یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان! بەشی چوارەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان! بەشی چوارەم!! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی
بە هۆی زۆری ژمارەی ئاوارەکان لە دەورووبەری ئێمە- گوندێکی چکۆڵەی چەند ماڵی کە جاری وابوو بە ساڵ و دوو ساڵ کەسی لێ نەدەمرد، وەک شارێکی گەورەی تەمگرتوو لە نێۆ کەلاوەکانی چۆلەوانییەکدا دەهاتە بەرچاو. گۆڕستانە چکۆڵە و کەمتر ئاوەدانەکەی ئەوێ ڕۆژ نەبوو، پێشوازی لە یەک یان دوو و هێندێکجار سێ میوانی تازە لە ڕۆژێکدا نەکات. هەر لە منداڵی ساوا کە بە هۆی نەخۆشی، بەد خۆراکی، بێ هێزی دایکی لە تێرکردنی یان سارد و سەرماوە بگرە تا پیرە پیاوێک کە بە هۆی قەڵەباڵغی ڕێگاوە نەیتوانی لە کاتی خۆیدا بگاتە دوکتۆر و بە هۆی ڕێخۆڵەکوێرە، “Apandicit” ەوە گیانی لە دەستدا، بۆ هەتا هەتایێ لەو قەبرستانەدا ئارامیان گرت. دەنگۆی ئەوە هەبوو، کە ڕۆژەکانی سەرەتای هاتنی شەپۆلی ئاوارەکان، کەسێک منداڵەکە چەند ساڵانەکەی کە توانای ڕۆیشتنی نەماوە لێ بەربۆتاوە و کەوتۆتە نێو چۆمی خوار ئێمەوە. خاوەنەکەی کە دیتوویەتی منداڵەکە کەوتۆتە نێو ئاوەکە و توانای ڕزگارکڕدنی نیە، زۆر بە لە سەرەخۆیی درێژەی بە ڕێگاکەی داوە و لەوە زیاتر ئاوڕی لێ نەداوەتەوە. ڕۆژانە دەنگۆی ئەو
جۆرە ڕووداوانەمان وەبەر گوێ دەکەوت.

دەکرێ وەک نمونە بیرەوەری یەکیک لە پێشمەرگەکانی حیزب لەو بنکەیەی ئەوێ کە وەک کۆمێنت بۆ بەشی سێهەم نووسیبووی بێنینەوە. ناوبراو بۆخۆی دیمەنەکەی دیتووە.
”…من و شەهید ساڵە قەلەرەشیو و برادە رێکی تر کە ئستا لە ناو خۆی وەڵاتە بەناوی ح سێبەسێ دەچوین بۆکوزەڵە کاینیکی لێبو ئەگەر دەچووی بولای کۆنە سوونی کوزەڵەی چاکی لێبو لە کاتی گەرانەوە دا لە نێوان مەقەرەکەمان و پردەبەر دین پۆلە دارێکی لێ بوو پیاوکی زۆر پیر لەدارە میتێک دابو وەمان زانی مردوە ئەگەر چوینە سەری زۆر بەهیواشی هەناسی دەدا کۆمەڵێک ماڵی لیبون لەودەو روبەرە پێمان گوتن ئەو پیاوە ئکێیە گوتیان ئئەو ماڵەیە پێمان گوتن بۆوالە بەر ئەو بارانە فرێتان داوە خۆنەمردوە گوتیان نابابە مردوە ناکاکە نمر دوە ئستا هەرزندوە جاچی لی بکین ناچارن هەر دەبێ بمرێ.” عوسمان زەردەکانی

بە دڵنیاییەوە ئەو دیمەنانەی دەتواندرا باسیان لێوە بکرێت، زۆر دیمەنی دڵتەزێن لە ڕێگای لێنزی دووربین و شاشەی تەلەویزیۆنەکانی دەرەوە بڵاو دەکرانەوە، کە ئەودەم ئێمە نەماندەتوانی بیانبینین. ئێمە تەنیا لە ڕێگای ڕادیۆکانەوە گوێبیستی ئەو هەواڵانە دەبووین. تەنیا دیتنی ئەو دیمەنانەی لای خۆمان بەس بوو بۆ ئەوەی وەک نمونەی ئەو ڕووداوانە لە شێوەی فیلمێکی بەڵگەنامەیی بیهێنینە بەر چاوی خۆمان. دیمەنی ئەو خەڵکەی کە لە چاوەڕوانی هاوکاری خێرخوازانی نێونەتەوەییدا، پاڵەپەستۆیان دەخستە سەر یەکتر و زۆرجاریشلە سەر پاکەتێک خواردەمەنی دەبوو بە شەڕ و کێشە.
——-
دوای چەند ڕۆژێک لە هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و بڵاوبوونەوەیان بەو ناوچەدا، دەنگۆی هاتنی ژمارەیەک برینداری شەڕەکانی کەرکوک و ئەو ناوچانەی کە پێشمەرگە لە بەرامبەر هێرشی هێزەکانی ئەرتەشی ئێراقدا برینداربووبوون بڵاو بۆوە. بە هۆی کۆڕەوەکەوە بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکان دەکرێ بڵێین چۆل کرابوون و دوکتۆر و کادری دەرمانیشیان ببوونە بەشێک لەو ئاوارانە. بەم هۆیەوە زۆر بریندار دوای چەند ڕۆژ لە بریندار بوون هێشتا برینەکانیان تیمار نەکرابوون، یان دوای تیمارێکی سەرەتایی تازە دەرفەتی پانسمانی دووبارەیان بۆ نەڕەخسابۆوە. یەکێک لەو ڕۆژانە بوو کە ژمارەیەک چەکدار هاتنە لای ئێمە و داوایان کرد کە بریندارێکیان هەیە حاڵی باش نیە. ئەگەر بەشی دەرمانیمان هەیە هاوکاریان بکەین. دوای خۆناساندن دەرکەوت کە پێشمەرگەی حیزبی سۆسیالیستی کوردستانی باشورن. ئێمە لە هاتووچۆی زۆر بۆ نێو ئەو خەڵکە خۆمان دەپاراست. ئەویش بە هۆی ناخۆشی ئەو دیمەنە دڵتەزێنانەوە بوو کە ڕۆژانە باسیان دەکرا. ئەو کاتە شەهید ڕەئوف ئیبڕاهیم زادە، ” ڕەئوف شۆکە” وەک کادری دەرمانی لە گەڵ ئێمە بوو. ئێمە پێمانوابوو بریندارەکە بەمزووانە دەگاتە لای ئێمە. ئەوان گوتیان بریندارەکە بە ماشێن دێت، ئێمە بۆیە زووتر هاتووین تا ئێوە ئاگادار بکەینەوە و ئەگەر یاڕمەتیمان نەدەن، لە شوێنێکی دیکە بۆ دەرمانکردنی بریندارەکەمان بگەڕێین. بەشی دەرمانییەکانی حیزب هەردەم و بە پێی توانا و دەرەتان هاوکاری خەڵکیان بێ جیاوازی کردووە. تەنانەت لە ئاستەمترین هەل و مەرجیش دا برینداری هێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیان دەرمان کردووە. لە نەخۆشخانەکانی حیزب پێشمەرگەی لایەنەکانی باشوری کوردستان لە سەردەمی ڕێژیمی بەعسدا چارەسەریان وەرگرتووە. تەنانەت ماوەیەکی زۆریش لەوێ خەوێندراون . لە ماوەی برینداری خومدا لە نەخۆشخانەی ۲۵ی گەلاوێژ لە کارێزە، پێشمەرگەیەکی یەکیەتی نیشتیمانی لە تەختەکەی تەنیشت من خەوێندرابوو. ئەو ڕۆژەش هەر لە بەردەوامی ئەو ڕێچکەیەدا ئامادەیی خۆمان بۆ هاوکاری دەربڕی. تیمێک لە پێشمەرگەکان، بۆ ئەوەی زووتر بگەنە بریندارەکە لە گەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی سۆسیالیست وەڕێ کەوتن. دواتر من و شەهید ڕەئوف ئیبڕاهیم زادە بە یەکەوە ڕۆیشتین. هەر کە لە بنکەکەی خۆمان ڕا وەڕێکەوتین، بە تایبەت لە “سونێ” ڕا، ئەو ناوە هەمووی پڕ بوو لە خەڵک. تەواوی جادەی “قەڵادزێ-سونێ” پڕ بوو لە خەڵک. ڕۆیشتن بە پێ زۆر ئاسانتر بوو لە سواربوونی ماشێن. ئەوانەی شارەزای ئەو ناوەن دەزانن مەودای نێوان “شیوەڕەز-سونێ” بە مااشێن چەندە. ئەو کەسانە کە بریندارەکەیان جێ هێشتبوو، پێش ئەوەی بگاتە شیوەڕەز لە ماشێنێک دا بەجێیان هێشتبوو. بە هۆی کۆڕەوەکە ڕێگا بە ماشێن نەدەدرا بێت. ئەوان بەهۆی کەمی نەفەراتیش نەیانتوانیبوو بە شان هەڵیگرن. ئەو نەفەرانە بە پێ هاتبوونە لای ئێمە و لەوێش ڕا هەر بە پێ هاتنەوە. لە سەریەک لانیکەم ۲ کاتژمێری پێچوو تا گەیشتنەوە لای بریندارەکە. لەو ماوەدا ماشێنەکە تەنیا توانیبووی ۲۰۰میتر بێتە پێش.

ئەو پێشمەرگانە هیچ ئەمرازێکی پێوەندیان پێ نەبوو تا ئاگاداری یەکتر بن. ئێمەش دوو دەزگا بێسیمی ICOM مان پێبوو، کە یەکیان لای من بوو و ئەوی دیکەش لای پێشمەرگەکانی دیکە بوو. بە هۆی قەڵەباڵغی ڕێگاکەوە من و شەهید ڕەئوف تا شیوەڕەز هاتین و لەوێ چاوەڕوان بوویەن تا ئەوان بگەنێ و هەر لەوێ برینی بریندارەکە تماڕ بکەین. دواتر پێشمەرگەکان ئاگاداریان کردینەوە کە بریندارەکەیان بە شان هەڵگرتووە و بەرەو سونێ وەڕێکەوتوون. ئێمە هەروا بۆ ئەوانمان دەڕوانی تا بەڵکو یەکتر بگرینەوە. لە شوێنێک بە نێوی “قەبری عوسمانی” لە پشتی جادە ڕاوەستابووین و بۆ ئاوانمان دەڕوانی، کارێک کە بە هۆی زۆری خەڵکەکەوە ئەستەم بوو. لە ناکاو کۆمەڵێک خەڵک لە دەورەمان کۆبوونەوە. دوو پێشمەرگەی بەرەی کوردستانی -یان هەر وا خۆیان دەناساند- لە ناو حەشاماتەکە هاتنە دەر و داوای”هەویە” کارتیان لێکردین. زۆرم هاوارکرد کە پێشمەرگەی دێموکڕاتین و بەدوای بریندارێکی حیزبی سۆسیالیست دا هاتووین، دادی نەدا.

ئەو کاتە دەنگۆی ئەوە هەبوو، کە موجاهیدینی خەڵق، شانبەشانی هێزەکانی گاردی کۆماری ئێراق هێرشیان کردۆتە سەر کەرکوک و ناوچە ڕزگارکراوەکانی دیکە. خەڵک زۆر ڕقی لە موجاهیدین بوو. تەنانەت ڕقی ئەوەشیان هەر لێ بوون کە گۆیا ئەوان لە پڕۆسەی بەدناوی “ئەنفال”یشدا بەشدار بووبوون. من ئەو ڕۆژە بە هەڵکەوت کەواو پانتۆڵێکی نیزیک لەوانم دەبەردابوو، عەینەکێک لە چاو بە خۆم و بێسیمێکی ICOM، کە ئەوکات موجاهیدینیش هەر ئەو بێسیمانەیان پێبوو، زۆر وەک ئەوان دەچووم. خەڵک پێیانوابوو بۆ جاسوسی هاتوومە ئەوێ و بێسیم بۆ فڕۆکەی ئێراقی دەکەم ئەوێ بۆردوومان بکات. ئاپۆرای خەڵک هەروا زیاتر و زیاتر دەبوو. هەر کەسە و بە شێوەیەک دەیەویست ئێمە لە نێو بەرێ.
یەک دەیگووت؛ “کوڕە بۆ ڕاوەستاون، لەت لەتیان بکەن”
یەک لەو لای هەڵی دەدایێ؛ “لە جێگای منداڵانی کەرکوکێ بیانسووتێنن”
یەکی دیکە هاواری دەکرد؛ “لە دەست خەڵکیان بنێن تا لە
سێدارەیان بدەن. هەر دەبێ تێزابیان پێداکەن.”
سەرەڕای ئەو هەڕەشانەش جنێوی جۆراوجۆر دەکرانە نێوئاخنی ڕاوێژی بەشێک لە حەشاماتەکە. جنێودانەکە وەک کۆڕسی لێ هاتبوو بەشێکی زۆر دووپاتیان دەکردەوە.
هاوڕێیان لە کۆمیتەی شارستان ڕا لە سەر خەت بوون. نەمدەویست کێشەکە بگاتە ئەوێش. لە ڕاستیدا لەوێ ڕا هیچیشیان لە دەست نەدەهات. دەبووایە هەر لەوێ و بۆ خۆمان چارەسەری بکەین. بە دەستێک بێسیم، بە دەستێک گەڕان بە دوای کارتی پێشمەرگایەتیدا، هاوکات وشیاربوون لەوە کە نەکا خەڵک بە تەمای چەک کردن پەلامارمان بدەن، زیاتر دۆزینەوەی کارتی پێشمەرگایەتی وەدواخست.
سەیر ئەوە بوو کارتی شەهید ڕەئوفیان بە تەنیا قەبووڵ نەبوو. تا من کارتەکەی خۆم دیتەوە و بە پێشمەرگەکانی بەرەم نیشاندا بڕێکی پێچوو، خەڵکەکە زیاتر وەشک کەوتبوون کە ئەوەش جۆرێک خافڵاندن بێت. هەڕەشەکان هەروا بەردەوام بوون و ئاپۆرای خەڵکەکە زیاتر نیزیک دەبوونەوە. لە تەواوی ئەو ماوەدا شەهید ڕەئوف زۆر بە هێمنی هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکەی دەدا. زۆری شێرو ڕێوی هێنانەوە کە ئەوە بەرپرسمانە، بەڵام هیچی نەیدەخوارد.

هەر کە کارتەکەیان دیت، داوای لێبووردنیان کرد. ئێمە پێمان گوتن کە ئێوە حەقی خۆتانە پرسیار بکەن. خەڵکەکە کە زانی ئێمە پێشمەرگەی حیزبین، بڵاوەیان لێکرد. چیتر باس لە پارچە پارچەکردن نەما. ئێمەش لە گەڵ ئەوان بووینە هاوڕێ و بەرەو بنکەکەمان گەڕاینەوە. جیاوازی ئێمە لە گەڵ ئەوان ئەوە بوو کە دەبووایە دووبارە خێرا بڕۆیین تا دەگەینەوە بریندارەکە و ئەرکی خۆمان بە جێ بگەیەنین. لە ڕێگای گەڕانەوە بەرەو بنکەکەمان، دەبووایە کێشەکە بۆ کۆمیتەی شارستان ڕوون بکەمەوە. بێسیمەکەم بە دەستەوە بوو. هاشە هاشی بێسیمەکە بوو بە هۆی ترساندنی چەند کەسێک، کە زۆرم پێ ناخۆش بوو. ئەو خەڵکە هێندە لە فرۆکەکەی شەڕکەر ترسابوون، پێیانوابوو هەر هاشەیەک کە دەهات ئەوە دەنگی فڕۆکەیە. هەستێکی زۆر ناخۆش باڵی بە سەر بیرکرنەوەکانمدا کێشابوو. سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتییەی ئەو خەڵکە تووشی بووە، لێرەش، کە تەنانەت هیچ باسێک لە فڕۆکەی شەڕکەر نیە، ئەوان دەبێ ئاوا ترسیان هەبێت. دەرکەوت کە بەشێکی زۆری ئەوانەی وا بە دەنگی بیسیمەکە دەترسان خەڵکی کەرکوک و دەورووبەری بوون. ئەوان دیتبوویان چۆن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێراق شار و گوند و هەموو ڕێگاوبانێکیان بۆردومان کردوە. باسی بۆمبارانی ڕێگای کەرکوک-سلێمانی لە لای ناحیەی “قەرە هەنجیر” لە سەرەتای دەست پێکردنی کۆڕەوەکەدا دەکرا.بەشێکی زۆری
ئاوارەکانی لای ئێمەش لە لای ئەوێ و کۆیە ڕا هاتبوون.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *