لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی یازدەهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی یازدەهەم!
بە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی باشوری کوردستاندا و شل بوونەوەی باری ئەمنی لە لای باشوری کوردستان، هێزەکانی باشور داوایان لە حیزب کردبوو کە ئەگەر هاتووچۆی نێو خۆی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش دەکەن با لانی کەم لە نیزیک سنورەکان خۆیان لە شەڕ لە گەڵ هێزەکانی ئێران ببوێرن. دیارە ئەوە زۆرتر هێرشی پێشمەرگەی بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی لە سەر سنورەکان دەگرتەوە.
حیزب ئەوەی وەک ڕێنماییەک دابوو بە هێزەکانی پێشمەرگە، تا لە بەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم لە سەر سنورەکان هێرشی چەکداری نەکرێتە سەر هێزەکانی حکومەت.
سەرەڕای ئەوەش هەر ماوەیەکی کورت پێش ئەو شەڕە، تیمێکی دیکەی پێشمەرگە لە یەکێک لە گوندەکانی سەر سنور کەوتبوونە بەر هێرشی تاقمی زەربەتی ڕێژیم و چەکدارێکی خۆماڵی کوژرابوو. ئەمجارەش گوندەکەی ئەو تیمە پێشمەرگە تێیدا دەورە درابوون زۆر لە گوندی پێشوو دوور نەبوو و دەکرا بیانووی زیاتر بۆ گلەیی کردن لە دەسەڵاتی باشور بداتە دەستی کاربە دەستانی ئێران، بەڵام پێشمەرگە هێرشی نەکردبوو، بەڵکو تەنیا هێرشێکی بەرپەرچ دابۆوە. بە داخەوە زۆر جار کە باسی شەڕ لە سەر سنور دەکرا، هەردووک لای تێکەڵ دەکرا و بە سەر چاوی حیزب دادەدریەوە.
پێشمەرگەکان لە گەڵ گەیشتنەوە بە بنکەکانیان ڵە گەڵ پێشوازی گەرمی هاوڕێیانیان بەرەو ڕوو بوون. خۆشی پێشمەرگەکان زۆرتر بۆ دەربازبوونی هاوڕێیانیان لە گەمارۆی دوژمن بوو تا کوژرانی چەکدارێکی وا بە ناوبانگ.
ڕاستە لە کۆڵ بوونەوەی چەکدارێک کە هەر بەدوای پێ و شوێنی پێشمەرگەوەیە کاریگەری لە سەر ورەی پێشمەرگە هەیە، بەڵام ڕزگاربوونی چەند پێشمەرگەیەک لە گەمارۆیەک یان شەڕێک، بۆ پێشمەرگە زۆر لەوە گرینگترە. شەهید بوونی هەر کادر و پێشمەرگەیەک، سەرەڕای لە دەستچوونی کەس یان کەسانێک دەبێتە هۆی لە دەست چوونی زۆر ئەزموونی شەڕ و هەروەها کەسانی شارەزا لە ناوچە و ناسیاو لە نێو خەڵکدا.
ئەوەی تیمەکە تۆزێک لێی بە گومان بوون هەڵوێستی بەرپرسانی کومیتەی شارستان بوو کە ڕەنگبێ بیانگوتبایە خۆتان لە نیزیک بوونەوە لەو گوندانەی نیزیک سنور بپاراستبایە تا تووشی شەڕ نەبانایە و گلەیی دۆستانی باشورمان لە سەر زیاد نەبایە کە ئێوە بەڵێنەکانتان جێ بە جێ ناکەن!!! پێشبینیەکان وادەر نەچوون. پێشمەرگەکان زۆر بە گەرمی لە لایان بەرپرسانی کومیتەی شارستانەوە پێشوازی کران و دەست خۆشیان لێکرا، کە سەرەڕای خۆ ڕزگارکردن لە گەمارۆی دوژمن بە کەمترین زیان، توانیبوویان یەکێک لە بە ناوبانگترین و خوێنڕێژترین چەکدارە خۆماڵییەکانیش بە سزای خیانەتەکانی بگەیەنن.
چڕتر بوونەوەی ئاوری تۆپخانەکانی ڕێژێم!
ڕێژیم دەمێک بوو بە مەبەستی وەدەرنانی پێشمەرگە لە سەرسنورەکانی باشوری کوردستان دەستیان بە تۆپبارانی ئەو شوێنانە کردبوو کە بنکەکانی پێشمەرگە و ماڵ و منداڵیان لەوێ جێگیر بوون. بێ گومان لە دەورووبەری هەموو بنکەکانی پێشمەرگە چەند گوندێکی تازە ئاوەدانکراوەی لێ بوو. خەڵکی باشوری کوردستان بە کەل و پەلی سەرەتایی خانوویان بنیات نابۆوە و بە تەما بوون لە ژێر سایەی ئازادیدا تێیاندا بژین و دەست بە بوژاندنەوەی کشت و کاڵ بکەن تا لەو هەل و مەرجە ئاستەمەی ئابوری ئەو کاتەی هەرێمی کوردستاندا، بتوانن لە سەر پێی خۆیان ڕاوەستن. تۆپبارانی ناوچە سنورییە ببووە هۆی ئاوارەبوونی دووبارەی گوندنشینەکان کە بۆ حیزب جێگای دڵخۆشی نەبوو. دەمێک بوو تۆپباران بۆ سەر بنکەی ئەو پێشمەرگانەش دەستی پێکردبوو. لە گەڵ دەستپێکردنی تۆپباران کە زۆرتر شەوانە بوو تا نەهێڵێ پێشمەرگە و ژن و منداڵ بە ئارامی بنوون، هەموو ژن و منداڵەکان بەرەو کونە تەیارەکان دەچوون. کونە تەیارە لە هەموو بنکەکاندا دروست کرابوون و ژن و منداڵ تا کاتی تەواوبوونی تۆپبارانەکە لەوێ دەمانەوە. تۆپبارانەکە تا ئەو کاتە تەنیا کوێستانەکانی دوورتر لە بنکەکانی پێشمەرگەی کردبووە ئامانج. دەکرێ بڵێین دەیانویست خەڵکی گوندەکانی سەر سنور بەو قەناعەتە بگەیەنن کە بە خاتری پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات ئەوان ئاوارە دەکرێن و بەمجۆرە هانیان بدەن داوا لە حیزب بکەن شوێنەکانیان چۆل بکەن. ئەو شەوە تۆپبارانەکە زۆر بە چڕی تا بەیانی بەردەوام بوو و بە پێچەوانەی شەوانی ڕابردووش چەند تۆپێک نیزیک لە بنکەکان کەوتن.
بۆ بەیانی خەڵکی دەورووبەری بنکەی پێشمەرگەکان تاق و لۆق ماڵەکانیان چۆل دەکرد. بڕیاردرا کە ژن و منداڵی پێشمەرگەکانیش لەوێ دوور بخرێنەوە و تەنیا پێشمەرگەکان لەوێ بمێنن و چاوەڕوانی بڕیاری حیزب بن. دواتر بە پێی ڕێککەوتنێک لە گەڵ حکومەتی هەرێم بڕیاردرا هەموو بنکەکانی حیزب بۆ قوڵایی باشوری کوردستان بگوێزرێنەوە.
کاردانەوەی خەڵکی گوندەکان دوای شەڕەکە!
خەڵکی کوردستان گەرچی بە حاواندنەوەی پێشمەرگە تووشی کێشە و چەرمەسەری زۆر و تەنانەت توندترین سزاکانیش لە لایان حکومەتەوە دەبن، بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان هەموو جارێ وای نیشان داوە خەڵک واز لە پێشمەرگە ناهێنن. سیاسەتی وێران کردنی ماڵی خەڵک بە بیانووی حاواندنەوەی پێشمەرگە کاریگەری لە سەر بەشێکی کەم لە خەڵک، بە تایبەت گوندەکانی دەوروبەری شوێنی شەڕەکە دروست کردبوو. هەر کە باسی مانەوە لە ماڵان دەکرا ترسیان ڕێدەنیشت. بەڵام زۆربەی خەڵک سەرەڕای بوونی ئەو هەڕەشانە هێشتا ئامادە بوون پێشوازی لە پێشمەرگە بکەن. ئەو بەشە کە ئامادە بوون پێشمەرگە لە ماڵەکانیاندا بحاوێننەوە باش دەیانزانی کە، ئەگەر ئەوان و پێشمەرگەکان هەردووکیان نهێنی بپارێزن هیچ ڕوونادات. زۆر کەسیش دەیگوت ئەگەر سەرەڕای هەمووی ئەوانەش حکومەت پەلاماری هێنا، شەڕی خۆتان بکەن، خۆ خانو و ماڵ و تەنانەت گیانی ئێمە لە گیانی ئێوە ئازیزتر نیە.
درێژەی هەیە…

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *