرەوە بە کاری بێنن.
ھێزی پێشمەرگە بە پانتایی کوردستان چالاکی دەکات و رۆژ نییە دوژمن لە ناوچەیەکی کوردستان تامی تاڵی شکست نەچێژێ. فەرماندەرانی ھێزی گیارەنگ کاریان لە سەر گەڵاڵەیەک دەکرد بۆ تەفرو توونا کردنی ناوەندێکی دیکەی سەرکووت و چاوەدێری خەڵکی ناوچەکە.
بۆ بە جێگەیاندنی ئەو مەئموورییەتە ،ھێزی گیارەنگ بەرەبەرە کارەکانی سەرەتایی تەواو کردبوون ،ھەم لە شناسایی و ھەم(تدارکات).
ئێوارەی مانگی ۶/۶/١٣٧١/ لە ئێوارەیەکی درەنگ دا تەواوی ئەو ھێزەی کە پێویست بوو بەشدار بێ بە چەند ماشێن“بەرەو سنوور وەڕێکەوتین ،ھێزێکی زۆری پێشمەرگە کە بۆ گەڵاڵەیەکی گەورەی عەمەلیاتی پێویست بوو.
لێرە ھەموو وردەکارییەک.
…………………………….
کە وەرێکەوتین لە نزیک چیای مامەندە“دابەزین
کۆڵەپشتییەکانن پڕی نان بوون دەبوا تا تەواو بوونی بەرنامەکە کەس ئەو ھێزە زۆرەی پێشمەرگە نەبینێ. ھێشتا بە بناری مامەندە دا سەردەکەوتین بەرەبەرە ئارەقە دەبوو بە ھاوڕێی سەفەرمان ،شوێنەکە بەرز بوو ھێشتا مانگ بە تەواوی ئاوا نەببوو ئێمە لە ناوەڕاستی ھێزەکە بووین لە پڕ پێشمەرگە بڵاوبوون و دەنگ بەرز بۆوە لە پێش ئێمە ھاواریان کرد!! مارە مار“
بەڵێ:مار-ێک لە بن شاخێک دا بوو زۆر تووند دەیوشاند! پێم وا بێ چەند کەسێک دەوریان دا دواتر گووتیان:مار مەیمەنەتی“باشە لێی گەڕێن کەروێشک“خرابە! ئێمە کە بەرەو شەڕێکی گەورە دەچووین بەوە دڵ خۆش بووین.
دەی بزانین وا دەبێ! دەگەینە مەیدانی شەڕێکی قوورس.با ئەوەش زیاد بکەم جارێکی دیکە چووین بۆ شەڕێک کە کەروێشک“لە بەر پێی ئێمە دەرچوو!! لە شوێنی عەمەلیاتەکە زۆر نزیک بووین تا گەڕاینەوە ھەر لینگم دەلەرزین ،ئەویش کاتی خۆی باس دەکەین
وەی چ تاڵاوێکن ئەو جارەی بە چەند پێشمەرگەی ئازا بە زاری دوژمن دا کرد ،ئەوم زۆر چاک لە بیرە چەند شتێکی خۆشی تێدایە کە خوێندنەوەی زۆر بە چێژ دەبێ.
باسی خۆمان…
شەوەکەی بە دەم سروەی بایەکانی کوێستان و بۆنی گیاکان ئارەقاوی رێگا دەبڕین ئەویش گوورج ،بۆوەی بگەین بە شوێنی دیاری کراو.
لە بەرزترین خاڵی سنووری را جارێکی دیکە بۆنی ئەوینێک تاوی داین ،لێرەڕا چراکانی چەند گووندێکی ناوچەکە دیارە کە کەس نازانێ چ ھەستێک بەو پێشمەرگانە دەدا ھەر گووندێک بیرخەرەوەی بیرەوەری شەوانێکی ئێمەیە لە
نێوان باوەشی گەرمی کەس و کارو زۆر جار دەزگیرانی چاوەروان ،وەرە بزانە ئێرە مەکۆی چ ئەوینێکە سەربووردەی شەوەزەنگی ئێرە ،خەیاڵی گووللە و شەھید بوون……
پشووەکە کووت بوو ،دەبێ جارێکی دیکە ڕابین و جارێ لە ھەودای خەیاڵ گەڕێین.
بە پەلە بڕیاری رۆیشتن دراو دەستەکانی پێشەنگ جارێکی دیکە پێشەنگی ھێزەکە دەکەن بۆوەی لە کاتی مەترسی دا یا بوونی کەمین“ی دوژمن ھێزەکە باشتر سەنگەر بگرێ یا پارێراو بێ.
ئەو شەوە دوای ماندوو بوونێکی زۆر بۆ بەری بەیانی چەندین شیوو تەپۆلکە و گووند و لێڕەواری ناوچەکەن بڕی ،بەرەبەرە لە شوێنی مانەوە نزیک بووینەوە.
شوێنی مانەوە نزیک گووندێکی ناوچەکەیە لە دەڕڕەیەک“دا ھەڵکەوتووە لە باری نیزامی-یەوە گوونجاو نییە ،بەڵام:بە ھۆی سەختی و ڕژد بوونی دوژمن کەمتر دەوێرێ ھێزەکانی لەو جۆرە شوێنانە بدات ،ئەگەر زیاتر باسی ئێرە بکەم ئەوە چەندین جار لێرە ھێزەکانی رێژیم بەرزاییەکانیان لێ دەگرتین و تۆپ-بارانی چڕی ناوچە دەستی پێ دەکرد ،لێرە کوونە تەیار“ە ھەیە چەند جارێک لە کاتی تۆپ-باران پەنای بۆ براوە بە تایبەت بەرپرسان بۆوەی پارێزراو بن.
لێرە بیرەوەری خۆش ھەن کانیاوی خۆش و سێبەر و جێگای خۆش کراو بۆ حەوانەوە.
ئەو بەیانی“یە ،بە بیری ئەوەی رۆژێک دواتر دەچینە شەڕێکی گەورەوە لێی خەوتین.
……………….
کە ھەستاین ھێندێک شت ماوە باسی بکەین ھەم لە کۆبوونەوەی دابەش کردنی ھێزەکان و زۆر شتی دیکە.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *