وەرزی دووھەمی گه‌رانه‌وه‌… به‌شه‌کانی٧ تا ١٣

Posted by
گەڕانەوە) وەرزی دووھەم/ بەشی ٧
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
درێژەی بەشی ۶
………………………
ڕۆژ خەریک بوو ناوەندی ئاسمانی چۆڵ دەکرد ،بەرەبەرە سێبەر دادەھات. ڕۆژێکی گەرم لە نێو دارەکاندا تاقەتی لێ بڕی بووین.
بۆ پێشمەرگەکان شوێنی مانەوە ھەموو کات جێگای مشتومڕ بوو …لە بەر ئەوەی جیاوازی زۆر بوو لە نێوان شوێنەکان بۆ پشوو دان و حەسانەوە. خۆش دەبوو لە نزیک کانیاوێک باین و لە جێگایەکی باسەفا بماباینەوە. ھێندێک جار ئەوە وەک شانسێک بوو بۆ ئێمە ،بەڵام: ئەو کاتانەی پلان و بەرنامەکان بۆ لێدانی دوژمن ھەبوو ،دەبوایە ئارامی و خەو لە خۆمان حەرام بکەین. لێرە دەیان لاوی خێر لەخۆ نەدیو لە شاخ و کێوەکاندا دەژین ،بۆوەی بتوانن بە دوژمن بڵێن داگیرکاری و چەوسانەوەتان لێ قەبووڵ ناکەین. ئەو گەلە ھیچ ڕێگایەکی بۆ نەماوەتەوە جگە لە خۆڕاگرتن. بە پەیامێکی ئاخووند خوومەینی“فەرمانی جیھادی بە دژی ڕاگەیەندراوە! کورد لە ئایینی ئەواندا ،کافرو موولحیدەو دەبێ بکووژرێ. ئەو فتوا ناڕەوایە بە ھەزاران پاسدارو بەسیجی ڕژاندۆتە کوردستان! لە بەرابەردا کورد سوورە لە سەر بەدەستھێنانی مافەکانی. بە قەڵەمە خۆڵەمێش-یەکان بڵێن: کورد ئاشقی شەڕو خوێن ڕشتن نییە…کورد شەڕ خواز نییە. ھەر کاتێک کاربەدەستان و شەرخوازانی تاران یەک وشەی ئاشتی بە زاریان داھاتبێ! کورد چەکەکانی ڕاگرتووە. لە شەڕی سێ مانگەدا یەک پەیامی خوومەینی“بەس بوو بۆوەی ھێزی پێشمەرگە شەڕ بوەستێنێ و ڕێگا بدات ستوونە تێک شکاوەکانیان کۆبکەنەوە! ئەوەشیان بۆ ئاشتی و سازان نەبوو ،بەڵکوو: تووشی شکست ھاتبوون و پێویستیان بە کات بوو!.
باش وەرن بزانن مەیدانداری ئێرە چەند سەختە..!
لای ئێوارە بۆ کۆبوونەوە بانگ کراین. بەر لەوەی بڕۆم قسەکانی سمائیل لە گوێمدا دەزرینگانەو کە ،گووتی: شارەزام…بۆ دڵنیایی خۆشم دێم. دواتر مەحمەد میراوەیی باسی شوێنەکانی بۆ کردین زۆر بە وردی. میراوەیی“کووڕێکی وریا و تا بڵێی لە سەر پێ ,ساڵانی دواتر بریندار بوو و چاوێکی لە دەست دا ئێستا لە بریتانیا دەژی. باش..زۆری نەبرد بە شێوەی دایرەیی چەند فەرماندەیەک لە دەوری یەک کۆبووینەوە. لەو کۆبوونەوەدا بە وردی شوێنەکان و مەوقعییەتی ھێزەکانی ڕێژیم باس کرا. بەڵێ: ھەستیارترین شوێنی ھێزەکانی دوژمن ،جادەی پیرانشار-سەردەشت. لە ئێوارەیەکی زوودا بەر لەوەی تامینەکانی جادە کۆ بکرێنەوە دەبێ بگەینە شوێنەکان. زۆر بە وردی لە سەر ئەو ترح“ەی دەبوایە وەک خۆی بەڕێوە بچێت قسەمان کرد. بەو جۆرە دوای سەرنج و تێبینیەکان دوو شوێن لە سەر جادەی پیرانشار-سەردەشت“دیاری کران.
بە سێ تیم دابەش دەبووین. دوو تیم“بگەینە سەر جادە. تیمی سێھەم“لە نێوان ھەر دووک تیم“دا وەک پشتیوان. شوێنەکان بە لای ڕاست و چەپ دا دەکەوتنە نێوان پایەگایەکی زاڵ بە سەر جادەدا بە نێوی گردی دووبارەی“. جێگای کەمینەکان تا بڵێی حەساس و بە چەندین پایەگا“دەور درابوون ،ئەوە بە دەر لە پاسەوانەکانی سەر جادە“کە لە دیدی یەکتردا بوون بۆوەی تەواوی شوێنەکان بە باشترین شێوە بپارێزن. مەیدانی شەڕ لە نزیک شارە دێی میراوێ ھەڵکەوتبوو ،بێجگە لە زەربەتی جاشەکان بە چەندین مۆڵگەو گوردان دەور دراوە ،سەرەڕای دەیان پاسدار و بەسیجی وەک ھێزی ئامادە.
چۆنییەتی دابەش بوونەکان
تیمی یەکەم:
بە فەرماندەیی کەریم کۆدەڵەیی و چەندین پێشمەرگەی ئازا لەوانە: مەحمەد میراوەیی وەک شارەزا و چاوساخ ، ئەییوب سووری ،ئاکار پەردەدار ،شەھید مەنسوور ڕەحیمی ،شەھید قادر مەمۆ ،مەحمەد..م…ئەو تیمە بەڕاستی کووڕی ئازای تێدا بوو.
تیمی دووھەم:
مەحموود سەردەشتی ،خ…ک ،شەھید قاسم ڕەحمانی ،م…،سمائیل میراوەیی وەک چاوساخ ،عەلی سوورەچۆمی ،دوا کەس شەھید عەوڵا موسی پوور وەک فیلمبردار.
تیمی“سێھەم:
پێک ھاتوو لە فەرماندە کاک عەوڵا شەقاز ،شەھید برایم زیبڕ. کەسی دیکەم بە نەزەردا نەھات! ھەر لەو شوێنەوە کاک عەوڵا سەرپەرستی ھەر دووک تیمی دەکرد.
ماوە بڵێم: تیمی پشتیوانی کە دواتر باسی دەکەین کاتێک گەمارۆ دراین دەرکەوت دوورن و چەکی دوور ھاوێژیان پێ نییە. ناتوانن کارێکی ئەوتۆ بکەن!
ھەر دوا بە دوای تەواو بوونی کۆبوونەوە بە پەلە خۆمان بەست و لە نێو دەیان پێشمەرگەدا ئەو ئێوارە بە ئیمان و باوەڕ بە سەرکەوتن بێ ھیچ دوو دڵی“یەک گوورج وەڕێ کەوتین. ئێستا زانیاری ورد….
تیمی یەکەم ،لە نزیک بێلۆکێ“خۆیان دەگەیاندە سەر جادە کە دەکەوتنە دەستی چەپی“ئێمە. وردەکاری ئەو تیمە نازانم ،بەڵام: دواتر ئاوڕ لە چەند ڕووداوێک دەدەمەوە لە سەر چۆنییەتی ھەماھەنگی لە نێوانن.
تیمی دووھەم ،ئێمە بووین. بە دۆڵەکەی پێش ماڵەکانی شیواشان“کە چەند ماڵێکی کەم بوون بگەینە سەر جادە. پێشمەرگەکانی بەشدار دیاری کرابوون. راستی ئاسەواری شکستی رۆژی ڕابردوو بە سەر ئێمەوە مابوو! ھەر چەشنە حاشیە ڕۆیشتنێک لە سەر مەیدانی شەڕ نیشانەیە بۆ بێ متمانەیی! بیر لە سەرکەوتن دەکەینەوە….
ھەر دووک تیم“کەوتینە ڕێ ،ڕاستی دڵە خووپە و ترس لە بەر دەم ئەرکێکی گەورەدا وەستا بوو.کەمێک دوور کەوتبووینەوە ،لە پڕ ویستم بڵێم: پێنج کڵاشینکۆف بۆ شوێنێکی ئاوا…کەم نین؟
بە ھەر حاڵ پەشیمان بوومەوە! لە نێو پووش و پەڵاشی خڕەکەدا ،ڕووم لە ڕەفیقانم کرد ،گووتم: کات ماوە تکایە کێ دوو دڵە با بگەڕێتەوە! ئەمڕۆ ئەرکی ئێمە قوورس دیارە! ڕەنگە زەحمەت بێت بتوانین ھەتا بریندار نەجات بدەین… کەواتە: دەبێ ئەوەندە ئازاو چاو نەترس بین بە جۆرێک کە ڕێگا نەدەین ھیچ دوژمنێک دەرفەتی شەڕی ھەبێت ،یەک دەنگ بەڵێنن دا….
مەحموود سەردەشتی و یەکێکی دیکە لە پێشەوە بوون. لە ئێستاوە لە سەر مەحموود بڵێم: رەفیق بووین لە چەند شەڕدا بە یەکەوە لە تیمی ھێرش دا بەشدار ببووین. ئەو دەست و تفەنگێک بوو کە بەڕاستی کەم وێنە بوو. کووڕێکی دیکە ھەر بەوجۆرە کە ناوی ناھێنین! نایشارمەوە ھاوڕێیانی دیکە کەمتر ئەزموونی شەڕی قووڕس-یان ھەبوو. ئەوەش شتێکی ئاسایی بوو ئێمەش سەرتا وا بووین. با ئەوەش بڵێم: من لێرە لە بیرەوەریەکانمدا ،ئەوەی ڕوویدا وەک خۆی دەینووسمەوە …بە کوردی“ئەو کەسەی ڕووداوەکان دەنووسێتەوە ھاوشانی ڕەفیقەکانییەتی نە زیاترە نە کەمتر…
من لە پشتیانەوە بووم ،بە نێو بیشەڵێنەکەدا کەوتبووینە قووڵایی دۆڵەکە بە دەست گیاکانن لادەدان. ھاوڕێیەکمان ھەر دوایی دەدا..! تازە دەی گووت: ئێرە زۆر مەترسیدارە! وەڵامێکی توندی وەرگرت…خۆمان نزیک کردەوە. جادە“دەرکەوت پێن“گرتنەوە ,گووتم: ئێوە خۆتان نەوی بکەن. چوومە لای دوو کەسی پێشەوە تا ڕاوێژێک بکەین. بۆوەی بە تەواوی بزانین شوێنەکە چۆنەو دەبێ ئارایش“ی ئێمە چۆن بێت. وردە وردە تەزوو بە گیانی ئارەقاوین دادەھاتن. لە لای دەستی چەپی ئێمە دوو تامین“ ھەبوو ،ئەوان شوێنەکەیان لێ دیار بوو بە تایبەت جادەو بەشێکی دۆڵەکە تا لێواری جادە. لەو مەودایە دەبێ ڕێگا نەدەین ببینرێین. جا جوان چاوم لێ کرد مەیدانێکی بەر تەسک و لۆفێکی قووڕس ،ماشێن”دەبێ تەواو ھێواشی بکاتەوە. ئەو خاڵەی لێی دادەمەزراین دوو کڵاشینکۆفی ئازا دەیتوانی مەیدانی شەڕ بیپارێزێ تا دوو باڵی کڵاشینکۆفەکانی سەر جادە لە کاتی شەڕدا بە باشترین شێوە دەست بوەشێنن!
ترس زۆر و چەند ھێمایەکی سەرکەوتن.
باش کاکینە وریا بن!! چەند شتێکی دیکە ماوە…!
دەبێ وا بکەین تامین”نەمانبینێ ئەگینا ڕەنج بە خەسار دەبووین. دوای ئەوەش سەر خۆمان و ھەتا کەمێک پشت خۆمان پایەگا”بوو دەبوو بۆ کاتی شەڕ خەمێکی ئەوێش بخۆین. لە سەر خاکی خۆمان بەڵێن دەدەین بێ ھیچ جۆرە ترس و ڕاراییەک شەڕەفی کورد بوون وەک چیا سەر کەشەکان بپارێزین. زۆر نابات شەڕێکی پارتیزانی و چەند تاکتیکێکی سەرکەوتووانە. ھیوادارین ئەو فەرماندیەی ڕێژیم کە بۆتە بە ترس و خۆف بە سەر ژیانی خەڵک و بە نیازی خۆی شەرەفی کوردان دەشکێنێ ئەو ئێوارە…..!
کۆتا قسەم لەو بەشە حەیف کەم بووین!
بۆ بەشی داھاتوو…
کەوتینە گەمارۆی ئەو ھێزانەی گەیشتنە مەیدانی شەڕ.
بەڵام چ شەڕێکی پێشمەرگانە…
لە وێنەکەدا بێجگە خۆم و پەردەدار
لە ناوەڕاست شەھید مەنسوور ھەیە
یادت بەخێر مەنسوور گیان.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ
(گەڕانەوە) وەرزی دووھەم/ بەشی ٨
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
درێژەی بەشی ٧
………………….
وەک ھەموو ئێوارەیەکی پڕ لە ڕەنج خەڵکی ماندوو لە نێو مووچەو مەزراو بناری کێوەکان وردە وردە بەرەو ماڵ دەبوونەوە. ئەو خەڵکە زۆر جار دەکەوتنە ژێر ئازارو ئەزییەت و لێ پرسینەوەی پاسدارە دڵ ڕەقەکان ،بەوەی بۆ درەنگ دەگەڕێنەوە! چیتان دیتووە(زد انقلاب) ی لێ نەبوو! خواردن و بۆ نەبردوون! دەیان پرسیاری بێ تام و ناشیرینی دیکە…
ئەو ئێوارە بۆ ئێمە جیاواز بوو ماندوویەتی و ھەناسە تووندی ئێمە تازە دەستی پێ کردبوو. چرکە بە چرکە بێداری شەون چێشتبوو لە کوێستانەوە ھاتبووین ھێشتا بۆنی بێژان و کەزی تیروێ بەری نەداوین. خەڵکینە ئەگەر بەڵێنی کوردانەو قارەمانی سەنگەر نەبووین چاوەڕوانی ھیچ پەیکەرێک نابین!..بەڵێن بێت یا خوێنی سووری ناو سەنگەر دەبین یا شەڕەفی سەرکەوتن……
بۆ نێو ڕووداوەکان.
نیشانەکان و ئەو شوێنەی پێی گەیشتبووین سەرەڕای مەترسیە زۆرەکانی بە دڵی ئێمە بوو.
سەرەتا پێویست بوو بە زوویی دابەش بین نەکا لە پڕ ماشێنێکی نیزامی بگاتێ و بە سەردا بکەوین. ئەوە بوو ،دەبوایە بە زوویی مشوورێکی تامین-کان بخۆین. بە قاسم ڕەحمانی“م گووت: وەرە کاکی من قوربانت بم بە نێو ئەو چەند دەوەنەدا خۆت بگەینە ئەو کەوتە. لەوێ خۆت مات بکە بە جۆرێک ھیچ ماشێنێک نەت بینێ گووتی: بە چاوان دەچم ئاگاتان لێم بێت. گوتم: باش خەمەت نەبێ کاکە پەلە بکە. شوێنی ئەو کەمێک نالەبار بوو تا دەگەیشتە خاڵی دیاری کراو ،دواتر لە ئێمەوە دیار بوو. چەند شتێکم پێ گووت: لەوانە, کە ماشێن لە لای پیرانشار“ڕا ھات ئاگادارن بکەوە. ئەگەر شەخسی بوو با بزانین و نەمان بینێ ،کە نیزامی بوو با بزانین. دواتر کاتی شەڕ ڕێگا نەدەی تائمینەکان دەست بکەنەوە…
شوێنی فیلم-بردار مابوو….
کاک عەوڵا”گیان: وەرە بچۆ پەنا ئەو شاخەی“بەڵام: تۆ بە بەرگە خاکییەکەتەوە جوان خۆت درێژ بکە دڵنیام ئاوا نابیندرێی! تا کاتێک دەبێت بە شەڕ. کاکی من شوێنەکەت زۆر باشە و زاڵی بە سەر مەیدانی کەمین”دا ،بۆ خۆم پێشتر کاری فیلیمبرداریم“کردووە کەمێک شارەزام. گووتی: بە چاوان…ئەو ئازایەتی و گوورج و گۆڵی شەڕی پێوە دیار بوو. تا ئێرە
نۆبەی ئێمە بوو….
سێ کڵاشینکۆف لە لێواری جادە دەبین. مەحموود بەڕاستی ئاور بوو ،ھەروەھا رەفیقەکەی دیکەم کە خۆزگەم دەخواست بتوانم باسی بکەم..!
خۆشم کەوتبوومە نێوانی ھەر دووکیان. دەی ماوتەوە دوو کەس. گووتم: وەرن لە پشت سەری ئێمە ئامادە بن. سمایل میراوەیی کە شارەزاو ھەموو شتێکی ئێرە بوو ،لە گەڵ..م..
بەو جۆرە لە ماوەیەکی کەم دا وەک ئەوەی دەبوو ئازایانە خۆمان ڕێک بخەین ،خۆمان ڕێکخست.
لێرە ئەگەر باسی خۆم بکەم. من ترسم زۆر بوو یەکجار زۆر ،ئەو کاتانەم بیر دێتەوە کە چاوەڕوان بووین. دەدانەکانم بۆ ڕانەدەگیران باش بوو بنێشتێکم”پێ بوو خستمە زارم. کڵاشینکۆفێکم پێ بوو سیخۆ“زۆر خاوێن ماری ڕەش بوو ،زۆرم خۆش دەویست ،زۆر جار لە ڕێگا جامەدانەکەی ملم لێ دەبەست بۆوەی زەربە نەخوات. مەخزەنێکی چل تیری پەلاسکۆی لە سەر بوو ھەموو مەخزەنەکانی دیکەم پەلاسکۆ بوون ،ھەم وەزنیان کەمترە ھەم لە ڕێگا دەنگیان نایە.
باش… لە گەڵ کاک کاوە بەھرامی“بە بێسیم قسەم کرد وا دیار بوو تیمی دووھەم“گەیشتبوونە شوێنی خۆیان
چاوەڕوان ماینەوە ئاخۆ چی ڕوودەدات! ئەگەر ماشێن لە لای پیرانشار ڕا ھاتبایە ئەوە تیمی کۆدەڵەیی و ھاوڕێیانی لێیان دەدا. ئەگەر لە لای سەردەشت ڕا ھاتبا ئێمە.
دەی خوایە گیان ئەگەر لە سەر حەقین و شەڕ بۆ پاراستنی خاک و کەرامەتی خۆمان دەکەین ئەو ئێوارە سەلامەت بین. بیرم لە ھاوڕێکانم دەکردەوە چەند چاو نەترس بوون. بە نێو گیاکان و ژێر خۆرێکی گەرم دا ھاتبووین ،یادەوەریمان پڕە لە ئازار. ڕاستی دڵی ئێمە بەو شەڕانەو خوێن ڕشتن لێرە خۆش نییە.
جا ئەو جار….
ھەموو شتێک ئامادە بوو ،لە سەر بێسیم”چاوەڕوان بووین بزانین چی ڕوو دەدات. کە ماشێنی مەدەنی دەھاتن خۆمان مەڵاس دەدا تا ڕەد دەبوون.
ئەو ماوە چەند پڕ ئازار بوو چرکە بە چرکە نیگەرانی زیاتر دەبوو…ئەو ماوە کاک عەوڵا بە بێسیم پێوەندی پێوە گرتین ،پێی گووتین: ئێوە ھیوان…
لە پڕ گووتم: کووڕینە دوای ئەو ھەموو ئازارە دەزانن ئەگەر دوژمن لە لای پیرانشار ڕا بێت لە بۆسەی یەکەم دەبێت بە شەڕ! خۆ ڕەنگە ئەگەر ئاشکراش نەبین ئەوە ھێزی یارمەتیدەر بێت لە بەر ئەوە دەبێ زیاتر بمێنینەوە! ئەو کات ھێزێکی شەڕکەرو وریا دێن بە ئیمکاناتی شەڕی باش ! کەواتە: دەبێ زۆر وریا بین و پێشمەرگانە شەڕ بکەین ،بۆوەی سەربەرز بین و تووشی زیانیش نەبین. بەڵێ: کاکینە ھەموو ئەوانە دەکرێ ڕوو بدەن! ئێمەش دەتوانین بە ئیرادەوە بەرگری بکەین ،بەڵێ: دەتوانین.
لەو قسانەدا بووین پێوەندی بێسیمم“بۆ ھات…سەبر گووتی: ماردین.. ماردین.. وەڵامم داوە…بەڵێ بەڵێ… گوتی: وریا بن لە لای… ھەڵگورد“ڕا…ماشێنێکی نیزامی ھات… ئەوان جێگاکەیان زۆر مەترسیدار بووە نەیانتوانیوە بەر ڕەگباری بدەن وا بەرەو ئێوە دێت. وەڵام: خەمت نەبێ ئامادەین. ھێشتا نەگەیشتبوو جارێکی دیکە پێوەندی پێوە کردم ،تکایە…! ڕۆژی حەماسەیە بە ھیچ بیانوویەک نابێ ڕزگاری بێت. بۆ مێژوو بڵێم ,گووتی: من بایەم تەقەم نەدەکرد و بە دیلم دەگرتن!
ئەی ھاوار خۆت لێرە نیت بزانی چ وەزعێکی ناخۆش لێرە ھەیە. لە سەر قسەی فەرماندەیی زوو کەوتمە قسە لە گەڵ دوو ھاوڕێکەم… کاکە تەقە ناکەین تانکێرێکی بنزین یا گازوائیل”بۆوە نابێ خۆمانی بۆ ئاشکرا بکەین! زۆر بە زوویی بڕیاری خۆماندا. کاکە وریا بن کە گەیشت لە مەودای نێوان تامین”و جادە جۆرێک پێشی پێ دەگرین کە تائمینەکان ئێمە نەبینن! لە سەر ئەوە ساخ بووینەوە کە بە دیل-یان بگرین. لە پڕ ماشێن دەرکەوت! کاکە ھات…ھات.. تەواو گەیشتە بەر دەم لوولەی چەکەکانن. دوو کەس وەک ھەڵۆ لە پێشی وەستاین و داوای تەسلیم بوونن لێ کردن ،لە جێگای خۆی وەستا دوو کەسی تێدا بوو بە یەک تفەنگی ژ٣ وە دابازین و دەستیان لە پشت سەریان بەست. مەحموود چوو چەکەکەی ھێناو دواتر بە پەلە دەستوور بە شووفێر“درا کە تانکێڕەکە”بێنێتە قەراخ جادە. لەوێ خڕێک”ھەبوو کە ئاوی پێدا دەھات دیار بوو شوێنێکی باشە ،بەو ھۆیەی ئەو ماشێنانەی تێپەڕ دەبوون پێیان وابوو ئەوانە بۆ کارێکی تایبەتی خۆیان لەوێ لایانداوە.
وەک خۆی ھەموو شتێک لە چەند چرکەیەکدا ڕاپەڕی بێ ئەوەی پاسەوانە زۆڵەکان پێ بزانن! کارەکەمان دەبوو ئاوا دەست و برد بایە ،تا تێپەڕ بوونی ماشێنەکان نەبێتە ھۆی ئاشکرا بوون.
دەبێ چی بکەین؟
دەمێنینەوە… بە میم.. گووت: تکایە ئەو دوو دیلە بەرە سەرێ دووریان بخەوە ،لە سەرێ چاوەڕوانی ئێمە بە. ئەوە بوو بەداخەوە کارەکەی بۆ نەدەکرا بە ناچاری سمائیل میراوەیی دەبوو بنێرین. کاکە زوو وەرە تۆش بڕۆ.
ماینەوە سێ کڵاشینکۆف. باش…! شوێنی ئێمە لە تیمی پشتیوانی و بە گشتی لە ھێزە زۆرەکەی پێشمەرگەش کە لە گەڵ کاوە بەھرامی و حەمە نارستی لە سەر چیا بوون دیار نەبوو! تا ئێستا جوابی پێوەندی بێسیمم نەداوەتەوە کاری ئێرە گرینگەو دەبێ خۆمان بڕیار بدەین.
بەو جۆرە مەحموود کۆڵەپشتی دانا ،وەک سەرباز بە دەوری ماشێنەکەدا ھەڵدەسووڕا. قەراری ئێمە ئەوە بوو کە وا بکات بۆ کاتی ئاور تێبەردان ئامادە بێت. ئێستا ئەو ماشێنانەی دەھاتن پێیان وابوو ئەوە سەربازە و خەریکی خاوێن کردنەوەی تانکێڕەکەیە! مەحموود بە لوولە تفەنگ وابزانم باکی بنزین بوو کوونی کرد! ئەوە بوو پەتوویەکی ھێنا و داینا تا جوان بخووسێ.
مەحموود سەردەشتی”کارەکانی لە چاو ترووکانێکدا بوون. ھاتەوە لای ئێمەو چووینەوە دەکەمین.
دانیشتبووین ھێشتا تەزوو بە گیانن دادەھاتن ئەو تەزووانە کاتێک تەواو دەبن کە گوێت لە قرمژنی چەکەکەت بێت. ھەروا چاوێکم لە جادە بوو. لە سەر بێسیم”گوێم لە دەنگی فەرماندەکانی خۆمان بوو کە دەیانگووت: ڕۆیی ھیچ نەکرا لە گەڵ چەند قسەیەکی دیکە! سەبر بە فەرماندەییم ،گووت: لێ گەڕێن ھەموو شتێک تەواوە وەک ئەوە چاوەڕوان بوون ،زۆر پێیان خۆش بوو. ڕاستی کاتی شەڕ دەبێ سەرگەرمی کارەکانی خۆت بیت بە نیگەرانیەکان تێک نەچووین وەستاین تا دەرفەتێکی باش و تەواو بوونی پلانەکەی خۆمان..
ئەو جار گووتن: ھێشتا لە کەمین”داین و ئاشکرا نەبووین.
لە نێو ترس و چاوەڕوانیدا مابووینەوە! لە پڕ سەرم بەرز کردەوە ماشێنێکم دیت ڕەنگی شین بوو دۆشکە“لە سەر بەرەو ئێمە دێت! گووتم: کووڕینە کاتی ھەڵمەت و سەنگەرە دەبێ شەڕێکی ئازایانە بکەین. بە ھاوڕێکەم و مەحموودم گووت: بەڵێنی شەڕەف بێت ئازایەتی بنووسینەوە………
بۆ بەشی داھاتوو شەڕێکی ئازایانە…..
گەمارۆش دادی دوژمن نادات. لە گەڵ ئێمە وەرنە سەنگەر و بیروەریەکانی ئێرە بخوێننەوە. بە زمان و وشەی پێشمەرگانە. بەڵێ کووڕە ھەژارو سەربازە بێ ناوەکان…..ئەوانن….
تێبینی:
وێنەکە لە فیلمی شەڕەکە وەرگیراوە کە کاک عوومەر فەرخەپوور زەحمەتی کێشاوە ،دوای دەستکاری بڵاوی کردۆتەوە. بەشی داھاتوو فیلمەکەی دادەنێین. دیارە فیلمەکەی وەک خۆی بڵاو نەکردۆتەوە بە ھۆی چەند سەرنجێک..
ــــــــــــــــــــــــــــــــ

(گەڕانەوە) وەرزی دووھەم/ بەشی ٩
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی
ئیدامەی/ بەشی ٨
ھەفتەی ڕابردوو نەمتوانی بە بەشێکی نوێی گەڕانەوە لە گەڵ ئێوەی ئازیز بم، لەو بارەوە داوای لێبوردن دەکەم.
شەڕی کورد خۆپارێزی بووە یا وەک کارتی گووشار بووە بۆ سەر داگیرکەرانی خاکەکەی. ئەو کاتەی دوژمن پەلاماری داوین یا دەبێ بەرنگاری ببیتەوە یا ئەوە کە تەسلیم بیت و لێگەڕێی چۆن پێی خۆشە ئاوا ستەمکاری بە سەر خاک و خەڵکەکەتدا بکات.
داگیرکەر تەنیا زمانی ھێز دەزانێ لە ڕاستیدا ئەو کاتە ئاوڕ لە داواکاری کورد دەداتەوە کە کورد ھێز بێت و ببێتە ھەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەت و پڕۆژە داگیرکاریەکەی. ھێز دەکرێ تەنیا بە چەک نەبێ، ڕێگاکانی جیاواز بن. ئەو ساڵانەی دوایی ھێزی کورد بە ھەدەر دەچێت و داگیرکەری جمھووری ئیسلامی خەریکی پێچەوانە کردنەوەی تەواوی ھاوکێشەکانە.
ئەو باسە درێژە، من لێرەدا لە سەر کاریگەری چەک تەنیا نموونەیەک دێنمەوە با ئەوەش، بڵێین: زۆرن لە نێو کوردا کە پێیان وایە سەردەمی چەک نەماوە!!
چاو لە ئاماری وەڵاتان بکەن ساڵانە بە دەیان میلیارد دۆلار بۆ کڕینی چەک و چۆڵ بە کار دێنن ئەو وەڵاتانە قسەی یەکەم دەکەن کە لە باری نیزامی یەوە پێشکەوتنی گەورەیان بە دەست ھێناوە. وەڵاتانی دورووبەرمان بە تایبەت داگیرکەران خەریکی خۆ پڕ چەک کردنن.
داعش“ھێزێک بوو کە توانی ئەو کارەساتە لە ناوچەکەدا بخووڵقێنێ! دواجار بە ھاوپەیمانەتی نێودەوڵەتیش نەدەتوانرا پێشڕەوی و مەترسیەکانی بەر پێ بگرن. کورد چۆن ناتوانێ بە بوونی خاکی خۆی و دەیان ھۆکاری ژینگەیی و جیۆپۆلۆتیکی شەڕێکی یەکلاکەرەوە لە گەڵ داگیرکەر بکات. دوا قسە ئەوەیە کورد دەبێ بە خۆیدا بێتەوە خەسار ناسی بکات و پایەکانی خەبات و پەروەردە جارێکی دیکە لە ھزری کورداندا دابڕێژێتەوە…..
…ئیدامەی رووداوەکان….
دوای ھەوڵێکی زۆر توانی بوون بە ھۆی شارەزایی و تاکتیکی خۆمان دوژمن خافڵگیر بکەین. لێرە شەڕ کردن جۆرێک سەرکێشی دیارە! باوەڕ بکەن چەند ساڵێک پێش ئەو ڕووداوە شەڕی گەورە لێرە ڕوویداوە ھەر بۆیە دوژمن ناوچەکەی وا تەنیوە کە دەرفەت نەبێ ھیچ چالاکییەک بە دژی ھێزەکانی بەڕێوە بچێت.
باش لە یادم ماوە چەند جارێک کەمین بۆ ھێزەکانی دوژمن ھەر لە سەر ئەو ڕێگایە دانراوەتەوە، بەڵام: نەتوانراوە وەک پێویست زەربە لە دوژمن بدرێ.
ئەو ئێوارەیە لە بەردەم تاقی کردنەوەیەکی سەخت داین. لێرە ئەو ھێزانەی دیاری کراون بۆ پاراستنی ناوچەکان شارەزا و ڕاھێنراون دەتوانن زووتر حاڵەتی دیفاعی
وەربگرن.
لە بەشی ڕابردوودا باسی ئەوەمان کرد کە ماشێنێکی دوژمن بە دوو سەرنشینەوە بێ ھیچ تەقە کردنێک کەوتۆتە دەست ئێمە. باسی ئەوەشمان کرد کە دوو دیل دوور خرانەوە لە مەیدانی شەڕ. دواجار تائمینەکانی سەر
جادە لە تەنیشت ئێمە خەریکی قەدەم لێدانی خۆیانن بە ھیچ شتێکیان نەزانیوە..!!
تا ئێرە ھەموو شتێک بە پێی ویستی ئێمە چۆتە پێشەوە لە خاڵێکی مەترسیداردا دوژمن کەوتۆتە داوی ئێمە.
نیگەرانی من زیاتر ئەوە بوو کە ڕەنگە بە ھۆی دوور کەوتنەوەی دوو کەس لەو پێنچ کەس(ە) کە بۆ پاراستنی دیلەکان دوور کەوتوونەوە، ڕەنگە بە تەنیا سێ کەس دەرەقەتی ھێزێکی زۆری ڕێژیم نەیەین! باش…ئێستا تاو پەڕە ھاتووە لە لێواری جادە لە نێو بەردەڵانێک لە بۆسەدا ماوینەوە. ئەژنۆکانمان داکووتاون بۆوەی بتوانین زەبرێکی باش لە ھێزە داگیرکەرەکان بدەین.
نزیکەی ٢٠ دەقیقە یا شتێک کەمتر لە نێوان خەیاڵ و بیرکردنەوەدا چاوەڕێ بووین. ھەست دەکەم ترسم زۆرە بەرپرسایەتی تیمێک پێشمەرگە کارێکی ئاسان نییە. لە پڕ کە سەرم بەرز کردەوە ماشێنێکی پاترۆڵ“کە لوولەی دۆشکە بە سەریەوە دیار بوو بەرەو ئێمە دەھات!
ڕاستی لەوەدا نازانم چۆن بوو ئاوا گەیشتە ئەو شوێنە. خەدەمەی سەر دۆشکەکە“تەواو بۆ شەڕ ئامادە بوو!
ھیچ سەیر نییە بە ھۆی دواکەوتنی ئەو ماشێنی تانکێڕە“
مەئموورییەتی پێدرا بێت تا پێوشوێنی ھەڵبگرێ! چۆن لە مەسیری شارەدێی میراوەێ“ڕا دەھات، ھەر ئەو مەسیرەی کە تانکێرەکە“ بۆی وەرێ کەوتبوو. ھەر کە دیتم بە رەفیقەکانم گووت: نیزامی“یە وا نزیک بۆوە. بۆ لەحزەیەک پێیان وابوو ئەو پاتڕۆڵە“شەخسی“یە! بە ھۆی ئەوەی کە ڕەنگی شین بوو، دڵنیام کردنەوە کە دۆشکەی لە سەرە. دەبێ ھەموو شتێک بە وریایی بکرێ و ڕێگا نەدەین دەرفەتی دەست کردنەوەی ھەبێ. ئەوە بوو بە دوو ھاوڕێکانم، گووت: کاکینە…سێ بە سێ و چەند چرکەیەک وێکڕا تەقە دەکەین، بەڵام: دوای ئەوە وریابن نابێ خەشابەکانی سەر تفەنگەکانن وێکڕا خاڵی بن. لە سەر ئەوەش زوو ساخ بووینەوە کە نارنجۆک ئامادە بن و یەکێک بە وردبینی تەواو ھەڵیان بداتە نێو پاتڕۆڵ. شتێکی دیکە کە زوو لە سەری ساخ بووینەوە ئەوە بوو: نەفەری سەر دۆشکەکە” دەبێ بە چاوی نیشانە و پێشمەرگانە بپێکرێ! دەمایەوە شۆفێر“ کە ئەویش بۆ ئێمە گرینگ بوو. دەمھەوێ بڵێم: ڕاستە ترس زۆرە بەڵام جۆرێک وردبینی دەکار دێنین کە نیشانی بدەین دەتوانین وەک تیمێکی ئازاو پارتیزانی ئەرکی خۆمان ڕاپەڕێنین.
دەی جا وەرن…ئێستا ڕۆژی حەماسەو بەرخۆدانی کووڕە کوردانە. زۆر ھێواش بەرەو باوەشی ئێمە دەھات! گەیشتە ئەو مەودایە کە دەبوو بۆ ھەمیشە لە سەر خاکی کوردستان بسڕێنەوە. لە چاو ترووکانێکدا قامکی دەستەکان لە سەر ماشەی چەکەکان قووڕس بوون و ڕەگبارەکان بەرەو ماشێنی پاسدارەکان ئاراستە کران. خۆ کەس نازانێ یەکێک لەو پاسدارە دژی گەلیانە ئەو کەسەیە کە دەمێکە کەڵەگایەتی دەکات بە سەر خەڵک داو، فێرە سووکایەتی بووە بە نامووسی خەڵک! بەڵێ: ئەو بەردەوام پێش بە خەڵک دەگرێ و بە بیانووی جۆراوجۆر دەچێتە سەر ڕێگای کچە کوردان و تەماح لە نامووسیان دەکات. وای چ شەڕێکی پێشمەرگانەیە لەو دۆڵەدا تۆ بڵێی تازە کەس ڕزگاری بێت! ڕەگبار بە دوای ڕەگباردا…ئاوری چەکەکانن بە جۆرێک چڕو ورد ئاراستە دەکرد کە ئازار بە خاکی داگیرکراو نەگات. کووڕینە قوربانتان بم بیکەنە بێژینگ بۆوەی ئەوانەی دواتر دێن و ئەو شەڕە دەبینن تا سەر زەندق چوو بن لە ھەیبەتی پێشمەرگە. دەنگی تەقەکان لە دۆڵەکەدا دەزرینگایەوە. دەست کردنەوە دادی کەس نادات ئەوەتا ئێرە پێشمەرگەی لێیە. بۆ مێژوو ئەوە بڵێین: شەڕخواز نین و ئەو شەڕانە ویستی ئێمە نین. بە باوەڕی من باشترین تۆڵە کردنەوە لێرەش ڕەفتاری جوانی پێشمەرگانەیە. دیارە ھیچ کردەوەیەکی ناشیرین و ھێماکانی تۆڵە کردنەوە نابینرێن، ئەوەتا جەنازەکانیان ناشێوێندرێن و دوور دەخرێنەوە دیلەکانیان دەپارێزین..
ئەو جار……ئەی ھاوار…
ھەرچی ھێزی دوژمن ھەیە ڕاخۆشیوە لە شارەدێی میراوێ“ڕا بە چەندین ماشێنی تویوتا“ھێز بەرەو مەیدانی شەڕ دێت لە پایەگای گردی دووباری“کە تا ڕادەیەکی زۆر نزیکە لە مەیدانی شەڕ وا ھێزێکی زۆر بە پەلە بەڕێوەن تا دەوری ئێمە بدەنەوە. دوژمن نیازی گەمارۆی ئێمەی ھەیە. ئەو ھێزانەی ویستیان پشت لە ئێمە بگرن لە سەرەوەی خۆمان بە دوو گڵاشینکۆف لێیان دەدرێ و دەرفەتی شۆڕ بوونەوەیان نییە. با ئەوەش لە بیر نەکەم بوونی ئەو دوو پێشمەرگەش لەوێ لە گەڵ دیلەکان بە سوودی ئێمە تەواو بوو.
نازانم چ ھێزێک دەتوانێ بە فریای ئەو ھێزە بکەوێ! بە پەلە دوای چەند ڕەگبارێک و فڕێدانی چەند نارنجۆکێک-بڕست لە دوژمن بڕا.
وەک ھەڵۆ دوو نەفەر گەیشتنە سەر ماشێنی پاتڕۆڵ و کەلاکەکان شناسای کران. دوو دانە کەوتنە خوار جادە، سێ دانە وەک ڕەوشتێکی ئینسانی و ئەخلاقی بەرزی پێشمەرگانە بە زوویی لە ماشێنە دابێژراوەکە دوور خرانەوە، تا کاتێک دەسووتێنرێ ئەوان نەسووتێن. ھەموو ئەو شتانەی لێرە دەنووسرێن بەڵگەی زیندوو ھەیە لە سەری، بەڵێ: عەوڵا مووسی پوور“بە جوانترین شێوە ڕووداوە مەترسیدارەکان زووم دەکات و فیلم-یان لێ ھەڵدەگرێتەوە.
لە فیلمەکەدا ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەی پێشمەرگەکان جوان دیارە کە ژیانی خۆیان دەخەنە خەتەرەوە بۆوەی کوژراوەکان نەسووتێن. بە پەلە چەک و چۆڵەکان کۆکرانەوە. ئێستا کاتی ئەوە بوو ماشێنەکانی دوژمن بسووتێنرێن تا چڕە دووکەڵی شەڕی ئەو ئێوارە وەک دیاریەک مزگێنی بێت بۆ خەڵکی دەڤەرەکە تا بزانن پارێزەرانی ئەوان لە پشتی خەڵکی خۆیانن و تۆڵەی ئازارو ئەزییەت و چەوسانەوەیان دەکەنەوە، ھەر ئەوەش نا ئەو فەرماندەیەی خەڵک لە دەستی بێزار بووە بە سزا گەیشتووە، ئیدی کچان و کووڕان بێ ترس لە ماڵ دێنەدەر، دەبێتە دەرسێک بۆ ئەو فەرماندانەی لە کوردستان سووکایەتی بە خەڵک دەکەن. ھەر لە پەڕاوێزی کوژرانی ئەو فەرماندەیەدا….
ساڵی ١٣۶٧ لە شەڕێکی دیکەدا ھەر لە نزیک شارەدێی میراوە“ فەرماندەیەکی دیکەی ڕێژیم کە ھاتبوو شەش پێشمەرگە بە فەرماندەیی فەرماندەی لێھاتوو کاک خدر میراوەیی بگرێ وەک ئەو فەرماندەیە بە پەند چوو، حەبیبی“پاسدار و مۆرەی اطلاعاتی ڕێژیم، ببوو بە بەڵا و ترس و خۆف بۆ خەڵک. ئەویش بە دەردێک چوو کە تا شاخ و کورد و پێشمەرگە ھەبێ بیر ناچێتەوە…ئەو رۆژە ھەر ئێمە بووین چاومان لە فڕکان فڕکان و ھەڵاتنی دوژمن بوو…
دوا جار دەڵێم: با ڕێگا نەدەین ئەو مێژووە بیر نەوەکانن بچێتەوە. لە کوردستان شاخ و دۆڵ و کەژی نییە پێشمەرگە بەرگری تێدا نەکردبێ و خوێنی لە سەر نەڕژابێ.
لە کۆتاییدا
فیلمی ئەو شەڕ دانراوە کە دەست کاری کراوە بە ھۆی ڕێساکانی فەیسبووک واتە ھەموو ئەو دیمەنانەی بۆ نیشاندان نابن لادراون لە حاڵێکدا بە دیتنی ئەو دیمەنانە دەتانزانی پێشمەرگە چ ڕەوشتێکی جوان لە شەڕدا لە خۆی نیشان دەدا…..فیلمەکە لە فەیسبووکی ۰mar Farkhapur چاو لێ بکەن…کە من نەمتوانی لە ژێر ئەو پۆستە دایبنێم.
تا بەشی داھاتوو…
…………………..
(گەڕانەوە) وەرزی دووھەم/ بەشی ١٠
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
ئیدامەی/ بەشی ٩
سەرەتا
یادی ٢ی ڕێبەندان بەرز ڕادەگرین و لەو یادەدا پەیمانی وەفاداری بە ئامانجی ڕزگاری نوێ دەکەینەوە. ھەزاران سڵاو بۆ رووحی پێشەواو دامەزرێنەرانی کۆمار….
دوو خاڵ
١-ئیمام خوومەینی“ لە لێدوانە بە ناوبانگەکەیدا لە سەر ڕووداوەکانی کوردستان، دەڵێ:(من نەمگوتووە وتووێژ بکەن! وتم“ سەرەتا گەمارۆیان بدەن)
٢- عزت اڵلە سحابی“یەکێک لە ئەندامانی ھەیئەتی وتووێژ، بۆ چشم انداز“ دەدوێ و دەڵێ:(من ئەگەر بمھەوێ لە گەڵ خودموختاری کوردستان ڕێک بکەوم وەک ئەوە وایە کە پێم بێژن ئەشێ دەستەکانت ببڕی لێی دەگەڕێم دەستم ببڕن بۆوەی واژۆی لە سەر نەکەم!)
ئەوەیە ڕوانگەی ئەوان لە سەر کێشەی کورد……
سەرچاوە: وتوێژێکی عەزیز ماملێ
بەرگری بۆ مانەوەمان……
بۆ نێو ڕووداوەکان.
کەوتینە نێو شەڕێکی سەخت، بڕیار ئەوە بوو کە ئەو شەڕە بە سەرکەوتنێکی گەورەوە تەواو بکەین. دەست و بردی و، ئازایەتی لە خسلەتی ئەو پارتیزانانەیە کە فێر بوون و دەزانن چۆن پاسدارە دڵ ڕەشەکان ئەوانەی بوونە مۆتەکەو ئازار بە سەر ژیانی خەڵکەوە سزا بدەن. ئەو شەڕە بە ھۆی بەرەبەرەکانی ھێزە لە داو کەوتووەکان ھێندەی دیکە سەخت ببوو. بۆ مێژوو ئەوە دەڵێین: ھیچ کام لە ھێزەکانی دوژمن خەیاڵی تەسلیم بوونیان نەبوو نەک ھەر ئەوە بەڵکوو، کەوتنە سەنگەر گرتن و شەڕێکی سەخت تا دوا ھەناسە. ئەوە بوو کاتی پێویست بوو تا بە وریایی و ئازایەتی دوژمن بێ دەنگ بکرێ. ھێشتا لە نێو شەڕەکەدا بووین کە ئەو پایەگایەی دوژمن کە دەکەوتە دەستی چەپی ئێمە و زوو دەیتوانی فریای ئەو ھێزە لە داو کەوتووەیان بکەوێ گەیشتن، ھەر کە گەیشتنە سەر تیژە باسکەکە، فریای ئەوە نەکەوتن تەقە لە ئێمە بکەن کە سێ کەسی ئێمە زوو ئەوانیان دیت، کەوتنە بەر ڕگباری چەکی پێشمەرگە ئازاکان و ئەو ھێزە خۆی نەگرت و گەڕایەوە بۆ دواوە. ئەو ماوە کە شەڕ بەردەوام بوو لە ھەموو لایەکەوە ھێزی فریا کەوتنی دوژمن بەرەو مەیدانی شەڕ دەھاتن. لێرە لە مەیدانی شەڕدا ھەموو شتێک یەکلایی ببۆوە. فەرماندەیەکی دوژمن کە دەمێک بوو قۆڵی لە ئازارو ئەزییەتی خەڵک ھەڵکردبوو ئەو ئێوارەیە بۆ ھەمیشە بە سزا گەیشتووە. ئێستا دوو ماشێنی دوژمن پێویست بوو بسووتێنرێن.
کاتی ئاگر تێبەردان چی ڕوویدا..!
لە گەڵ ئەوەی ھەموو ئامادە کارییەک کرابوو بۆوەی دوای سەرکەوتن ماشێنەکان ئاگر بدرێن! ئا لەو کاتەدا کە ویستمان ئاگریان بدەین بۆمان دەرکەوت کەس ئاگری پێ نییە! ھاوار بەرز بۆوە کێ شخاتە“یا چەرخێکی“لایە؟ کەس نەبوو….
لەو کاتە ئاستەمەدا، تووشی کێشە ببووین. بەڕاستی لە گەڵ بوونی ئەو ھەموو مەترسییە بۆ ڕیسکێکی مەترسیدار مابووینەوە! دەبێ بە ھەر نرخێک بووە چڕە دووکەڵ وەک شاھیدی ئازایەتی ھێزی پێشمەرگەو وەک مزگێنیەک بۆ خەڵک و کێوە سەرکەشەکانی ناوچە ئەو ئێوارە بگاتە کەشکەڵانی ئاسمان. چی بکەین…چارە! لەوێ گیرن کردبوو. لە فکری ئەوەدا بووین چۆن وا بکەین ھەموو ھەستەکانی ڕق بە دوژمن نیشان بدەین. چاو لێ بکەن! لە سەر حەقین و ھێزێک ھەیە دەبێتە فریادڕەس، بەڵێ: خوێنەران لەو کاتەدا، ماشێنێکی شەخسی“ ھیچ ڕێگایەکی دەرباز بوونی نییەو لە ترسی ھێزەکانی دوژمن کە لە پشت سەریەوەن بەرەو ئێمە ھات. ھەر کە گەیشتێ بە سەر سووڕماوی وەستا. یەکێک لە رەفیقان خۆی گەیاندێ و داوای ئاگری لێ کردن. باش بوو سەر نشینەکانی لەو پەڕی دڵ خۆشی و دەست خۆشی لێ کردندا ئاگریان وێداین، بۆوەی ئەو کارەش بە ئاکام بگات. بۆ ئەو نووسینانەم ھەموو شتێک بە بەڵگەی زیندوو ھەیە. ئەو ماشێنە دەبوو کەمێک بگەڕێتەوە دواوە تا مەترسی بۆ درووست نەبێ. ئەوە بوو یەکەم جار پێشمەرگەکان کارێکی ڕەوشت بەرزانەیان کرد ماشێنەکەیان پاک کردەوە! دواتر ئاور درا. شتێکی دیکە کە دواتر تووشی بووین ئەوە بوو….کە ھاتین تانکێڕەکە“بسوتێنین یەکێک لە پێشمەرگەکان کە ئاورەکەی بۆ فرێدا، لە پڕ بڵێسەی ئاور ئەوەندە زوو بڵاو بۆوە زۆر بە زەحمەت دوو کەس توانیان خۆیان ڕزگار بکەن. ئێوە بیھێننە بەرچاوتان تانکێڕێکێ“ چەند ھەزار لیتری بنزین یا گازوائیل ئاگر بگرێ دەبێتە چ ئاگرێک! بە پەلە دەبوو دوور بکەوینەوە. شتێکی دیکە کە لە بەرژەوەندی ئێمە بوو ئەو ھێزانەی دوژمن کە گەیشتبوونە مەیدانی شەڕ لە بەر بڵێسەی ئاگرو چڕە دووکەڵ گیریان کردبوو کە نەیان دەتوانی نزیک ببنەوە.
ئازاد کردنی دیلەکان
کاتی ئەوە ھاتبوو دوور بکەوینەوە. ئەو چەند کەسەی سەر جادە ھاتین و لە گەڵ ڕەفیقەکانی دیکەمان کەوتینەوە سەر یەک. لەوێ بڕیارماندا دیلەکان ئازاد بکەین. ئەو کاتەی ئێمە ویستمان ئازادیان بکەین کاتێکی زۆر دژوار بوو. ڕاستی لە نێو ئاور بارانێکی ئەوەندە بە ھێزی دوژمندا بووین کە لە بەر گڤە گڤی گووللە نەت دەزانی چی بکەی، لەو کاتەدا ئەوان دەترسان یا نەیاندەوێرا دوور بکەنەوە، بەرەو جادە بڕۆن.
دەپاڕانەوە کە چەکەکەیان بدەینەوە! نازانم چۆن بوو ئەو ھەڵەم کرد بە کاک کاوە بەھرامی-م گووت: ناڕۆن چەکەکەیان بێ فیشەک دەدەینەوە، یا دەبێ بیانھێنین یا بیانکووژین!!
کاک کاوە بەھرامی کوفری دەرھات! گوتی: وا بکەن با ھەر کە گەیشتنەوە ئێرە چەکتان بکەین! بەڕاستی حەقی بوو…بەڵام ئەوەندە ھیلاک بووین بیرم لەوە کردبۆوە ئەو چەکانە ھەڵناگیرێن! زۆر ھەڵە بووم…..
ئەو جار، بە زۆر و فشار یا دەتان کووژین یا دوور بکەنەوە. دوای بێنەو بەردەیەک بە زۆر و ھەڕەشە دوورمان خستنەوە، پێن گووتن جارێ لێرە خۆتان مات بدەن.
پاشەکشە و گەمارۆی دوژمن
ماندوو و ھیلاک بووین دەبوو بە شیوەکەدا دوور بکەوینەوە بەرەو باوشی چیا. ھێشتا چەند ھەنگاوێک دوور نەکەوتبووینەوە، دووبارە لە پڕ تووشی شەڕ بووینەوە. ھێزەکانی دووژمن بە بەرزاییەکەدا سەرکەوتبوون تا نزیک ئەو چەند ماڵەی دەکەوتنە پشت سەری ئێمە. ھەر ئەوەندەمان زانی بوو بە تەقە. ئەو جار قوربانتان بم کووڕانی تەنگانە و سەخڵەتی، دوژمن تەزێنان، سەنگەر بگرن بۆوەی ھەرچی زووتر تێکیان بشکێنین. ورەی ئێمە لە لووتکەدا بوو، ھیچ دوژمنێک بەرگەی ئیرادەی پێشمەرگە ناگرێ. لەوێش جارێکی دیکە سنگەرمان گرت و بوو بە ھەڵات ھەڵاتی دوژمن. ئەوان چڕە دووکەڵیان دەدیت کە چۆن لوولی دەخوارد بە ئاسماندا، دەیانزانی پێشمەرگە چ دۆزەخێکی بۆ ناونەوە. با ئەوەش بڵێم: ئەو ھێزانەش کە لە نێو شارەدێی میراوەوە“دەھاتن تا ئەڵقەی گەمارۆ تەواو بکەن ئەوانیش ھێزو ورەی ئەوەیان نەبوو نزیک ببنەوە، چەند ڕەگبارێک بەس بوو تا لە شوێنی خۆیان نەوێرن پێشڕەوی بکەن. ئەوە بوو، ھەر وەک باس کرا بە تیژە باسکەکاند بوو بە ڕاکردن. ڕاکەی ئەوان و، ھاوارو چریکەی پێشمەرگەکان. دوژمن ئەو جار وەک پیشەی ھەمیشەیی خۆی کەوتە تۆپ بارانێکی سەختی ناوچەکەو مەسیری پاشەکشە. لە نێو ئاوربارانە تووندەکەی دوژمندا کە ڕووحم بە ھیچ شتێک ناکەن بێ زیان و پشوو سوار دوور کەوتینەوە. دەبوو ھەر ئەوشەوە خۆمان بگەیەنینە یەکێک لە گوندەکان بۆوەی برسیەتی لەوە زیاتر ھێزن لێ نەبڕێ.
گرینگی ئەو مێژووە
لێرەوە چۆن لە سەر ئەو مێژووە بنووسین، ئەوانە کووڕی ڕۆژانی تەنگانەو کردەوەن، ئەوانەن بە کردەوە سەری گەلێکیان بەرز ڕاگرت بوو. سوێند بە ئەندێشەو ھزرو باوەڕی کوردانەمان ھەنگاوەکانن شل ببوون، نە چۆڕە ئاوێک ھەیە تینووەتی بشکێنین نە پارووە نانێک لە کۆڵەپشتیەکانماندا مابوو. ئێمە نەسلی خوێن و فرمێسک بووین. ھیچ داگیرکەرێک بە درووشمی گەورەو بێ ناوەڕۆک ناڕووخێ! ئێرە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و زاویەی تاریکییە لە چاوی دنیادا. گەلێک بە دانیشتن لە پشتی لاپتۆپەکان و فلۆوێر“پەیدا کردن سەرناکەوێ… داگیرکەر دەبێ بە چنگ و دەدان بە ھەموو ھێزتەوە دژی بوەستییەوە…شەڕ خواز نین و باوەڕی قووڵ بە ئاشتی و ژیانی سەربەستی فێری ڕەوشت بەرزی کردووین. بە کردەوە لە شەڕەکاندا ئەو جیاوازیەمان نیشاندا بوو. دیلەکانی دوژمن تەنیا چەند کاتێکی کەم بەس بوو لای پێشمەرگەکان بمێننەوە تا ھەست بە گەورەیی و دلۆڤانی و ئینسانەتی ئەوان بکەن، زۆرن ئەو دیمەنانە بۆ ڕاستی ئەو ئاماژانە. کورد و پارتیزانەکانی ئەو مێژووە دەرفەتی ئەویان نەبووە ئاوڕ لە ڕابردوو بدەنەوە تا دنیا سەر سام بێت بە ئەخلاق و ڕەوشت بەرزیان. ئەگەر ڕۆژێک بێت و ئەو فەزایە درووست بێت، سەربازو پاسدارە مێشک داگیرکراوەکان تۆزێک دەرفەتی بیرکردنەوەیان ھەبێت بۆ خۆیان دێنە کوردستان و شەھادەتی دەدەن…..نەک ئەوەی کە ئێستا بە سیناریۆی درۆ ھان دەدرێن تا بێن و تۆوی ڕەق بچێنن! گەل بێ پشتیوان ماوەتەوە ئێمەش سەرگەرمی خۆ خۆری و لە بیر کردنی ڕسالەتی ڕاستەقینەمانین. فشاری ڕێژیم و ڕەش بگیریەکانی لە کوردستان نیشانەی ئەو پەڕی داماویە لە بەرابەر ئەو دۆخەدا. ئەو سەردەم ئەو فەرماندەو ھێزانەی لە کوردستان خەڵکیان ئازار دەدا و دەیانگرتن دەکەوتنە بەر پەلاماری ھێزی پێشمەرگە، لە سەردەشت فەرماندەکانی وەک باقری و ئیبراھیمی و پاشایی و دەیانی دیکە، دوای ئازار دانی خەڵک گورھانەکانیان“ بە سەردا تەفرو توونا کران و ناویان لە کوردستان نەما. فەرماندەکانی ڕێژیم کە لە شەڕی کوردستان نەجاتیان دەبوو لە شەڕگەکانی ئێران و عێراق دەکران بە ژنڕاڵ……..
……………………………………………………………………
وێنە: کاک ئەیووب سووری(شڵماشی)
ئاوەنگی جوانی و ھەڕەتی لاوەتی لێرە.
بەرخۆدانی شاخ بە ھەناسە ئازاکانی کاک ئەییووبەکان
نووسرایەوە……
……………………
(گەڕانەوە) وەرزی دووھەم/ بەشی ١١
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
درێژەی بەشی ١٠
……
دوای ھیلاکی و شەڕێکی پێشمەرگانە، توانین بە بێ زیان لە مەیدانی شەڕ دوور بکەوینەوە.
دوژمن وەک ھەموو جارێک کە تووشی شکست دەبوو و زەربەی دەخوارد دەکەوتە ئاور باران کردنی ناوچەکە. زۆر دەڕندە و بێ بەزەیین دوژمنانی کورد، ئەوان دژایەتی خاک و خەڵکی بێ تاوان دەکەن. دوور لە چاوی دنیا ھەرچی ڕق و تووڕەییە بە سەر خەڵکی دادەڕێژن. کورد بەرگری بۆ مانەوە دەکات. دوژمنەکانی باوەڕ بە ھیچ کوردێک ناکەن! ھەتا ئەوانەش کە خاک فرۆش و داڕماون لە ھەموو بەھایەکی کورد بوون.
بەرە بەرە تاریکی دنیای دادەپۆشی. ئێوارەی ٧/٣/١٣٧٠/ یە. تیمەکان ھەوڵی وەسەریەک کەوتنەوە دەدەن. دوژمن ناوچەکانی دوور لە مەیدانی شەڕیش تۆپ باران دەکات. بە ھۆی ئەوەی گەیشتبووینەوە بەرزایی باشتر زاڵ دەبووین بە سەر ناوچەکەدا، بڵێسەی تەقینەوەکان دیارە دوژمن ھار بووە بە دەست ئەو زەربە کاریگەرەوە. لە نێو ناوی کوژراوەکان-یاندا پاسدارێک” ھەیە کە کوژرانی دەبێتە دڵ خۆشی بۆ خەڵک و بەیانی دەنگ دەداتەوە. خەڵکینە بەرگری دەکەین بۆوەی نەتوێینەوە. داگیرکەری فارس دەیەوێ فرە ڕەنگی نەھێڵێ ئەوان لێرەن بۆوەی یەک وڵات و یەک زمان و جوغرافیا درووست بکەن و شووناسی کورد بوون بسڕنەوە. ناسیۆنالیستی فارس شوئینیست(ە) ھێرشبەرەو ھەوڵی تواندنەوەی پێکھاتەکانی دیکە دەدات.
یەکگرتنەوەی تیمەکان
لە بناری چیایەکی پڕ لە دارستان کەوتینەوە سەر یەک. ئەو دوو تیمەی لە سەر جادە بووین بە ھۆی بڕینی ڕێگایەکی ھەوراز ئەوەندە شەکەت ببووین لە گووتن نایە. بۆ وچانێک درێژ ببووین, تا بڕیار دەدرێ. ئەو ماوە بە ھەناسە بایەکان لەشی ئارەقاوی و خووساون خەریک بوو ئارامی لێ دەبڕا، نازانم ئەو ڕێگایە بۆ ھێندە سەخت و دشوارە! لێرە چاوم بڕیوەتە ئاسمان ھەزاران نەشتەر دەخوێنمەوە، ئازارم زۆرە، پێیەکانم دێشن و بیر لەو دیمەنە مەترسیدارانەی ئەو ئێوارە دەکەمەوە! چی وا دەکات لە سەر ئەو خاکە ئەو ھەموو خوێنە بڕژێ! کەمێک بیر دەکەمەوە بڵێی جێگایەک ھەبێ لە سەر ئەو خاکە بە خوێنی کوردێک سوور نەبووبێ، تۆ بڵێی دار بەڕوویەک ھەبێ پڕیشکێک لە ناخی ڕۆ نەچووبێ، لەو خاکەدا باڵندە و گیان لەبەرە کێویەکانیش خەویان تۆراوەو ھێلانەیان شێواوە. دەمھەوێ، بڵێم: بۆوا دەربەدەرین لە سەر خاکی خۆمان. چەند ڕۆژو شەوە بە شاخ و چیاکانەوەین ئەوەش بە دەر لە ھیلاکی، برسییەتی لە گەڵە. ئەگەر زیاتر بنووسم، ئەوەیە: من دارو پەردووی وەڵاتی خۆم خۆش دەوێ خەمێکم لە کۆڵەو دوای دەیان ساڵ بیری خەڵک و زێدی باب و باپیران دەکەم….
بڕیاری ڕۆیشتن
لەو خەیاڵانەدا ون ببووم! لە پڕ بڕیاری ڕۆیشتن ھات.
ھەر لەو نزیکانە دەچینە گوندێک، بە پەلە نان دەخۆین و پێداویستی خۆمان وەردەگرین و دوور دەکەوینەوە. ئەو شەو خۆمان دەگەیەنینە نێو گوندی گوێزیلێ“ ھەر بە ناو ھێنانی گوندەکە ھەودای خەیاڵ بردمی. ناسر پیرۆتی ئازەرم“بیر کەوتەوە. ئاخر ئەو لەو گوندە شەھید بوو لە کاتی دەست بە سەر داگرتنی پایەگای دوژمن لە نێو گوندەکەدا. ئەو ئێوارە ناسر“وەک ھەمیشە لە سەنگەری پێشەوەیە کەس شانی لە شان نادات. ئێوارەی ٢٨ی ٩ی ١٣۶۶(ە) وەرزی سەرماو سەخڵەتی. ئەو ئێوارە ناسر“ لە نێو پایەگادا شەھید دەکرێ لە نێو ھاواری چەند پێشمەرگەیەکدا جەستەی ناسر“بە خوێن سوور بووە، ئەو بە ھەر ھۆکارێک بوو شەھید دەبێ! بۆ ناسر“ساڵی ۶۶ ساڵی گەیشتن بە لووتکە بوو…ناوبانگی ئازایەتی خەریک بوو ناسری“دەگۆڕی و ئەگەر ماباوە تین و تاوی ئەو زۆر بژوێنی دیکەی دەبڕی.
ئاخر گووتم: ھەر بستە خاکێک خوێنێکی لێ ڕژاوە…
بە پەلە ھاتین، لە دڵی شەوێکی تاریکدا بە قەد پاڵ و لەندو ڕێچکەکاندا بە دەم سروەی ھەناسە بایەکان، جار جار خشە خشی دەوەنەکان. پڕین لە زایەڵەی ئەشق بە نیشتمان و ئامانج. زۆری نەبرد چراکانی گوند دەرکەوتن ئەو ڕووناکییە دەبێتە ڕوناکی بۆ دڵی ئێمەش. دوای تاقی کردنەوەی گوند و دەورووبەری شۆڕ بووینەوە بۆ نێو ئاوایی. ھێشتا کات زوو بوو خەڵک بە گەیشتنی ئێمە زۆر دڵ خۆش بوون. لێرە ئەو ئێوارە خەڵک بە ھۆی تۆپ بارانەکان و چڕە دووکەڵ، دەیانزانی شەڕێک ڕووی داوە. بە پەلە دابەش بووین ئەو گوندە نزیک شارە دێی میراوەیە“بۆی ھەیە دوژمن بەرەو ئێرەش بێت، بۆیە دەبێ زۆر وریا بین. پێشمەرگەکان لە ماڵەکان دابەش بوون. ئیدی لێرەوە ھەست بە شانازی و بەرگی پێشمەرگایەتی دەکەی تۆ تا لە گەڵ پێشوازی و ئامێزی خەڵک ڕووبەڕوو نەبی نازانی چەند شەڕەفێکی گەورەیە پارێزگاری لەو خاکە.
وەرن لە گەڵم بن و چیرۆکە جیاوازەکانی ئێرە بخوێننەوە.
لە نێو گوند دابەش ببووین، دوای چەند ڕۆژ برسییەتی و خۆ حەشاردان ئەو ئێوارە بۆنی برنج لە ماڵە ھەژارەکان دێت. پێشمەرگەکان لە ماڵەکاندا لە گەڵ خەڵک دەکەونە قسە کردن و باس و خواسی ناوچە و ھێزە سەرکووتکەرەکانی ڕێژیم. کە بە سەر ھاتی شەڕەکە لە زمان پێشمەرگەکان دەبیسن. ئەوان خۆزگە دەخوازن ئەو پاسدارەی بە خۆی و پاتڕۆڵ و دۆشکە دابەستراوەکەی چی دیکە نەبیننەوە، دەیانەوێ بە مەرەد پاسدار حەبیبی”فەرماندەری پاسدارەکانی میراوێ” بچێت! بە دڵنیایی نایبیننەوە. ئێمە ھەر ئەوانەین کە شەڕی ھەڵۆو پڕکانیان بە ۶ کەسەوە سەعات ١١ی نیوەڕۆ کرد. زرمەو ناڵەی تفەنگەکانن بەس بوو بۆوەی حەبیبی“ کە زۆر بە خۆی دەنازی و لە گەڵ ڕەوە جاشەکان و دەیان پاسداری دیکە ھاتبوو تا فەرماندە خدر میراوەیی”و شەھید ھەمزە گۆران و کەریم کۆدەڵەیی و عەلی سوورەچۆمی لە گەڵ خۆی بباتەوە! کەچی زوو بە پەند چوو. بۆیە دڵنیا بن ئەویش لە کۆڵ بۆتەوە.
دەرچوون لە نێو گوند
دوای ئەوەی جارێکی دیکە ھیوا بە خەڵک درایەوە کە ھێزی پێشمەرگە پشتیوانی ئێوەیەو نابێ نائومێد بن، لە نێو پێشوازی گەرمی خەڵکدا بە دڵی پڕ لە ھیواو زگی تێر لە دێ وەدەرکەوتین. تیمەکانی پێشڕەو دیاری کران و بەرەو بەرزایی وەڕێکەوتین. جارێکی دیکە ھەر لەو نزیکانە ڕووداوێکی ناخۆش ڕویداوە. بەڵێ: لێرەش دوای شەڕێک بە فەرماندەیی کاک ڕەحمان شۆکە“ بە ھۆی خۆمپارە باران و، دوای پاشەکشەی پێشمەرگەکان لە پڕ خۆمپارەیەک دەکەوێتە نێو پێشمەرگەکان و ھەمزە گۆرانی فەرماندە بە سەختی بریندار دبێت. ئەو داستانە درێژەو چۆنییەتی بریندار بوونەکەی و ڕزگار بوونی سەر سووڕ ھێنەرە، ئەوە کە پێشمەرگەکان وا دەزانن شەھید بووە. لە کاتی خۆیدا بەڵێنیم داوە بیگێڕینەوە.
تەنیا مەبەستم ئەوە بوو بڵێم ھەر ھەنگاوێک دەبڕین لە سەر ئەو خاکە بیرەوەری بەرگری و خوێنێک ھەیە…
با بەس بێت و ھیوادارم ڕازی بن.
ھەموو پەیامەکانی ڕۆژھەڵات دەبـن بە شانازی و گەورەترین خەڵات بۆ پێشمەرگەکانی ئەو مێژووە.
سوپاس و خۆشەویستیم بۆ ئێوە ناتوانم ھیچ دەربڕم…
وێنەی پۆلێک پێشمەرگە.
ئەوەی ئاوڕی داوەتەوە وابزانم کاک مەحمەد ئەراک بێت.
ھەر لە لای ڕاست ڕا خۆم بە باڵتۆی سلوێرەوە. باقی ھاوڕێیان دەناسمەوە.
سڵاو بۆ ڕووحی شەھید سەعدوون ماڕەغانی
، سمائیل قووڵەسوێروی
و تۆفیق مارەغانی.
………….

(گەڕانەوە) وەرزی دووھەم/ بەشی ١٢
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
درێژەی: بەشی ١١
تا درەنگانی شەو نێوە نێوە دەنگی تەقینەوەکان بەردەوام بوو. ئەو شەوە خەو نەچۆ چاوی داگیرکەران. وردە وردە مانگ بەرەو ئاوا بوون بوو لە نێو کزە بایەکاندا لە گەڵ سەمای گەڵا دارەکان ھێدی ھێدی بەرز دەبووینەوە. بە نزیک قەڵاتی میراوێ“دا کە بە سەر ناوچەکەدا دەڕوانێ بەرەو ھەڵۆو پڕکانیان بەڕێوەین. لێرە ناوچەکە لە تاریکیدا دیمەنێکی جوان دەنوێنێ، تا چاو ھەتەر دەکات ڕوناکی گوندەکانی ناوچە بە تایبەت دم چۆم و بەری ڕەبەت دیارە.
شەوی ٨/٣/١٣٧٠/ یە….
ھیوا بە ڕزگاری و باوەڕ بە مافە ڕەواکانی گەلی خۆمان، خۆشەویستی خەڵک بۆ پێشمەرگە، ھەوێنی مانەوەو بەرنگارین بەرامبەر بە داگیرکەرانی کوردستان.
ئەو ماوە تیمەکانی پێشڕەو بە وریایی تەواو بەرەو شوێنی دیاری کراو دەڕۆن.
دەتوانین شوێنی مانەوە بە چەند سەعاتێک ببڕین، بەڵام ھەنگاوەکانن پڕن لە ئازار و بڕینی ھەورازەکان.
ئێوارەکەی لە مەیدانی شەڕدا بە نێو ئاور بارانێکی توند کە تەواوی ناوچەکەی داگرتبوو دوور کەوتبووینەوە، تەواو ھیلاک ببووین. ھەر ئەو ئێوارەش لە نێو گوند بە پەلە نان خواراو، نان و پێخۆر کۆکرایەوەو لە گوند دەرکەوتین.
لە کاتی ڕێگا بڕین دوای چەند جارێک پشوو دانی کوورت لەبەر ھەوای ساردی ناوچەکە بە پەلە دەکەوتینەوە ڕێ.
لێرە لادەدەم روداوێک دەگێڕمەوە
ئەو ناوچە چیای بەرزی گۆمێ“ بە سەریدا دەڕوانێ. دوژمن کەمتر دەتوانێ خۆی لێ بدات. کاتی خۆی لێرە بیرەوەری شەڕێکم بۆ گێڕاونەوە کە دەگەڕایەوە بۆ ساڵی ١٣۶٧-دوای شەڕ و شکانی ئابڕووچوانەی دوژمن سەعات ١١ی بەیانی لە ناچاری بە تیژە باسکە ڕووتەنەکاندا کە وەک پشتی مار وان سەرکەوتین بۆ سەر چیای گۆمێ“ ھەر لەوێش سەنگەرن گرت و بەڵێنن بە یەکتردا کە دوژمن ھێرشی پێچەوانەی ھێنایەوە ببین بە پاڵەوانی گەلی خۆمان و نابێ تاکە فیشەکێک بە ھەدەر بدەین. ئەو ڕۆژە بیرم ناچێتەوە کە فەرماندە خدر میراوەیی“بە بزەوە ھاواری دەکرد بە ھەموو جاش و پاسدارەکانی میراوێ و ناوچەکە ناتوانن دەرەقەتی ئەو چوار کەس(ە)بێن. ئەو باوەڕ بە خۆ بوونە دەبوو بە غروور و دەچۆ قووڵای دەمارەکانن. ئێستاش باوەڕم وایە چوار کەس بی و شەھید ھەمزە گۆران و کەریم کۆدەڵەیی لە گەڵتدا بە شاخەوە بن، میراوەیی فەرماندەرت بێت دوژمن ھەر دەبێ زەلیل و داماو بێت. نازانم بۆ بیرم ناچێتەوە! شەوەکەی زۆر سارد بوو خەوم لێ نەکەوت. لای بەیانی تیشکی ڕۆژ گەرمی بە گیانی سڕ بووم دا بوو! ئەھھا با بیرم نەچێتەوە تەواوی گوندەکان بە نیرو“ی دوژمن تەنرابوون نان و پێخۆر تەواو ببوو ھاتبووین تا بگەڕێینەوە بۆ قەندیل، ئاخر چەند ڕۆژێک بوو ڕێژیم ھێزی کۆدەکردەوە نەک ھەر ئەوە چەند کەسێکی بۆ جاسووسی بە بیانووی جۆراوجۆر بە ناوچەکەدا بڵاو کردبۆوە. ڕۆژەکەی بە درێژایی شەوەکەش سەرم دێشا زۆر، وەک باسم کرد ئا لەو کاتەدا خەوم لێ کەوت! نازانم چەند خەو چۆ چاوم…خەونم بینی! لە خەونەکەمدا لە سەر کانی“یەک خەریکی ڕیش تاشین بووم! لە پڕ رایانچڵکاندم ھەستە دەورەن گیرا. وای کە ناخۆش بوو! کە ھەستام ھەموو گیانم دەلەرزی. ھەر ئەوەندە فریا کەوتین ڕەخت و تفەنگی بە شاناندا بکەین، کە شەڕ ڕوویدا. لە دوژمن فەرماندەیەک کووژرا، دوو بارگینی جوان کەوتنە دەست ئێمە. ھەر وەک باسم کرد، وابوو لە شوێنێکی زۆر نەگوونجاو مابووینەوە، بڕیار بوو کە ئێوارە ھات بە دەشتی وەزنێ“دا بەرەو قەندیل بگەڕێینەوە نەکراو تووشی ئەو شەڕە بووین. دوای شەڕەکە ھەتا لای ئێوارێ برسی و تینوو بە چیای گۆمی“وە ماینەوە….
وا دیارە تا ئەو ڕوداوەم بەڕێوە بۆ گێڕانەوە لە شوێنی مانەوە نزیک بووینەوە. ڕاستە من خەیاڵ بردوومی وا دەگەینە نزیک شوێنی مانەوە. دیارە با ئەوە بڵێم: ئێمە دوای ئەو شەڕە تازەی ئەو ئێوارە، ئەو شوێنە کە ھاتین لێی ماینەوە لە باری نیزامی“یەوە بۆ مانەوە گوونجاو نەبوو، بەڵام: باڵا دەستی ھێزی پێشمەرگەو زەبوونی دوژمن زۆر حیسابی بۆ ڕوون کردووینەوە.
لە نێوان گوندەکانی ئەحمەد بریو-گردێنە کە دیارە گردێنە زیاتر چۆڵ بوو، ماینەوە. شەوێکی بەھاری بوو لە دۆڵێکدا لە نزیک خووڕەی ئاوێک ماینەوە. تیمێک پێشمەرگە ڕەوانە کران بۆ بەرزاییەکی پشت خۆمان کە لەوێوە بۆ بەیانییەکەی دەیان توانی ناوچەکە بخەنە ژێر چاوەدێری. پێشمەرگەکان ماندوو ببوون ھەموو ھیلاک بووین کە ویستم پاسەوانەکان دیاری بکەم ھەرچی دەچوومە لای نارازی بوو!
دوای چاک کردنی شوێنی خەوتن پاسەوانەکانی شەوم دیاری کردن. دوای ئەو ھەموو تەق و تۆقە ئێستا دنیا بۆتە گۆمێکی مات و مەند. جار جار خەیاڵ دەتبات! تۆ بڵێی ئازادی چی بێ دوای ئەو ھەموو ئازارە پێی ناگەین.
لەو دەڕەدا لە ھەناسە بایەکان زیاتر تەنیا ئەوانە لێرەن کە سەرکێشی بە ژیانی خۆیانەوە دەکەن.
شەوێکی ساردی دیکە بۆتە ھۆی تۆرانی خەوی ئێمەی ماندوو، چاوەڕوان دەبین تا ھەوا ڕوناک بوون. بڕیار وایە سبەی تا ئێوارە لێرە بمێنینەوە دەبێ چاوەڕوانی خۆر بکەین.
تۆ بڵێی سبەی چی ڕوو بدات.!
ئەو ڕێگایە دەمێکە بە خوێنی پێشمەرگە سوور بووە
کێ دەڵێ سبەی پێشمەرگەیەکی دیکە بەرگی سوور ناپۆشێ! ھەر واش بوو….
بۆ بەیانی پێشمەرگەیەکی دیکە دوور لە چاوەڕوانی شەھید دەبێ!
بە ڕەفیقەکەم گووت: چی بوو؟ بە دەنگێکی لەرزۆک و شکاو گووتی: شەھید بوو ئەی ھاوار دووبارە خاک بە خوێن سوور دەبێ.
بۆ بەشی داھاتوو و چۆنیەتی ڕوداوی شەھید بوونەکە.
چاوەڕوان بن.
تێبینی-
سوپاس بۆ لایک و کۆمێنتەکانتان ئازیزانی من.
بوونی ئێوەیە وا دەکات بەردەوام بین، تکایە ئەو مێژووە لە بیر مەکەن.
……………..
(گەڕانەوە)وەرزی دووھەم/ بەشی ١٣
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
درێژەی بەشی ١٢
لە پڕ پێوەندی بێسیمی نەما
زۆر چاوەڕوان مامەوە لە پڕ گوتی شەھید بوو….
دوای سستی و بێ حاڵییەکی زۆر بەشێک لە نزیک جۆگەکە و ھێندێک لە نێو ڕەمەندو گاشە بەردەکان دابەش ببووین بەشێک تفەنگەکانیان خستبۆ بن سەر، ھێندێکی دیکە لە پەنا خۆیان درێژیان کردبوون.
تەزووی بایەکی سارد وردە وردە دەستی پێ کردو حەجمینی لێ بڕیبووین.
باس کردن لە سەرما بە لەشی شەڵاڵ لە ئارەقە دەبێ چ ھەستێکی ناخۆش بێت! ھێندە دووپات دەبنەوە ئەو شەوانە ڕاھاتووین. چاکم بیر ماوە ئەوەندە شەکەت و ماندوو بووم، ئەوەندە ترسا بووم ئەوەی تین بێ نەمما بوو.
لە گەڵ ئەوەش ھەستم دەکرد ئەرکێکی شۆڕشگێڕانە و ئازایانە بە ڕوو سووری لە سەر دەستی ئێمە بە ئاکام گەیشتووە. ئەگەر شەوی پێشتر لە نێوان بیر کردنەوەو دڵە ڕاوکێدا ھیلاک و کز ببووم ئەوە ئەم شەو تەنیا بۆ ئازاری جەستە ھاوار دەکەم…..
ھەست دەکەم دڵم خۆشە لە پەنای متمانەیەک کە پێم کراوە وەک لاوێکی پێشمەرگە ئاسوودەم. ئیدی ڕۆژانی داھاتوو چۆن دەبن ئەوە شتێک نییە من بیری لێ بکەمەوە.
ئەو ھەستەی من بۆ تاک تاکی ھاوسەنگەرەکانم لە جێگای خۆیەتی لە نێو خەڵکی خۆمانداین و پشت و پەنای یەکتر. ئیدی شۆڕش لە سەر ئەرزی واقع دەکرێ و نابێ چاوەڕوانی قەزاو قەدەر بیت جا نازانم لێم تێدەگەی…!
تۆ بڵێی ھەموو ئەو پێشمەرگانەی دەچن بۆ مەیدانی شەڕ بیر لە تێدا چوون نەکەنەوە! دەبێ بڵێم: ناچاری…بەڵێ ناچاری
ئەوەی ئێمە داوای دەکەین نامانەوێ بە خوێن ڕشتن بنیاتی بنێین، ئەوە داگیرکەرانن بۆ مانەوەی خۆیان و بەردەوامی سیاسەتی داگیرکاری تەنیا زمانی شەڕ دەزانن! تۆش یا بە داگیرکاری ڕازی بە یا کە ڕازی نیت و کۆیلەیی ئەوان قەبووڵ ناکەی دەبێ شەڕ بکەی! ئەوە ھەموو فەلسەفەی شەڕی گەلی کوردە لە گەڵ داگیرکەران.
شەوەکەی ھەر بە گەیشتنن زوو خەوم لێ کەوت. بەیانی کە خەبەرم بۆوە ھەستم دەکرد ھەموو گیانم دێشێ. ویستم بسووڕێم و، ڕاست ھەر لەبەر تیشکی خۆرەکە بخەومەوە ھەر بەو جووڵە کردنە ھەستم بە تەڕایی کرد-دە پشتێندەکەم“دا درێژ ببووم، کە دەستم کووتا تەواو شان و بەشی خوارەوەم تەڕ بوو. ئەی ھاوار ئەدی بۆ ھەستم بە ھیچ نەکردووە! بە زەحمەت ڕاست بوومەوە دەبینم شوێنەکەم جۆگەی ئاوەکە بوو کە تەڕایی تێدا مابوو جا ئەوە چۆن وەخەبەر نەھاتووم ھەر خوا دەزانێ.
ھەستام بە بێ حاڵی شوێنەکەم گواستەوەو سەر لەبەر خەو دایگرتمەوە تا کاتێک مەحمەد“بانگی کردم ئەوە ھەتا کەنگێ….خەبەرم بۆوە لای نیوەڕۆ بوو.
زۆربەی پێشمەرگەکان ھەستابوون دوو دوو و سێ سێ بگرە زیاتریش سەر گەرمی قسەو باس بوون.
دنیا ئارامە…نەرمە بایەک ھێدی ھێدی بە دۆڵەکەدا دەھات و جار جار گیاکانی ڕادەژاند.
چەند ڕۆژێک بوو کاتی ئەوەن نەببوو جارێک پێیەکانن بشۆین شەوانە ھەستت بە بۆنی ناخۆشی گۆڕەوەی و پێڵاوەکانت دەکرد، ئیدی ئێستا دەرفەت بوو ھەر بۆیەش زۆربەی پێشمەرگەکان لە دم ئاوەکە بوون و شڵپە شڵپی ئاو بوو.
ھەر چاوت دەگێڕا لیباس و جامەدانە بوون ھەڵخرا بوون. دووکەڵی ئاگر بڵاو ببۆوە بە کورتی دوای چەند شەوو ڕۆژێک ھەڵبەزو دابەز وا لێرە بە ئەرخەیانی ڕۆژێکی خۆش بە سەر دەبەین.
ئەوەی بیرم مابێت! ئائا تەواوە…دوای نیوەڕۆ بوو کاک کاوە بەھرامی و کاک حەمە نارستی بانگیان کردم بچم بۆ لایان. ئەوە بوو، بەرەو لای ئەوان ڕۆیشتم کە گەیشتمە لایان دوای چاک و چۆنی کاک کاوە چەند کاغەزێکی لە پێش بوو دانیە دەستم، گوتی: قەراری تەماسی بێسیمی“ھەیە، وا دیار بوو بە پەیام لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان“پەیام ھاتبوو کە پێوەندی بگرین(زۆر دڵنیا نیـم لە پەیامەکە) زۆر باش…قەرار ئەوە بوو چەند کەسێک خۆمان ببەستین و بڕۆین بۆ لووتکەی ئەو چیایەی دەکەوتە بەرامبەر خۆمان. زۆر چاوەڕوان نەمامەوە کاغەزەکانم ھەڵگرت و ڕۆیشتین. لە سەر کاغەزەکان چۆنییەتی عەمەلیاتەکە نووسرا بوو. لەوێ کە پێوەندییەکە وەردەگیرا ئەوە دوای باس لە حاڵی خۆمان بە درێژی چۆنییەتی عەمەلیاتەکەیان بۆ بخوێنینەوە، جا دەبێ ئەوان یادداشتی بکەن و بکرێت بە ھەواڵ. با ئەوەم لە بیر نەچێت ئەو چەند کەسە لە بنکەکانمان لە شیوەڕەز ڕا ھاتبوون بۆ سەر لووتکەی چیای مامەندە. ئەو ھەواڵە لەوێوە جارێکی دیکە ھەر لە ڕێگای بێسیم“دەنێردرا بۆ کومیتەی شارستان کە لە بۆکریسکان“بوو لە بناری قەندیل. ئەو بەھارە ھێشتا تەنیا لکێک“ لە پێشمەرگەکان گەڕابوونەوە بۆ شیوەڕەز. بەڵێ: لەوێوە دەکرا بە ھەواڵ و دەنێردرا بۆ بەشی ھەواڵ بۆ ڕادیۆ دەنگی کوردستان.
گەیشتینە شوێنی خۆمان چەند جارێک ھەوڵمدا ھیچ دەنگێکم بۆ نەدەھات، جار جار ھەڵدەکشام بۆ سەر شاخەکان ئەوە بوو لە پڕ دەنگێکم بۆ ھات.
بانگم کردەوە: شاخەوان… شاخەوان..گوێت لێم(ە)…
لە پڕ…گوێم لێی ئەو کاتەت باش.
ئەوە یەکەم پێوەندی بوو ھەر بە پەلە پێوەندیم کرد بە کاک حەمە نارستی“پێم گوت: ئەوان ھاتوون و لە پێوەندی داین.
ئەوان سێ کەس بوون
١-ئەحمەد بەرزگەر(کونەمشکەیی)٢-حوسێن مەلا زوورار ٣- رەحمان ڕەجەب.
بەو جۆرە لە گەڵ دوو کەسیان ئەحواڵ پرسی و لە کاک ئەحمەد پرسیارم کرد ئاخۆ ماڵی بابم چۆنن و چ خەبەرە.
بە دڵێکی خۆش گوێم لە دەنگیان و باس و خواسی ئەوان بوو. دواتر باسی دۆخی خۆمان و چی ڕوویداوە کرا. زۆر خۆشحاڵ بوون بە سەرکەوتنی ئێمە و سەلامەتی-مان.
لای ئەوان وەک بیرم مابێت بایەکی توندی دەھات. ئەو جار دەبوو عەمەلیاتەکەیان بۆ بخوێنمەوە
ئامادە بوون و قەڵەم و دەفتەر بەر دەست. ماوەیەکی باشی خایاندو بەرەو تەواو بوون بووین. لە گەڵ کاک کاوەش قسەم کردەوە کە ھەموو شتێک باشە خۆ شتێکی دیکە نەماوە پێیان بڵێم؟
وا دیارە ھەموو شتێک تەواوە!
کاتی ماڵئاوایی لە یەکتر بوو، لە پڕ بێسیم بێ دەنگ بوو!! لێکدا لێکدا بانگم دەکرد جواب نەبوو! ڕاستی دڵم ھیچ سیگناڵێکی ناخۆش نادات.
خایاندی و من ھەر دڵم خۆش بوو و چاوەڕوان بووم!
لە پڕ دەنگێکی شکاو لەرزۆک لەو دەنگانەی زوو دەزانی شتێک ڕوویداوە گوتی: مین“تەقییەوە!
چۆن چی بوو؟ بەداخەوە کاک ئەحمەد بە سەختی بریندارە و ھیچ ئومێدێک نییە بۆوەی لە ژیان دا بمێنێتەوە….
ئیدی ھەواڵێک کە ڕایچڵکاندین تا بڵێی خەماوی و دەستن بەردانەوە…ئاخر بۆ وا بە ھاسانی! ئێوە خەریکی چی بوون! بە ناچاری پێوەندیم بە ھاوڕێیان کردو پێم گووتن: بەداخەوە یەکێکیان بە سەختی بریندارە…
باشە بە چی؟
بەداخەوە کاک ئەحمەد کەمێک دوورتر لەوان دەستکاری مین“دەکات کە لەو کاتەدا لە دەستیدا دەتەقێتەوە.
بێ دەنگی دایگرتین و کەس ھیچی لە دەست نایە. زۆر نابات کاک ئەحمەد بەرزگەر شەھید دەبێت.
کاک ئەحمەد پێشمەرگەیەکی ئازاو چاو نەترس بوو ئەو چەند ساڵە کە جارێکی دیکە ببۆوە پێشمەرگە لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی سەردەشت بەشدار بوو. ئەوەی کە زۆر جێگای نیگەرانی و پەرۆشی بوو بۆ ھەموومان خاوەن ژن و منداڵ بوو و ماڵەکەی لە بناری قەندیل وێڕای دەیان بنەماڵەی نەدار بەڵام سەربەرز لە ژێر چاردێک دا دەژیان. ئیدی لێرەوە تەرمی کاک ئەحمەد دەبردرێتەوە تا بنەماڵەکەی دوا ماڵئاوایی لێ بکەن…
پاش ماوەیەک چەند پێشمەرگەیەک بە ھاواریانەوە دەچن و جەنازەکەی دێننەوە بۆ شیوەڕەز
دوای ئەوەی ژن و منداڵەکەی دێن لە نێو خەم و کۆستێکی گەورەدا ماڵ ئاوایی لێ دەکەن. جەنازەکەی بەڕێ دەکرێ بۆ بەرقسڵ و لە نێو پۆلە شەھیدەکەی ئەو گۆڕستانە بە خاک دەسپێردرێ. ئەوەندەی من بزانم یەکەم شەھیدی ساڵی ١٣٧٠ بوو. دوای ئەوە ڕووداوی زۆر تاڵ ھاتن و ڕۆژانی ناخۆش و زەبری بە ژانن تاقی کردنەوە کە دواتر باسی دەکەم.
ھەر ئەو ئێوارەیە کە ھاتینەوە لای ھاوڕێیان لە نێو خەم و پەژارەیەکی زۆر دا ئێوارەکەی بڕیار درا بگەڕێینەوە.
ئەوە بوو بڕیاری کۆتایی دراو بۆ شەوەکەی بە نێو دەیان مۆڵگەی دوژمن دا ھاتینەوە سەر سنوور و دوای بڕینی ڕێگایەکی دوور و سەخت گەڕاینەوە بۆ بنکەکانمان بۆ شیوەڕەز.
سڵاو بۆ ڕوحی شەھید ئەحمەد کونەمشکەیی و ھەموو شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری
تێبینی….
وێنەی شەھید ئەحمەد بەرزگەر دیاری کراوە.
لە ڕاستەوە
قادر مەکڵاوەیی.
شەھید ئەحمەد بەرزگەر
شەھید ڕەسوڵ عەزیزی
مەحمەد خەمبار
مەحمەد مام ئاغا.
رووداوەکان تەواو بوون تا بیروەریەکی دیکە سوپاس بۆ ئێوە خۆشەویستان.
…………..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *