لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی سێهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی سێهەم!
ماڵەکە جێگای متمانە بوون بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێشمەرگەکان بڕێک شکیان لەوە ھەبوو کە ئەو خواردنەی بە تایبەت لەبەرخاتری ئەوان سازکرابوو بە جۆرێک شتێکی لە گەڵدا کرابێت کە وابکات پێشمەرگەکان دوای خواردنی نانی ئێوارە باری تەندروستیان تێک بچێت و ببنە نێچیرێکی باش بۆ لەداو خستن. بە داخەوە ڕوویداوە کە کسانێکی دیکە بە نێوی دۆستایەتی و خزمایەتی کەڵکی خراپ لە نیازپاکی ماڵی خانەخوێی پێشمەرگە وەردەگرن و خیانەت لە خاوەن ماڵ و پێشمەرگە دەکەن. کاتی ھەڵبژاردنی ھێرشەکەش ئەو گومانەی زیاتر کردبوو، شتێک کە ڕەنگبێ ئاکامی شەڕەکەشی گۆڕیبا. بە ھۆی ھاتنی ھێزە پەلاماردەرەکەوە پێشمەرگەکان پێڕانەگەیشتن نانی ئێوارەیان بخۆن، تا ئاکامی ڕووداوەکانی دوایی باشتر دەرکەوێت. دوای ھەر ڕووداوێکیش لێکدانەوەی جۆراوجۆر بۆ ھۆیەکانی دەکرێ و تا ئەو کاتە ھۆی سەرەکی دیاری دەکرێ ھەموو کەس دەتوانێ بیر لە شتی جۆراوجۆر بکاتەوە.
دەکرێ وا نەبووبێت و ھۆی ھەڵبژاردنی ئەو کاتەش بۆ ھێرشکردن تەنیا پێوەندی بە درەنگ گەیشتنی ھەواڵەکە بە دەزگا سیخوڕیەکانی حکومەت و خۆ سازکردنیان بۆ جێبەجێ کردنیەوە ھەبووبێت. دەکرێ چەکدارانی ھێرشبەر زۆریش لەوە دڵنیا بووبن کە ئەو ئەرکەیان زۆر بە ئاسانی بۆ جێبەجێ دەکرێت.
کاتێک چەکدارەکان دەستیان بە پرسیارکردن لە کوڕی نێونجی ماڵەکە کرد، پێشمەرگەکان شکیان نەما کە چەکدارەکان دەیانەوێ بێنە ژوورەوە و ماڵەکە بپشکنن.
لە سەرەتادا وادەهاتە بەرچاو کە ژمارەیەک چەکدار بە سەریەکەوە بێنە ژوورەوە و خانووەکە بپشکنن، تا لە کاتی ڕوودانی شەڕدا، توانایی بەرەوڕوو بوونەوەی پێشمەرگەکانیان هەبێت، بەڵام دواتر دەرکەوت کە وا ساغ بوونەوە ژمارەیەکی کەم لە چەکدارەکان بێنە ژوورەوە و باقی هێزەکە یان لە دەرەوەی ماڵەکە یانیش بەشێکیان لە چاوەڕوانی ئاکامی گەڕانەکەدا لە نهۆمی خوارەوە بمێننەوە.
ئەوەی لەو نێوەدا زۆر جێگای سرنج بوو ڵێبڕاوی چەکدارەکەی حکومەت بوو کە بڕیاریدا بوو لە گەڵ تەنیا یەک کەسی دیکە کون و کەلێنی ماڵەکە بە دوای پێشمەرگەکاندا بگەڕێت. لەو دەمەدا پێشمەرگەکان وەبیری ئەو پەندەی پێشینان کەوتنەوە کە دەڵێ” کەسێک ئەجەلی ھاتبێ ئاقڵی لە دەست دەدات و چاوی کوێر و گوێی کەڕ دەبێت” لە بارەی ناوبراوەوە ڕاست بێت؟ ئەگینا چۆن کەسێکی چەکدار بەو شێوەیە بەدوای کەسێکی چەکداری دیکەدا دەگەڕێت کە دەزانێ بەیەک گەیشتنیان بە مانای کوژرانی یەکێکیان دێت؟ لە وەھا حاڵەتێکیشدا ئەو کەسە براوەیە کە ھەلی دەستکردنەوە بە بەرامبەرەکەی نادات، یان کورتر بڵێین یەکەم گورز دەوەشێنێت.
چەکدارەکان لە نھۆمی یەکەم ڕا دەستیان بە گەڕان کرد. پشکنینی نھۆمی یەکەم زۆر زوو تەواو بوو. ئەوجار نۆرەی پشکنێنی نھۆمی دووم ھات. ئەوەی زۆر ئاسان بوو، پشکنینی ژوورەرەکانی پێشەوە و هەیوانی ماڵەکە بوو کە زۆر زوو تەواو بوو. گەڕان لە پاشخانی نھۆمی دووھەمدا زۆر ئاستەم بوو و زۆر بە ئاسانی کەلێن و قوژبنەکانی تەواو نەدەبوون. ھەر گۆشە و کەلێنێکی دەکرا وەک داوێکی مەرگ بۆ چەکدارەکان وا بێت. ئەوان تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیا بوون کە پێشمەرگە لە ناو ماڵەکەدا حۆی حەشارداوە. ئەوان بە پێی هەواڵی باوەڕپێکراو بەرەو ئەو ماڵە هاتبوون، بەڵام لەوە دڵنیا نەبوون کە تا ئەو کاتە هەر لەوێ مابن. تەنیا بەڵگەیەک تا ئەوکاتە بە بیری خۆیان دەستیان کەوتبوو، خواردنێکی زۆر و تایبەت بوو، کە بۆ پێشمەرگەکان ساز کرابوو. خواردنەکە لە ھەیوانی ماڵەکە داندرابوو و خوانی ڕازاوەی ئەو ئێوارەیەش تایبەتی بوو کە بە ھاتنی ھێزەکە دەرفەتی دانیشتن بەدەورییەوە لە دەست چوو بوو.
چەکەکان ئامادەی دەستڕێژن!
لە گەڵ مەبەستی چەکدارەکان بۆ ھاتنیان بۆ نھۆمی دووھەم، پێشمەرگەکان زۆر بە ئاسپایی زامنی چەکەکانیان ترازاند و چاوەڕوان بوون تا بزانن چەکدارەکان پشکنینەکانیان لە کوێ و چۆن کۆتایی پێدێنن. پێشمەرگەکان چاوەڕوانی ئەوەشیان دەکرد چەکدارەکان نەیانەوێ یان نەوێرن زیاتر بێنە پێش، بەڵکو لە دوورەوە تەقە لە هەموو پاشخانەکە بکەن. پێشمەرگەکان دەست لە سەر بەلا پیتکەی چەکەکانیان خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەکرد و چاوەڕوان مانەوە. لەو ماوەدا کە پشکنینەکە بەردەوام بوو و تا دەھات لە شوێنی پێشمەرگەکان نیزیک دەبۆوە، بێدەنگیەکی تەواو باڵی بە سەر پاشخانەکە و تەنانەت ماڵەکە و دەورووبەریدا داکێشابوو. تەنیا شتێک کە دەبیسترا دەنگی پێی چەکدارەکان بوو. پێشمەرگەکان نەیاندەویست هیچ بەڵگەیەک لە سەر بوونی خۆیان لە چەند میتری چەکدارەکانەوە بە دەستەوە بدەن.
هەناسەکان زۆر بە ئاسپایی هەڵدەکشان و مژۆڵەکان ڕاگیرابوون تا نەکا لێکدانی مژۆڵی چاوەکانیش ببێتە هۆی لە دەستچوونی دەرفەتێک کە هیچکات دووبارە نابێتەوە. ئەو پێشمەرگانەی کە بە پێوە وەستابوون زۆر باش جموجۆڵی چەکدارەکانیان، کە هێشتا شۆڤی چراکە تەنیا بەرپێی خۆیانی ڕووناک دەکردەوە، لەژێر چاوەدێریدا بوو، پێشمەرگەکان لە پاش دیوارە یەک میترییەکەدا نەدەبیندران.
مێشک لە بیرکردنەوەی بەردەوامدایە!
وێڕای لە ژێر چاوەدێری گرتنی چەکدارەکان بیر و هزری پێشمەرگەکان خەریکی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ژیانی خۆیان و هاوڕێکانیان بوو، کە ڕەنگە دەفتەری ژیانیان لە لاپەڕەکانی کۆتایی نیزیک بووبێتەوە و تا چەند چرکە یان کاتژمێری داهاتوو یەکێک، دووان یان هەموویان بە یەکەوە چاوەکانیان لە سەریەک بنێن و بەدیهێنانی خۆزگە و ئاواتەکانیان بە هاوسەنگەرانیان بسپێرن. چ شتێک دەبێ لەوە ناخۆشتر بێت کە پێشمەرگە ببینێ لە بەر چاوی خۆی شاهیدی توانەوەی مۆمی تەمەنی یەکێک یان چەند کەس لە هاوسەنگەرانی بێت و ئەگەر خۆشی بتوانێ دەرباز بێت، نەتوانێ هاوڕێیەکی کە بە دەیان جار ئەوی بە مکومترین پشت و پەنای خۆی زانیوە، ئێستا دەبێ بە دڵێکی پر لە ناسۆر لێی دورکەوێتەوە. بۆ پێشمەرگە چ شتێک لەوە ناخۆشترە کە نەتوانێ تەرمی هاوڕێکەی لە کەوتنە دەست دوژمن بپارێزێت و بەو جۆرە کە شایانیەتی ئەسپەردەی بکات. ئەوە داخێکە کە پێشمەرگە هیچ کاتێک لە بیری ناکات. تۆ هیچکات هەستت بە سۆزی پێشمەرگەیەک کردووە، بە چ تاسە و حەسرەتێکەوە باسی شەڕێک دەکات، کە لەوێدا هاوڕێیەکی شەهید بووە، بەڵام ئەو نەیتوانیوە هیچی بۆ بکات. ئەو ناتوانێ لە بیری بەرێتەوە. بڕوایەکی پتەو لە پشت هەڵگرتنی چەکی پێشمەرگایەتیەوەیە. ئەگەرنا دەبووایە زۆربەی ئەو پێشمەرگانەی کە لە دەیان شەڕی بێوێنەدا بەشداریان کردووە و ئەزموونی زۆریان وەسەریەک ناوە، پێویستیان بە کەسانی دەروونناس بایە تا ڕەوڕەوەی ژیانیان لێ تێک نەچێت. پێشمەرگە بەر لە هەڵگرتنی چەکیش لە نێو دونیای پڕ لە چەرمەسەریدا گەورەبووە و ژیان وای بار هێناوە تا بە پشت بەستن بە ئەزموونەکانی ژیانی خۆی و هاوڕێکانی بە سەر تەنگ و چەڵەمەکاندا زاڵ بێت.
هەوڵی خۆ پەنادانی چەکدارەکان!
چەکدارەکان کاتی ھاتنیان زۆریان ھەوڵدابوو کوڕی ماڵەکە دانی پێدابنێ پێشمەرگە لە ماڵەکەیاندا ھەیە، بەڵام ئەو ھەر حاشای کردبوو. پێشمەرگەکان لە تاریکیدا نەیاندەتوانی کەسەکەی دیکە باش ببینن و پێیان وابوو کوڕی ماڵەکەیە و بە زۆر وەپێش خۆیان داوە تا بتوانن خۆیان لە تەقەی پێشمەرگەکان بپارێزن. ئەو کەسە چرا دەستیەکەی زۆر بە نزمی گرتبوو ولە پێش چەکدارەکەوە دەڕۆیشت. بە ھۆی نزمی چراکەشەوە بۆ پێشمەرگەکان زەحمەت بوو دەمو چاو و تەنانەت باڵای ئەوانیش بە باشی ببینن.
ئەوەندەی بۆ پێشمەرگەکان دەرکەوت ئەو کەسەی چرا دەستیەکەی بە دەستەوە بوو کەسێکی بەقەڵافەت مامناوند، سەری زۆر کورت و ڕیشێکی درێژ کە شێوەی زۆر لە شێوەی کوڕی ماڵەکە دەچوو. ھەر ئەوەش وایکرد پێشمەرگەکان لە کاتی ڕوودانی شەڕدا ھەوڵ بدەن بیپارێزن. دواتر دەرکەوت کە کەسەکەی دیکەش ھەر چەکدارێکی دیکەی ڕێژیم بە ناوی ئەحمەد بووە.
چەکدارەکە بێخەبەر لەوەی چ چارەنووسێک چاوەڕوانی دەکات ھێدی ھێدی لە شوێنی خۆحەشاردانی پێشمەرگەکان نیزیک دەبۆوە. پێشمەرگەکانیش کە دەیانزانی تازە شەڕ بەرۆکی گرتوون و ئەو کەسە براوەیە کە یەکەم گورز دەوەشێنێت، زیاتر خۆیان ئامادە کرد و چاوەڕوان بوون تا چەکدارەکە زیاتر نێزیک ببتەوە یان بگەڕێتەوە و بە ئەوانی دیکە ڕابگەیێنێ کە ھیچ کەسی لێ نییە. بەڵام ئەو وادیار بوو بڕیاری خۆی دابوو و تا دەھات لە پێشمەرگاکان نێزیکتر دەبۆوە.
——————
پاشخانەکە تاریک بوو و لەدەرەوەش تاریکایی ھێدی ھێدی باڵی بە سەر وڵات دا دەکێشا. چرا بە دەستەکە ھەنگاوەکانی شلتر دەبوونەوە و زۆر بە ترسەوە بەرەو لای پێشمەرگەکان دەھات. لە بەر ئەوەی چرا دەستیەکەی زۆر لە خوارەوە گرتبوو تەنیا بەرپێی خۆیان دەدیت و نەیاندەتوانی زۆر سەرەوە ببینن. لە بەر ڕوناکایی چراکەش تەنیا ئەو بەشە لە شوێنی خۆ حەشاردانی پێشمەرگەکان دەبیندرا کە وەک دیوارێکی ئاسایی دەھاتە بەرچاو، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا نیزیکەی میترێک لە تەختی پاشخانەکەوە بەرز بوو. تا ئەو کاتەی چرا دەستیەکە نزم گیرابوو ئەو جیاوازییەش باش دەرنەدەکەوت.
———-
چەکدارەکە چاوەڕوانیی نەدەکرد ئەوەی بەدوای دادەگەڕێت لە پاش ئەم دیوارەدا خۆی حەشاردابێت. تا دەھات ئەو چوارچێوەیەی کە دەبووایە پێشمەرگەکانی تێدا بن بەرتەسکتر دەبۆوە. چەکدارەکان ھەنگاوەکانیان شلتر و وردتر دەبوون. چەکداری چرا بەدەست لە پێشەوە و چەکدارەکەی دیکە بەدوایدا ئامادەی دەستڕێژ لە پێشمەرگەکان بوو. بەڵام شتەکان بەوجۆرەی کە ئەو بەرنامەی بۆ دانابوو نەچۆ پێش و چەکداری چرا بەدەستیش ئەو ویستەی لە خۆیدا بەدی نەدەکرد ھەرچی ئەو بڵێ بۆی جێبەجێ بکات.
سنورێک بۆ لە خۆبایی بوون!
کاتێک چەکدارەکەی دیکە تێگەیشت کە چرا بەدەستەکە زۆر بە سستی دەچێتە پێش، زۆر بە توڕەیی چراکەی لێوەرگرت و بەرزی کردەوە. بەرزکردنەوەی چراکە بەرزایی و مەودای دیوارەکەی لە گەڵ دیواری ژوورەوەی خانووەکە بە تەواوی دەرخست. بەرزکردنەوەی چراکە تەنیا ئەوەی دەرنەخست، بەڵکو ئەوانەشی ئاشکرا کرد کە چەکدارەکە ھەموو کون و کەلەبەری ماڵەکەی بە دوویاندا پشکنیبوو.
چەکدارەکە بە دەستێک تفەنگەکەی و بە دەستەکەی دیکەی چراکەی گرتوو و بڵیندی کرد و ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی چاوی بە یەکێک لە پێشمەرگەکان بکەوێت کە بە پێوە ڕاوەستابوو. ناوبراو بە بینینی پێشمەرگەکە تەواو حەبەسا بوو. ھێشتا نەیدەزانی پێشمەرگەکان چەند کەسن و چۆن دەتوانێت پیلانەکەی جێبەجێ بکات. ئەو بە قەڵافەت ھێندێک بەرزتر لە چرابەدەستەکە بوو و ڕانک و چۆغەیەکی بوزووی دەبەردا بوو و لە بەردەم پێشمەرگەکاندا بێ جوڵە وەستابوو. ھەر کە چراکەی بەرزکردەوە ھەڵەیەکی وایکرد کە توانای پاشگەزبوونەوە لێی زۆر ئاستەم بوو. بە بەرزکردنەوەی چراکە ھەردوو دەستی گیرا و توانای شەڕکردنی لێ بڕا. تا پێش ئەو ھەڵەیە ئەو دەیتوانی دەستپێشخەری تەقەکردن بێت، بەڵام ئەو ئێستا بێ تواناتر و زەلیل تر لە ھەمیشە چاوەڕوانی دژکردەوەی پێشمەرگەکان بوو.
ڕووناکی چراکە ئەوەندە نەبوو تا پێشمەرگەکان بتوانن بە باشی ئاڵوگۆڕەکانی ڕوخساری ناوبرا لەو ئان و ساتەدا بینین. بەڵام واق وڕمان و بێ توانایی لە نیشاندانی دژکردەوە وا لێکدەدرایەوە کە ڕەنگ و ڕوخساری زۆر تێک چووبێ و مۆتەکەی مەرگی بە چاوی خۆی دیتبێت. دەکرا ئەوەی دەیدیت باوەڕی نەدەکردبێ. ئەو پێی وانەبوو ئێستا لە بەرامبەر ئەوانەدا وەستاوە کە کاتژمێرێک پێشتر ھەواڵی بوونی ئەوانی لە ئەندامانی بنەماڵەکە پڕسیبوو. پێدەچێ لەو کاتەدا بیری لە زۆر شت کردبێتەوە و لە بیری ئەوەدابووبێت چۆن خۆی لەو گێژاوە کە تێی کەوتبوو ڕزگار بکات. ڕەنگبێ بە بیریشی دانەهاتبێت ئەوانەی بە بیری خۆی دەیویست بە ماوەیەکی کورت کارەکە تێک پەڕێنێ، زڕ و زیندوو لە بەرانبەریدا وەستاون. دەکرا ببنە هۆی تێکچوون یان لە گۆرنانی هەتا هەتایی پیلانەکانی و بە قرمژنی چەکەکانیان ھەموو ڕیسەکەی لێبکەنەوە بە خوری.
———-
لە دەرەوەی ماڵەکەش ڕەنگبێ چاوەڕوانی سەرکەوتنی ناوبراو بووبن. دەکرێت بیری لە پەیداکردنی جوانترین وشەکانیش کردبێتەوە کە چۆن ئەو بەرەوڕوو بوونەوەی لە گەڵ پێشمەرگە بۆ منداڵەکانی بگێڕێتەوە و بە دونیایەک پۆز و ئیفادەوە بەوان بڵێ کە باوکتان ئەو پیاوە بەغیرەتە بووە کە توانی تا مەودای نیو میتری لە پێشمەرگە نیزیک بێتەوەو بە سەریشیاندا سەربکەوێت. دەشبێت وای لێکدابێتەوە کە لە ئەزموونی سەرکەوتنی خۆی لەم شەڕەدا بە قازانجی بردنەسەری پلە و پایەی خۆی لە نێو ڕێژیمدا کەڵک وەرگرێ و وەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو بۆ چەکدارانی دیکەی باس بکات.
درێژەی هەیە………


Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *