بەشی:ھەشتاو حەوتەمی گەڕانەوە(٨٧) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بەشی:ھەشتاو حەوتەمی گەڕانەوە(٨٧) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
…………
ئیدامەی بەشی ٨۶
بیرەوەریەکانی پێشمەرگایەتی.
…………
دوای چەند ھەفتەیەک دابڕان گەڕاینەوە…دەسپێک…
تیم“ێک لە مزگەوتی کەمەربەندی بە دوای مجێور“و مەلا“ی مزگەوت دا دەگەڕێن کە دەبێت بە تەقە….
……….
جاش“ێک لە کاتی شەڕدا تەقەی لێ کردین.
……….
خەڵک لە ماڵەکانیان ھاتبوونە دەرێ و درووشمی “قاسملوو-قاسملوو رێگات درێژەی ھەیە و بژی حیزبی دێموکرات“یان دەدا.
………..
ھەموو ئەو رووداوانە و وردەکاری بخوێنەوە..
………..
وەرن میوانی ئیرادەو باوەڕ بین.
ھەر چەند شەوو رۆژێکی پڕ لە ئازارو ناخۆشی بوو بۆ پێشمەرگەکان ،بەڵام: ئامانج“ێک کە دیاری کرابوو لە جێگای خۆی بوو.
دەمەو ئێوارە کۆبوونەوە دەستی پێ کرد.
دوای سەرنجە وردەکان و دیاری کردنی تەواوی شوێنەکانی مەبەست نۆرەی دابەش کردنی ئەرک و دیاری کردنی دەستەکان“بوو ،لێرەوە پێویست بوو بە وردبینییەکی زۆر و بێ ئەوەی دوژمن ھەست بە ھیچ شتێک بکات تەواوی دەستەکان“بگەنە شوێنە دیاری کراوەکان.
کارێکی سەخت و بڕینی چەندین بەربەستی گەورە لە ناو شار“دا ،بە دڵنیایی کارێکی پڕ مەترسی دەبێ. تۆ لێرە کەمێک لە گەڵم ڕاوەستە
! کاکی من ،گوێ بگرە! قوورسایی ھێزی دوژمن و ناوەندی بەرنامەریزی و چاوەدێری بە سەر ناوچەکە دا لێرەوە دەست پێ دەکات!
ئەوان بۆ ئەمنییەتی ئێرە بە ھەزاران لە نیرو“ەکانیان بە ناوچەی سەردەشت“دا بڵاوکردوونەوە بۆوەی کەس نەگاتە جێگایەک کە بە ڕواڵەت ناوەندی بڕیارە لەو شارە“دا.
دەی ،لە شەرایتی ئاوادا ھێزی پێشمەرگە بڕیاری داوە بگاتە ناوەندی شار“جا لەوەش زیاتر ئامانجی حەساس“و کاریگەر دیاری بکەی.
بەڵێ: دەبێ بە تۆڕ“ێک دا وارد بیت کە چێنراوە.
باش….!
ئەو جار ، با بۆتان باسی دابەش بوونەکان بکەم.
کاک مەحمەد کەسرایی“لە پشتی رێچکە ئاڵۆزەکە دەبێ ،مەبستمە بڵێم: قووڕسایی وردەکاری ئێمە لێرەوە سەر ھەڵدەدا.
جوان چاومان بڕیوتە تەکانی دەست و جار جار ئەو پەلە دارەی“لە پێش خۆی خەتی پێ دەکێشێ. کاک حەمە نارستی ،کاک عەوڵا شەخسە ،جار جار دەچنە نێو ڕوون کردنەوەکان.
ئێستا وردە وردە خەریکە ھێڵەکانی نەخشە تەواو دەبێت.
تیمەکان….
١- تیم“ێک لە مزگەوت“ی کەمەربەندی لە سەر میکرۆفۆن“ی مزگەوت قسە دەکات کە ئەوان دەبن بە دوو بەش و بەشێک کەمین“بۆ گەشتەکان دادەنێنەوە….
لەوانەی بۆمان ساخ بوونەوە…
کەسرایی خۆی ،حوسێن ماڵی ،مەنسوور رەحیمی ،جەعفەر عەجەم کە پێشتر لە ھێزی پێشەوا را ھاتبوو ،
٢- تیم“ێک لە(اطلاعات)بدات
لەوان: عەوڵا شەخسە ،ئەیووب شڵماشی ،کەریم کۆدەڵەیی ،کاوە بەریاجی، ز…م..عوومەر قازانی.
٣- تیم“ێک لە شارەبانی“بدات
لەوان: حوسێن مەلازوورار ،قادر قازانی ،مەلا زوورار ،عەلی سوورەچۆمی.
۴-تیم“ێک وەک پشتیوان لە ناوەڕاستی ئەو دستانە دا بێت و زیاتر دەکەوێتە دەرەوەی شار“کە لە کاک حەمە نارستی وەک فەرماندەری گشتی و ئاکار پەردەدار و چەندین کەسی دیکە پێک ھاتووە
دیارە: ھێزی ئێمە زۆر لەوە زیاتر بوو بە ھۆی ئەوەی نەمانتوانی وەک پێویست ناوەکان ساخ بکەینەوە تەنیا ویستم بزانن ئەوە ئامانجەکان بوو لە کاتی شەڕ دا….
نسیم“ی بایەکی ساردی کوێستانی وردە وردە گیا بەھاریەکان ڕادەژێنێ ،سێبەرەکان شۆڕ بوونەوە ئیدی خەریکە تەزووی سارد دەست پێبکەنەوە ھەر چەند زۆر ھیلاک دیارین ،کەچی دەبێ بۆ رێگایەکی درێژ خۆمان ئامادە بکەین ،رێگایەک کە دەبێ بە درێژایی شەو بیکووتین. ئێستا دەمھەوێ بە یەکەوە بین بە درێژایی ھەورازو نشێوەکانی ئێرە ،لێم دامەبڕێن رووداوی زۆر ھەیە و بۆتانی دەگێڕمەوە.
دەی…..
بەر لە تاریکی دەرفەتی ئەوەمان ھەبوو بە درێژایی دەڕە“یەکی پێش خۆمان داکشێین و بە نێوان کێوە بەرزەکان دا بڕۆینە خوارێ.
کە یەکێک لە شاخە بەرزەکان شاخە خوارە“بوو.
بەر لە وەڕێکەوتن قسە بۆ پێشمەرگەکان کرا و باسی چۆنییەتی بەرنامەو دابەش بوونەکان کرا.
وردە وردە خۆمان دەپێچایەوە ،دەرمانی رێگا ھەر لە دێر زەمانەوە گووتراوە رۆیشتنە.
بڕیاری رۆیشتن درا… با جارێ ئەوە بڵێم:
نیگەرانییەک ھەبوو لەوەی کە بەراستی ئەو بەرنامە وەک خۆی دەچێتە پێشێ! تووشی کەمین“ی دوژمن یا پێشھاتی ناخۆش نابین!
بۆتان باس دەکەم…
(پەراوێزێکی بچووک)
شتێکی دیکەش ھەیە با باسی بکەم…..
کە راست بووینەوە(ئایات الکرسی) شەققاز و ھێندێک گڵ“پێ ھەڵپڕژاندن….بۆوەی سەلامەت بین… ڕاستە کووڕینە بەشی زۆری ئەو پێشمەرگانە لە بیرووباوەدا جۆراوجۆر بوون بەڵام: گەلی ئێمە و باب و باپیری ئێمە ھەڵگری ئاین و باوەڕێکن کە لێرە لە حیزبێکی دێموکرات داو لە خەباتێکی میللی دێموکراتیک دا بۆ رزگاری ئەوانی کۆکردۆتەوە ،کەسانی جۆراوجۆر لە باوەڕدا بوونی ھەیە….لە گەڵمان دایە کاتی نوێژ“لە رێگادا لە سەری دەوەستین ،لە گەڵمان دایە بیرووباوەڕی چەپی ھەیە ،ئیدی ئەوە بە باوەڕی تاکە کەسی ھەژمار دەکرێت و ھەمووان ڕێزی یەکتر دەگرن ،بەڵام: ئامانجی رزگاری نەتەوەیی ھەموومانی کۆکردۆتەوە. راستی ئەگەر زیاتر قسەی لە سەر بکەین ئەزموونێکی جوان لە پێکەوە ژیان و یەکتر قەبووڵ کردن کە تۆ ئازادی لە ئاین“و جۆری بیرکردنەوەت و کەس نابێتە رێگر ،ئەزموونێک کە دەکرێ بۆ داھاتوو سوودی زۆر بێ. من ئازاد بم لە پێناسەی باوەڕی خۆم دا تۆش ئازاد بیت. بە بیانووی جۆراوجۆر یەکتر ڕەد نەکەینەوە تا سنووری ناکۆکی گەورە. حیزبی دێموکرات ھێزێکی تەک ئیدیۆلۆژی“نییە و ھەڵگری بیرکردنەوەی ھەمە جۆرە ،ھیچ ھێزێکی تەک ئیدئۆلۆژی“ناتوانێ بڵێ: من دێموکرات دەبم و تەبا لە گەڵ ماف و ئازادیەکانی ئەوانی دیکە. دەی زۆر سادە تۆ کوردی و ستەمەت لێ دەکرێ ئێستا ھەر باوەڕێک کە ھەڵگری بیت ،کەواتە: لە قۆناخی خەباتی رزگاری دا دەبێ یەک سەنگەر بین.
ئەوە ھەر بەڕێوە گووتم با ئەوەندەش لە سەر ئەو دووعا“یە بنووسم….تا سەبر دەڕۆین…
…………………………….
دوور کەوتمەوە ببوورن….
کات درەنگ دەبێ و ئەو جار شەو …ئێ….
تەنیا ئۆقرەیەک و ئارامییەک کە ھەبوو تا تاریکی بوو! کە تاریکی داھات وای چەند تیژ دەڕۆیشتین بۆوەی زووتر بگەینە شوێنی مەبەست ،چۆن راستی ئێمە بە دەر لە پێشھاتەکان دەبوا پاشەکشەیەکی تاکتیک-یش لە بەرچاو بگرین.
تاریک داھاتووە ،ناوچەکە بە پڕتاو دەبڕین بە جۆرێک لە رێگا ئەگەر زیپکە“بەردێک بچێتە ناو پێڵاوەکانت و ئازارت دەدا یا چەقڵێکی کوێستانی خەریکە وەک مار بە پەنجەتەوە دەدا ! تا پێڵاوەکەت دوو جار رادەوەشێنی ئەوە بە جێماوی و دەبێ خۆت بکووتی تا بگەیەوە ناو سەف“.
ھەوا تاریک ببوو ،لە بەرزایی شاخە خوارە“ڕا گوندەکانی پێش خۆمان دیار بوون کە دەکەوتنە مەسیری دەرباز بوونی ئێمە ،گوندکانی کانیەڕەش“و دۆڵی قازان“بە گشتی ناوچەکە بۆ ئێمە بیرخەرەوەی رۆژانێکی خۆش بوون.
ئێستا ،گردەسوور“دیارە کە بە سەر شار“دا دەڕوانێ. بە پەلە بێ پشوودان رێگا دەبڕین ساردی ھەوای بەھاری و تاریکی شەو ناتوانن ھۆکار بن بۆ وەستان و رێگری لە ئارەقەیەکی زۆر کە گیانی داگرتووین.
شتێکم بیر کەوتەوە لە سەر تیژ“رۆیشتن…
لە رێگا وەک باس کرا زۆر تووند دەڕۆیشتین ماوەیەک بوو ھەستم دەکرد شتێک لە گیرفانم دا ڕادەژێ و لە گەڵ ھەنگاوەکانم ھەستم پێ دەکرد! باشە ئەوە چییە؟ خۆ گیرفانم قوورس(ە) دەبێ چی تێدا بێت! باوەڕ بکەن کە دەستم خستە گیرفانم پڕ بوو لە وردە بەرد کە لوێچێکی چاک دەبوون! بە پەلە خاڵیم کرد ھەر وا بەڕێوە بیرم دەکردەوە باشە کاری کێ بێت! زوو بە فکرم داھات کە ئەوە کاری شەققاز“بێت لە پەنا ئەو دانیشتبووم تا کۆبوونەوە تەواو ببوو ھەر وردە بەردی خستبوونە گیرفانی من!!!
جا وەرە خۆت لێ بەڵا بێت….!
ھاتینەوە……
بەو جۆرە ناوچەکەمان بڕی و بەرەبەرە لە شار“نزیک دەبووینەوە ،تیم“ەکانی پێشڕەو بە وریاییەوە رێگا دەبڕن و بۆ ھەموو پێشھاتێک ئامادەو چاو کراوەن. لە شار نزیک دەبووینەوە. زۆری نەبرد شار“دەرکەوت چراخان و دیمەنێکی جوان لە رووناکی کە لە بەرزی گردەسوورەوە شار“وەک ئەستێرەکانی ئاسمان دەدرەوشایەوە .
بە پەلە و ھێندێک جار زۆر بە بێدەنگی نزیک دەبووینەوە کاتەکان ھەستیارتر دەبوون و ئێمەش بەرەو ئامانج“. دوژمن بە غروور“ەوە باڵی بە سەر شار“داکێشاوە. دەستەکان یەک بە دوای یەک دا لە کاتێک دا کووڕەکانی شار“پێشەنگی دەکەن بەرەو شوێنی خۆیان دەڕۆن. پێشتر ھەموو وردەکارییەک باس کراوە دەبێ ھەموو شتێک وەک خۆی بەڕێوە بچێت.
تیم“ی ئێمە سەبارەت بە ئەوانی دیکە ئەرکی ئاسانتر بوو بە نێو ماڵ و کۆڵانەکان دا جۆرێک رۆیشتین کە کەس ھەست نەکات ئەوە پێشمەرگە بن. بە ھۆی گەڕانی بەردەوامی گەشتەکانی دوژمن بە ناو شار“دا خەڵک زۆر گرینگی بە ھات و چۆی ھێزی چەکدار نادات.
راستی دوژمن لێرە ھەموو کات ئامادەیە.
ئەوانی دیکەش بە ئیرادەوە وەک خزۆک بە بێ ھەستی کووچەو کۆڵانەکان دەبڕن و لە شوێنی خۆیان ئامادە دەبن.
تیم“ی مزگەوتی کەمەربەندی کە دەگەنە شوێنی خۆیان دەبینن مزگەوت داخراوە ئەوە دەبێ دەیانەوێ لە رێگای خەڵکی دڵسۆز مجێوری مزگەوت یا پێشنوێژی مزگەوت ببیننەوە ،خەریکی ئەو کارە دەبن بۆوەی لە مزگەوتەوە بە بڵیندگۆ“قسە بۆ خەڵک بکرێ و ھەواڵی گەڕانەوەی پێشمەرگە وەک مووژدە“بەر لە دەست پێ کردنی شەرێکی قووڕس بە خەڵکی شار ڕابگەیەنن.
ئێستا تەواوی تیمەکان“لە دڵی شار“دان و زۆر ناخایەنێ دەنگی بە ھەیبەتی ئاربی جی“دەبێتە ھۆی زڕاندنی خەونی داگیرکەر ئەویش لە جێگایەک کە بیری لێ نەکردۆتەوە.
بە باوەڕی من شەڕ“زووتر لەوە دەستی پێ کرد کە دیاری کرابوو ئەوەش بە ھۆی ھەستیار بوونی شوێنی دەستەکان بوو.
لە رێگای بێسیم“گووترا ئامادە بن و لە گەڵ یەکەم فەرمان بە چەکی دەستتان ئاور بارانی دوژمن بکەن. خۆمان مات کردبوو لە شوێنی ھات و چۆی خەڵک و نزیک ماڵەکان بووین.
لە پڕ فەرمان ھات و بە درووشمی بژی حیزبی دێموکرات ئاوری چەکەکانی پێشمەرگە لە شار“دا زرینگایەوە ،چەندین ئاربی چی“و رەگباری بی کەی سی“و کڵاشینکۆف“بوون بە ھۆی ترس و وەحشەتی دوژمن ،پێچەوانەکەشی شادی خەڵک.
شار“پڕ بوو لە ھەیبەتی پێشمەرگە و دوژمن تاسا بە جۆرێک کە نەیانتوانی لە بەرابەر ئیرادەو ھەیبەتی پێشمەرگە دژ کردەوەیەکی ئەوتۆ نیشان بدەن ،تەقە“کردن بۆ ئەوان ھاسان نەبوو لە کۆڵانەکانەوە لێیان دەدرا. ئەوە بوو چەندین ئاربی جی ئاراستەی(اطلاعات) و(شھربانی) کران ئەوە لە حاڵێک دا بوو کە ھێزی رێژیم ھیچ تەکانێکی نەخوارد و نەھاتن بەرەو شوێنی دەستەکانی ئێمە. بە باوەڕی من باشترین شەڕ و چاکترین گوورز لە لای (اطلاعات)بەر دوژمن کەوت. شتێکی دیکە کە بۆ ئێمە پێویست بوو بە وریایی لە بەرچاوی بگرین زۆری خەڵکی ئاوارەی باشوور کوردستان بوو کە لە سەربانەکان و ھەموو شوێنێک دەخەوتن پێویست بوو زۆر دەقیق ئەو کارە بکرێ.
زۆری نەبرد خەڵک ترسی شکاو لە خۆشی ھاتنە ناو شاری ھێزی پێشمەرگە ڕژانە کووچەو کۆڵانەکان و ھاوتای پێشمەرگەکان درووشمی شۆرشگێرانەو بژی حیزبی دێموکرات و قاسملوو“رێگات درێژەی ھەیە دەگووترایەوە.
ئێمە لە نێو خەڵک دا بووین و پێویست بوو زۆر وریا بین ،ئەوە بوو: کاتی چوونە ناو خەڵک کە ئاو“و شیرین-یان بۆ ھێنابووین لە شوێنێک تەقەمان لێ کرا کە یەکێک لە جاشەکان بوو کە بە ناو ،ناوی دواتر بۆ ئێمە ھات ھەروەھا خەڵک پێیان گووتین ئەوە فڵان جاشە…!!!
سەبارەت بە تیم“ی کەمەر بەندی ئەوان بە ھۆی داخرانی مزگەوت وێڕا نەگەیشتن قسە بکەن کە شەڕ“دەستی پێ کرد….
ھێشتا لە ناو شار داین
چاوەروان بن…
………
چاوەڕوانی وردەکاری و شەڕێکی دیکە بن.
لێرە باوەڕ لە لووتکە دایە
زۆر شت ھەیە ئاوڕی لێ بدەمەوە کە زۆر جار خۆم دەپارێزم نەکا گلەییم لێ بکرێ ھێندێک راستی ھەیە باس کردنی لە گەڵ ئەوەی کە ھێندێک زیانی ھەیە ،بەڵام: سوودی زۆر زیاترە .
چاوەروان بن خۆشەویستان
پاشەکشەیەکی ناچاری و مانەوە لە شوێنێکی مەترسیدار……..
تێبینی
ئەوەش وێنەی ئەحمەد کورد نژاد
کە بەداخەوە کەس نەیزانی چۆن لە ژیان دا نەماو چۆن شەھید کرا….
لە بەشی داھاتوو دا شتێکی کەمی لە سەر دەنووسم.


……………………………………………………

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *