بەشی: سی و سێھەمی گەرانەوە(٣٣)

Posted by

بەشی: سی و سێھەمی گەرانەوە(٣٣)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
دوای ساغ بوونەوە ئێمە بەرەبەرە وەرێدەکەوین.لە سەر ئەوەی چۆن خۆمان دەگەیەنینە شوێنی مەبەست راوێژێکی زۆر کراوە،بەڵام:
بۆی ھەیە ئاراستەی رووداوەکان جۆرێکی دیکە بێ.ئێمە ئامانجێک لە پێشمانە،بۆ گەیشتن بە مەبەست و رزگار بوون پێویست دەکات ھەموو تواناکانی خۆمان تاقی بکەینەوە.

……………………….
بالێرەدا:شتێک بیر بخەمەوە.
کاتێک لاو بووین و تازە دەھاتین بۆ پێشمەرگایەتی،غروورو ھەستێک بە سەر ھەموو بیرکردنەوەکانی ئێمەدا زاڵ دەبوو.قەت پێمان وانەبوو ،پێشمەرگایەتی ھەموو ئەو سەختییانەیە کە بۆمان باس دەکرێ.زیاتر ئێمە گیرۆدەی خۆشەویستی و ناوبانگێک بووین کە شار بە شار و دێ بە دێ دەگەرا،کەچی:کاتێک ئاوێتەی ئەو ژیان و ریبازە دەبووین،بۆمان دەردەکەوت پێشمەرگە چ کائینێکی گەورەیە لە بەرابەر سەختی و ھیلاکی دا.ئێستا دەزانم پێشمەرگە تۆ چ پەستانێکی مەزنی لە داھێنان و بەرخۆدان.
………………
(ئاسۆس)چیایەکی بەرزەو زەنجیرە کێوەکانی ئاستەم و چەتوونن،بە گشتی ناوچەکە کوێستان نییە کەوتۆتە قووڵاییەک لە گەرمەسێر.گەرمای ھاوین کاریگەری خۆی ھەیە،گیاکانی زۆر بەرگە ناگرن و دەکەونە ژێر تیشکی تاقەت پرووکێنی ھەتاو،ئاوی زۆر کەمە.ئەو رووداوە ھاوکاتە لە گەڵ دۆخی دوای شەری ئێران ئێراق“.ئاگربەستێک کە ھێشتا لە سەرەتا دایە،دوو لایەنی شەڕ لە ژێر گووشارەکانی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی و ھیلاک بوونی خۆیان ملیان داوە بۆ پاراستنی.سەبارەت بەو ناوچە دۆخێکی ئەمنییەتی تووند زاڵە بە دەر لە شەری پێشمەرگە بە تایبەت ھێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی“,بە ھۆی سیاسەتێک کە رێژیمی عێراق“دەیەوێ بیسەپێنێ،ئەویش راگوازتنی شاری قەڵادرە“یە.نارەزایەتییەکی زۆر بەرامبەر بەو پیلانە نیشان دەدرێ،رێژیم بە چڕی چاوەدێری ناوچەکە دەکات و ھێشتا گرتنی لاوەکان بەردەوامە بێ پرسیار کردن رەوانەی بەرەکانی شەریان دەکەن.
………………………………………………..
لەو ناوچە چۆلەوانییە بە دەر لە(رەبیعە)کانی ئێراق ھیچ نابینرێ،ئێمە دوو بە دوو سەرەرای نیگەرانی لەوەی چی روودەدات ،لە ژێر گەرمایەکی تووند دا کە ھیچ بەربەستێکی لە پێش نییە رێگا دەبڕین.جار جار دەکەوینە گفتووگۆ لە گەڵ یەکتر. زۆر جار سەرگەرم بوون کەمێک لە فشارەکان کەم دەکاتەوە،ھەم رووحی و ھەم جەستەیی.سەرگەرمی قسە کردن بووین!لە پڕ سێ چوار (بزنە)کێوی لە پێش پێی ئێمە دەرپەڕین!من یەکەم جار بوو حەیوانی کێوی ئاوا لە نزیکەوە ببینم،کەمێک رایان کرد دواتر وەستان و بۆ ساتێک چاویان لە ئێمە کرد،بەلامەوە زۆر جوان بوون.بە ماوەیەک دوای ئەو رووداوە خەریکە وردە وردە ئازاری من دەست پێدەکاتەوە،دوای ماوەیەکی دیکە رێگا بڕین بە جۆرێک زیادی کرد کە ناچارم زوو زوو لابدەم!
ئەوەش شتێک بوو ھەستم دەکرد تا ئێستا سەرەرای ھەموو ئازارەکان،ئازاری وام نەدیتوە،ئارەقە ھەموو گیانی داگرتووم تایەکی“زۆری لە گەڵە،کە دەمەوێ دانیشم بۆ…م…کردن خەریکە کوێر بم،چەندین جار ئاوا کاک عوومەر“رادەگرم!چی بکەم ئازارم زۆرە.چەند جارێک دەمھەوێ بە ھاورێکەم بڵێم:کاکە تۆ بڕۆ من لە ناوەراستی رێگاکە درێژ دەبم تاقەتی رۆیشتنم نەماوە!دواتر بیرم دەکەوێتەوە ئای چەند بۆ من گران تەواو دەبێ!لە لایەک بەڵێنی بشکێنم و لە لایەک ھاورێکەم بە تەنیا بەرەو چارەنووسێکی نادیار بەرێبکەم.وام بە سەر ھات خوێن زیادی کرد،ئەوە بوو کە دوای تەحەموول کردنی ئازارێک کە مەرگی خۆم بە ئاوات دەخواست،شتێک لە مەسانەم“دەستی بە جووڵە کرد!ئەوە ئەو(سنگ)بەردی گوورچیلە بوو کە بە ھۆی رێگا بڕینی زۆر و ئاو خواردنەوەی لە رادەبەدەر ھەڵکەنرابوو(داکەوتبوو).ئیدی بە ھۆی ئەو رووداوە(ئیستفراق)م کرد چەند جارێک کە نیشانەیە بۆ ئازاری زۆر .باسی ئازارەکەی لێدەگەرێم و بەسییەتی.دوای سەعاتێک بەرەبەرە باش بوومەوە،ئەو جار ھەنگاوم تووند بوونەوە!ھەست دەکەم بەرگەی ھەموو شتێک دەگرم و ئێمەش سەردەکەوین.
……………………………………………..
لە سەر رێگا بڕینی خۆمان بە ئیرادەیەکی زۆرەوە سوورین،وا دەگەینە جێگایەک (قەڵادزە)و دەورووبەری دیارە.
بە قەد پاڵ و یاڵەکان دا:زۆر جار خۆ پەنا دان بۆوەی زیاتر نەکەوینە ژێر دیدی رەبیعەکانی ئێراق“بە تەنگەتاوی و نیگەرانی بەرەو رووبار دادەکشێین.سەرەو ژێرێکی درێژو بێ کۆتایی دەخەینە پشت سەرمان.کە نزیک بووینەوە چاوێک لەو بەر رووبار دەکەین،بزانین چ ئامانجێکی دیار ھەیە ئێمە خۆمانی بگەیەنینێ.ھیوایەک تێکەڵاو لە گەڵ نیگەرانی خۆی نیشان دەدات.لە بەیانی“یەوە کە ئێمە لە ھاورێکانمان جیا بووینەوە ھێشتا ھیچ پێوەندییەک لە نێوان ئێمەو ئەوان دا نەبووە.
تەواو لە رووبارەکە نزیک بووینەوە…ماوەیەکە دانیشتووین بە (دووربین)دەروانین بۆ ئەو بەر،بۆوەی بزانین ھیچ جمووجۆڵێکی نامۆ بوونی نییە.ئێوە ئاگادارن ئێمە بەو جۆرە بکەوینە دەست ھێزەکانی ئێراقی“زۆر مەترسیدار دەبێ!لە لایەک دەمانچەو بێسیم و دووربین“مان پێن، ئەو شتانەش لەو شوێنە بە قیمەتی گیانت تەواو دەبن!تا تۆ ھاوار دەکەی „کەوڵ لە حاجەت دەبێ!ئەوە بوو لە سەر لێواری رووبارەکە ماڵێک“ھەیە،ئێستا ماڵی کێ“یە!؟ تۆ بڵێی ماڵێکی باش بن؟ھیچ رێگایەکی دیکە شک نابەین!ئەو ماڵە تەنیا کەپرێک“بوو لەوێ ساز کرابوو تا لە ھەتاوی گەرم خۆیان بپارێزن،دەستگایەک“کە ھی(تصفیە)پاڵاوتنی خیز بوو،واتە چەو“و لم“لە گەڵ دەسگایەک شۆفڵ“یا ھەر شتێکی دیکە بووبێ باش بیرم نەماوە ھەروەھا ماشێنێکی کۆمپرێسی“ کە بۆ گواستنەوەی چەو“بە کار دەھات لەو شوێنە بوو.بریارمان دا بپەرینەوە،شانسی خۆمان تاقی بکەینەوە!ئەگەر ماڵێکی باش بێ ئەوە ئەوە باشتر،لە دەست و پێوەندییەکانی حکوومەت بێ ئەوە کەس نازانێ چی روودەدات!.
ئێمەش چەکێکی وامان پێ نییە،تەنیا دەمانچەیە کە نابینرێ.کاکە: با چاوەروانی نەکەین!باش،دەست لەناو دەستی یەک پەرینەوە،لەو بەر یەکسەر و راست دەچینە ماڵەکە! لە بەرگی رەش ھەڵگەراو لە ئارەقە و تۆز دا ،دیارە ئێمە کەسانی ئاسایی نین!لە دوورەوە ئێمەیان دیتوە،وابزانم دوو کەس بوون،چاوەروانی گەیشتنی ئێمە بوون.سڵاو کاکە میوان رادەگرن…؟فەرموون….!
دوای سڵاو چاک و چۆنی و ئاو خواردنەوە
ئەوان چاوەروان بوون ئێمە بناسن!ترسێکیان ھەبوو!کاکە:ئەگەر راستتان دەوێ ئێمە:پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی(ئێران)ین.بۆ دڵنیایی کارتەکانمان نیشان دان.تەواوی رووداوەکەو ئەوەی بە سەرمان ھاتبوو:کەوتینە گێرانەوەی.ئەویش بە جۆرێک ھەست بە ئازاری ئێمە بکەن!لێرە بەدواوە ئەوەی ئێمە چاوەروانی بووین روویدا،مالێک“لەو پەری وەفا و نیشتمان پەروەری دا ھەر کە دڵنیا بوون پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتین،بە جۆرێک کەوتنە خزمەت و رێز گرتنی ئێمە کە من کەمتر وێنەم دیتبوو،ئەوەشیان گووت :ئێوە شانس و ھێناوە!خۆ ئەگەر دیترابن ئێستا(قوەطواری)دەگەنە ئێرە!پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات خۆشەویستی ئێمەن،ئێرە ماڵی ئێوەیە،ئێستا سەرجەم چەندکەسن؟ دەتانەوێ چی بکەن؟کاکە گیان ئێمە بیست کەس زیاترین بۆ ھەوا تاریک بوون ھاورێکانمان دەگەنە ئێرە،لە قەڵادزە پێوەندییەکانی حیزبی ھەیە دەمانھەوێ بە زووترین کات بەر لەوەی شتێک روو بدات ئەوان ئاگادار بکەینەوە.
…………………………………………..
چۆن ساغ بووینەوە بۆ چوونە ناو شار….

کەوتینە قسە کردن کە: مقەڕی حیزب لە قەڵادزە لە شوێنێکی ئاوایە،راستی ئێمە شوێنەکەمان دەزانی،بەڵام:ناونیشانی تەواو و دەقیق“ن نەدەزانی.
شۆفێرەکە رۆژانە چەندین جار دەچوو بۆ شارو دەگەرایەوە،پرسیارن لێ کرد؟چۆن دەبێ یەکێک لە ئێمە بێت بۆ ناوشار!ئەوە مەترسی زۆر بوو(سیطرە)یەک لە سەر پردی پێماڵک“ھەبوو، کێشەکە ئەو بازگەیە بوو!کە بۆ کۆنترۆڵی خەڵکی شار دانرابوو.با ئەوەش بڵێم:ئێمەش مەبەستمان بوو یەکێکن راستەوخۆ بگاتە ناوشار و لەوێوە بۆ پێوەندیەکانی حیزب.دواجار واساغ بووینەوە من لە گەڵی سەرکەوم بۆ ناوشار!کاک عوومەر لەوێ مایەوە،من لە گەڵی رۆیشتم!شانسی من زیاتر ئەوەبوو،گووتی:زۆر بە دەگمەن لە من پرسیار دەکەن،چۆن من بۆ ئەوان ئاشنام.وا ساغ بووینەوە لە بازگەکە خۆم نەوی بکەم و کەس نەمبینێ!بەو جۆرە لەوێش دەرباز بووین و ئێستا راستەوخۆ من دەگەمە مقەری پێوەندیەکان.رێک لە بەر دەرگای پێوەندیەکان“ ھاتمە خوار.کە چوومە ژوورەوە منیان بینی بەو جۆرە چڵکن تۆزاوی بەرگەکەم رەش ھەڵگەرابوو،رەنگ پەریوو شەکەت!بەلایانەوە جێگای پرسیار بوو!دەقیق نازانم رووداوەکانم بۆ کێ گێرانەوە!بەڵام:دوای نیو سەعات لە گەڵ کاک مووحتەسەم نوورانی“چووینە ناو بازار بۆ کڕینی میوەو پێداویستی بۆ پێشمەرگەکان.لە ناو بازار کاک رەحمان مارەغانی“م،دوور بە دوور بینی کە نازانم کێ بوو لە گەڵی!ئەویش زۆری چاو لێکردم باوەڕم وابێ پێی سەیر بوو بۆ بەو وەزعە لە ناو بازاڕم!(ئەو کات ئەوان لە قەڵا سەیدە بوون)میوەیەکی زۆرمان کڕی،من دەمێک بوو میوەم تاقی نەکردبۆوە!چۆن راستی لە بنکەکانی حیزبی ئەو کات میوە کەم بوو!
ئێستا بە پەلە ھەوڵەکان بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ئێمە دەستی پێکردوە،ئیمە راستوخۆ رۆیشتین بۆ سەر چۆم بۆ ئەو ماڵە،
وابزانم لە خوار گووندی(نوورالدین)بوو ئەو شوێنە.
بە گەیشتنن بەوێ ھەر کە ھاتینە خوار چەند »منجەڵێکی«گەورەم دیتن کە سەر ئاگر نرابوون،بۆنی برنج“ئەو ناوەی داگرتبوو.
کات لە ئێوارە نزیک دەبێتەوە،سێبەرەکان بە تەواوی ھەڵکشاون لە بیری ئەوە داین چۆن بتوانین ئاکامی ئەو ھەواڵە خۆشە بە ھاوسنگەرانمان رابگەیەنین،بۆ ئێوارە بە پێی قەرار دەگەنە ئەو شوێنەی کە دەتوانین پێوەندی بگرین.ئەوە بوو ئێمە چاوەروان ماینەوە،ھێشتا ھەوا تاریک نەببوو توانین پێوەندیان پێوە بکەین،گەیشتبوونە جێگایەک کە پێشتر لە سەری ساغ ببووینەوە.ھەواڵێک کە بە حەددێک ئەوانی دڵ خۆش کرد کە نازانم چۆن باسی بکەم،لە بەر ئەوەی نیگەرانی چارەنووسی ئێمەش بوون.بە پەلە کەوتنە رێگا،ئێمە پەرینەوە، کاک عوومەر تەواوێک سەرکەوت بۆ ئەو بەر رووبارەکەو چاوەروان ماینەوە تا ئەگەر نیزیک بوونەوە رێنوێنیان بکەین.دوای تەواو تاریک بوونی ھەوا ئەوانیش گەیشتن،دوای شادی و خۆشحاڵیەکی زۆر پەرینەوە تا میوانی ئەو ماڵە بین کە خواردنێکی زۆر لەوەیان زیاتر ساز کردبوو کە ئێمە پێویستمان بوو.دوای نان خواردن و ئەو خزمەتە زۆرەی ئەو بنەماڵە بەرێزە کە ھەرگیز لە بیر ناکرێ،شەوەکەی ھەر لەوێ خەوتین لە دەم رووبارەکە،کە بە زگی تێرو دوای خواردنی نانێکی گەرم و چایی کە دەمێک بوو ئێمە تامەزرۆی بووین.
بۆ بەیانی رۆژەکەی ئەوەی پێویست بوو کراو ئێمە گەراینەوە بۆ(سوونێ).بەو جۆرە کۆتایی ھات بە جەولەیەک کە پڕ بوو لە ئازاری سەخت و برسییەتی و تینوەتی چەند جارێک نائومێدی،ئیدی ژیانی شۆرش و پێشمەرگایەتی رووداوی ئاوا قوورس و ناخۆشی زۆرن.بۆ من بە نەخۆشی یەکێک لە پڕ ئازارترین جەولەکانی ژیانم بوو،بەڵام نائومێد نەبووم و وەک قەڵا بەرامبەر سەختی و ئازار وەستامەوە.لە کۆتایی دا چاوی ھەموو ئەوانە ماچ دەکەم بەشدار بوون،رووحی ئەوانەش شاد لە ژیان دا نەماون،ئەوانەی بە ھەر دەلایلێک لە جێگای دیکەن ھەر لە بیری ئێمە دان.
لە کەم و کۆرییەکان بمبوورن
تێبینی:
خۆشەویستی و رێزی ئێمە بۆ ئەو بنەماڵە تێکۆشەرە کە ئاوا دڵسۆزانە سەرەرای مەترسییەکان یارمەتی ئێمەیان دا:خۆزگە من دەمناسینەوە.خۆم و ھاورێکانم قەت ئازایەتی و خزمەتی ئەوان لە بیرناکەین.
چاوتان ماچ دەکەم.ھیوادارم بە پێی چاوەروانی ئێوە نووسیبێتم….
وێنەکان دەناسن؟
تا بیرەوەرییەکی دیکە………..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *