بەشی: ھەشتاو ھەشتەمی گەڕانەوە(٨٨) ڵه‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by
بەشی: ھەشتاو ھەشتەمی گەڕانەوە(٨٨)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
………………
بیرەوەریەکانی پێشمەرگایەتی
درێژەی بەشی ٨٧
………………
لە شەوێکی ساردی بەھاری دا ،شار“پڕ ببوو لە ھەیبەتی پێشمەرگە لە چەندین شوێنی جیاوازەوە سەنگەر لە دوژمن گیرا بوو. ئەو شەڕە لە ناو شار“دا ،بۆ دوژمن شکستێکی گەورە بوو ،بوونی پێشمەرگە لە ناو شار“و شەڕێکی ئاوا کە دواتر باس لەوە دەکرا یەکێک لە ئاربی چی“یەکان بە یەکێک لە پەنجەرەکانی(اطلاعات)دا چۆتە ژوورەوە شاردنەوەی بۆ دوژمن“ھەروا ئاسان نەبوو ،لە لایەکی دیکەش ،پێچەوانەی سیاسەت و ئیدیعای رێژیم بوو کە باسی لە لاوازی ھێزی پێشمەرگە دەکرد ،بە بنەماڵەکانی پێشمەرگەی دەگووت: بڕۆن کووڕەکانتان بێننەوە با نەبنە قووربانی و ناچار نەبین بیانکووژین.
………………….
لە سەر پێشوازی خەڵک…
لە کاتی دەرچوون لە ناو شار“لە گەڵ پێشوازی گەرم و کەم وێنەی خەڵک ڕووبەڕوو بووین لە ماڵەکانیان ھاتبوونە دەرێ و بە شیرین“ی و ئاوە“وە ،پێشمەرگەکانیان لە باوەش دەگرتن.
کاتی بینینی ئەو دیمەنانە ،باوەڕ بە خۆ بوون باوەڕ بە ئامانج و خەبات بۆ رزگاری دەگاتە لووتکە ،چ شانازییەک لەوە گەورەترە
…………….
درەچوون لە شار…
دوای وەشاندنی زەبرێکی باش لە دوژمن بڕیاری پاشەکشە درا ،ھەموو تیمەکان“سەلامەت بوون.
دوژمن تەواو بێدەنگ بوو! نەیدەویست لەوە زیاتر ڕەگباری چەکەکان لە شار دا دەنگ بداتەوە. جمھووری ئیسلامی“بە ڕواڵەت وای نیشان دەدا کە کوردستان ئەمنییەتی ھەیەو توانیویەتی مەترسی ھێزی پێشمەرگە نەھێڵێ.
……………
ماندوویەتی …..
پێشمەرگەکان بە تەواوی ھیلاک ببوون ڕێگایەکی درێژن بڕیبوو تا ئێرە ،لەوەش زیاتر دوای ئەو شەڕە“سەرکەوتوانەیە پێویست بوو دوور بکەوینەوە بە جۆرێک کە بە جووڵەیەکی تەواو پارتیزانی وا بکەین دوژمن مەسیری پاشەکشەی ھێزی پێشمەرگە نەزانێ ،بەرەو کوێ دەبێت.
راستی ئەوان ،بەو شەڕە“لە ناو شار“دا وەک گوورگ“ی ھار بوون.
ئەوە بوو لە دەرەوەی شار“گەیشتینەوە لای تیمەکانی پشتیوانی و وە سەر یەک کەوتینەوە.
دوای راوێژێکی کوورت مەسیری شەو دیاری کرا.
دەرفەتی ھیچ وچانێک نەبوو کاتی ئەوە بوو ھەرچی زووتر لە ناوچەکە دوور بکەوینەوە. تیمەکان“دیاری کران ،لە حاڵێکدا ئاسمانی شار“دەگەشایەوە بە لێواری شەوێکی تاریک دا بەرەو شوێنی مانەوە وەک ھەناسەی بایە“ گەڕۆکەکانی پێدەشتەکان تووند و بە ئیرادەوە لە شار“دوور دەکەوتینەوە.
چەندین شوێنی مەترسیدار-مان لە دەورووبەری شار“بڕی ،بە تەواوی شەکەت ببوین بەرەبەرە شەو بەرەو کۆتایی بوو ،بەر لە ھەوا ڕووناک بوون دەبوا لە شوێنێکی ناوچەکە خۆمان حەشار بدەین و خۆمان بۆ ھەموو پێشھاتێک ئامادە بکەین. دوای چەندین سەعات ڕێگا بڕین ئیدی چارەیەک نەما ،شەو بەبەریەوە نەمابوو کاتی ئەوە ھاتبوو لە ڕووی ناچاری لە شوێنێک خۆمان حەشار“بدەین ،ئەوە بوو لە نزیک گوندی واشەمەزین“لە نزیک چیای تاژەندەرە“ماینەوە.
بە ڕادەیەک ھیلاک ببووین کەس نەیتوانی تەنیا جێگایەک بۆ خۆی ڕێک بخات ھەر وا لە ژێر پۆلە دارێک لێی درێژ بووین. ئێشکگرەکان“دیاری کران بڕیار درا بەیانی کەس لە شوێنی خۆی تەکان نەخوات بۆوەی ھات و چۆی ئێمە نەبێتە ھۆی ئاشکرا بوون و تووش بوون بە شەڕێکی نەخوازراو ئەویش لە شوێنێکی ھەستیار و پڕ لە مەترسی.
لەوێش ھەوای سارد و ئارەقە بوونە نارەحەتی و ئەم لاوئەولا کردن ،بەڵام: بە جۆرێک ماندوو ببووین کە کاری سەرماش نەبوو.
ئەوە بوو ،کەس لە خەو ھەڵنەستا بۆ بەیانی تیشکی رۆژەکە بوو بە ھۆی ئارامی و خەوێکی درێژ کە تا نزیک نیوەڕۆی خایاند.
لای نیوەڕۆ لە دەوری یەک کۆبووینەوە ،کاتی نان خواردن و گێڕانەوەی رووداوەکانی شەو بوو
بەو جۆرە بە ئارامییەکی تەواو بەرەو ئێوارە دەبووینەوە.
لای ئێوارە بەرپرسان کۆبووینەوە ، ئەوە بوو چەند بڕیارێک درا.
١- لەوانە: شێوەی گەڕانەوەو دەرچوون لە ناوچەکە
٢- لای ئێوارە تیم“ێک لە پێشمەرگەکان بچنە سەر ئەو جادەیەی“کە لە سەردشت“ەوە دێت کە دوای تێپەڕاندنی چەندین گوندی ناوچەکە دەگاتە دۆڵی قاسمەڕەش“.
……….
بۆ ئەو مەبەستە ،بەشێکی زۆر لە پێشمەرگەکان لە گەڵ کاک حەمە نارستی“خۆی و کاک عەوڵا“ و چەندین پێشمەرگەی ئازا گەیشتنە سەر جادە“. ئەوان بە وریاییەوە خەریکی راگرتنی ماشێن“ەکان و قسە کردن بۆ خەڵک بوون.
ئێمەش تیم“ێک ،ھەر لەو شوێنە مابووینەوە.
لە پڕ کاک حەمەنارستی“بە بێسیم“پێوەندی پێوە کردین ،گووتی: دەبێ بە زوویی خۆتان ببەستن و بێنە خوارێ!!
من باوەڕم وا بوو خەریکە شتێک ڕوودەدات کە رەنگە ھێزێکی زۆری رێژیم بەرەو ناوچەکە لە پێشڕەوی دا بێت.
بە پەلە خۆمان بەست ،خەریک بووین بەرەو ئەوان دەچووین ،پێوەندی کردەوە…
گوتی: پایەگا“یەک ،لە نزیک خۆمان ھەیە ئەوان تیم“ێکیان ھاتوونە سەر جادە“خوار پایەگا“
دەبێ بچن لێیان بدەن! لەوەش زیاتر گووتی: زۆر بە پەلە بن! راستی من پێم سەیر بوو ،گووتم: کاکە ئێمە دوورین ئەو شوێنە مەودای زۆرە ،کاک حەمە نارستی“وای پێ باش بوو مینگەی ئێمە نەیخوارد..
کە گەیشتینە سەر جادە“ دوور دیار بوو لە دەستی چەپ“ی خۆمان و لای شار“،ئەوان ماشێنەکەی خۆیان لە سەر جادە“راگرتبوو.
راستی ئەوان ھاتبوون ئاو“بە ماشێن ببەن بۆ پایەگا“ ئەو شوێنە مەودای زۆر بوو ھەر لەوێوە بە غار و بێ وەستان سێ“کەس رۆیشتین.
کەریم کۆدەڵەیی ،مەنسوور رەحیمی ،عەلی سوورەچۆمی.
لە ھەمووی ئەستەمتر ئەو بەشەی بوو کە لە بڵیندایی ڕا پایەگا“بە سەر بەشێک لە جادەکەی دا دەڕوانی ،بە لێواری کەندە جادەکەدا و بە بەر چاوی پایەگا“دا دەبوایە خۆمان بگەیەنینە ئەو شوێنە. دەی … کارێکی پڕ مەترسی و ڕاستی ریسکێک بوو.
لە مەیدانی شەڕ“دا تۆ دەبێ ملکەچی بڕیاری سەرەوەی خۆت بیت. بێ دوو دڵی ،ئەو سێ کەس(ە) بە ھانکە ھانک و پشوو سواری بەرەو ئەو شوێنە دەڕۆیشتین ،لە رێگا کەمێک لێک دوور کەوتینەوە کە نزیک بووینەوە لە مەودایەکدا تەواو پایەگا“زاڵ بوو و بە سەر جادەکەدا دەیڕوانی ،وا ساخ بووینەوە یەک یەک ئەو مەودایە ببڕین. من ڕۆیشتم پەڕیمەوە دواتر کەریم و ئەو جار مەنسوور. لێرە داگیرکەر ھەموو کەلێن و قووژبنێکی تەنیوە ،ئێمەش وەک پارێزەرانی شەرەف و بۆ بەرگری لە ھەموو شوێنێک بە خوێنی خۆمان ھاواری بێزاری لە دەست داگیرکاری دەنووسینەوە ،ئەوەتا نە سەرما و نە شەوە درێژو تاریکەکان نە ماندوویەتی و نە ئازاری رێگاو بێ خەوی ناتوانن کار لە باوەڕی پێشمەرگە بکەن.

پەڕاوێزێک…….
ئێستا بیر لەو کاتانە دەکەمەوە کە چۆن و بە چ زەحمەتی و فیداکارییەک دەچووینە مەیدانی شەڕە“گەورەکان بە چەکی دەست و باوەڕێکی پۆڵاین بەرامبەر دوژمن“و جەنگان لە گەڵی.
کاتێک بەشێک لە ڕووداوەکان دێنمەوە بەرچاوم
لە زۆر شتی ڕابردوو پەشیمانم !!باشە ئینسانەکان بۆ دەبێ یەکتر بکووژن! لە حاڵێک دا ئەوانەی دەبن بە قووربانی رەنگە کەمتر دەوریان ھەبێ لە خووڵقاندنی کێشەکاندا ،زۆر جار کە ئینسان بیر دەکاتەوە دەبێتە پرسیار لای!!
پێچەوانەکەشی بۆچوونێکی بە ھێز ھەیە: باشە ھێزی داگیرکەر بۆ ھیچ رووحم بە خەڵکێک ناکات کە ھیچ تاوانێکی نییە! ھەر بۆ وێنە: بەراستی ئەو کەسەی کۆڵبەرێکی بێ تاوان کە بۆ پەیدا کردنی پارووە نان“ێک ھەرچی ئازارە دەیچێژێ دەداتە بەر گووللە“بیری کردۆتەوە چ تاوانێکی گەورەی ئەنجام داوە ،خۆ ئەو شەڕی لە گەڵ ناکات!!!
ھەموو ئەو نووسینەم بۆ ئەو نامەیە“و چەند عەکسێک“بوو کە لە گیرفانی یەکێک لە کووژاوەکان دا بوو.
وێنەیەکی بنەماڵەکەی و نامەیەک کە بۆی نووسیبون! بەراستی ئینسان دەھەژا تۆ کە ئاوا خۆشەویستی و سۆز لە ناخت دا بوونی ھەیە بۆ دەبێ بیر لەوە نەکەیەوە کە کەسانی دیکەش ئاوا ژن و منداڵی خۆیان خۆش دەوێ.
تۆ بیرت لە ژیانی ئەو کۆڵبەرە کردۆتەوە کە دەیکووژی!!
با ئەوەش بڵێم: من ئەو دیمەنانەو بەشێک لەو مێژووەم بە چاوی خۆم بینی ،زۆر ڕووداوی ناخۆش و زۆر دیمەنی سەخت کە ھەروا تێپەڕ بوون. من قەت خۆم نابەخشم! کە دەزانم بەشێکی ڕووداوەکان دەکرا بە بەڵگەوە ڕابگرین.
ئێمە کە لە مێژوو و ڕووداوەکان دابڕاین تاکە ھیوایەک لە پشت خۆمانەوە نەبوو.
قەت بیرم لەوە نەکردبۆوە کە رۆژێک دێت و ئەوانە پێویست دەبن.
کە کۆتایی(۲۰۱۶)ھاتین بۆ ئەرووپا بە رێگای ھات و نەھاتدا ,قەت ئەو ئێوارەم بیر ناچێتەوە کە بە دەیان نامەم سووتاند کە ھی ھاوسەنگەرانم بوون چەندین ساڵ بوو ڕام گرتبوون کە بەشی زۆریان ئی ھاوڕێ شەھیدەکانم بوون ،تێیدا بوو وەسییەتی ھاوڕێی خۆم بوو ،تێیدا بوو کە ریزی حیزبی جێ ھێشتبوو و باسی خۆشەویستی خۆی بۆ ئەو ڕێبازە دەکرد.
………….
بە درێژایی مێژوو ئەو شەرانە درێژ دەبنەوە
ببوورن من نەخۆش بووم بۆم تەواو نەکرا…
بەشی داھاتوو شەڕەکەو چەند ڕووداوێکی دیکە.
……………………………………………………..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *