لە پەراوێزی گەرانەوەدا:چۆنییەتی شەھید بوونی فەرماندەیەکی لێھاتوو رەحیم عەلی پوور له‌ نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by
چۆنییەتی شەھید بوونی فەرماندەیەکی لێھاتوو.
رەحیم عەلی پوور“چۆن شەھید بوو.
بەشی یەک:(١)
کۆڵانەکانی ئێرە پڕن لە خوێن.
بەختەوەرترین کۆمەڵگاکان ئەوانەن کە شەڕ وەک بەڵایەک رووییان تێناکات.بەختەوەرترین مرۆڤەکان ئەوانەن کە نەچوونە مەیدانی ھیچ شەرێکەوە.

………………………………………..
کاتێک دەوڵەتی تازە بە دەستەڵات گەیشتوو لە بیری ھیچ چارەسەرێکی ئاشتیانە دا نییە بۆ کێشەی کورد،وردە وردە گرژییەکان دەست پێدەکەن.گەلی کورد زۆر زوو لەوە تێگەیشت کە ئەو نیزامەش ھەر وەک ئەوانەی پێش خۆی پەنا بۆ سەرکووت دەبات،بەو حاڵەش درووشمی دانووستان و حەللی ئاشتیخوازانە دەبێتە سیاسەتی گەلی کورد بۆ کۆتایی ھێنان بە کێشەکان.زۆر نابات ھەموو دەرگاکان بۆ ئاشتی قووفڵ دەدرێن بەوەش لە دوو رێگا زیاتر نامێنێتەوە یا تەسلیم بوون یا بەربەرەکانی و سوور بوون لە سەر مافی رەوا.
ئەوە لە کاتێک دا رێژیمی تازە زەھنییەتی شەری بە تەواوی بە بیانووی جۆراوجۆرو تەبلیغاتی ناراست درووست کردوە.
گەلی کورد بڕیاری بەربەرەکانی دەدات و دیفاع بۆ مانەوەو ویستە رەواکانی دەست پێدەکات.
………………..
زۆر دەمێکە دەمھەوێ چیرۆکی تێدا چوونی فەرماندەیەکی ئازای حیزب بگێڕمەوە.چی بکەم من چەند جارێک لە نزیکەوە دیتوومە،زیاتر لە دوورەوە دەمناسی.کاتی شەھید بوونەکەشی ھەر ئەوە بوو:کە بوو بە پرسیار لای زۆرێک لە خەڵک! کە باشە بۆچی بەو جۆرە کارەساتبارە شەھید بوو؟
زۆر ھەوڵـم دا ئەگەر ھەموو زانیاریەکانیش نەبێ لانی کەم بەشێک لە زانیارییەکانم دەست بکەوێ.بە دڵنیایی دەبێ رووداوەکانی پشت ئەو سیناریۆیە تەواو درێژ ببنەوە،واتە:لە پشتی ئەو رووداوە تا گەیشتن بە چرکە ساتی روودانی رووداوەکە!چی ھەبووە.
لێرە زۆر رووداوی ورد ئیشارە پێدەکەین دەچینە ناو وردەکارییەکان بە مەبەستی بەرچاو روونی و پەند لێ وەرگرتن.
…………………………
وەک سەرەتا:
نابێ لێرە مەیدانی شەرێک تەنیا لە کاتی رووبەروو بوونەوەکان ببینین،لایەنەکانی شەڕ ھەموو رێگایەک کە پێک ھاتووە لە تاکتیکی جۆراوجۆر وەک وەسیلەیەک بۆ بە چۆک داھێنانی یەکتر بە کار دێنن.جیا لە بەرنامەو سیاسەتی گشتی کە بەرێوە دەچێت بۆ ئیدارەی شەڕ،زۆر جار ئیبتکار“ی فەرماندەکانی شەڕو بیرۆکەی زاڵ بوون بە سەر بەرامبەر دا بە شێوەی جۆراوجۆر بەرێوە دەچێ.
………………………….
بۆ دەست خستنی زانیارەییەکان)
پەنام برد بۆ فەرماندەری لێھاتوو و ئاگاداری رووداوەکان کاک ساڵح رەبەتی“ئەو زەحمەتی کێشاو سەرەرای پڕ کاری کەوتەخۆ،بۆ ئەوەی رووداوێک وەک خۆی بۆ نەوەکانی داھاتوو بگێرینەوە.
سەرەرای تاڵی رووداوەکە،زۆر پەیامی تێدایە کە جێگای سەرنج دەبێ بۆ ئێوەی خوێنەر…..
ئاوا دەست پێدەکەین:
لە چلەکان دا کە زیندانەکان پڕ دەبن لە تێکۆشەرانی نەھێنی حیزبی دێموکرات ئەو لە دایک دەبێ،رەنگە بە بیری کەس دانەھاتبێ رۆژێک بێت ئەو منداڵە کە گەورە بوو رێگای ئەوانە بگرێ کە دوژمن پێی وایە بە گرتن و کووشتن کۆتاییان پێ دێت.
ئێستا چاو لێبکەن رەحیم“گەورە دەبێ ھەر لەو رێگایەدا بۆ رزگاری شەھید دەبێ لێرەوە ئەو باوەڕە نەگۆرە درووست دەبێ کە دوای ئێمەش زۆری دیکە لە دایک دەبن و ئەو رێبازە درێژەی دەبێ تا سەرکەوتن.
بەڵێ:رەحیم عەلی پوور“لە گووندی کاژێی“ناوچەی سەردەشت لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە دایک دەبێ.کاتێک دەورەی سەرتایی خوێندن تەواو دەکات بە پەلە رەوانەی شاری سەردەشت“دەکرێ بۆ ئیدامەی خوێندن.لەو کاتانەدا راپەرینەکان بە دژی رێژیمی پاشایەتی دەست پێدەکەن و ئەویش وەک لاوێک بەشدار دەبێ،دوای رووخانی رێژیمی پاشایەتی“و لە گەڵ ئاشکرا بوونی تێکۆشانی حیزب واز لە خوێندن دێنێ و دەبێتە پێشمەرگە.زۆر نابات کوردستان پەلامار دەدرێ و ھەزاران لاوی وەک رەحیم“ھەموو خەونێک بە لاوە دەنێن و بۆ پاراستنی گەلەکەیان چەک لە شان دەکەن و خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەکانی بەرگری.
کورد رابردوویەکی دوورودرێژی خەباتی ھەیە بە دژی پەلامار دەران،ئەو جاریش نەسلێکی شۆرش کە تازە گەراونەوە لە ئاوارەیی و خەباتی شاخ دەبنە پایەکانی قۆناخێکی دیکە لە خەبات،لە گەڵ چەند فەرماندەیەکی کەم کە لە رێژیمی پێشوو دا ئەزموونیان وەسەر یەک ناوە و دەرەجەیان ھەبووە دێنە ریزی گەلەکەیان و ھەزارانی وەک رەحیم عەلی پوورەکان“فێری شەرو بەربەرەکانی دەکەن.رەحیم“زۆر زوو گەشە دەکات دەبێتە پێشمەرگەیەکی خاوەن ئەزموون و چەندین مەیدانی شەڕ تاقی دەکاتەوە.
با جارێ شتێک بڵێم:جا دەچینەوە سەر درێژەی رووداوەکان.ئەوانەی بەشداری ئەو شۆرشە بوون باش دەزانن چی رووی داوە مێژووی ئێمە رووداوی وا تێیدا رووی داوە کە ئەگەر تا بەیانی لە گوێی ئاگردان دابنیشی و دەست بە گێرانەوەی بکەی تەواو نابێ.دەبێ ئەو مێژووە ون نەبێ رێگا نەدەین پەردەی رەشی تاریکی دایپۆشێ و بیر بچنەوە چۆن نەوەکانی داھاتوو بە رێگای ئێمە دا دێن و دەبێتە سامانێکی بە نرخ بۆ ئەوان،دەبێ ئەو بە سەر ھات و رووداوە تاڵ و شیرنانە بکەین بە کەلتووری دەوڵەمەندی خەبات .لە داھاتوو دا بە دڵنیایی چیرۆکی تاڵی شەھید رەحیمەکان“دەکرێن بە فیلم“و منداڵەکانی ئێمە شەیدایان دەبن.
دوا وەسییەتم ھەر ئەوەیە واز لە دووبەرەکی بێنن و سەر بسووڕێنن دوژمنەکەتان و گەلە داماوەکەتان ببینن!ھەر ئەوەش نا خوێنی ھەژارەکانی شۆرش بکەنە بەڵگەی وەفاداری و پشت لە یەکتر مەکەن،جارێکی دیکە بە باوەڕەوە دەڵێم:بە ھۆی شتی لاوەکی خەریکە ھەموو شتێک بیر دەچێتەوە بە سەدان قەڵەم و رۆڵگێری رووداوەکانن ھەیە کە ناپڕژێتە سەر ئەرکی راستەقینەی خۆیان،ئێوە تەنیا بە وشیار کردنەوە دەتوانن گەلێک رزگار بکەن تکایە با بەس بێ.
من خۆزگە ئەوەی لە دڵم دایە و بە مێشکم دا دێت دەمتوانی بیخەمە سەر توێی لاپەرەکان،بەڵام:داخەکەم توانای من کەمە و قەت ناگەمە باڵای رووداوەکان.
…………………………………….
بۆ بەشی داھاتوو زۆر روداوی سەرنج راکێش دەخوێنییەوە کە بەلاتەوە زۆر جێگای سەرنج دەبن
چاوەروان بن بەو زووانە.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *