بەشی یازدەھەمی گەرانەوە(١١) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی یازدەھەمی گەرانەوە(١١)
نووسینی عەلی سوورەچۆمی
ئێمە جارێکی دیکە دەگەرێینەوە باوەش بە خاک دا دەکەینەوە.ھەموو ئێوارەیەک چاوەکان چاو لە رێی ئێمەن.چاوەروانی ئاوا بوونی دوا زەردەی خۆرن،تا کووڕانی خۆرەتاو،ئەویندارانی نیشتمان،لە گەڵ شنەی با و ھاژەی چۆم،نەرم نەرم ئاو پڕژێنی دڵی خاک بکەن.(سوونێ)
ئێمە رەگێکمان لەو خاکە دایەو لەو مەڵبەندە دەیان و بگرە سەدان بیرەوەری تاڵ و شیرین نووسراونەوە.

لێرە ئەویندارانی خەونی رزگاری لە ژێر رەھێڵەی تۆپ و کاتیۆشا باران بێ پڕوا لە مەرگ بە ئیرادەوە خۆراگری دەکەن
.لێرە زۆر ھاورێ و ھاوسەنگەری ئێمە،زۆر لاوی خوێن گەرم ھەموو خەونە جوانەکانیان بردە ژێر گڵ و بۆ ئاواتی رزگاری گووڵی تەمەنیان پەڕ پەڕ بوو.لێرە خۆشەویستانی ئێمە ھاو باوەڕو ھاوقەتارەکانی ئێمە،ئارەزوویان بوو دوای شەھید بوون لێرە جەستەی گەرم و لە خوێن شەڵاڵیان بچێتە ژێر خاک،تا لە مەنزڵگای ئەبەدییەوە بۆنی ھەناسەی ھاوسەنگەرەکانیان بکەن و لە ژێر خاکیش دا بێ،ھەست بە ئەشقی دوای خۆیان بکەن و فرمێسکی چاوی رەفیقانی گیانی بە گیانی خۆیان ببینن.
ئێرە مەزاری نەمرانی ئێمەیە. ئێرە (بەرقسڵ)ە.
با بەر لەوەی جارێکی دیکە بگەرێینەوە بۆ مەڵبەندی خەونە جوانەکانمان،سەردانێکی گۆڕی ئەوان بکەین و باوەش بە کێلەکانیان دا بکەین ئاخر دوای دابڕان ئەوان ھەر چاوەرێن ،دوای ئەوان چیمان کرد چیمان بە سەر ھات،بۆ وەک جاران ھەست بە بۆنی ئێمە ناکەن،کە دەشچین بۆ ئەوەندە ژاکاوین بۆ گەرمی جاران ھەست پێناکەن،بۆ ھێزو گوور و تینی جارانمان نییە.ئەوان ھەست بە نیگەرانی و دڵ گرانی ئێمە دەکەن،چاوەروانی زۆر ھاورێ و رەفیقی ئەو رۆژگارەیانن کەچی:سۆراخێک نییە!.کەس ناتوانێ ئەو وەڵامانە بداتەوە!؟.کە چوویی دەبێ سەرت دابخەی و بە ئارامی و زۆر بە بێدەنگی باوەشێک بە کێلەکانیان دا بکەی.ئەگەر ھێزت ھەبوو سەرت بەرز بکەو چاوێک لە مەزارەکانیان بکە،ئەو جار سیلەی چاوێک بخە سەر (کوونەمارێ)گۆڕێ (کچان)-و رێگاکانی ھات و چۆی سەردەمی زێرینی یادەوەرییەکانیان،ئاخ رۆژگار لێرە (رەسوڵی مام عەزیزی)رەحیم قارنجی)عووسمان ئەحمەدی)رەئوفە شۆکە)برایم زیبڕ)عەلی بەردەسووری)ئیبراھیم نەزمی)ئەحمەدکوونەمشکەیی)پیرۆت حەسەن زادە)حوسێن عەبدوولی)مەحموود سووڵتانی)حەمەخان عەزیزی)رەسوڵ لاوە)خالید دوولکەیی)کەریم زوورەیی)خدر چووکەڵ)حەسەن نیژاوەیی) کاوە قاسمی)خدر رەسوڵی)رەشید ئەحمەد نژاد
لە کاروانی خەونە جوانەکانیان دابڕان و خەونی رزگاری و سەربەستییان بە ھاوسەنگەرانیان سپارد.با پەیمان لە گەڵ رووحی ھەرگیز نەمریان نوێ بکەینەوەو بەڵێنی شەرەف بدەین کە تا رۆژی رزگاری رێگای ئەوان بێ رێبوار نابێ.با سوێند بخۆین کە تا سەر گۆری بێنازی ئەوان بە چاوەروانی نامێنێتەوە.رۆژێک دێ لە ژێر خۆری ئازادی و لە وڵاتی خۆزگە جوانەکانتان،کڕنۆش دەبەین بۆ باڵاتان و لە شەقامی ھەموو شارو ھەموو گۆڕەپانێک گەورەترین پەیکەرتان بۆ ساز دەکرێ…………
ساڵی (١٣٦٤)ئێمە دەستەی ٤ی شەھید کاوە مارەغانی لە (قەڵاتی دارەبەنان)جێگیر کراین.قەڵاتی دارەبەنان دەکەوێتە داوێنی چیای (جاسووسان)و وەک ئامانجێکی دیارو بێ ھیچ بەربەستێک ھێزەکانی جمھووری ئیسلامی دەڕواننە ئەو شوێنە.ناوچەکە بە گشتی شەو و رۆژ لە ژێر رەھێڵەی تۆپ و کاتیۆشا بارانی دوژمن دایە،بە جۆرێک کە زۆر جار چڕە دووکەڵ ناوچەکە دادەگرێ.دوو جار تۆپ باران لە قەڵاتی دارەبەنان،کە سەرەرای ھەموو رۆژو شەوێک کە دووبارە دەبووە دیمەنێکە کە قەت بیر ناچێتەوە.بە ھەر چوار دەوری مقەرەکان و ماڵەكان دا سەنگەر لێدرابوون،ئەوە سەرەرای کوونەتەیارەکان.سەرگەرمی ئێمە جار جار فووتباڵ بوو،کە بە ھەر چوار دەوری مەیدانەکەش دا،سەنگەر لێدرابوون تا کاتی لە نەکاوی تۆپ بارانەکان بچینە ناوی.لە مەیدان کە تۆپ باران دەستی پێدەکرد لە چاو ترووکانێک دا دەچووینە دڵی خاکەوەو کەس نەدەبینرا.شوێنەکەمان لە ژێر دیدی دیدەبانەکانی دوژمن دا بوو،ھەر کە ھەستیان بە گردبوونەوەی ئێمە دەکرد،رەحمەتی تۆپ بارانەکانیان وەک باران دەباری.دوو جار جارێکیان وابزانم زستانی ٦٤ و جاری دواتر بەھاری ٦٥ بوو.ئەو دووجارە مقەرەکانی ئێمە لە ژێر چڕ دووکەڵ و تۆزدا ون ببوون و بۆنی باڕووت ناوچەکەی داگەتبوو بە جۆرێک لە کومیتەی شارستان و بنکەی ھێزو لکەکان را بێسیمیان دەکرد بۆوەی بزانن چی رووی داوە.ئێستا کە بیر لەو رۆژانە دەکەمەوە لە رازی مانەوەی خۆمان تێنەگەیشتم،تۆ بڵێی:ھێزێکی نادیار ئێمەی نەپاراستبێ.!لە کوونەمارێ لە سوونێ لە گەڵوەرەزی وەزع بەو جۆرەیە.دەبێ چی لەوە تاڵتر بێ شەو و نیوە شەو لە جێگا رابی و خۆت بگەیەنیتە شوێنێکی ئەمن.ئەوانەی لەوێ دەژیاین ئارەزوومان بوو زوو زوو بگەرێینەوە بۆ ناوچە تا دوور بین لە تۆپ بارانەکان.ئەگەر بە گشتی باسی دۆخی ئەو ناوچە بکەین،ژیان بەو جۆرە سەخت و پڕ مەترسییە،کەوتووینە نێوان دوو ئەرتەشی ئێران و ئێراق و زۆر جار دەکەوینە بەر تۆپ بارانەکانی ئێراقیش.
لە زۆر جێگا دیواری ماڵەکان کوون کراون و لە ژوورەوە کوونەتەیارە ساز کراون،بە دەر لەو کارە بنکەی ھێزو کومیتەی شارستان بە تەواوی بەشەکانییەوە بە جۆرێک درووست کراون کە لە کاتی تۆپ باران شوێنی ئەمن بن و تۆ ناچار نەبی شوێنی خۆت بە جێبھێڵی. بنکەی ھێز بە چەندین تیرەگی ئەستوور و کۆڵەکەو دارە رایەکی بەھێزو چەندین چین گڵەبان و وردە بەرد درووست کراوە بنکەی کومیتەی شارستان لە کوونەمارێ بەو جۆرە.دوا جار ئێمە ناچار بووین قەڵاتی دارەبەنانمان جێھێشت و چووین بۆ گۆڕێ کچان وە بەشێکی دیکە بۆ شاخەکانی خوار کوونەمارێ.ساڵی ١٣٦٦-کە سازماندەھی ھێزو کومیتە شارستان کرا،دۆخێکی زۆر ناخۆش و پڕ لە نیگەرانی ھێزەکانی پێشمەرگەو بە گشتی لک و دەستەکانی داگرت،راستی ھێزەکانی پێشمەرگە بەو شێوە سازماندھییە را نەھاتبوون یا نەتوانرا وەک پێویست بەرچاو روونی بدرێ،تا
زیانەکانی کە متر بێ.یا بە روونکردنەوەیەکی دیکە دەبێ بگووترێ ئەو نرخەی پێویست بوو و نەدەتوانرا رێگری لی بکرێ.تا ئەو کاتە زۆربەی پێشمەرگەکان بە ھۆی خزمایەتی و ناسیاوی و رەفیقایەتی جێگای دڵخوازی خۆیان لە لک و دەستەو پەلەکان ھەڵدەبژارد.کەچی دوای سازماندەھی جیا لە ئاڵووگۆرە گەورەکە،لە باری چەندی و چۆنییەوە ھەروەھا تەرکیبی چەک و زۆر شتی دیکە گۆڕانی گەورە درووست بوو،چەند بەرپرسێک لە بەرپرسایەتی دوور خرانەوە چەندین پێشمەرگە دوور لە مەیل و ئیرادەی خۆیان لە رەفیقەکانی چەند ساڵەیان دابڕان،بەشێک لە بەرپرسەکان بە بەرپرسایەتی تازە رازی نەبوون.ئەوە بوو بە ھۆی وازھێنانی دەیان کادرو پێشمەرگەو چەندین بەرپرسی نیزامی.شەپۆلێک لە نیگەرانی پێشمەرگەکانی داگرت و بەشێک بۆ ھاورێکانیان دەگریان.کەچی زۆری نەخایاند ھەموو لایەک لە کاریگەری ئەو تەرحەی حیزب تێگەیشتن و دەستکەوتەکانی بە ھەموو جۆرێک ھەست پێکرا. ھێزی مووعینی گۆردرا بە ھێزی گیارەنگ،کە ساڵێک پێشتر لکی ٢- ببوو بە ھێزی زمزیران.
چاوەروانی بەشی داھاتوو بن.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *