لە پێناوی نیشتمان دا! بەشی دووهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
شەوی پێش عەمەلیاتەکە!
کاتێک گەیشتینە شوێنی حەسانەوە هەستێکی تێکەڵ لە خۆشی و دڵەڕاوکێ، سەرتاپای وجودی پێشمەرگەکانی داگرتبوو. خۆشی بۆ ئەوەی ماوەیەک بوو پێشمەرگە نەهاتبۆوە ناوچە و نێو خەڵک و هەروەها بەشداری کردن لە عەمەلیاتەکەدا. دڵەڕاوکێی ئەوەی کە ئاخۆ عەمەلیاتەکە تا چەند سەرکەوتوو دەبێت؟ شەهید و بریندارمان دەبێ؟ ئەگەر بوو چەند کەس دەبێ؟ بۆ خەڵکی ناوچەکە چۆن تەواو دەبێت؟
بۆ من یەکەمجار بوو دوای هاتنەوەم بۆ هێزی ۱۱ی شەهید موعینی لە چالاکیەکی وا بەریندا بەشدار بم. منیش وەک هاوڕێیانی دیکەم هەستم بە خۆشی و هاوکات دڵەڕاوکێش دەکرد.
شەو کە نووستین چەند جار خەوم لێدەکەوت و هەڵدەستامەوە، تەپۆ، بە سازی ناسازییەوە ئەوەندە خەوەش کە هەبوو، لێی تێکدابووین و دەبووایە ئاگاداری خۆت بی کەمتر پێتەوە بدەن. تەپۆکان ئەوان یەکەم گیاندار بوون کە هەستیان بە بوونی پێشمەرگە لە شوێنێک دەکرد. شەوانیتر ئەوپەڕی شوانێک یان دووان، ئەگەر بوێرابان مێگەلەکەیان لە دەرەوە مۆڵ بدەن، سوکە قازانجێکیان بۆ تەپۆیەکان دەبوو. ئەوانیش بەشی هەمووانیان نەدەکرد. بەڵام پێشمەرگە ژمارەیان زۆر بوو، بەشێکی زۆریشیان لاوی تازە پێگەیشتوو بوون و چاکتریش لە شوانەکان بە خۆیان ڕادەگەیشتن. تامی خوێنەکەشیان خۆشتر بوو و لە هەموو جێگایەکیش دەگەڕان، دەکرا نێوەی تەپۆکانی ناوچەش بۆ تێرکردنی بێچووەکانیان کەڵکیان لە خوێنی پێشمەرگە وەرگرتبایە. ترسی بوونی مار و دووپشکیش لە گۆڕێدا بوو، بەڵام کەم دەبیسترا مار یان دووپشک بە پێشمەرگەوەی دابێت.
———
کاتێک بۆ یەکەمجار خەوم لێکەوت، خەونێکی دوور و درێژ ماوەیەک تەپۆی لە بیر بردمەوە و مەیدانیان بۆ ئاوەڵا بوو تا بە کەیفی خۆیان لەو نەختە خوێنەی لە ناو لەشم دا بوو هەڵمژن و بێچووەکانیانی پێ تێر بکەن. لە خەوەکەمدا خۆم لە نێو ئاپۆرایەکی ناسیاواندا دیتەوە کە بە سەرسوڕمانەوە پرسیاریان لێدەکردم ئەوە کەنگێ و لە کوێ بریندار بووی؟ دەستیان بۆ لای دەست و لاقم ڕادەداشت و دەیانگوت ئەوەتا، بەڵام من زۆر دەمڕوانی هیچ نیشانەیەکی برینداریم لە دەست و لاقمدا بە دی نەدەکرد. لە ناکاو لە خەو هەستام و سەیرێکی دەست و لاقەکانم کرد هیچ دیار نەبوو، گوتم نا هەر خەون بووە.
لای تاریک و ڕوونی بەیانی بوو، دەنگی تەپۆیەکان کەمتر دەبیسترا، وا دیار بوو ئەوانیش دوای ماندووبوونێکی زۆری ئەو شەوە، کە نە دەبوو ئەو هەلە لە دەست بدەن، بە دەستکەوتی باشەوە بەرەو لانەکانی خۆیان گەڕابوونەوە.
ماوەیەک بوو خەوم لێکەوتبوو، کە دەنگی بەشێک لە پێشمەرگەکان خەبەری کردمەوە. ئەوان لە گەڵ یەکتر و ماوەیەک دواتر لە گەڵ خاوەنی موچەکە قسەیان دەکرد. بەشێک لە پێشمەرگەکان، خاوەن موچەکەیان دەناسی و ئەوکات کە ناوچەکە ئازاد بوو، مقەڕێکی پێشمەرگە لە گوندی قوڵەسوێرو بوو.
کاتێک لە خەو هەستام، خەونەکەم بۆ یەکێک لە پێشمەرگەکان گێڕایەوە و گوتم؛ پێموایە ئەمڕۆ لەو عەمەلیاتەدا بریندار دەبم، بەڵام برینەکانم زۆر سەخت نابن. زۆر شۆخی پێکردم و گوتی، “دەڵێی شێخی… نەبی کەرامەتان دەنوێنی؟ دەڵێن خەون بە پێچەوانەی ڕاستیە”. گوتم، نا من تا ئێستا هەر خەونێکم دیبێت هەروا بووە. گوتی لە خۆڕا شتی وا بە خۆت تەڵقین مەکە.
——–
لە عەمەلیاتەکەدا پێشمەرگەیەکی قارەمان بە ناوی “شاباز ئیسماعیلی” شەهید بوو. ئەو لە کۆتاییەکانی شەڕەکەدا شەهید بوو. ڕۆژی پێش عەمەلیاتەکە کاتێک بەرەو شوێنەکانی خۆمان وەڕێدەکەوتین هەموو وێنە و کەل و پەلەکانی خۆی لای چەند پێشمەرگەیەکی هاوڕێی نیزیک و خزمی خۆی بەجێ هێشتبوون. کاتێک هۆی ئەو کارەی لێ دەپرسن دەڵێت؛ “من لەو عەمەلیاتەدا شەهید دەبم و ئەگەر تەرمەکەشم بکەوێتە دەستی دوژمن با ئەو کەلو پەلانەم نەکەونە دەستیان. وێنەکان با لای خۆتان بن و کەلو پەلەکانی دیکەشم بۆ بنێرنەوە بۆ دایک و بابم”. گێڕانەوەی چەند هاوڕێیەکی شەهید شاباز.
ئەو ڕۆژە تا ئێوارە چەند کەسێک هاتنە لای پێشمەرگەکان و بە دیتنی پێشمەرگە دڵخۆش بوون.
بەرەو شوێنی دیاریکراو!
ئێوارەی ڕۆژی ۱۶ی جۆزەردانی ۱۳۶۴ی هەتاوی، وردە وردە خۆمان ئامادە کرد. بە سەر چەند تیمی چووکدا دابەش بووین و دەبووایە هەر تیمەی بەرەو شوێنی خۆی وەڕێ بکەوێت. ئەو شوێنەی بۆ ئێمە داندرابوو، گوندی “قوڵەسوێرو” و پاسەوانەکانی مۆڵگەی ناوبراو بوون کە ڕۆژانە دەهاتنە نێو گۆڕستانی تەنیشت ئاوایی. ئەرکی بەشێک لەو تیمەی ئێمە پێشگرتن لە گەیشتنی هێزی پشتیوانی لەو مۆڵگەیە ڕا بۆ نێو ئاوایی “قوڵەسوێرو” بوو. بەشەکەی ئێمەش ئەرکی کۆنتڕۆڵکردنی ڕێگای نێوان “قوڵەسوێرو”-“ئەسپەمێزە” ، ” دۆڵەگەرم” و “شێبانە” و تەپۆلکەی زاڵ بە سەر ئەو ڕێگایەدا بوو. کاتی دەست پێکردنی عەمەلیاتەکە، ساتی کۆکردنەوەی تەئمینەکان بوو.
پێش ڕویشتن داوا لەوانە کرا کە جامانەیان دەبەست، تا لە کاتی برینداربوونی کەسێکدا، تا کاتی گەیشتنی بە کادری دەرمانی، جامانەکانتان بۆ بەستنی برینەکان بە کار بێنن. هەموو تیمەکەی ئێمە یەک کادری دەرمانیمان” ن.م.پ.” لە گەڵ بوو. من یەکەم کەس بووم کە گوتم بۆ بەستنی برینی کەس کەڵک لە جامانەی خۆم وەرناگرم، دەزانم کەس بریندار نابێت. هەر کە باسی عەمەلیاتەکە کرا دڵم ترپەیەکی لێهات کە پێشترهیچکات ڕووی نەدابوو. تەنانەت چەند ساڵ دواتریش کە لە زۆر چالاکیش دا بەشداریم کردووە هیچکات ترپەیەکی وەها لە دڵی نەداوم.
لای ئێوارە، کە تیمەکان بەرەو شوێنە دیاریکراوەکانیان وەڕێکەوتن. وا قەراربوو؛ کاتێک تەئمینەکان وەک ڕۆژانی پێشوو لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا بەرەو مۆڵگەکەیان دەگەڕێنەوە، ئەو تیمەش بچنە شوێنەکانیان. تیمەکانی دیکەش ئاگاداری ئەوە بوون. ئەو تیمە دەبووایە پێشگیری لە هێرشی مۆڵگەی قوڵەسوێر و بکەن و نەهێڵن هێزەکانی دوژمن بگەنە ئەوێ و شەڕ بکەوێتە نێو دێ.
کاتێک تەقە لە سەر جادەی نێوان “ئەسپەمێزە” و “دەرماناوێ” دەستی پێکرد تیمەکەی ئێمەش گەیشتبوونە شوێنی دیاریکراو. پاش ماوەیەکی کورت دەرکەوت، ڕاست لەو شوێنە ڕا کە دەبووایە تیمەکەی دیکە چووبایە ئەوێ تەقە لە ئێمە دەکرا. من پێموابوو ئەوە لە مۆڵگەکە ڕا یان لە لای تەئمینەکانی لای مۆڵگەکەڕا تەقە لە ئێمە دەکرێ. هەر کە دەمویست تەقە بکەم لە شوێنێکی دیکە ڕا تەقەم لێدەکرا، کە پێموابوو دەبووایە هاوڕێیانی خۆمانی لەوێ بن. بە هۆی تەقەی ئەوانەوە دوای ماوەیەک من لە تیمەکەی خۆم هەڵبڕام. یەک دوو جار تەقەم لێکرا و تەقەکەش بە تەک تیر نەبوو، بەڵکو بە دەستڕێژ بوو. جارێک قەدی دارێک نەیهێشت من بپێکرێم و جارەکەی تریش کە بە زیک زاک دەڕۆیشتم، نەپێکرام. بێ هەواڵ لەوە کە تیمەکەی دیکە نەچوونە شوێنی دیاریکراو، هەوڵمدا خۆم بگەیەنمە ناو ئاوایی و لەوێڕا لە گەڵ ئەوان یەکتر بگرمەوە. کاتێک گەیشتمە پێش مزگەوتی ئاوایی، لە ناو قەبرستانەکەڕا تەقەم لێکرا و پەنجەی دەستی ڕاستم، کە چەکەکەم پێ گرتبوو، زامدار کرا. بەو هۆیەوە چەکەکەشم لە کار کەوت. بە دووی ئەویشدا، هەستم بە ترپەیەکی چوک لە لاقی ڕاستمدا کرد.
کە زانیم چەکەکەم تازە کار ناکات، هەوڵمدا بە نێو ئاواییدا بەرەو لای تیمەکەی خۆم بگەڕێمەوە. بۆ ئەوەی پێش بە خوێنڕێژی زیاتر بگرم دەبووایە برینەکەی دەستم بپێچم. کەسێک لە پەنجەرەی ماڵەکەی ڕا چاوی پێکەوتم و گوتی؛ “بڕۆ تەئمینەکان هێشتا لە نێو قەبرانن تۆ لێرە چ دەکەی؟” گوتم؛ قەرار بوو تیمێکی ئێمە لەو شوێنە بێ، بەڵام وادیارە کەمکاریان کردووە و نەچوونە شوێنی خۆیان. بە پێی گوتەی تیمەکە، کە دواتر گێڕایانەوە، تەئمینەکان ئەو ڕۆژە نەک هەر چۆلیان نەکردبوو بەڵکو لای ئێوارە هێزی زیاتریشیان بۆ هاتبوو و ئەوان نەیانتوانیبوو بێ شەڕ بچنە شوێنی دیاریکراوی خۆیان و شەڕیشیان نەکردبوو. لە گەڵ دەست پێکردنی شەڕیش فەرماندەی مۆڵگەکە خۆی گەیاندبووە نێو ئەسحابەکە.
بەستنی برینەکانم!
بەو کەسەی کە لە پەنجەرەکەڕا چاوی پێم کەوت گوتم؛ دەستم بریندارە دەتوانی بێی بۆم ببەستی؟ ئەو هەر یەکسەر هاتەخوار. بەڵام پێش گەیشتنی وی، ژنێک بە لە خۆدان و هاوار کاکە گیان خۆی گەیاندە لام. گریان و لە خۆدانی ئەو ژنە زۆر کازیگەری لە سەر حاڵی من کرد و چی وای نەمابوو لە هۆش خۆم بچم. بە دوای ئەودا ژمارەیەکی زۆرتر لە خەڵک، بە تایبەت کچان و ژنان لە دەورم کۆبوونەوە و برینکانیان بە چەند لەچکەیەک بەستم. هەر چەند هەستم کرد کە شتێک کە تەنیا بە قەد وێکەوتنی بەردووچکەیەک لە بەلەکی لاقی ڕاستی دام، بەڵام تا خەڵکەکە نەهات و نەیان بەست، نەمزانیبوو کە ئەویش هەر گوللە بووە و لاقیشم بریندار بووە. ئەوە یەکەم جار و دواین جاریش بووە، کە بریندار بووم. بیستبووم، کە برینی سوک زۆر ھەست پێناکەی. تەنیا ئەوکاتە ھەست بە ژانی زۆر دەکەی کە لە گەڵ بریندارییەکە ئێسکیش پێکرابێ یان ئەندامێکی گرینگی جەستەی گرتبێ.
جەمەدانەکەی خۆم لەوێش بۆ بەستنی تەنانەت برینەکانی خۆشم کەڵکی لێوەرنەگیرا. من تەنیا برینداری شەڕەکە بووم. جامانەکەیان لێکردمەوە و شاردیانەوە. ئەودەم لە مەبەستی خەڵکەکە کە بۆچی جامانەکەی خۆمیان بە کار نەهێنا نەگەیشتم، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت کە ئەوان پێیانوابووە جامانەکە زیاتر سرنج ڕادەکێشێ و لە دوورەوە دەبیندرێ و ئیمکانی دۆزینەوەی منی زیاتر دەکرد، بەڵام لەچکەکان، بە تایبەت کە ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو، کەمتر دەبیندران. دواتر دەرکەوت کە فەرماندەکە گوتبووی من تەقەم لێکردووە و دەزانم بە دوو جێ بریندارم کردووە. دیارە مەبەستی لە پێشدا لە کار خستنی چەکەکەم، ژ-۳، و پاشان بەدیلگرتنی من بوو تا کوشتن.
هەر لە گەڵ پێچانی برینەکانم، ئێسترێکیش حازر کرا، تا بەرەو لای پێشمەرگەکانی دیکەم بنێرنەوە، بەڵام زۆری پێنەچوو کە هێزەکە بۆ بە دیل گرتنی من هێرشیان بەرەو نێو ئاوایی دەست پێکرد.
درێژەی هەیە…..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *