بەشی چاردەیەم (١٤) ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له‌ نووسینی: خدر پاکدامه‌ن (خدربه‌گ )

Posted by

(تێرۆری فەرماندەی لێهاتووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی)
لە بەشەکانی پێشوودا لەڕوانگەی خۆمەوە وەک پێشمەرگەیەکی بەشدار لە زۆربەی کار و تێکۆشانی حیزبی لە ناوچەی سەردەشت کە ئەوکات لاوێکی تازە پێگەیشتوو بووم و زۆر لە مێژ نەبوو هاتبوومە نێو ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، باسم کردوە.
هەر چەند دەزانم گێڕانەوی بیرەوەریەکانی دەیەی شەست کە تائەمڕۆ 29 ساڵی بەسەردا تێ‌دەپەڕێ ڕەنگە کارێکی زۆر ئاسان نەبێ .

ئەوەی باش دەزانم کە ئەم گێڕانەوانە کەم و کورتیی خۆی دەبێ، بەڵام باسکردن و گێڕانەوەیان باشترە لەوەی کەس نەزانی چۆن ئەو سەردەمانە چۆن گوزەراون و ئەو خەباتە بە چ شێوەیەک کراوە .بۆیە بەئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم کە وەک ڕێبوارێکی ڕێگەی ئازادی ئەوەی لە دەستم بێ بۆ نووسینەوی خەبات وتێکۆشانی خۆم و ڕەفیقەکانم بەشێک لەو رووداوانە بگێڕمەوە بۆ ئەوەی لانیکەم نەسڵی نوێ پێی ئاشنا بن و بزانن کە لە ڕابردوودا و نەسڵەکانی پێش ئەوان چۆنیان ئەم خەباتە هێناوەو چ تێچوو و هەزینەیەکیان بۆ داوە.
خۆشەویستان!
گێڕانەوەی بیرەوەری ئەو جارە کە دەبێتە ئاخرین بیرەوەری لە ساڵی66دا، یەک لە ناخۆشترین بیرەوەریەکانی دەیەی شەستی هەتاویە کە بەداخەوە دوای ئەو هەموو عەمەلیات و چالاکی و تێکۆشانە لە ناوچەی سەردەشت بۆ دیفاع لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە هێزەکانی دوژمنلەسەر دووژمن جێبەجێ کران، بەداخەوە زیانێکی قورس لە حیزبی دێموکرات و بەتایبەت هێزی پێشمەرگەی کەوت .
دوای ئەو زەربە قوورسانەی کە لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت وەدوژمن کەوت و دووژمنی بەتەواوی تووشی شۆک کرد، دوژمن کاتێک زانی کە ڕێگای ڕووبەڕوونەوەوە ناتوانێ قەرە لە قەرەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدات کەوتە پیلانگێڕی و توانی لە ڕێگەی تێرۆرەوە کاری خۆی بکات .
بەداخەوە لەو کردەوە ترۆریستییەدا فەرماندەی ڕۆژە سەختەکانی خەبات، تێکۆشەری ناسراوی قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی حیزبی دێموکرات، کاک مەلاحەسەنی شیوەسەڵیی کردە ئامانج .
بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم پیلانە، دووژمن توانی هەوڵی خۆی بە ئامانج بگەیەنێ و لە کەسە هەرە نیزیکەکانی کاک مەلا حەسەن بۆ بەجێگەیانی ئەم پیلانە، واتە تێرۆری ناوبراو کەڵکیان وەرگرت.
کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی کە بە ڕایسپاردبوو رۆمانە کتێبی “دندان سفید”ی لە ناوخۆی وڵاتەوە بۆ بێت، نەیاران و دوژمنانی حیزبی دێموکرات و کاک مەلاحەسەن کە لە رێگای خۆفرۆسانەوە ئاگاداری ئەم سفارشەی کاک مەلاحەسەن بوون بیریان لە چۆنیەتی پیلانەکەیان کە کردوە. ئەوە بوو کە ئەم کتێبەیان – کە دواتر بە ناوی “دان‌چەرموو” لە لایەن مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادەوە وەرگێڕدرایەوە – بۆمبڕیژ کرد و ڕێکەوتی16سەرماوەزی 66 ئەو کتێبە بۆمبڕێژکراوە لە لایەن دوو کەسی خائین بە ناوەکانی سەمەد کاژەیی و حەسەن ساڵحی ڕەمەزانی خەڵکی دیواڵان دەگاتە دەستی کاک مەلا حەسەن لە گوندی سوونێ. لە گەڵ کردنەوی کتێبەکە بۆمبەکە بە کاک مەلاحەسەن‌دا دەتەقێتەوە و بەداخەوە کاک مەلاحەسەن شیوەسەڵی بەسەختی بریندار دەبێ هەردوو دەست و چاوەکانی لە دەست دەدات.
تەقینەوەی ئەو بۆمبە لەو کاتە‌دا یەک لە ناخۆشترین ڕووداوەکان بوو کە بۆ حیزبی دێموکرات بەگشتی و هێزی پێشمەرگەی گیاڕەنگ بەتایبەتی، زەربەیەکی زۆر قوورس و لە بیرنەکرابوو. تەقیەوەی ئەو بۆمبە لەو ساتەوەختەدا هێند ناخۆش و زیانبار بوو کە بۆماوەیەکی زۆر هەموومانی تووشی شۆک کرد، چونکی قەت بیرمان لەوە نەدەکردەوە کە رۆژێک لە لێهاتوویی و گەورەیی ئەو فەرماندە بەوەجەی هێزی پێشمەرگە بێبەش بین، قەت رٶژێک لە ڕۆژان بە بیرمان‌دا نەدەهات کە ئەو ئینسانە زیت و وریایە، ئەو فەرماندە هەمیشە لە سەرهەستە ئاوا بە ئاسانی تووشی وەها داوێک بێت. بەڵام دەڵێی چی، ئێمە کورد زیاتر خۆبەخۆ وێمان دەکەوێ!!
تا ئێستایش باوەڕکردنی سەختە کە چۆن کاک مەلاحەسەن کەسێکی زیرەک، لێهاتوو، خوێندەوار، فەرماندە و کەسایەتییەکی بە نفووز و خاوەن ئێعتبار و خۆشەویستی ناوچەی سەردەشت ئاوا بە ئاسانی تووشی ئەو کارەساتە هات.
لێرەدا پێویستە دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە زۆر جار خۆیشمان موقەسر و کەمتەرخەمین، بەرانبەر بەو هەوال و زانیاریانەی کە بە نیسبەت هێندێک لە کەسانی نزیک و دەوروبەرمان پێمان دەگات کەمتەرخەمین و زۆریان بایەخ پێ نادەین.
لێرەدا و هەر لەم پێوەندییەدا بۆ وەبیر هێناوەش بێ شتێک هەیە بە پێویستی دەزانم باسی بکەم. هەر ئەو ساڵە کە لە ناوچە بووین، کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگە بووین کە خودی کاک مەلاحەسەنیشمان لە گەڵ‌دا بوو و ئێمە لە خزمەتی‌دا بووین. دوای ماوەیەک گەشت و گەڕان لە ناوچە، شەوێک هاتین بۆ دەشتی دیواڵان، لەبەر ماڵانی دیواڵان ڕاوەستاین، کاک مەلا حەسەن بە چەند پێشمەرگەیەکی گووت بچنە نێو ماڵان و کەسێک بە ناوی “حوسێن مرۆتی” بگرن .
کاک برایم زێوەی کە ئەوکات بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی “بوڵفەت” بوو، بە کاک مەلاحەسەنی گووت؛ بۆ حوسێنی مرۆتی؟! کاک مەلاحەسەن گووتی؛ کەسێکی خراپە. لە بیرمە کاک برایم زێوەیی گووتی؛ مامۆستا! ئەگەر ئێمە بمانهەوێ خەڵکی خراپ لە دیواڵان بگرین، کەسی لە حوسێن خراپتر هەن. مامۆستا گوتی: وەک کێ؟… کاک برایم گووتی: حەسەنی ساڵحی ڕەمەزانی. کاک مەلا حەسەن زۆری پێ ناخۆش بوو. لە وەڵام‌دا گوتی؛ هەرکەس دۆستی من بوو ئێوە بەخراپی دەزانن!!…. بەهەرحاڵ چەند مانگ دوای ئەم شەوە، هەمان کەس (حەسەنی ساڵحی ڕەمەزانی) بۆمبەکەی بۆ کاک مەلا حسن هێنا و بەداخەوە ئەو زەربەیەی لێ‌داین.
دیارە ئەو باسەی من بە هیچ شێوەیەک بەو مانایە نیە کە لەگەورەیی و بەتوانایی و خۆشەویستیی کاک مەلاحەسەن شیوەسەڵی کەم بکاتەوە، تەنیا بۆ ئەو مەبەستەیە کە هەرچی بەسەرمان هاتوە، بەشێکی خەتای خۆمان و کەمتەرخەمیی خۆمان بووە کە تووشی زیانی زۆر گەورەی کردووین کە تائێستاش نەمانتوانیوە کەلێنی گەورە پیاوانی خۆمان پڕ بکەینەوە .
بەم جۆرە کاک مەلاحەسەنی شیوەسەڵی، ئەندامی کومیتەی ناوەندی و فەرمەندری لێهاتوو و بەوەجی هێزی گیاڕەنگ لەم تێرۆرەدا زامێکی هێندە قورسی هەڵگرت کە تا ئێستاش بەداخەوە بەدەست ئەم زامە قوورسەوە دەناڵێنێ.
لە کۆتایی‌دا سڵاو بۆ کاک مەلاحەسەن شیوەسەڵی
سڵاو بۆ هەموو ئەو کادر و پێشمەرگانەی کە لەو ساڵانەدا لە تۆمارکردنی هەموو سەروەرییەکان‌دا بەشدار بوون کە بەشێکیان سەربەرزانە لە پێناو خاک و خەڵکی کوردستان‌دا گیانیان بەخت کرد و بەشێکیشیان تا ئێستاش بەسەربەرزی ئەم ڕێگەیە درێژە دەدن .
هاوڕێیانی خۆشەویست!
لە بەشەکانی دیکە دا ساڵی 66 بەهەموو خۆشی و ناخۆشییەکانیەوە بەجێ دەهێڵین و بەرەوو ساڵێکی دیکە لە خەبات وتێکۆشان دەچین.
چاوەڕوانی هەموو ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە ناوچەی سەردەشت بکەن. ئەوەی لەبیرم بێ بە پێی توانا و بێ‌گومان بە هاوکاری و یارمەتیی هاوڕێیانی ئەو سەردەمە دەیانگێڕمەوە.
سپاس و پێزانین بۆ هەموو لایەک.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *