یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان! بەشی سێهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
یادێک لە ڕاپەڕینی باشوری کوردستان! بەشی سێهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی
ژمارەیەک بنەماڵەی خەڵکی “بەردقسڵ” و ئەو ناوە، دوای ڕگواستنی بنکەکانی ئێمە لە “سونێ و کونەمارێ” ڕا بۆ ” بۆکریسکان “، لە ترسی هێرشی حکومەتی ئێراق، بە ناچار ماڵەکانیان بۆ گوندەکانی سەرووتر وەک ” شێنێ” و “قوڵە هەرمێ” و “گۆڕەشێر” ڕاگواستبوو.
چەند بنەماڵەیەک پەنایان بۆ خانووەکانی کۆمیتەی شارستان لە کونەمارێ بردبوو.

خانوەکانی کۆمیتەی شارستان لە بنەڕەتدا وا دروستکرابوون تا بەرگەی تۆپ و خۆمپارە بگرن. دیواری زۆر پان و دارەڕێکردن بە داری زۆر ئەستور لە تایبەتمەندییەکانی بەشێک لەو خانووانە بوون. بە داخەوە ژیان لە کونەمارێ تەنیا خۆپاراستن لە تۆپبارانی ئێران نەبوو. ئێراق زۆرجار بە بیانووی جۆراوجۆر ئەو ناوەی تۆپباران دەکرد. دوای ڕاگوێزرانی بنکەکانی ئێمە درکەوتنی کەمترین ڕووناکی لەو ناوە دەکرا تۆپبارانی ئێراقی بەدوا دابێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوانەی سەرەوە دەکرێ بگوترێ کە ژیانی خەڵکی ئەو ناوە چەندە ئاستەم بووە. تەنانەت دوای ڕاپەڕینیش خەڵکی ئەو گوندانە ژیانیان لە ژێر هەڕەشەی تۆپبارانەکانی ئێراندا بووە.
بە گەڕانەوەی ئێمە بۆ بەردقسڵ، بەشێک لە ماڵەکانی ئەوێ تاق تاق هاتنەوە و ژیانێکی تا ڕادەیەک ئاسودەیان لە پەنای ئێمەدا دەست پێکردەوە. خەڵکی “بەرد قسڵ” هەموویان کوڕی حاجی خدری بەردقسڵێ بوون. ناوبراو ساڵی ۱۳۶۷ی هەتاوی ڕێک ئەو ڕۆژەی ئێران بڕیارنامەی ۵۹۸ی شۆڕای تەنایی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی “شوڕای امنیت سازمان ملل متحد”ی پەسەند کرد لە پێناو پاراستنی مڵک و ماڵەکەیدا لە ئاوری تۆپبارانی حکومەتی ئێڕان، گیانی لە دەست دا. (لە بەشی دوازدەهەمی نهێنیەکانی پشت کامێڕادا وردتر باسی ئەو ڕووداوە کراوە)
بوونی بنکەکانی حیزب لەوێ قاازانجی دوو لایەنەی هەبوو. ئەوان بە هۆی کرێبارکێشی و ئەو شتانە بۆ بنکەکانی حیزب قازانجیان پێ دەبڕا، حیزبیش لەوێ لە سنور نیزیک بوو و بە ئاسانی لە گەڵ خەڵک لە پێوەندیدا بوو و کەڵکیشی لە سروشتی ئەو ناوچەیە وەردەگرت. ئەوان ڵەوێ خاوەن مڵک و باغ و باغات بوون و بوونی ئەو هەموو پێشمەرگە و لایەنگرانی حیزب لەو ناوە قورسایی زۆری بۆ ئەوان دروست کردبوو. سەرەڕای ئەوەش قەت نەبوو گلەییان لە پێشمەرگە هەبێ کە دەچنە نێو ڕەز و باخەکانیان. زۆر لە گەڵ پێشمەرگە ڕووخۆش و نەرم و نیان بوون. هیچکات کێشەیەک لە نێوان حیزب و ئەوان لە سەر ماڵ و مڵکی ئەوان نەهاتۆتە گۆڕێ. ژمارەیکی زۆر پێشمەرگە لەو دەورووبەرە و چوونی هێندێک جار لە ڕادەبەدەری ئەوان بۆ نیو باغ و باغاتی ئەو بنەماڵانە نەبۆتە هۆی توڕەبوونی ئەو بنەماڵانە لە پێشمەرگە. لێرەدا قسەیەکی “حاجی خدر” وەک نمونە دێنمەوە. “پێشمەرگان ترێیەکەیان خواردووە و تولە مێوەکەشیان شکاندوون، ڕەبی نەوشی گیانیان بێت.” تەنانەت لەو کاتەشدا حازر نەبووە سوکایەتی بە پێشمەرگە بکات. تەنانەت دەیانگوت لەو کاتەوە پێشمەرگە لێرە نەماوە بەرەکەتیش لای ئێمە نەماوە. ئەوان هەر لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی ڕا تا ساڵی ۱۳۷۰ی هەتاوی خوویان بە پێشمەرگەوە گرتبوو. لە تەواوی ئەو ماوەدا ئەو بنەماڵانە لە جێ متمانەترین بنەماڵەکانی دەورووبەری بنکەکانی حیزب بوون.
——-
سەردەشت لە لای ڕۆژئاواوە لە گەڵ شاری “قەڵادزێ” و لە لای باشورەوە لە گەڵ شارۆچکەی “ماوەت” لە باشوری کوردستان هاوسنورە. لە هەموو ئەو ناوچانەش ڕا ئاوارەکان ڕوویان لە شاری سەردەشت دەکرد. لێرەدا تەنیا باسی سنوری “قاسمەڕەش”، ئەو شوێنەی لە ئێمە نیزیک بوو دەکرێ، ئەگینا وەزعی زۆر شوێنی دیکەی سنوریش
دوای کرانەوەی سنورەکان لە لایان ئێرانەوە، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ئاوارەکان بەرەو شاری سەردەشت و گوندەکانی دەورووبەری وەڕێکەوتن. بەڵام سەرەڕای ڕۆیشتنی ئەو ژمارە زۆرە لە ئاوارەکان، دەتگوت نەک هەر ژمارەی ئەو خەڵکە کە لەوێ گیرسابوونەوە کەمی نەکردووە، بەڵکو پێشیانەوە زیاد بووە. چەندە خەڵک دەڕۆیی هێندەش بەرەو ئەو ناوە لە ڕێگادابوو. ئەوانە کە پێشتر بەرەو سنور ڕۆیشتبوون و چاوەڕوانی دەربازبوون، نەیانتوانیبوو ماشێن و تراکتۆرەکانیان لە گەڵ خۆیان بەرن. یان بە نرخێکی زۆر هەرزان فرۆشتبوویانن، کە کەم کەس دەیکڕین یان هەروا بەجێیان هێشتبوون و دوای چەند ڕۆژێک لە لایان تاقمێک تاڵانچیەوە ئاداریان بە سەر پاداریانەوە نەدەما.
یەکەم ڕۆژەکانی هاتنی شەپۆلی ئاوارەکان، هێندە دیمەنی دڵتەزێن و ناخۆش دووبارە و چەند بارە دەبوونەوە، مێشک لە ئاستی کارەساتەکەدا، لە بیردکردنەوە دەوەستا. زۆر کەس-بە تایبەت ژنان- تەنیا بە جووتە نەعلێکەوە ماڵیان جێهێشتبوو، ئەویشێان دوای ماوەیەک ڕێگا ڕۆیشتن دانابوو و بە پێخواسی درێژەیان بە ڕێگا دەدا. تا ئەو جێگایە ڕێگاکان قیرەتاو بوون هەر باشتر بوو، بەڵام هەرچی زیاتر بەرەو سنورەکان دەکشان نەک تەنیا باسێک لە جادەی قیر نەدەما بەڵکو ڕێگاکان سەرەڕای نالەباری و چاڵ و قوڵ، پڕیشبوون لە دڕک وداڵ، پارچەی گوللە تۆپ و خۆمپارە و تەقەمەنی دیکە. زۆرکەس بەو هۆیەوە لە پێ کەوتبوون و ببوونە بارێکی زیادی بە سەر کەسوکاریانەوە. باس لە پیر و پەککەوتە و منداڵانیش ناکرێ چەندە لە ئازاردا بوون. تا هەواڵی نیزیکبوونەوەی زیاتری ئەرتەشی ئێراق دەهات زیاتر خەڵک پەلەی بوو زووتر بگاتە سنوری تا خۆی ڕزگار بکات.
بە داخەوە نەک تەنیا لە خانوە کۆنەکان و کەلاوەی خانوە ڕووخاوەکاندا، بەڵکو لە هەموو زەویەکی کشتوکاڵیدا، لە بن هەر شاخێک و هەرلاپاڵێکدا، ماڵێک یان چەند ماڵ بە ناخۆشترین شێوە دەژیان. ئەوانە کە تۆزێک بەخت یاوەریان بایە، بڕێک نایلۆنێان پەیداکردبوو و بە ڕواڵەت بەرنوایەکیان پێ دروست کردبوو، تا خۆیانی پێ لە باران و سەرما بپارێزن. ئێمەش لەو نێوەدا توانیمان یارمەتی چەند ماڵێک بدەین. بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو، کە لە مانگی ڕەشەمە و خاکەلێوەدا، هەوای ئەو ناوچەیە بەرەو خۆشی دەڕۆیی، ئەو ساڵە کەمتر ڕۆژێک هەبوو کە نەبارێ و سەرما نەبێت. لە گەڵ بارینەکەش هەوا زۆر لە ساڵانی پێشوو لەو دەمانەدا سارتر بوو. تازە وەزعی خەڵکی لای ئێمە لەو خەڵکەی کە لە کوێستانەکان بوون باشتریش بوو. لای ئێمەش هەر وەک دەورووبەری خۆمان تەواوی خانوەکان، تەویلەی وڵاغەکان، کەلاوەکان، سەربانەکان و زەویکانیش پڕ بووبوون. کار گەیشتبووە جێگایەک کە یەکێک لە ناسراوترین و دەوڵەمەندترین بنەماڵەکانی “قەڵادزێ”، بە دەستکەوتنی تەویلەیەک زۆریش ڕازی بن. ماڵی ئەو بنەماڵەیە سەردەمانێک شوێنی حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب، بە تایبەت لە سەردەمی ڕێژیمی پەهلەویدا، بوو. ساڵانی دواتر، هەرجار هاتووچۆی ئەو بنەماڵەیەمان دەکرد، هاوکاری پێشمەرگەکانی حیزبیان لەو کاتە ناخۆشانەدا وەبیر ئێمە دێنایەوە.
لە نێو ئەو ئاپۆرایەدا دۆڵەمەند و فەقیر نەدەناسرانەوە. جگە لە شەپۆلی ئاوارەکان کە لە چەند ڕۆژی یەکەمی کۆڕەوەکەدا، توانیبوویان بە ماشێن خۆیان بگەیەننە ئەو ناوە، ڕۆژانی دواترکەس توانای دەربازکردنی ماشێنەکانی نەبوو. هەموو هەوڵی خەڵکەکە ئەوە بوو تەنیا کەسەکان دەرباز بکەن. کەسانێک کە تا چەند ڕۆژ لەمەوبەر ژیانێکی خۆشیان بووبوو یان لانیکەم توانیبویان لە سەر پێی خۆیان ڕاوەستن، ئێستا، بە تایبەت ئەوانەی لای بنکەکەی ئێمە، بە نانی ویشکی- ئەویش بە زەحمەت دەست دەکەوت- زۆریش ڕازیبوون. بە جامێکی بەتاڵ داوای تۆزێک ئاردیان دەکرد. بۆ وەرگرتنی تۆزێک نەوت بۆ چرا فانۆسێکی خراپ بوو بەڕیز لە بەر دەرگای بنکەیەکی کاتی ژمارەیەک پێشمەرگەی حیزب دەوەستان تا بتوانن ڕووناکاییەکی هەرچەند کەمیش بێت بۆ منداڵە ساواکەیان دروست بکەن. هێندێک بنەماڵە تازە ئەو چرا خراپەشیان دەست نەدەکەوت. پێویستی پێڕاگەیشتنی نەخۆش و برینداری ڕێگاش، بە بەرەپێی بریندارەوە هەر باسی ناکرێت. ئیمکاناتی پێشمەرگەکان لەو هەلومەرجەدا زۆر سنوردار بوو و بە هۆی نەهاتنی ماشێنیش لە لای کۆمیتەی شارستان و نەخۆشخانە ڕا دەوا و دەرمانیشمان بە دەست نەدەگەیشت. بەڵام بڕیارمان دابوو-ئەوە بڕیاری گشتی حیزبیش بوو- بە پێی توانا یارمەتی ئەو خەڵکە بدەین، ئەوەش کەمترین شت بوو، کە لەو ڕێگایەوە دەمانتوانی بڕێک لە ئازارەکانی ئەو خەڵکە کەم بکەینەوە. کڕینی ڕادەیەکی زۆری خواردەمەنیش، بە تایبەت ئارد و ڕۆن و برینج لە کاتی ڕاوەستانی ئاڵوێر لە بازاڕدا هەر بەو مەبەستە بوو.
———
ماڵی مام نەبی کە نانیان بۆ پێشمەرگەکان دەکرد، داوایان کرد کە چارەیەک بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان بدۆزینەوە، کە یەک یەک و دوو دوو دێنە سەر تەندوور و داوای نان دەکەن. ئێمە سەرەتا پێمان ڕاگەیاندبوون، کە ئەوانی داوای نان دەکەن بیاندەنێ، ئێمەش دەتوانین بڕێک کەمتر بخۆیین تا ئەگەر بەو ڕادە کەمەش بێت، هاوکارییەکی ئەو خەڵکەمان کردبێت.خەڵک برسیانە، ئەگەر برسی نەبن داوای نان ناکەن. زۆر ژنی منداڵەبەر لە نێو ئاوارەکاندا دابوون کە چەند ڕۆژ بوو تێریان نەخواردبوو. ئەوە کاریگەری لە سەر سڵامەتی منداڵە شیرەخۆرەکانیشیان دادەنا. دوو سێ ڕۆژی یەکەم هەروا تێپەڕی و هەر کەس هاتە سەر تەندوور و داوای نانی کردبوو وەریگرتبوو. دوای چەند ڕۆژێک ماڵی مام نەبی داوایان کرد کە ئەگەر بەو شێوە بچێتە پێش ئێمە دەبێ شەو ڕۆژ هەر لە سەر تەنودوور بین و نان بکەین، هێشتاش پێڕاناگەیین. ئێمەش ژمارەیەکی زۆرمان ماڵی ئاوارە لە ماڵەوە هەن و هیچ خزمەتمان بۆ ناکرێن. دواتر پێشمەرگەرکان لە نێو خۆماندا وا ساغ بووینەوە، کە خەڵکەکە بێنە لای مقەڕی پێشمەگەکان ئارد و خوێیان بدەینێ بۆ خۆیان بیکەن بە نان. ئەوە تۆزێک قورسایی سەر نانکەرەکانی کەمتر کردەوە.
ئەوەی ئێمە لەو نێوەدا، زۆر بۆی بە پەرۆش بووین و حیزب دەرفەتی نەبوو لە لای ئێمە بیکات، فیلم و وێنەهەڵگرەگرتن لەو کارەساتە مرۆییە بوو. فیلمهەڵگرەکان بە هۆی بەر بڵاوی کۆڕەوەکە نەیاندەتووانی بێنە لای ئێمە. بۆ خۆم زۆر هەوڵمدا دووربینێکی فیلم هەڵگرتن بکڕم و فیلم هەڵگڕمەوە تا وەک بەڵگە دواتر بیدەم بە حیزب، بەڵام هەر چەند گەڕام دووربینم دەست نەکەوت. دیارە حیزب بڕیاری دابوو کە نابێ کادر و پێشمەرگەکانی حیزب دەرفەتەکە بە قازانجی شەخسی خۆیان بقۆزنەوە و کەل و پال بە هەرزانی لەو خەڵکە بکڕن. ئەوەی من دەمویست بیکەم بۆ بە بەڵگەیی کردنی ئەو کارەساتە بوو.دیارە فیلمەەگرەکانی دیکە زۆریان فیلمهەڵگرتەوە و هەر لە یەکێک لەو مەئمورییەتانەشدا بوو، کە کادری بەوەجی ڕاگەیاندنی حیزب “حەسەن کتابی” بێ سەروشوێن بوو.
درێژەی هەیە…

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *