بەشی:نەوھەدو پێنجی گەڕانەوە(٩۵) له نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بەشی:نەوھەدو پێنجی گەڕانەوە(٩۵) له نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.
گەمارۆی دوژمن.
بەشی ١
ئەو جارە سەرەتایەک دەنووسم و دواتر دەچینە نێو ڕووداوەکان تکایە گلەییم لێ مەکەن.
………..
نووسینەکانی ئێمە لە ئاستی ئەو مێژووەدا نین ،ھەوڵەکانی ئێرە لە ڕاستای بیرخستنەوەو پاراستنی ئەو ڕووداوانە دان. لێرە مەشغەڵانێک لە شۆڕش و کتێب“ی نەنووسراو ھەیە لێرە لە نێو ڕووداوە گەرمەکانی شۆڕش داین لە نێو سەنگەر و ژێر شێستیری دوژمن. ئیرەیی بەلاوە دەنێین ،پشتی ئەو پەنجانە دەگرین کە بە ترس و لەرزەوە دەیانەوێ نۆتەکانی ئێرە بنووسنەوە.
باس لەو سەنگەرانە دەکەین کە ئێستا چۆڵ بوون باس لەو نیگایانە دەکەین کە بە ھێواشی لێرە چوونە خاک(ە)وە. ئەو ھەنگاوانەی کە لێرە دابڕان بوون بە کارەسات بە سەر کوردی ڕۆژھەڵات دا. پارسەنگی ھێز گۆڕاوە ،دێموکرات و مێژووی پڕ لە سەروەری وەک خۆی نەماوە تا جێگایەک دۆست و دوژمن لێی سڵ ناکاتەوە ،بەڵام: دێموکرات ھێزێکی بە پڕنسیپ و خاوەن مێژووە تیرەکان دەچنە جەستەیەوە ،بەڵام پشت لە میتۆدەکانی خۆی ناکات. ھێشتا مێژوو و ڕەسالەتی ئێمە زاڵە ئامانجی یەکەمی دوژمن ئەو بزووتنەوەو مێژووەکەیەتی. ڕۆژھەڵات پایەکانی خۆی دادەڕێژێتەوە ئەوەش لە سەر حیسابی کەس نابێت غرورو ھیوا بۆ ڕۆژھەڵات دەگەڕێتەوە ،جارێکی دیکە کورد دەڕوانێتە ڕۆژھەڵات و ئیستراتیژیەتی داھاتوو لەوێ دەنووسرێتەوە.
ماوە ئەوەش بڵێین…
ئەوەی ئێستا ڕوودەدات خەتای خۆمان(ە) دەبێ بزانین مێژوو ڕەحم بە ھیچ نەتەوەیەک ناکات مادام بۆ خۆی ھێز نەبێ و نەتوانێ باڵانس بێت. کورد قەت یەکگرتوو نابێ بە چاو لێ کردنێکی سادە لە مێژوومان ئەو ڕاستیەمان لێ دیارە ،کەواتە چاوەڕوانی مووعجیزەو بەزەیی کەس مەبە! بۆ خۆت بیر لە داھاتووت بکەوە…
…………….
دوو سەرنج.
ئەوەی ئێستا دەینووسم بیرەوەری شەرێکی قوورس و ناخۆشە ،لەو شەڕانەی کە بە مەزەندەی دوژمن دەیتوانی چەندین تێکۆشەر بە زیندوویی لە ئەڵقەیەکی گەمارۆدا بگرێ یا بیانخنکێنێ لەوەش زیاتر ،بیکاتە فەخرو سەرکەوتنێکی گەورە. بە دڵنیایی باوەر کردنی ئەستەمە.
من ھەوڵ دەدەم ھەموو ئەو ڕووداوانە لە پانتایی خۆی دا بگێڕمەوە ،بە پێی توانا.دووھەم: کورد نەتەوەیەکی سەیرە! لەوەی ڕەنگە زۆر لە نەتەوەکانی دیکەی دنیا نەچێت. کورد مێژوویەکی درێژی لە خەیانەت ھەیە ،ڕەگی خەیانەت دەبێ لە زۆر بارەوە لێکۆڵینەوەی لە سەر بکرێ و ھۆکارەکانی بە زەقی دەست نیشان بکرێن ،لە قۆناخەکانی دواییدا بە پێی ئەولەوییەت کاری لە سەر بکرێ کە ڕەگێکی لە دواکەوتوویی دایە. بە باوەڕی من خەبات بۆ ڕزگاری دەبێ ئەوەندە ھێزی ھەبێ کە لە یەک کاتدا دوو ئەرک ڕایی بکات ،یەکەم: ھووشیار کردنەوە ،دووھەم: ھێزی دامرکاندن و ویشک کردنی لە ڕێگای ترس و کاردانەوەی پێویست.
ئەوەندەی چاو بە مێژوودا دەگێڕی پڕییەتی لە بەربەستەکانی دوژمن لە سەر دەستی خەیانتکارانی ناوخۆیی. ئێستا باوەڕم زۆر گۆڕاوە ،ھەر چەند بزووتنەوەی کورد ڕێگا چارەی نیزامی نییە ،بەڵام: قۆناخی وا ھەڵدەکەوێ کە چەک فەڕز دەکات و دەستکەوتەکانی پێ دەپارێزی ،بە دەر لە پاراستنی خۆت.
ئێستا بۆیە ئەو باسەم درێژ کردەوە ،پێوەندی ھەیە بەو بیرەوەرییەی ئێستا دەینووسینەوە ،یەکەم: ڕاپۆرت و ئاگادار کردنەوەی دوژمن لە سەر دەستی جاسووس و نیشتمان فرۆش ،دووھەم:سووک و چرووک کردنی چەند جاشێک لە کاتی شەڕ“دا. من ھەموو ئەو ڕووداوانەت بە بەڵگەوە بۆ دەنووسم نەک ڕێگا نادەم ماندوو بیت ،بەڵکوو: چاوەڕوانی کات بیت بۆوەی بیان بیستی.
……………………
بۆ نێو ڕووداوەکان.
بە دوای ڕاپەڕینی کوردەکان لە بەھاری ساڵی ۱۹۹۱ دا دۆخێکی تازە درووست ببوو ،ڕاستی زۆر خۆش بین بووین بەوەی کە ڕووداوەکان بە قازانجی کورد وەرچەرخاون ئەوە لە جێگای خۆی دابوو ،چۆن پێش ئەو ڕووداوانە حیزب خۆی بۆ ھەڵ و مەرجێکی سەخت ئامادە دەکرد کە پێی وا بوو ،بە کۆتایی شەڕی ئێران-عێراق ڕوو دەدات. ھەر ئەو ھیوادارییە بوو بە ھۆی دڵ خۆش بوون بە ھێندێک لێکدانەوە کە دواتر زۆر خراب بە سەر حیزبی دێموکرات دا شکانەوە. ئەوە بوو ،بەرەبەرە جارێکی دیکە خۆمان بەرەو سنوورەکان کووتایەوە لەوەش زیاتر پێمان وابوو ئیدی پشتی شەڕگەیەک شک دەبەین و خەریکە پەیمان و پیلانی دوژمنان لە بار دەچێت. ڕاستی ئەوە زۆری نەخایاند کە دوژمن دەستی لە سەر دەست دا نەنا لە پەنا ئەو لێکدانەوە ھەڵانەی ئێمە زەمینەی باشتر بۆ ڕەخسا ،بۆوەی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەرەو داوێک ببات کە پێوە بێت. ئەو ماوە جمھووری ئیسلامی لە سەر فشارەکانی بۆ سەر ھێزەکانی باشوور بەردەوام بوو ،بە جۆرێک نەرمی حیزبی دێموکرات و زۆر ھۆکاری دیکە دەبوون بە لێک گرێدانی سەرە داوەکانی ئیستراتیژییەتێک کە جمھووری ئیسلامی دوای نەخشە سازی و دووربینی زۆر لە ئاستی ڕێبەری دا بە شێوەی دوور مەودا کاری بۆ دەکرد. بەڵێ: بە تۆپ باران کردنی گوندە سنووریەکان و ئاستەنگ درووست کردن بۆ خەڵک دەستی پێ دەکرد تا دانیشتن و فشاری زۆرتر بۆ سەر ھێزە کووردیەکانی باشوور و قۆناخەکانی دوایی. جمھووری ئیسلامی ھەنگاو بە ھەنگاو دەھاتە پێشێ ،دیارە ئەوە لە حاڵێکدا دوژمن لە ناوخۆدا لە سەر دەستی ھێزی پێشمەرگە تووشی شکستی گەورە ببوو. دوای ئەوەی بەھاری ساڵی ٧٠ بنکەو بارەگاکانی ھێزی گیارەنگ قۆناخ بە قۆناخ لە بناری قەندیل(ە)وە بەرەو شیوەڕەز لە نێوان شاری قەڵادزە-سوونێ دەگەڕاینەوە زۆری پێ نەچوو کە تووشی ئاستەنگی بووین. یەکەم جار ھەواڵی ھێرشێکی سەرتاسەری بە درێژایی سنوورەکان بۆ سەر ھێزەکانی حیزبی دێموکرات بڵاو بۆوە ،ئەوە پیلانێکی نەھێنی بوو کە حیزبی دێموکرات پێی زانیو لە قاوی دا. بەو جۆرە سەرەتا بە تۆپ باران فشار بۆ سەر خەڵکی باشوور دەستی پێ کرد بە وێران کردنی مووچەو مەزرا و تێک دانی ماڵ و حاڵی خەڵک ،بۆوەی بکەوینە ژێر ڕەخنەو ناڕەزایەتی ئەوان. ئەو ڕووداوانە بە جیگایەک گەیشتن کە حیزب ناچار بوو وردە وردە خۆی کۆبکاتەوە! ڕێنمایی ھات کە نابێ لە سنوورەکان ببینرێن و بە نێو خەڵک دا ھاتووچۆ بکرێ ھەموو جووڵەیەک دەبێ دوور لە چاوی خەڵک بێت. ھێزی پێشمەرگە نابێ بە ھیچ جۆرێک لە سنوورەکان دەرگیر بێت و دەبێ ڕەچاوی دۆخی باشووری کوردستان بکات کە درووست بوو.
……………….
کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٢-بە چەند تیم“لە شوێنەکانی نیشتەجێ بوونمانەوە بەرەو ناوچەی ئالانی سەردەشت وەڕێکەوتین. ڕاستی بە ھۆی شەڕی ئێران و عێراق چەند گوندێک چۆڵ کرابوون دوای شەڕ ھێشتا دەوڵەت ڕێگای نەدابوو بگەڕێنەوە لەوەش زیاتر ڕێژیم لە سەر چەند گوندێکی دیکەی کردبوو کە دەبێ چۆڵ بکرێن ئەوەش لە چواچێوەی بە ئەمنییەتی کردنی ناوچەو ڕووبەڕوو بوونەوەی ھێزی پێشمەرگەدا بوو. رێژیم بەرنامەی بەدەستەوە بوو گوندەکانی سنوور بە درێژایی چەندین کیلۆمیتر راگوێزێ. خەڵک زۆر نیگەران بوو لەو ھەواڵانە. لەو بارەوە ،چەند ئەزموونێکی مێژوویی ھەبوو کە داگیرکەران لە بەرابەر جووڵانەوەی گەلی کورد دا پەنایان بۆ بردبوو ،سامناک-ترینی ئەو پیلانانە ئەوە بوو کە لە باشووری کوردستان بەڕێوە چوو بوو.
بەڵێ: ئەو کات ڕووداوەکانی دەورووبەرمان ئاوا بوون. ئێمە نزیکەی ٢۴ کەس بووین کە فەرماندەری گشتی کاک خدر میراوەیی“بوو بەشی سیاسی و تەشکیلاتی کەریم فەرخەپوور بوو ،ھەر لەو سەروو بەندەدا ،دوو تیم“ی دیکە بەرەو ناوچە دەھاتن تیم“ێک بە فەرماندەیی کاک ڕەحمان شۆکە و تیم“ی دووھەم کاک مەحمەد کەسرایی و چەند کەسێکی دیکە بوون کە یەک لەوان ھەواڵنێر یا ڕۆژنامەنووسێکی خاریجی بوو. جا لێرە بە دواوە لە بەشی داھاتوودا زۆر شت ھەیە کە لە سەر دەستەکان ڕوونی دەکەمەوە. زۆر بە وردی لە یەکەم ھەنگاوەکان ڕا دەینووسمەوە ، ھەروەھا ناوی پێشمەرگەکان.
وەرە لێرە چێژ وەرگرە لە ڕووداوەکان.
……………..
لێرە تەواوی دەکەم ئەو بەشە
زۆر نابات ،ھوونەری پێشمەرگە باوەڕی پێشمەرگە لە مەیدانی شەڕێکی گەورەدا دەبیننەوە ،بەڵێ: ئەو ڕۆژەی ئازایەتی و ورەی پێشمەرگە گەیشتە لووتکە. ڕێژیم سەرەڕای سەدان کەس لە ھێزەکانی سێ ھێلیکۆپتەری ھێنایە مەیدانی شەڕ ،بە ئیمان بەوەی کە ھێزی پێشمەرگە وەرزی چنینەوەی ئومێدە دوای ھەموو تەنگانەیەک ،ئەو ڕۆژە’ئامێزن بە دار بەڕوو“داکرد ئەو ڕۆژە دوای بڕینی دەیان کیلۆمیتر لە شەڕێکی قووڕس دا دیمەنی وامان بینی لە ئازایەتی پێشمەرگە کە گێڕانەوەی زەحمەتە ئەو ڕۆژەی بۆ ڕزگاری ھاوسەنگەرانمان لە گەمارۆ خۆمان کردە فیدایی. پێشمەرگە ئاشقە ،ئاشقی نیشتمان و ئاشقی ئازادی ،ئاشقی جوانی سرووشت و کیژانی لادێی…..ڕۆژھەڵات ئومێدە داھێنەرە نائومێد مەبەن ،ڕەنگە ڕۆژێک بێت کورد شانازی بەو مێژووە بکات
چاوەڕوان بن
…………………………………………………………………
لە ڕاستەوە.
کاک مەحمەد کەسرایی
حەمە رەسوڵ کەریمی
حەسەن خۆشکەلام
حوسێنی مام برایمی
………………………………………………………………….وور

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *