لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی چوارەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی چوارەم!
چەکدارەکە، کە بەدەستی چەپ چراکە و بە دەستی ڕاستیش چەکەکەی ھەڵگرتبوو، وا دەهاتە بەرچاو لە بیری چووبێتەوە بۆچی هاتووە. هەروا ڕاوەستا بوو هیچ جوڵەیەکی نەدەکرد. ئەو بە هیچ جۆرێک نەیدەویست چەکەکەی دابنێت و خۆی بە دەستەوە بدات. نەی دەیتوانی چراکە دابنێ و ئەگەر غیرەتی ھەبێت تەقە بکات. نە دەشیتوانی هیچ جوڵەیەکی دیکە بکات تا تۆزقاڵێک لەوەی پلانی بۆ دانا بوو بە کردەوە جێ بە جێ بکات.
بە بێ چراکەش ھەموو شوێنێکی پاشخانەکە وەک یەک تاریک دەبوو و نەیدەزانی چ بکات. ئەو نەیدەتوانی زۆر بە بێدەنگی بگەڕێتەوە دەرەوە و بە چەکدارانی دیکە بڵێ کە کەسی لێ نیە، یان بەرەو دەرەوە ڕابکات و لەوێڕا دەست بە تەقە بکات و بەم جۆرە خۆی لەو تەڵەیە کە تێیکەوتبوو ڕزگار بکات. گەڕانەوەی بێ دەسکەوتیش دەبووە ھۆی دڕدۆنکی حکومەت لە ناوبراو. نەگەڕانەوەشی دەبوو بە ھۆی تێداچوونی خۆی. لە بەرامبەردا ئەوانەش کە ئەو بە تەمابایە تەقەیان لێبکات دەست لە سەر بەلاپیتکەی چەکەکانیان ھەموو جموجۆڵێکی ناوبراویان لە ژێر چاوەدێری گرتبوو.
———
لەو نێوەدا ھەرچەند پێشمەرگەکانیش کە زۆر ھەوڵیان دابوو خۆیان لە شەڕ بپارێزن، چۆن دەیانتوانی بھێڵن کەسێک کە ئاوا لێبڕاوانە ھەموو کونج و کەلەبەرێکی ماڵەکەی بەدوادا پشکنیبوون، لێی گەڕێن بڕوات و دەربازی بێت؟ ئەوان لەوە دڵنیا نەبوون کە ئەگەر بھێڵن ناوبراو بڕواتەوە دەرەوە، پاشەکشە دەکات و خۆی ڕزگار دەکات و ئەگەر بۆی کرا جاری دیکە زیرەکانەتر هێرش دەباتە سەر پێشمەرگە. یان لە باشترین حاڵەتدا بۆی دەبێتە ئەزمونێکی باش کە تازە ئاوا وەدوای پێ و شوێنی پێشمەرگە نەکەوێت. پێشمەرگەکان دەیانزانی کە ئەوە وەک خۆ ھەڵخەتاندن دەچێت کە دەبێ بە فیداکردنی گیانی خۆیان نرخەکەی بدەن.
چەکدارەکە دەکرێ بیری بۆ ئەوە چووبێت کە تۆ بڵێی پێ سپاردنی بەرپرسیایەتی ئەو ھێرشە لە لایەن حکومەتەوە، داوێک نەبوو بێ بۆ لە نێو بردنی من؟ ڕەنگە بیری لەوەش کردبێتەوە کە ئەوانەی فەرمانیان پێکردبوو، بێت و ئەو پێشمەرگانە بە دیل بگرێ و بە دیاری بیانباتەوە، ھەڵیانخەلەتاندبێت و پێیان گوتبێت کە ئەوان ھیچ بەرگرییەک ناکەن. ھەر بۆیەش ئاوا لێبڕاوانە و بێ ترس و تەنیا لە گەڵ کەسێک کە تەنیا چرا دەستیەکی ھەڵگرتبوو، ھاتبووە ژوورەوە.
با چرا بە دەستی پێشووش لە بیر نەکەین!
لە تەواوی ئەو ماوەیەدا کە چەکدارەکە بێ جوڵە وەستا بوو، چرا بە دەستی پێشووش هەروا بە حەبەساوی تەماشای دیمەنەکەی دەکرد و هیچ جوڵەیەکی نەدەکرد. بە هۆی بەرزی فانۆسەکە و کورتی باڵای ئەو کەوتبووە تاریکیەەوە. ئەگەر بڕیار بە دەست خۆی بایە ئەو دەمێک بوو گەڕابۆوە. هەر ئەودەم کە چرا فانۆسەکەی بە دەستەوە بوو و هێدی هێدی هەنگاوەکانی شل دەبوون، ئەگەر لە ترسی چەکداری بڕیار بەدەست نەبایە، هێزی ئەوەی دەخۆیدا نەدەدی لەوە زیاتر بێتە پێش. چرا بە دەستی پێشوو ئێستا دەستی ئاواڵە بوو کە یارمەتی فەرماندەکەی بدات و لەو تەڵەیە کە تێیکەوتووە ڕزگاری بکات، بەڵام بۆ خۆی باش دەیزانی نە ئەو غیرەتەی هەیە و نە پێشمەرگەکانیش ئەو دەرفەتەی پێ دەدەن ئەو دەست پێشخەرییە بکات. ئەگەر ترس لە فەرماندەکەی نەبایە ئەو هیچکات لە ژیانیدا نەیدەویست ئاوا ببێتە چاولێکەری دیمەنێکی وەها ترسناک و چاوەڕوانی دەرفەتێکیشی دەکرد تا خۆی دەرباز بکات.
———-
لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا زۆر جار باس لە شەڕی دەستە و یەخە دەکرێت بەڵام زۆر ئاستەمە باوەڕ بکەی کە مەبەست لە شەڕی دستە و یەخە ئەوە بێت کە دوو لایەن ھێندە لە یەکتر نیزیک بووبنەوە نەتوانن چەکەکانیان بە تەواوی بەرەو ڕووی یەکتر ڕاگرن. ئەو کاتە کە پێشمەرگە دەڵێت کەسی بەرامبەر ھێندە نیزیک ببۆوە کە من دەمویست ئاوا بیگرم چوونکی دەرفەتی تەقەکردن لێی نەمابوو، یان یەکێکی دیکە دەبێ ئەوەندە لە نیزیکەوە تەقە لە کەسەکەی دیکە بکات کە ئاگری لولەی چەکەکان جەستەی بەرامبەرەکەی بسووتێنێ؟!!
————-
ساتەکانی تەمەن وەک فیلمی سینەمایی بە بەرچاودا تێدەپەڕین و وا دەھاتە بەرچاو ئەوە دوا ساتەکانی ژیانی یەکێک، دووان یان ھەموو پێشمەرگەکان بێت و تا ماوەیەکی کورتی دیکە ئەوان تێکەڵ بە کاروانی شەھیدانی کوردستان بن. بیرەوەری چەند ساڵەی پێشمەرگایەتی بە ھەموو ھەوراز و نشێو و ڕۆژە سەخت و خۆشەکانی ئەو دەورانە کە بە یەکەوە بوون بە پێش چاوی یەک بە یەکی ئەواندا تێپەڕ دەبوو. ئەو منداڵانەی کە تا چەند کاتژمێرێکی دیکە کەس نەیدەزانی چی بە سەر باوکیان دادێت. ئەو بنەماڵەیەی کە دەکرا بۆ چەندەمجار لە سوێی لە دەستدانی ئازیزانیدا ئەژنۆی خەم لە باوەش بگرێت. ئەو حیزبە کە بۆ چەندەمین جار تیمە تەشکیلاتیەکانی بە ھۆی سیخوڕەکانی حکومەتەوە ئاشکرا دەبوون و لە نێو دەچوون. بێ متمانەییەک کە لای خەڵک دروست دەبوو کە پێشمەرگە بۆچی کەمتەرخەمی دەکات و خۆی ئاشکرا دەکات.
————
ھیوا بە ڕزگار بوون زۆر کەم بوو و ئاسۆی ڕزگاربوون تا دەهات ناڕوونتر دەبوو. تەنانەت ئەو پێشمەرگانەی کە تا ئەو کاتە لە دەیان شەڕدا بەشداریان کردبوو کە بە سەرکەوتنی پێشمەرگەوە کۆتاییان ھاتبوو، ھیوایان بە ڕزگار بوون زۆر کەم بوو یان دەکرێ بڵێین هەر نەبوو. پێشمەرگەکان باش ئاگاداری چارەنووسی خۆیان بوون. شەڕکردن تا دواساتەکانی ژیان یان خۆ بە دەستەوەدان و کەوتنە بەر ڕەحمەتی ئازار و ئەشکەنجەی دامودەزگاکانی حکومەت. چارەنووسیشیان لە ھەردووک حاڵەتدا وەیەک دەبوو. بڕیاری پێشمەرگەکان ھەر لە جێی خۆی بوو؛ ئەویش شەڕکردن و ھەوڵی شکاندنی ئالقەی گەمارۆ و خۆ دەربازکردن بوو یان مەرگێکی سەربەرزانە.
هێزەکە بەردەوام پێگەی خۆیان توند و تۆڵتر دەکرد!
لە تەواوی ئەو ماوەیەدا کە چەکدارەکە کەلێن و قوژبنی ماڵەکەی بە دوای پێشمەرگەکاندا دەپشکنی، ھێزەکانی دیکەی ڕێژیم بێدەنگ و لە سەرھەست چاوەڕوان بوون تا بزانن ئاکامی گەڕانی فەرماندەکەیان بە کوێ دەگات. ئەوان تەنیا خەریکی قایمکردنی شوێن و پێگەی خۆیان لە دەور و بەری ماڵەکە بوون کە نەکا پێشمەرگەکان سود لە تاریکی شەو ببینن و خۆیان دەرباز بکەن. دەکرێ بگوترێ ئەوان سەرەڕای ئەوەی چواردەوری ماڵەکەیان گرتبوو، شکیان لەو چەکدارە بووبێ کە بە جۆرێک هەوڵی ڕزگارکردنی پێشمەرگەکان بدات. ئەو تەنیا یەک کەسی لە گەڵ خۆی هێنابوو و ئەویش چەکدارێکی دیکەی خۆماڵی بوو. زۆریشی کات بە قسەی ئەوان بە “پشکنینی ماڵەکەوە” بە فیڕۆ دابوو و ڕەنگە بە تەمای فریودانی هێزەکەی ژێر فەرمانی بووبێت. بێ متمانەیی حکومەت بە چەکدارانی خۆماڵی هەمووی ئەوان دەگرێتەوە.
دڵەڕاوکەی ئەندامانی بنەماڵەکە!
ھەر لەو کاتەدا کە ھێزی پەلاماردەر خەریکی توندو تۆڵ کردنی شوێنەکانی خۆیان بوون، ئەندامانی بنە ماڵەکە، کە پەنایان بۆ ماڵەکانی دیکەی نێو ئاوایی بردبوو ، بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕوان بوون بزانن چی ڕوودات و ھێرشەکە چۆن کۆتایی پێدێت. ئەوان لەوە دڵنیا بوون کە پێشمەرگەکان زۆر هەوڵدەدەن تووشی شەڕنەبن، بەڵام ئەگەر ناچار بکرێن تا دوا فیشەک شەڕ دەکەن و بە ھیچ شێوەیەک خۆیان تەسلیم ناکەن. لەو نێوەدا ئەوەی ئەوان لێی دڵنیا نەبوون شێوەی ھێرشەکە بۆ سەر ماڵەکە بوو. داخۆ ھێزی پەلاماردەر لە پێشدا خانوەکە لە دوورەوە ئاگرباران دەکەن و پاشان دەچنە ناوی یان خانوەکە ئاور دەدەن و بە پێشمەرگە و ھەموو کەلو پەلی ماڵەکەوە دەیسوتێنن؟ دەردی ئەوان تەنیا ئەوەش نەبوو بەڵکو ھەستکردن بە تێکدانی شەوی ئارامی خەڵکی ئاوایی بە حاواندنەوەی پێشمەرگە لە ماڵەکەیاندا دەرفەتی پرتە و بۆڵەی گوندنشینانیشی بەدوای خۆیدا ھێنابوو. ئەوان لەو بارەوە هەستیان بە شەرم و خۆ بەکەمزانی دەکرد.
کات ھێندە لە سەر خۆ دەڕۆیشت کە ھەر چرکەیەکی بە کاتژمێرێک تێپەڕ دەبوو. لەو ماوەدا ھەموو لایەک چاوەڕوان بوون، چاوەڕوانیەک کە ھەر کۆتایی نەدەھات.
هەستی بەرپرسایەتی لای پێشمەرگە!
پێشمەڕگە زۆر ھەوڵی دەدا تا بکرێ چەکدارانی حکومەت؛ بە تایبەت چەکدارانی کورد لە شەڕەکاندا نەکوژرێن بەڵکو زۆرتر بە دیل بگیرێن و دواتر ئازاد بکرێن. چ پێشمەرگە بە دەستی چەکداری کورد و چ ئەوان بە دەستی پێشمەرگە کوژرابان زیانەکەی ھەر بۆ کورد دەبوو و حکومەتیش ئەوەی پێخۆش بوو. بەڵام کە چەکدارێک ھێندە بە دلسۆزییەوە بێت و وەدوای پێ و شوێنی پێشمەرگە بکەوێ، دیارە لێبڕاوە کە خۆی بە دەستەوە نەدات. پێشمەرگەش بۆ بەرگری لە خۆی بیەوێت یان نا، ناچارە بە چەک وڵامی ئەو جۆرە چەکدارانە بداتەۆە.
ئەسپی خەیاڵ هێزی تاودانی نەما!
ئەو چەکدارە نەیتوانی لەوە زیاتر ئەسپی خۆزگە و ئارەزووەکانی خۆی تاو بدات و ھێندە لە دونیای ڕاستیەکان دوور بکەوێتەوە، کە قرمژنی چەکی پێشمەرگەکان ھەودای خەیاڵاتی پساند. لە گەڵ دەستڕێژی پێشمەرگەکان چرا دەستیەکەش کوژایەوە و تاریکاییەکی چڕ باڵی بە سەر پاشخانەکەدا کێشا. بە ھۆی تاریکی سەرەتادا پێشمەرگەکان لە بەر ئەوەی ھیچ دەنگێکی لێ نەھاتبوو دڵنیا نەبوون کە چەکدارەکە ئەنگێوترابێت. دەکرا بە برینداریش خۆی گەیاندبێتەوە دەرەوەی ماڵەکە. بەڵام لە کاتی دەرچوون لە شوێنی خۆ حەشاردانەکە دەرکەوت کە ناوبراو لە گەڵ یەکەم دەستڕێژدا لەبەر دەم شوێنی خۆحەشاردانی پێشمەرگەکاندا کەوتبووە سەر ئەرز. ئەو ھێندە لە پێشمەرگەکان نیزێک ببۆوە کە شانسی دەرباز بوونی دەکرێ بگوترێ هەر نەبوو، بەڵام گومان دەکرا بە هۆی تاریکی پاشخانەکەوە تەنیا بریندار بوو بێت. برینی ناوبراو ئەوەندە کاریگەر بوو کە جگە لە لرخەیەکی کەم ھیچ دەنگێکی دیکەی لێنەھاتبوو، کە بە هۆی دەستڕێژی هاوکاتی هێزەکانی دەورووبەری ماڵەکە تێکەڵ بە دەنگی تەقەکە ببوو و باش نەبیسترابوو.
بەدوای ئەنگاوتنی ناوبراودا کەسەکەی دیکە کە پێشتر چراکەی ھەڵگرتبوو خۆی دەرباز کرد و ھەڵاتەوە دەرەوەی ماڵەکە. بە گوتەی هێندێک کەس ناوبراو تا کۆتایی شەڕەکە خۆی لە تەندووری ماڵی جیراندا شاردبۆوە. بە بیستنی دەنگی تەقە لە ژوورەوە، ھێزە پەلاماردەرەکە لە ھەموو لایەکەوە ماڵەکەیان دایە بەر دەستڕێژی چەکی جۆراوجۆر. شەڕێکی قورس لە نێوان ھێزەکانی ڕێژیم و پێشمەرگەکاندا دەستی پێکرد. پێشمەرگەکانیش لە شوێنی خۆ حەشاردان ھاتنە دەرەوە و بە سەر شوێنەکاندا دابەش بوون، تا بەرپەرچی ھەموو ھێرشێکی ھێزی پەلاماردەر بۆ ھاتنە ژوورەوە بدەنەوە.
شەڕ تا دەھات گەرمتر دەبوو و ھێزەکانی ڕێژیم چەند جار ھەوڵی ھاتنەژوورەوەیان دەدا بەڵام ھەموو جارێ بە ھۆی بەرگری پێشمەرگەکانەوە ناچار بە پاشەکشە دەکران.
هەڵکەوتەی ماڵەکە!
خانوەکە لە لای سەرەوەی لە گەڵ خانوی دیکە تێکەڵ بوو و لە لای ڕاستیش ڕا کۆڵانێکی تەنگەبەر لە خانووی ماڵی جیرانی جیا دەکردەوە. لای پێشەوەی خانوەکە بە تەواوی ئاواڵە بوو، بەڵام شوێنەکە سەرەولێژ بوو. لای چەپی خانووەکەش دەرفەتی باشی بە هێزی پەلاماردەر دەدا تا چاودێری هەر جۆرە جموجۆڵێک لە لای پێشەوەی خانوە بکەن.
هەڵکەوتەی ماڵەکە بە جۆرێک بوو کە تەنیا لە یەک شوێنەوە دەکرا بە چەکی نیوە قورسی وەک ئار پی جی، بە جۆرێک کە زۆر کاریگەر بێت، لێی بدرێت. ئەو شوێنەش تەپۆلکەیەک لەو بەر ئاوایی بوو کە بەرامبەر ھەیوانی ماڵەکە ھەڵکەوتبوو. ئەگەر دەرفەتی لێدانی ئار پی جی لەو تەپۆلکەیەڕا بدرایە دەکرا خانوەکە ئاگر بگرێت، کە بێگومان شانسی زیندوو مانەوەی پێشمەرگەکانی زۆر کەم دەکردەوە. پێشمەرگەکان ماوە ماوە تەقەیان لەو تەپۆلکەیەش دەکرد تا دەرفەتی لێدانی ئار پی جی بە ھێزە پەلاماردەرەکە نەدرێ.
ئەگەر هێزەکە دەرفەتی لێدانی ئا پی جی لەو شوێنەڕا نەبایە، دەستڕێژی چەکە سوکەکان کاریگەری ئەوتۆیان لە سەر دیواری خانووەکە، کە بە قوڕ و بەرد دروست کرابوو، نەدەبوو.
گۆڕینی تاکتیکی شەڕ لە ڕووی ناچارییەوە!
ھێزەکانی حکومەت کاتێک لە توانای ھاتنە ژوورەوە ھیوابڕاو بوون زیاتر تەقەیان لە دەرگای ماڵەکە دەکرد تا بەمجۆرە پێشگیری لە چوونە دەرەوەی پێشمەرگەکان بکەن. تا کاتێک ڕووناکایی چرای ماڵەکە دیاربوو دەستڕێژێکی زۆر لە هەیوانی ماڵەکە دەکرا. دوای کوژاندنەوەی چراکان لە لایەن پێشمەرگەکانەوە تەوژمی دەستڕێژەکان لە سەر ھەیوانەکە کەمتر بۆوە، بەڵام تەقەکردن لە دەرگای چوونە ژوورەوە زیاتر و زیاتر دەبوو.
دەرچوون بە هەموو نرخێک دروست نیە
بەتاڵایی دەوری خانوەکە وایکردبوو کە ھێزە پەلاماردەرەکە زۆر زوو ھەست بە جموجۆڵی پێشمەرگەکان بە مەبەستی چوونە دەرەوە بکەن. بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستیەش پێشمەرگەکان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان نەیاندەویست لە گەڵ یەکەم دەستڕێژەکانی ھێزەکانی حکومەتدا ھەوڵی چوونە دەرەوە بدەن و لە دەرەوەی ماڵەکە بکەونە بەر دەستڕێژی ھێزە پەلاماردەرەکە. تێپەرینی کات کە وڵات بەرە بەرە تاریک دادەھات لە بەرژەوەندی پێشمەرگەکاندا بوو و شانسی ڕزگار بوونی ئەوانی زیاتر دەکرد.
دەست پێوە گرتن بە تەقەمەنی؟!
ژماردنی تەقەمەنی بە پێی خەشاب و فیشەک و چەند نارنجۆکێکی دەستی زۆر دێتە بەر چاو و زۆر جار پێشمەرگە باس لە هەڵگرتنی چەند خەشاب دەکات. بەڵام فیشەکی زۆریش ئەگەر لە کاتی شەڕدا دەستی پێوە نەگری زۆر زوو بەرەو تەواو بوون دەچێت. ئەوە بۆ ژمارەیەکی کەمی پێشمەرگە یان تیمێکی تەشکیلاتی لەوەش کارەساتبارترە. پێشمەرگەکان باش ئاگاداری ئەوە بوون کە ھێزی پەلاماردەر دەیەوێ شەڕەکە درێژەی هەبێت و زۆرتر زەخت بکات تا پێشمەرگەکان ناچار بە تەقەی زیاتر بکەن. بەمجۆرە دوای ماوەیەک شەڕ، فیشەکیان پێ نەمێنێ و ناچار بن خۆیان بە دەستەوە بدەن یان خۆیان بکوژن.
کاری پێشمەرگەکان لەو نێوەدا بەوە باشتر ببوو کە کەلاکی چەکدارە کوژراوە بە چەک و تەقەمەنییەوە کەوتبووە دەستی ئەوان و تەقەمەنی بەکارھاتووی خۆیان پێ پڕکردنەوە.
درێژەی هەیە…………..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *