بەشی: چل“ی گەرانەوە(٤٠) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی: چل“ی گەرانەوە(٤٠) له نووسینی:عەلی سوورەچۆمی بەشی ٢
دوای ساغ بوونەوە پێشمەرگەکان چاوەروانن تا بوولێڵەی”ئەو ئێوارە بێت.
زۆر بە پەلە دوای وەرگرتنی دوا زانیارییەکان،یەکەم ھەنگاوە قوورسەکان دەست پێدەکەین.ئێوەش بە درێژایی رێگا و ھەورازو نشێوەکان بە تەنیا مەیانھێڵنەوە،بە چاوی مانگ و ئەستێرە لێیان بڕوانن.

بە درێژایی رێگا لە سەر بەرنامەیەک کە پێشتر لە سەری ساغ بووینەوە بە وریایی و چاوکراوەیی،بە شێوەی دوو تیمی چوار کەسی و رەچاو کردنی نەزمی پێویست،رێگا دەبڕین.دەمێکە وچانن نەداوە ئارەقە گیانی ئێمەی شەڵاڵ کردووە،مانگە شەوێکی خۆشە ئەوەش ھۆکارێکە تا باشتر بتوانین مەودایەکی کەم پێش خۆمان رەچاو بکەین.سروەی چەند بایەکی کزو دەنگی ھەناسەی پێشمەرگەکان و جار جار پڕمەی چەند وەڵاخێک تێکەڵاوی یەک دەبن،کاک مەحموود خاس“چەند جارێک دێتە پێشێ و مەشوەرەتێک لە گەڵ کاک خدر،ھەمزە گۆران و سەلیم ئاغا دەکات.ئێمەش ھەست بە قوورسایی ئەرکی ئەو شەوەمان دەکەین،ئێستا بەو پێیە بێ:چەند شوێنێکی مەترسیدارمان تێپەراندوە،لە جێگایەک نزیک دەبینەوە کە ئێوارەکەی دەرکەوت کەمینێکی“ھێزەکانی دوژمنی بۆ ھاتووە،بە درێژایی رێگا ئێمە لە بنارەوە دەرۆین و کەمتر دەکەوینە دەشتەکە.زۆری پێنەچوو دووبارە سێ کەسی پێشەوە ئاگادار کراین کە لە شوێنی خۆمان رابوەستین،دوای ئەو وەستانە،کاک مەحموود“ھاتەوە پێشەوە بۆ لای کاک خدر،دوای چەند دەقیقەیەک وا بڕیار درا مەسیری خۆمان بگۆرین.بەڵێ:بۆ ئەو کارە دەبوا لە دەستی چەپی خۆمان بەو کێوە“ھەڵگەرێین کە ئێمە زیاتر لە بناری خوارێ لێی میوانین.ئەوە وای دەکرد ئێمە بتوانین دوا کەمینی دووژمن تێپەڕێنین.باش ئێستا تۆ ھاوسەفەری کەسانێک بی کە ساردی و گەرمی ئێرە لە دەمارەکانیان دایە با دوژمن ھەر لە کەمینی خۆی دابێ.
………………………
رێکەوتی ٥/٥/١٣٦٧(ە)مانگی گەلاوێژە،ئەو مانگەی،مانگی دامەزرانی ئەو حیزب“یە کە ئێمە لە ژێر تیشکی باوەرەکانی دا بۆ خەونی رزگاری شەونخوونی دەکەین.ئەو تاکتیکەی ئێمە دەبێتە ھۆی دوورکەوتنەوەی رێگا،بەرە بەرە سەردەکەوین و چەند جارێک ئاگادار دەکرێین تا بارەکان تووند دەکرێنەوە راوەستین.شەو درەنگە مانگە شەوەکە شۆر بۆتەوە تا بەرەبەرە ئەو پۆلە ھەڵۆیەی شاخ بداتە دەست تاریکی،رەنگە تەنیا ھۆکارێک بۆ وەدرەنگ کەوتنی ئەوە بێ کە ئاگادار بێ لەوەی چی روودەدات!نەکا بە ھۆی تاریکی شەوەکە شەرمەزار بێت.زۆر بە پەلە ھەورازمان بڕی و لە گەرووی سەر کێوەکە ئارەقەیەکن دەرکرد چەند پاروە نانێکی ویشک بە یارمەتی چەند قوومە ئاوێک دەخۆین.
……………….
دەکەوینەوە رێگا وا ھەست دەکرێ توانیومانە شوێنە مەترسیدارەکان ببڕین،بەڵام:ئەوە ھەرگیز بەو مانایە نییە ئێمە ئەرخەیان“بین و بە خەیاڵی ئاسوودە بکەوینە رێگا،دیارە:لەو رێگا درێژانەی ئێمەدا زۆر جار ناتوانی لە دەست ھەودای خەیاڵ خۆت رزگار بکەی!وا ھەیە ھۆشت نامێنێ ماندوویەتیشت بیر دەچێتەوە دەڕۆی دەڕۆی بە دوای خەیاڵی خۆش و ناخۆش دا!زۆر جار ھەبووە بە دەنگێک یا لە پڕ راپەرینێک“ھۆشت دێتەوە بەر!ئەوە سەرەرای ئەوەی جاری واش ھەڵدەکەوێ بە پێوە خەونووچکە دەتباتەوە!.بەڵێ:کاکینە ھاوسەفەرانی ئێمە ئەوەندە لێمان نزیک بن تا دەنگی ھەناسە تووندەکانی ئێمە ھەست پێدەکەن،ئێمە ھەموومان یەک چارەنووس کۆماندەکاتەوە.وردە وردە شۆڕ بوەینەوە دەگەینەوە دەشتەکە،رێک سەر رێگای رێبوارانی ناوچەکە،لە خوار ئەو شوێنەی ئێمە پێیدا تێدەپەرین ئاوێک ھەیە کە وا دیارە بە شێوەی گۆم“کۆبۆتەوە،قڕە قڕی چەند بۆقێک“دێت کە بە ھۆی ھەناسە بایەکان زیاتر دەگاتە ئێمە،کەس نازانێ ئەوان بەو شەوە درەنگە بۆ خەو ناچێتە چاویان.
……………..
ئێستا لە پشت من سەلیم ئاغا“ھەیە، دوای ئەو کۆدەڵەی،دواتر میراوەیی فەرماندە،کەمێک ھەنگاوەکان شڵ دەکەم تا پرسیارێک لە سەلیم ئاغا بکەم؟گەیشتە سەر سەری من !لێم پرسی :ئێرە کوێ“یە؟دەڵێ:ئێرە پردی کاک ئاڵڵایە“یە نە شوێنی کەمینە نە پایەگای لێیە!ئەوە وا دەکات دڵنیاییەک باڵ بە سەر ئێمە دا بکێشێ.چەند ھەنگاوێکی دیکە رۆیشتین…لە پێش ئێمە تیژە باسکێک“ھەبوو کە لە شوێنی ئێمە کە دەشت بوو بەرزتر بوو،ئەوەش ببوو بە ھۆی درووست کردنی بنارێک“،من لە ژێر رووناکی مانگە شەوەکە دا ھەستم کرد شوێنێکی وەک جادە لێدراوە،کەمێکی دیکە نزیک بوومەوە تا زیاتر دڵنیا بم ،کە دڵنیا بووم،گووتم:کاکە ئەوە جادەیە!سەلیم ئاغا گووتی:ئێرە قەت جادەی لێ نەبووە!ئەو جار کاک کەریم گەیشتە سەر سەری ئێمە!لە گەڵ سەلیم ئاغا دەچووینە پێشێ تا باوەر بکات ئەوە جادەیە“.لە دەستی چەپی خۆم گوێم لە ھەستێک بوو!کە ئاوڕم دایەوە… کە دیارە: من کەمێک لە پێش دوو ھاورێکەمەوە بووم،دیتم دوو کۆگڵ“ھەڵدراونەوە! لە پەنا ئەوان دوو کەس خۆیان ماتداوە ئیدی من کشامەوە پشتاوپشت ئەوانیش دیتیانن!ئێمە ھەروا دەکشاینەوە تفەنگەکانن لە دەست دا بوون!تازە ئێمە لە دەروازەی پایەگایەکی دوژمن داین کە ئەو ئێوارە ھێزێکی زۆری لە شەرگەی ئێراق“کێشاوەتەوەو لەوێ نیشتەجێی کردوە.بەو جۆرە نە سەنگەر دەگرین و نە رامان کرد !ھەروا بە ھێواشی دەکشاینەوە،ئەوە وای کرد ئارایش“ی ئێمە تێک بچێت،ئەوان ئێمەیان دیتوە تەنیا ھۆیەک کە وای کرد تەقە نەکەن ئەوە بوو:پێیان وا بوو ئەوە کاروانچی و باری قاچاخ“ن،کەواتە:پاروویەکی چەورە بۆ ئەوان.شانسێک بۆ ئێمەش!
………………….
کەریم سەبر گووتی:پاسدار بوون! ئامادە بن!ھەر ئەوەندم دیت سێ کەس“راست بوونەوە دەنگیان داین و بەرەو ئێمە ھاتن….ئیدی قوونەدزە” دەردی ئێمە چارە ناکات!وابزانم ھیممەتێکی دەوێ.باش پاسداری داگیرکەر…ئێمە دووانەی شۆرش و کاتین…دووانەی خاک و پێشمەرگە….
لە چاو ترووکانێک دا:چەند کڵاشینکۆفێکی کەمی سیخۆ!بێدەنگی ناوچەکەیان شکاندو قڕە قڕی ئەو چەند بۆقەش“نەما…..
ئێمە سوورین لە سەر بەرنامەکەی خۆمان،تیمی نەجات دەست بە کار دەبێ و نابێ ئاوڕ لە ئێمە بدەنەوە.چوار کەس“دەکەوینە شەرێکی قوورسەوە،شەرێک کە سەرەتا ھاوارو قیژەی چەند پاسدارێک لە جەنگەی شیرین خەودا بەرز دەبێتەوە،کەچی دواتر پێشمەرگەکان دەکەونە نێو ئاورێکی تووندەوە……..
بە جۆرێک لەو شوێنەی سەنگەریان لێ گرتووە پووشەکەی“ئاور دەگرێ و دەکەوینە ھیلاکییەکی زۆرەوە،ھێزەکەی دووژمن ئەوەندە زۆرە بە دەیان ئاربیجی“و بیکەیسی“ئاور بارانی پێشمەرگەکان دەکەن………..
شەرێکی ناچاری بۆ پاراستنی حەیسییەت…….
چاوەروان بن….
…………….
تێبینی:
ئەو وێنەی دامناوە لە مەڵبەندی (پێشمەرگە دێرینەکان) وەرم گرتووە،کە کاک ئەییوب شڵماشی ھاوسەنگەرم و پاڵەوانی دوژمن تەزێنی ناوچەی سەردەشت“داینابوو.دیارە:بۆ من بوو بە دیارییەکیش چۆن سەرەرای بوونی پۆلێک لە ھاورێکانم،وێنەی باوکمی تێدایە کە لە پایەگای شڵماش شەھید بوو یەکەم جارە من ئەو وێنەیە دەبینم.
…………………………………………

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *