ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە ) به‌شی ٧٣ له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ڕەنگە چاوی ڕیشکەوپێشکەی کردبێ!!
گێڕانەوەی ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی لە دەیەی حەفتای هەتاوی و مێژووە پڕشنگدارەکەی هەر بەردەوامە .لە ڕونگەی خۆمەوە ڕەنگە لە گێڕانەوەکەدا هەڵەش هەبێ، بەڵام ئەوەی بۆتانی باس دەکەم هەرئەوەندەم لەبیر ماوە یان هەرئەوندەم یادداشت لە بەردەستە کە باسی دەکەم.
سپاس بۆ بەشێک لە هاوڕێیانم کە هاوکاریم دەکەن. لە کۆتای گێڕانەوەی ئەم مێژووەدا سپاسیان دەکەم و هیوادارم لەو بەشانەی کە ماون و بەرەبەرە دەیاننووسمەوە زیاتر هەڵەکانم بۆ ڕاست کەنەوە . بێگومان ئەگەر تا ئێرەش هاوکاریی و ڕێنوێنی بەشێک لە هاوڕێیانم نەبا لەوانەیە نەمتوانیبا درێژە بە نووسینەوەی ئەم بیرەوەریانە بدەم.
ساڵی ۱۳۷۳ بە مەبەستی جەولەیەکی پێشمەرگانە لە ناوچەکانی سەردەشت، هێزێکی تێکەڵاو لە زۆربەی کادر و پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ بەرە و ناوچە وەڕێ کەوتین. ئەوەی لەبیرم بێ ئەو کاتە کاک مستەفای مەولودی، بەرپرسی کومیتە شارستان بوو و کاک سلێمان کەڵەشی، فەرماندەری هێز بوو. هێزەکە زۆر بوو؛ دەکرێ بڵێم زیاترە لە ٧٠ کەس دەبووین. لە سنووری “قندۆڵ” ئاودیوی ناوچەی ئالانی سەردەشت بووین. دوای مانەوەی چەند ڕۆژێک لەو ناوچەیە و بەڕێوەبردنی ئەرکە حیزبییەکان بەرەو ناوچەی”سوێسنایەتی” وەڕێ کەوتین. لە گەشت و گەڕانمان لە سوێسنایەتی، سەردانی چەند گوندێکمان کرد و ئەرکی حیزبی و پێشمەرگانەمان لە ناوچەکە ئەنجام دا. دیارە لە ماوەی ئەم گەشتەدا تووشی زۆر خۆشی و ناخۆشی هاتین کە هەرکامیان بە نۆرەی خۆی لە درێژەی خەباتی پێشمەرگانەدا دەبنە مێژوویەکی لەبیرنەکراوی خەباتکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لەو گەشتەدا ڕۆژێکیان لە نێوان گوندەکانی “بەردەسوور” و “کۆدەڵێ ماینەوە. ناوچەکە بەتەواوی لە لایەن دوژمنەوە میلیتاریزە کرابوو. بەڵام بە هۆی بوونی جەنگەڵ و حاشارگەی زۆر باش و قاییم، ئێمە زۆر لەو دەوربەرە دەماینەوە. دوای کۆبوونەوەی فەرماندەران و قسەکردن لە بەرنامەی کار، بڕیار درا ئەو شەوە بە دوو دەستە دابەش بین. لە بەر ئەوەی هێزەکەی ئێمە زۆر بوو، بۆ ئەوەی فێڵێکیش لە دوژمن بکەین و سەری لێ بشێوێنین. دەستەیەک دەچووینە گوندی کۆدەڵێ و دەستەیەک دەچووینە گوندی بەردەسوور. قەرارمان دابوو کە شەوێ لە نزیک گوندی “مەمنداو”ێ یەک بگرینەوە و مەسیرەکەمان بگۆڕین بەرەو دیوی جادەی پیرانشار- سەردەشت ،واتە پشتی گوندی واوان. من لە گەڵ ئەو تیمە کەوتم کە دەچووین بۆ گوندی بەردەسوور. سەرەنجام لە گەڵ تاریکی هەوا چوونیە نێو گوندی بەردە سوور و دوای مانەوەی چەند سەعاتێک لە نێوگوند و بە ئەنجام‌گەیاندنی ئەرکە حیزبیەکان بەرەو مەسیری دیاریکراوی خۆمان وەڕێ کەوتین. هەردوو دەستەکە لە نزیک گوندی مەمنداوێ لە داوێنی چیای “پوورەپانێ” کە لە سەرلووتکەی چیاکە مۆڵگەی دوژمنی لێ جێگیرکرابوو، ماینەوە. لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا پیسترین و دڕەندەترین هێزی دوژمنی تێدا جێگر دەکرێ. شوێنی مۆڵگەکەش زۆر بەرز بوو، بەسەر تەواوی ناوچەکەدا زاڵ بوو. هەر ئەو مۆڵگە بوو کە لە ساڵی پێشتردا لە جەریانی گرتنی گوردانی ئاغەڵان‌دا تیمی پشتیوانی ئێمەی لە کار خست وهەردوو بەرپرسی تیم؛ کاک عەلی حاجی وعەلی شێلمان بریندار بوون.
کاتێک لە ئەسحابەی گاشێلێ لە گەڵ ئەو تیمەی دیکە کە چووبوون بۆ گوندی کۆدەڵێ یەکمان گرتەوە، دوای پشوویەکی کورت ئێمە چوارکەس وەک تیمی پێشڕەو دیاریکراین؛ من و کاک غەفوور واوەیی، مەحەممەد میراوەیی و کەسێکی دیکە . مانگە شەوێکی زۆر خۆش بوو. دەبوا لە جادەکەوە تێپەڕین. جادەکە بەهۆی خیز ڕێژەکەی سپی هەڵهەڕابوو و هێند جوان دیار بوو دەتگووت ڕۆژە. بە ئامادەگی و دەست بە تفەنگ وەڕێکەوتین، چوونکی دەمانزانی ناوچەکە هەستیارە. زۆرجار دوژمن لە زۆربەی شۆێنەکانی ئەو ناوچەیە کەمینی دەگرت بۆ ئەوەی پێشمەرگە لە داو بخات. زۆر بە وریاییەوە وەڕێ کەوتین. من نەفەری یەکەم بووم. لە پێشەوە چاوێکمان کردبوو بە دوو چاو بۆ ئەوەی دەوروبەری خۆمان لەژێر چاوەدێری بگرین. هێزەکەی دیکەش کەمێک دوای ئێمە وەڕێ کەوتن بۆ ئەوەی زۆر لێک دانەبڕێین. کە چاوم لە دەورووبەری خۆم کرد، شتێکی نامۆم کەوتە بەرچاو! کە لێی ورد بوومەوە نەفەر بوو. کە خۆی نەوی کرد تەنگەکەشی کەوتە بەرشۆقی مانگەشەو و برسکەی هات. دیاربوو ئەو ئێمەی چاوپێ کەوت، بۆیە خێرا ویستی بێتە دەست. منیش بێ ئەوەی قسە بکەم یەکسەر تەقەم لێ کرد. ئەوانی دیکەش بە دوای من دا تەقەیان کرد. یەکسەر پاشەکشەمان کرد بۆ لای هێزەکە. تا چەند دەقیقەیەک هیچ خەبەر نەبوو. ئێمە لە شوێنی تەقەکە دوور کەوتینەوە. پاش چەند دەقیقەیەک لە مۆڵگەی پوورەپانێ کە شوێنی پاشەکشیی ئێمەی لێ دیار بوو، بە دۆشکا، خومپارە و بی‌کەی‌سی تەقەمان لێ کرا. تا خۆمان گەیاندە نێو ماڵانی مەمنداوێ فشارێکی زۆرمان کەوتە سەر. دیارە بەهۆی زۆری تەقە و قومپارەباران لەیەک دابڕاین کە دواتر لە نێ وگوند بەبێ زیان یەکمان گرتەوە.
بەرەو گوندی بەردەسوور و لەوێشەوە بۆ دۆڵی ئاشەدینە وەڕێ کەوتین. لە ڕێگە سەرتە سەرت دەهات، دەمزانی بەشێک لە کوڕەکان مەشکووک بوون لەوەی نەکا ئێمە چاومان تێکەڵی کردبێ و لە خۆڕا تەقەمان کردبێ !!. زۆرجار لە نێوهێزی پێشمەرگەدا شتی لەم جۆرە ڕووی داوە. لە شوێنی مانەوەش ئەو سرتە سرتە هەر بەردەوام بوو. بەیانی کە لەخەو هەستاین، کەسێکی خەڵکی گوندی بەردە سوور لەوێ پەیدابوو. هەر زوو پرسیار کرا خەبەر چیە. ئەویش زوو وەڵامی دایەوە؛ “جا وەڵا ئەوشۆ لە ئەسحابەی گاشێلێ پێشمەرگە لە کەمین کەوتوون. فەرماندەی پایەگای ئاغەڵان کوژراوە و پاستدارێکش بریندارە”. ئەوجار دەرکەوت کە لە خۆڕا تەقەمان نەکردوە. بە تایبەتی من کە نەفەری یەکم بووم، بڕێک لەو حاڵەتە بێدەنگییە هاتمە دەرێ. بە یەک دوو کەس لە کوڕەکانم گوت: ” بەدرێژای شەو گوێم لە سرتە سرتی هەمووتان بوو، بەڵام هیچم نەگوت”.
دوایی بۆمان دەرکەوت کە لە لایەن هێزی دوژمنەوە کەمینێکی مەترسیدار دانرابوو. ئەوی ئێمە تەقەمان لێ کردبوو، سەرەتای کەمینەکە بوو. ئەگەر بڕێکی دیکە چووباینە پێش. هەموو هێزەکە دەکەوتە کەمین و ڕەنگە بە دوو هۆکار زەربەی قورسمان وێ کەوتبا. کە بەخۆشییەوە توانیمان بە بێ زیان درێژە بە بەجێگەیاندنی ئەرکی نیشتمانیی خۆمان بدەین.
وێنەکە خۆم کاک مەحمودی حاجی کاکە لاوی ساڵی۱۳۶۹لەکونەمارێ گیراوە

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *