بەشی:چل و شەشەمی گەرانەوە(۴۶) نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بەشی یەک:١ ………………….
چەند رۆژێکە بیر دەکەمەوە…مەبەستمە یەکێک لە گەورەترین شەرەکانی ھێزی پێشمەرگە بخەمە بەر دیدی ئێوە،شەرێکی قوورس و بڕیاری یا مردن یا سەرکەوتن بە سوێندی پێشمەرگانە. دەلیل بۆ ئەو بیرکردنەوە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای پێش دەست پێ کردنی رووداوەکان.راستی زۆر سادە دەمەوێ دەرنەچم لە ژێر تیشکی راستییەکان!جا سەرنجەکان ھەرچی بن.من کارەکەم دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر ،بە باوەرەوە دەست پێدەکەم.دەمھەوێ ئەو رووداوانەی بۆ خۆشم پێش ھاتن باسیان بکەم.کە ئێستا ئەوە بەشێکە لە مێژوو ،کەسێک با خۆشی بەشداری رووداوەکان بووبێ،ناتوانێ ھەموو لایەنەکانی ببینێ. کەواتە:بە ھێزو بە باوەر بە خۆبوونەوە وەک خۆی ھەوڵ دەدەم سەختییەکانی سەر رێگا ببڕم.ھەموو وردەکارییەکانی شەڕە قوورسەکە لێرە دەگێرمەوە.باوەرم بەوە ھەیە دەتبانبەمەوە بۆ ئەو ئێوارەی کە چڕە دووکەڵ ئاسمانی ناوچەیەک دادەگرێ،خوێنی پێشمەرگە تنۆک تنۆک دەرژێ.ئەو ئێوارەیە ھاواری گەلێک بۆ ئازاد ژیان بە خوێن دەنووسینەوە. ………………………. دەست بە سەر داگرتنی ناوەندێکی گەورەی سەرکووت و ئازاری خەڵک. ………………………. بەرەو گرتنی گووردانی (وەردێ)لە ناوچەی سەردەشت” لە ساڵی ١٣۶٩،ھەڵکەوتوو لە سەر رێگای گووندەکانی بنەوخەڵێف،وەردی,کانیەزەرد.ئەو جادەیەی کە بە درێژایی چەندین کیلۆمیتر”درێژ دەبێتەوە،بە رێگا یا جادەی قاسمەرەش”ناوبانگی دەرکردووە.بە ھۆی نزیک بوون لە نەواری مەرزی“و ھەستیاریی ناوچەکە رێژیم ھێزێکی زۆری بە پانتایی دەیان کیلۆمیتر مۆڵ داوە.سنوورەکان بە ھێزێکی زۆر و دانانی مۆڵگە لە بەرزاییەکانی دەورووبەر و زاڵ بە سەر ناوچەکەدا گەمارۆ دراوە.ھێزی پێشمەرگە دەبێ بە سەختی و ئازارێکی زۆردا تێپەرێ تا دەگاتە قووڵایی ناوچە.ھەر دووک لایەنی دژ بە یەک لە بەربەرەکانییەکی سەخت دان.پارتیزانەکانی ئێرە خەڵکی ناوچەکەن،ئەوان خەڵکانی سادەو کوورە ھەژارەکانن ،ئەو لاوە خوێن گەرمانەن کە ھەستی نیشتمان پەروەری لە دەمارەکانیان دا جووڵەی بەردەوامی ھەیە،ئەوان دوای ناسینی دوژمن لە سەر خاکی خۆیان، لە درێژەی داگیرکاری دا:ناچار بوون بۆ رزگاری و کۆتایی ھێنان بە ستەم چەک بکەنە شانیان و رێگای شاخ ھەڵبژێرن.حیزبی دێموکرات لەو سەردەمەدا،کە سەرگەرمی بە چۆک داھێنانی دووژمنەکەیەتی ھەروا دەستی لە سەر دەست دا نەناوە،بەڵێ:بە دەیان فەرماندەری سیاسی نیزامی رۆژانە خەریکی تاووتوێ کردنی دۆخی خۆیان و دوژمنەکەیانن.کومیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزب و چەندین ئۆرگانی پێوەندیدار پلان“دادەنێن بۆ زەربە لێدان لە جمھووری ئیسلامی“چەندین سیمیناری نیزامی بەرێوە دەچن.حیزب زۆر بە وردی دۆخی ھێزەکانی لە سەرتا سەری کوردستان و گۆرەپانی چالاکییەکانی لە ژێر چاوەدێری دایە.بۆ ھەر پیلانێکی جمھووری ئیسلامی لە کوردستان،حیزب سیاسەت و بەرنامەی تایبەت بە خۆی ھەیە.کار گەیشتۆتە جێگایەک حیزبی دێموکرات بۆ راگرتنی ھاوسەنگی دەبێ بە کردەوە ھەنگاو ھەڵبێنێ.فەرماندەرانی حیزبی چ سیاسی و چ نیزامی جۆرێک ئامادە کراون لە ھەر جێگایەک پێویست بێ ئەرک وەئەستۆ بگرن،ھەر لە شیمالی کوردستانەوە تا جنووبی کوردستان.سیاسەتێک کە پێی دەگووترا:کوردستانی بارھێنان“.پێشمەرگەکانی حیزب تایبەت بە ناوچەیەک نەبوون،کاتی تەواو کردنی دەورە سەرتاییەکان بۆ ھەر ناوچەیەکی کوردستان پێویست با رەوانە دەکران. ……………………….. دۆخی ئێمە: لە زستانی ساڵی (١٣۶٨)کاک حوسێن پەیرەوان“فەرماندەری ھێزی گیارەنگ،دوای بریارێکی کومیسیۆنی سیاسی نیزامی“دەبێ ناوچەی سەردەشت و ھێزی گیارەنگ بە جێبێڵێ و بەرپرسایەتی لە مەڵبەندی دووی“ کوردستان وەربگرێ،بە جێگای کاک حوسێن پەیرەوان“بۆ یەکەم جار ئێمە گوێ بیستی ناوێک بووین بە ناوی کاک کاوە بەھرامی“ئەو ئاڵووگۆرە بۆ ھێزی گیارەنگ و پێشمەرگەکانی کەمێک قوورس بوو.کاک حوسێن“دوای ئەزموونێک لە ھێزی گیارەنگ بەرەبەرە جێگای خۆی دەگرت.ئەو ئاڵووگۆرە ھاوکات بوو لە گەڵ فشارێکی زۆری رێژیم بۆ سەر ھێزی گیارەنگ و کومیتەی شارستانی سەردەشت“لە(سوونێ).شەوانە لە گەڵ ھێرشی رێژیم و ھێزەکانی بەرەو روو بووین،کە وەک(شەوەھێرش)بە دژی ئێمە بە کاریان دێنا،لەوەش زیاتر ناردنی دەست و پێوەندەکانیان و دانانەوی مین،لە گەڵ ئەوەش ناردنی دەرمان بە مەبەستی ژھر“خوارد کردن و بگرە تێرۆر“کردن. لە وەزعێکی ئاوا حەساس دا ئاڵووگۆرەکان کران و ئێمە بەرەو بەھاری ساڵی (١٣۶٩)دەچین.بەرپرسانی تازە ھاتوو بۆ ئەرکی تازە لە ناوچەیەکی دیکەی کوردستان ،بێ شک ھیچ شارەزاییەکیان لە سەر ئەفرادو رووحیەی ئەوان نییە،شتێک کە زەمانی دەوێ تا پێوەندییەکان بە ناسیارییەکی باش دەگەن،ئەوان زیاتر دەبێ پشت بە کەسان و بەرپرسانی خوارەوەی خۆیان ببەستن،دیارە ئەوە ھیچ لە لێھاتوویی و موودیرییەتی ئەو کەسانە کەم ناکاتەوە.ئەو بەرپرسانەی خاوەن بڕشت و شارەزای کاری خۆیانن،زۆر زوو ئەرکی راستەقینەی خۆیان وەردەگرن.بە دڵنیایی بۆ ھێزێکی گەورەی وەک ھێزی گیارەنگ توانای کەسی راسپێردراو بەراورد دەکرێ. بە ھەر حاڵ:من دواتر بە پێی توانا لە سەر کەسایەتی و شێوەی موودییریەتی کاک کاوە بەھرامی“دەنووسم. ……………………… رەشەممەی ۶٨“کە کاک کاوە گەیشت،من لە پەلی فەرماندەیی جێگری پەل“و فیلم بەرداری ھێزی“بووم ،کاک رەسوڵ عەزیزی یادی بەخێر سەرپەل بوو.ئێوارەیەک کە بەرەو گەڵوەرزە“لە سوونێ دەرۆیشتم گەیشتمە سەر پردەکەی پێش بەرقسڵێ“ئەو پردە“چەند جارێک ئاو بردی و ئێمەی تووشی کێشە دەکرد.ئەو رۆژە بۆ یەکەم جار چەند کەسێکم بینی کە بەرەو کومیتەی شارستان دەھاتن،یەکێک لەوان فەرماندەری ھێزی تازە بوو ،کە چەند پرسیارێکیان لێ کردم. ……………………….. ئێستا ھەموو شتێک بە رەواڵی ئاسایی خۆی دەروات،تا سازماندەھی تازە. لە خوار کومیتەی شارستان و ھێز لکی٣“ێ ھەیە کە کاک عەلی خزری“ناسراو بە عەلی باساوەیی فەرماندەری لک“یەتی. ………………….. یەکەم:ئازاری ژیانی پێشمەرگایەتیم! ::::: لێرە بەردەوام کەمینەکانی شەوانە بۆ پاراستنی خۆمان دەچنە ئەو شوێنانەی کە گرێمانەی ئەوە دەکرێ دوژمن لەوێوە ھێرش بکات.من بە دیاری کراوی رێکەوتەکەم لا نییە،(ھیوادارم ئەوانەی بیریان ماوە ئەو شەوە)شتی خۆیان بنووسن.وابزانم یەکێک لە شەوەکانی سەرەتای بەھار بوو،لە پەلی فەرماندەیی بووین!لە پڕ دەنگی تەقەیەک ھات،کە دەکەوتە دەورووبەری گوندی زێوکە“ئەوە لە حاڵێک دا ئێمەش لە نزیک ئەو شوێنە کەمین“مان ھەبوو.بە پەلە لە رێگای بێتل“وە کاک کاوەم ئاگادار کرد،ئەوە بوو گووتی:دووسێ کەس لە گەڵ خۆت ببەو بڕۆ بۆ سەر شاخەکەی پشت پەلی فەرماندەیی“.من لە گەڵ مەحموود سەردەشتی“و م…گ…چووین بۆ شوێنی دیاری کراو .شەوێکی تا بڵێی تاریک بوو لە شەوەکانی پاییز دەچوو،دوای کەمینەکە لەو شوێنە ،ئێمە تەنیا تیمێک بووین لە شوێنی مەبەست نزیک بووین،ئیدی دوای ئەو تەقە“ھیچ دەنگێک نەما!کەمینەکە کەوتە خۆ بۆ دۆزینەوەی کەسانی مەشکووک!کاک کاوە بە بێسیم“کەی بەردەوام لە پێوەندی دابوو،ئێمەش بە ھۆی بێسیم“کانەوە گوێمان لە ھەموو شتێک ھەیە.ئێستا تەواوی ھێزی گیارەنگ لە سەر ھێڵە!کەمین“کەی خۆمان جار جار زۆر لە سەرەخۆ لە رێگای بێتەل“کەوە،بە چرپە دەڵێ:دەنگی پێیان دێ! لێیان نزیک بووینەوە !ھەست بە بوونی ئەفرادێک دەکەین!دەی فشارەکانی فەرماندەری ھێز بەردەوامن. ئیدی کاک کاوە تیم“ی ناردن !شەوێکی تاریکە زۆر ،ھەر تیم“ەو لە مەسیرێکەوە دەروات!ئەگەری ئەوە زۆر زیاد بووە تیمەکانی ئێمە بە ھەڵە بە گژ یەکتردا بچن…!پێش ئەوە! بە ھۆی ئەوە کە ئێمە لە شوێنەکە زۆر نزیک بووین داوام لە کاک کاوە کرد با ئێمە بچین!گووتی:نابێ لە شوێنی خۆتان بن. ………………… زۆر درێژ بۆوە چاوەروانی رووداوەکان بن شتی سەرنج راکێشی تێدایە. با ئەوەش بڵێم:گووتم بەرەو گرتنی گووردانی وەردێ“ئەو رووداوەی باسی دەکەم سەرەتای رووداوەکانە تا گەیشتن بە شەری ناو گووردان! تێبینی: پڕ بە دڵ سووپاسی ئەوانە دەکەم کە بەردەوام ھانم دەدەن و باوەر بە خۆ بوونم زیاد دەکەن.


Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *