لە پێناوی نیشتمان دا! بەشی یەکەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
سەرەڕای گیر و گرفتێک کە مۆڵگەکانی ڕێژیم بۆ هاتووچۆی خەڵکیان دروست دەکرد، “تەئمینەکان”، پاسەوانەکانی سەر ڕێگاکان زیاتر لەوەش ترسیان خستبۆ دڵی گوندنشینانەوە. دەمێک بوو چالاکی نیزامی لەو ناوچەیەدا نەکرابوو و هێزەکانی ڕێژیم، بە تایبەت پاسەوانەکانی سەر جادە، زۆریان خەڵک ئازاردەدا. ئێواران کە خەڵک لە سەر موچە و مەزرا، یان بێری لە نێو مەڕ دەگەڕانەوە “تەئمینەکان” پاسەوانەکانی جادەی سەردەشت –ئالان پێشیان پێدەگرتن و هێندێک جار سوکایەتیان پێدەکردن. بە داخەوە چەند کەسێکیش لە نێو بێرییەکاندا، لە گەڵ ئەو پاساوانانە کەوتبوونە کەین و بەینەوە. دوای عەمەلیاتەکە وێنەی چەند کەسێک کە لە گیرفانی کوژراوەکاندا بوو کەوتبووە دەست پێشمەرگەکان.
بڕیار درابوو زەربەیەک لەو پاسەوانانەی سەر جادەکە بدرێت، تا تۆزێک چاوترسێن بکرێن.
بە دوای جیابوونەوەی لکی ۲ی شەهید موعینی و بوونی بە هێزی شەهید “مینە شەم”، هێزی شەهید موعینی لە دوو لکی ۱ و۳ و ئەرکانی هێز پێک دەهات. من تازە لە هێزی شەهید کاک “هەژار” ڕا هاتبوومەوە هێزی شەهید موعینی و لە دەستەی ۲ی شەهید “ساڵح ساڵحی”، لە لکی ۳ی شەهید ” سمایلی سەلیمی” دا سازمان درابووم.
ئەودەم لکی سێ لە گەڵاڵێ بوو و دەستەی ۲ی ئەو لکەش لە گوندی “باساوێ”ی ناوچەی شینکایەتی بوو. گوندەکانی ئەو ناوچەیە کەوتبوونە مەودای ۲۰ کیلۆمیتر قوڵایی خاکی باشوری کوردستانەوە و چۆل کرابوون. بە هۆی بوونی ژمارەیەک ماڵی پێشمەرگە و لایەنگری حیزب ئاوەدان کرابۆوە. بە پێی ڕێککەوتنی شومی ۶ی ئازاری ۱۹۷۵ی “ئەلجەزاییر” لە نێوان ئێران و ئێراقدا، دەبووایە ئەوەندە لە هەردووک لای سنوور چۆل بکرێن. ئێراق ساڵی ۱۹۷۸ بەشی خۆی جێ بە جێ کردبوو. دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران وایکرد، کە ئێران نەتوانێ بەشی خۆی جێ بەجێ بکات.
————
وەڕێکەوتن بەرەو ناوچە!
ڕۆژی ۱۳ی جۆزەردانی ۱۳۶۴ی هەتاوی، هێزێکی زۆر بەرەو ناوچە وەڕێکەوتین و بە شەو بە نێوان پایگاکانی ئێران و ئێراق و مەیدانی بەربڵاوی مینی چێندراوی ئێراقدا تێپەڕین. پاش پشوویەکی کورت لە شوێنێک بە ناوی “سەرشیو”، درێژەمان بە ڕێگادا و بۆ ڕۆژی دواتر گەیشتینە کوێستانی “باژاڕ” و ئەو ڕۆژە لەوێ حەساینەوە. کە گەیشتینە ئەوێ تازە خۆر هەڵدەهات. کاتی خۆرهەڵاتن دیمەنێکی زۆرجوانە، بەڵام بێتو ئەو شوێنەی خۆر یەکەمجار لای بەلادا دەکاتەوە، جوانییەکی تایبەت بە خۆی هەبێ، ئەو دیمەنە چەند قات جوانتر دەنوێنێ. یەکەمجار بوو کوێستانی باژاڕ ببینم. هەر لە گەڵ خۆرهەڵاتندا دیمەنە دڵڕفێنەکانی باژار سرنجی ڕاکێشام. باژار، کوێستانێکی خۆش پڕ لە کانیاوی سروشتی و سارد. مێرگ و چیمەن و سەوزایی داچێندراوی ئەوێ دیمەنێکی دڵڕفێنی دابوو بە باژاڕ. موچە و مەزرای خەڵکێکی زۆری گوندەکانی دەورووبەر بە تایبەت گوندی “قەلەڕەشێ”ی لێیە. بەشێک لە موچەکان، بە شەو ئاوەدان بوون و خەڵک ماڵیان لەوێ بوو، بەڵام بەشێکی زۆری خەڵک ڕۆژانە هاتووچۆی باژاڕیان دەکرد.
بە هۆی دووری مۆڵگەی هێزەکانی حکومەت لە باژاڕ پێشمەرگەکان تەنیا لە بەشێکی کەمی بەشی خوارەوەی کوێستانەکە خۆیان لە هاتووچۆی ڕۆژانە دەبووارد.
————
دابەشکرانی هێزەکە!
دوو ڕۆژ دواتر کاری شناسایی و پلاندانان بۆ بەڕێوەبردنی عەمەلیاتەکە تەواو بوو و پێشمەرگەکان دابەش بوون و بە شەو بەرەو شوێنەکانیان وەڕێکەوتن.
شەوی پێش عەمەلیاتەکە بەرەو شوێنی حەسانەوەی خۆمان وەڕێ کەوتین. خەڵکی گوندەکانی دەورووبەری شوێنی مانەوە، پێشمەرگەیان زۆر خۆشدەویست و جێگای مانەوەش هەر لە نێو موچەی خەڵک دابوو. ئەو ناوچەیە زەوی و زارێکی زۆری کشتوکاڵی لێ نێە و هێچ بنەماڵەیک ناتوانێ تەنیا بە کشتوکاڵەوە خەریک بێت و پێی بەڕێ بچێت. ڕێگاکانی دیکەی وەک وڵاغداری و کرێبارچیەتی بەشی سەرەکی دابینکردنی ژیانێکی سەربەرزانەی دانیشتووانی ئەو گوندانەیە. بە هۆی بێکاری لە ڕادەبەدەر لە گوند و شاری خۆیان، بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئەو گوندانە مل لە کاری تاقەتپڕوکێنی کورەخانە دەنێن و بەرەو شارەکانی دیکەی ئێران دەڕۆن و بەشێک لە وەرزی بەهار و هاوین لەوێ تێپەڕ دەکەن. کاری کورەخانە تەنیا ئەوانە کە کردوویانە دەتوانن باسی بکەن، کە چۆن خاوەن کورەخانەکان ئەو خەڵکە دەچەوسێننەوە و چۆن هەموو ئەندامانی بنەماڵە، بە گەورە و بچوکەوە دەبێ کار بکەن تا بتوانن ئەوەندە پەیدا بکەن تا، تا ساڵی داهاتوو پێی بەڕێ بچن. بە گەڕانەوەیان بۆ گوندەکانی خۆیان، هیچ کارێک نیە بیکەن و تەنیا دەبێ بەو پارەیە ڕابوێرن کە لە کورەخانە دەستیان کەوتووە. سەرەڕای چەرمەسەری زۆر بۆ پەیداکردنی نان، خەڵکی ئەو گوندانە لە ڕووی دڵسۆزی بۆ پێشمەرگەوە لە ڕیزی خەڵکی هەرە دڵسۆزی کوردستاندان.
کێشەکانی بوونی مۆڵگەکان!
مۆڵگەی ڕێژیم لە پەنا هەر گوندێک بێت بۆ خۆی کیشەیە، بەڵام فەرماندەی مۆڵگەی “قوڵەسوێرو” کە لە ناو خەڵکدا بە “فەرماندە شێتە” ناسرابوو، زیاتر لەوەش ئازاری خەڵکی ناوچەکەی دەدا. ئەو ئاگاداری جموجۆڵی زۆری پێشمەرگە لە گوندەکانی دەورووبەردا بوو، بەڵام لەوە کە کەس هاوکاری نەدەکرد و هەواڵی بوونی پێشمەرگەی پێڕانەدەگەیاند زۆر قەڵس و توڕە بوو. هەڕەشەی لە خەڵکی قوڵەسوێرو و گوندەکانی دەورووبەری کردبوو؛ “ئەگەر پێشمەرگە هێرش بکاتە سەر مۆڵگەکەی ئەوان، ئەوە گوندەکانیان وێران دەکات”. ئەو تەنانەت داوای پاراستنی گیانی تەئمینەکانی دەورووبەری ئاواییشی لە خەڵک کردبوو. وەک ئەوە دەچوو ئەوان هێندە لای خەڵک خۆشەویست بن کە خەڵک بە گیان و دڵ بیانەوێ پارێزگاریان لێ بکەن. ڕێژیم بە گشتی و فەرماندە شێتە بە تایبەتی ئاگاداری دڵسۆزی خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ کوردایەتی بوون.
خەڵکی ئەو گوندە و گوندەکانی دەوروبەری لە زەمانی بزووتنەوەی چەکداری “مەلا خەلیلی گۆڕەمەری” ڕا، کە ساڵی ۱۳۰۷ی هەتاوی بە دژی فەرمانی قەدەغە کردنی جل و بەرگی کوردی، لە لایان “ڕەزاشا” هاتە ئاراوە بەشداری چالاکیان هەبووە. لە شۆڕشی “ئەمەر پاشای” “قەلەڕەشێ” دا کە ساڵی۱۳۱۷ کۆچی هەتاوی، بە دژی سەربازی زۆرەملی هەڵگیرسا، بڕبڕەی پشتی ئەو بزووتنەوەیە بوون. لە گەڵ دامەزرانی سپای میللی کوردستان لە کۆماری کوردستاندا، خەڵکی ئەو ناوچەیە دووبارە قۆڵیان لە کوردایەتی هەڵماڵییەوە.
کەسایەتیەکی دیاری گوندی قوڵەسوێرو شەهید “کوێخا مەحمودی”، قوڵەسوێروێیە. ناوبراو کەسێکی بە غیرەت و باوەڕ بە خۆ بووە. لە سەردەمی دەستڕۆیشتوویی ئاغاکانی “میراودەلی” لە “پشدەر” نەیهێشتووە خەڵکی گوندەکەی باج و پیتاک بدەن و تەنانەت شەڕیشی لە گەڵ کردوون. لە بزووتنەوەکانی مەلا خەلیل و ئەمەر پاشادا، بەرپرسایەتی هەبووە. لە کۆماری کوردستانیش دا ئەفسەر بووە. بە داخەوە لەگوندی “هەورازە” لە ناوچەی ڕەبەت، لە شەڕ لە گەڵ ژاندارمەکانی حکومەتیدا شەهید دەبێت. لە کاروانی شەهیداندا بە نێوی کوێخا مەحمودی “سوێسنی” نێوی هاتووە. خەڵکی ئەو ناوچەیە پشتیوانی هەرە بە هێزی جوڵانەوەی ۴۶-۴۷ بوون.
لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانیشەوە چەندین کەسیان لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبدا بوون و چەند شەهیدیشیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە، وەک شەهید سمایل قوڵەسوێروی.
ویدیۆکە لە یوتیوب وەرگیراوە.
درێژەی هەیە….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *