بەشی: نەوەد“ی گەڕانەوە(٩٠) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بەشی: نەوەد“ی گەڕانەوە(٩٠)
گەمارۆی پەنا شار“. بەشی ١
لە جەنگەی شەڕی پڕ لە ئازاری(کڕۆنا)دا کە ھێشتا لایەنە شاراوەکانی بەردەوام(ن) بە ئیرادەوە ھەوڵ دەدەین زاڵ بین ،مرۆڤایەتی دەست لە ناودەستی یەک ،بۆوەی براوە بێت.
پشت بە ڕێنماییەکان سەردەکەوین.
………….
پەلەقاژە بۆ رزگار بوون لە دۆزەخ
………….
نازانم ،دەتوانم وەڵامی ویستی خۆم بدەمەوە
ئاخ…خۆزگە ھەزار خۆزگە ،بەو نووسینە دەگەیشتم بە دۆخی پشکووتنەوەی ڕووداوێک کە پێنووس“ وەک ،ئیرادەی پێشمەرگە ،وەک باوەڕ لێرە دەبوو بە پردی“گەیاندنی مەبەست تا بە سەر جەوھەرو وشەکانی دا بچین بۆ نێو ڕووداوەکانی شەڕ.
ئارام ئارام بەرەو سەفەرێکی ون دەڕۆین لەو سەفەرانەی کە بەشی ھەرە زۆری کاراکتەرەکانی ون بوون یا لە ژیان دا نەماون.
ئێستا ھەوڵ دەدەم ھەموو ڕووداوەکان لێرە بەیەکەوە بزانین! بزانین ،ساڵی(١٣۶۵) چۆن لە ئێوارەیەک دا زۆر شت پێچەوانە بۆوە.
بزانین…..
چۆن پۆلێک پێشمەرگە(گەمارۆ) دراون بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن. ئاخر شوێنی ئەوان شوێنێکی تا بڵێی مەترسیدارە! ئەوان لە پەنا شاری سەردەشت“و لە تەنیشت ماڵەکانی گوندی باسکەدوو“لە شیوێک دا ماونەوە.
…………
لە گێڕانەوەکەی دا ھەڵە ناکەم لە ساڵەکەی و بەشی زۆری ڕووداوەکان وەک خۆی.
تەنیا ڕۆژ و ڕەنگە چەند شتێکی دیکە! چی بکەم کووڕە ھەژارو بێسوادەکانی وەک ئێمە لەو ڕۆژگارەدا ،کوا لە گرینگی خۆیان و مێژووی ڕووداوەکان تێدەگەیشتن…
حەق بوو ھەنگاو ھەنگاو ڕووداوەکان تۆمار کرابان ،بۆ ئێستا دەبوون بە سامانێکی گەورە لە مێژووی بەرگری و خەبات لە پێناو ڕزگاری دا.
بڕوا بکەن ئەوە فیلم“نییە ڕووداوێکە، لەو ڕووداوانەی کە بە سەر پێشمەرگە ھاتوون ،بەڵام: پێشمەرگە ،نەشکاوە بە چۆک دا نەھاتووە.
ھەوڵ دەدەم بە وشەکان و بە گەیشتن بە کاتە ھەستیارەکان ھەموو شتێکتان بیر بچێتەوە! تەنیا بیر لەوە بکەنەوە ئەوان لەو دابڕ دابڕە دا کە لە نێو مەیدانی شەڕێکی گەورە دان چی دەکەن!
…………
چەند ڕوون کردنەوەیەک
…………
ئەو کات ئێمە زۆر لاو بووین ھێشتا کەمتر چووبووینە مەیدانی شەڕ“، راستی شەڕ“ئەوەندە ئاسان نییە! لە گەڵ ئەوەی ورە“ی دەوێ ئەزموون-یشی پێویستە ،ئەزموون بەرە بەرە دەست دەکەوێ ، بە ھەمان شێوە ورە“ش لە مرۆڤ دا گەشە دەکات لە گەڵ ئەوەی بەشێکی رەنگە شتی زات“ی بێت ،بەو واتایە: لە ئینسانێک“بۆ ئینسانێکی“دیکە جیاوازە.
خاڵێکی دیکە باوەڕە“،باوەڕ بە ئامانج کە زۆر جار بۆوەی پێی بگەی دەبێ بەربەستەکانی ببڕی.
لە جۆری خەبات کردن دا لە ھەر بوارێک ھەبیت پێویستیت بە ئەزموون و ڕاھاتنە ،بۆوەی بزانی چۆن لە گەڵ ڕووداوەکان ھەڵس و کەوت بکەی.
زۆر بوون ئەو پێشمەرگانەی تەنیا بە ھۆی کەمتەرخەمی شەھید بوون ،زۆر بوون ئەو ھەستە تەشکیلاتی-یانەی کە تەنیا بە ھۆی نە شارەزایی خۆیان و بە قسەیەکی خۆیان گرفتار بوون و بەرەو چارەنووسێکی نادیار ڕۆیشتن.
…………
باش
ئێوارەیەکی درەنگی کۆتایی مانگی بەھار“ی ساڵی ١٣۶۵- تیم“ێک پێشمەرگەی ١١- کەسی لە سوونێ“ڕا بەرەو ناوچەی سەردەشت“وەڕێکەوتین. راستی ،سەرەتا بەشی زۆری ئێمە نەمان دەزانی بەرەو کوێ دەچین ،لانی کەم ئەوەندە نەھێنی پارێزی کرابوو کە ڕێگا نەدرێ ھیچ شتیک لە سەر ئامانج“ی دیاری کراو دزە“بکات.
ئەی چۆن بوو ئێمە ئاشکرا بووین و لە سەعات ١٢-ی نیوەڕۆ ڕا تا کاتی وەڕێکەوتنی ئێمە ،ھێز“ێکی سەدان کەسی لە شوێنەکانی نزیک خۆمان چاوەڕوانن بەرەو دۆزەخی ئەوان بڕۆین!!! ئێستاش ئەوە ڕوون نەبۆوە
تەنیا ھێندێک نیشانە ھەن کە دوایی بۆتانی باس دەکەم.
ئەوانەی دەبێ بە پێی دەرفەت ناویان بێنم و دەکرێ ،ئیشارەیان پێ دەکەم…
لەوانە بەرپرسی ئێمە کەسێک بوو کە ئێستا لە ناوخۆیە و ناوی ناھێنم.٢- ناسر ئازەری“کووڕی ناو شار“لە ئازایەتی دا کێو بوو لە توانای جەستەیی دا بێ ھاوتا بوو ، جارێکی دیکە باسم کردوە دواتر ساڵی ۶۶- لە کاتی دەست بە سەر داگرتنی پایەگای گوندی گوێزیلێ“دا شەھید بوو! شەھید بوونێک کە ھێشتا قسە زۆرە لە سەری!!!!
ئاخر ،ناسر ئازەری“ورە بوو ،ئازایەتی ئەو بەس بوو بۆوەی ئیمانمان بە خۆمان ھەبێت و بەرە بەرە ببین بە خاوەن ورە“. جا ئێرە دەکەین بە دەرفەتێک بۆوەی بزانن ناسر“کێ بوو! لە نێو قووڵایی نووسینەکەدا ،ئێوە بە دوای ناسر“دا دەگەڕێن بۆوەی بزانن چی دەکات ،ھەر ئەوەش نا ،بیر لەوە دەکەنەوە لە تەنگانەدا یا کاتی پۆشینی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی ببن بە ناسر“…….
ناسر گیان“ ھێشتا پێم وایە گێژەنی ھیچ گەردەلوولێک ناتبات ،دەریاش بێت تۆ ون نابی.
سوێند بە نەخشەی گیرفان و خەونی بستێ خاک
بە نووسینەکان دەتبەینە نێو دڵی لاوان و نەسلەکانی دوای خۆت ،تۆ رۆژێک دێت دەبی بە سەر دێڕی ڕۆمان“ێک لە وێنەی حەمەدۆک.
………………..
٣- کاک خدر سەداقەت“کە خەڵکی گوندێک بووین و وەک مامۆستایەک بوو بۆ من.
۴-کووڕێکی دیکە کە ناوی شێخە“بوو بۆتان باس دەکەم ئەو شەوە چی بە سەرھات.
ھەر ئەوەش نا !! بۆتان دەگێڕمەوە بەرپرسەکەش-مان چی بە سەر ھات-
۵- کووڕێکی دیکە کە ناوی رەحمان بوو وابزانم خەڵکی مەھاباد بوو.
۶-ح -کووڕی ناوشار بوو زۆر رەفیقم بوو.
٧-عەلی سوورەچۆمی.
جارێ ناوەکانی دیکەم بیرنەماون کە ۴-کەسی دیکە بوون ،ھیوادارم دواتر بۆم ساخ ببنەوە.
لەوانیش رەنگە یەکێک ناوی قووربانی بوو بێت کە ئێستا لە ناوخۆیە.
ھیوادارم یەکێک پەیدا بێت و بڵێ: بەشدار بووم. ئیدی ٣۵ ساڵ یا ٣۴ ساڵ تێپەڕ بووە
چاوەڕوان دەبم……
لە رێگای کاک حەسەن خۆشکەلام(ی) ئازیز ،کاک خدر سەداقەت“چەند پرسیارێکی وەڵام دامەوە.
………….
جا لێرە ڕا دەڕۆین و ھەنگاو بە ھەنگاو ھەموو شتێکتان بۆ دەگێڕمەوە.
وابزانم پێشمەرگەکان لە دوو پەل“و دەستەیەک دیاری کرابوون ،دوای ئاگادار کردنەوە بە پەلە پێویستیەکانی رێگا ئامادە کران. ئەو تیم(ە) لە ناو شاری“سەردەشت دەیەوێ عەمەلیات“بکات. بەرپرسان لە سەر دیاری کردنی شوێن و جۆری دەرباز بوون لە ناوچەکە ساخ ببوونەوە ،راستە ئێمە تازە بووین لە شەڕ“دەترساین یا ھێشتا وەک پێویست تاقی نەکرابووینەوە ،بەڵام: لە پەنا ئێمە چەند پێشمەرگەیەکی ئازاو دیار بووین کە لە نێو ھێزی پێشمەرگەدا ناو“بوون.
ئێوارەیەکی ئاماڵ زوو کە سێبەرەکان خەریک بوو شۆڕ ببنەوە ،لە مقەڕەکان دەرکەوتین.
………….
(خەیاڵ)
………….
خەیاڵی پێشمەرگایەتی لە مێشکی پێشمەرگە لاوەکاندا دنیا و خوولیایەکی سەیرە! ھەر یەک لە ئێمە خۆی بە پاڵەوان و سەردار“ێک دەزانێ ،بە خەیاڵ دەڕواو خەریکی چنینی دیواری بیرکردنەوەکانیەتی کە دوا جار نابین بە ھیچ و رەنگە ئەو پاڵەوانە دەرنەچین ،بڕوا بکە نازانم چ ھەستێکی نەسرەوتووە داتدەگرێ! خۆ رەنگە ئەگەر ئەو غروورە“نەبێ ھەرگیز بەرگە نەگری. وای چەند ئازارو شەونخوونی مان چنینەوە چەند جار ئامێزمان بە خاک دا کرد ،کەچی: ئێستا پەڕیوەو ھەڵوەداین ،ونین ون! لای ھاوخەبات و بەرپرسانی دوێنێت ونی.
ھەرچی سەختی بێ بە درێژایی شۆڕش دەینووسینەوە ،رێگایەکی درێژ و زۆر جار تا لێواری ھەڵدێران سەد خۆزگە شەرەفی شەھید بوون باین…….
لە داھاتوودا دەگەینە زۆر بڕگەی سەخت لە ژیان
. ئەو جار….
ھەوا گەرم بوو بە مەودایەکی کەم دوو دوو شیوو و دۆڵەکانی بێدەلان و پووشکاوێن بڕین و بە خوار ماڵەکانی گوندی شێنێ“دا سەرکەوتین بەرەو ناوزەنگ. رێگاکانی دەرباز بوون ئەوەندە سەخت نین و ھێشتا دوژمن بەوە ڕانگەیشتووە ھەموو جێگایەک بە پایەگاو مین“ڕێژ کردن ببەستێ. بێ وەستان ڕێگا دەبڕین ئێستا خەریکە ماڵەکانی گوندی تووژەڵە“دەبڕین و بەرەو باسکی ڕێوی“دەڕۆین کە چەند ساڵ دواتر ئێرە کە نزیک ماڵەکانی گوندی کانیەزەردە“بوو بە ناخۆشترین شوێن و بیرەوەری بۆ ئێمە.
بۆیەش وا دەڵێم: رێژیم ناوچەکەی واتەنی کە کەس نەتوانێ لێی بپەڕێتەوە ،کەچی: ھێزی پێشمەرگە بەربەست و مەترسی ناناسێ.
ھەر لەو ناوچە دواتر چەند ڕووداوی ناخۆش ڕووی دا کە بەرزتر لێرە بەرەو چیای مامەندە“شەوێک کەوتینە کەمین“دوای دەرباز بوون کەوتینە سەر مەیدان“ی مین“و ھاوڕێ و ھاوسەنگەری خۆشەویستم کاک خدری عەوڵای مام ئاغا“لاقی لە دەست دا. جارێ ھەر ئەوەندە و دواتر باسی دەکەم چۆن بووە ،کە لە ژێر لاقی“دا تەقییەوە دەستم لە سەر شانی بوو.
ئیدی ژیان ئاوایە ئێمە کە چەندین کەس بووین سەلامەت دەرباز بووین.
ڕووداوێکی زۆر ناخۆشە و دوور و درێژ بۆ کاتی خۆی. چی بکەم لێرە ناوچەکە ئەگەر پێی دا ڕابرین دەبێ جار جار ئاوڕ بدەیەوە.
چاوەڕوان بن

…………..
وێنەکە شەوی ڕابردوو کاک ڕەحیم دەروێش داینابوو لە ژێر پۆستێک
سووپاس کاک ڕەحیم گیان
ھیوادارم ھەموویان بناسنەوەو کاک ڕەحیم شتێک لە سەر شوێن و کاتەکەی بنووسێ
چوار شەھیدی تێدایە
چاو لە جوانی ئەو وێنە بکەن
چاو لە دوو فەرماندەی ئێمە بکەن.
………………………………………………………

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *