بەشی ده‌یه‌م (١٠) ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له‌ نووسینی: خدر پاکدامه‌ن (خدربه‌گ )

Posted by

بەشی ده‌یه‌م (١٠) ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له‌ نووسینی: خدر پاکدامه‌ن (خدربه‌گ )بۆ گێڕانەوی بیرە وەری ئەم جارە دەگەڕێمەوە بەهاری ساڵی 1366، بۆ ئەو کاتەی لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێ، هاوسەنگەرو فەرماندە بەوەجەکانی ڕۆژە سەخت و دژوارەکانی خەبات .ئەو ڕۆژانەی کە ڕۆژ نەبوو لە ناوچەیەکی کوردستان چەندین کەس لە هێزی داگیرکەر لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە زەربەیان لێ نەدرێ . هەرچەندە گێڕانەوی ونووسینەوی ئەو هەموو خۆڕاگری و فیداکارییە ڕەنگە کاری کەسێکی وەک من نەبێ .
بەڵام ئەوەندی بۆم بکرێ و لە دەستم بێ بۆ زیندووڕاگرتنی ئەو دەورانە و ناساندنی بە نەسڵی تازەی نەتەوەکەمان ئەرک و وەزیفەی هەموومانە. باش دەزانم هەرکارێک کە بیکەی حەتمەن کەم وکورتی خۆی دەبێ. بەڵام بەهەر حاڵ من ئەوەندەم لە دەست دێ.

ئەو جارەش چەند ڕۆژ دوای شەڕی گۆڕەشێر کە یەکەم گورزی بەهێز بوو لە هێزی دووژمن کەوت، تیمێکی 15کەسی لە تێکۆشەرانی لکی ٣ی هێزی گیاڕەنگ لە گەڵ بەڕێزو و تێکۆشەر مامەستا مەلاحسەن شیوەسەڵی لە سونێ بەرە و قەندیل وەڕێ کەوتین .
ئێمە نەماندەزانی هەدەفی سەرەکی لەم جەولە چیە. بەئارامی لە کەشێکی بەهاری دا هەورازی کەنێرێ وچەکوچ وسادر مان گرتەبەر. بۆ بەرەبەیان چووینە نیزک دەشتی خوارێ. هێشتا بەفر لە دوڵ ولاپاڵەکانی کوێستانی قەندیل مابوو زۆر سارد بوو. دوو ڕۆژ لەوێ ماینەوە بۆ نان وچا خواردن و دابینکردنی تەدارووکات دەچووینە چادرەکارەکانی ئەو دەڤەرە .
شەوانە کەشێکی زۆر ساردی زاڵ دەبوو. شەو لەسەرمان خەومان لێ دەکەوت لە دەوری ئاور کۆدەبوینەو شۆخییەکانی سەعدون مارەغانی و سەید تەها کە خەڵکی مەهاباد بوو بەزمی شەوانەی خۆش دەکرد. سەید تەها بەقسەی سەعدون تووڕە دەبوو. چەند جارێک شکایەتی لێ کردبوو. بەڵام سەعدون وازی لێ نەدەهێنا و لە گاڵتەکردن بەردەوام بوو.
دوای دوو شەو مانەوە لە کوێستانی قەندیل ئێوارەیەک بەرەو چادرەکانی کاولان وەڕێ کەوتین. شەوێ میوانی چادرەکانی ماڵی کاک سڵێمانی کاولانێ و چەند ماڵێکی دیکە بوون. دوای نان وچا خواردن بۆ شوێنی مانەوە وەڕێ کەوتین. بۆمانەوە چووینە دەورووبەری خدرراوێ ولە سەپێکان ماینەوە .تا سەعات یەک هەروەک ڕۆژان لە دەوری یەک کۆ دەبووینەوە.
تا ئەو کاتیش ئێمە پێشمەرگەکان نەماندەزانی بۆچی هاتووین بۆ ئەو ناوچەیە. لە سەعات یەک مەسەلەکە گۆڕا. کاک مەلا حسن لە گەڵ چەند کەس لە فەرماندەکان کۆبوونەوە. دوای ماوەیەک ئێمەیان بەجێهێشت و بە دووربین چاوەدێریی ناوچەکەیان دەکرد. بەتایبەت جادەی سەردەشت – پیرانشار و جادەی خدراوێ بۆ ئاڵواتان، ئەو جار بۆمان دەرکەوت کەشتێک لە گۆڕێ دا هەیە .
بەڵام خۆ ئێمە نەماندەپرسی بەرنامە چیە. چونکی نەدەکرا پرسیار بکەین . بۆمان دەرکەوت کە دەیانهەوێ بەرنامەیەکی عەمەلیاتی گەورە لە خدراوێ و جادەی ئاڵواتان بەڕێوە بەرین.
ئێوارێ هێندێک تەقەمەنی کە بە وڵاغ پێمان بوو لەوێ شاردمانەوە. سەرلە ئێوارێ ئەوێمان بەجێهێشت. بۆشەوێ چووینە چادرەکانی ئاڵیەمەران وسەپێکان. بۆمانەوی بەیانی چووینە کێوی کاسەبەردین و لەوێ ماینەوە .
ئێوارەکەی چووینە چادرەکانی سوورە زەویان. بەڵام کاک مەلا حسن لەوێ مایەوە و نەهات. ئێمەچەند کەسێک چووین بۆ لای چادرەکان. هەرکە چوینە نێو چادرەکان، خەڵکی چادرەکان هەموویان بەجۆرێکی مەشکوک چاویان لەمن دەکرد، منیش زۆرم پێم سەیر بوو!!.
لە قادر مەمۆم پرسیار کرد؛ قادر ئەوە بۆ ئەو خەڵکە بەو شێوەیە تەماشای من دەکەن ؟!
قادرمەمۆ یەک لە پێشمەرگە ئازاو بەڵەدەکانی هێزی گیاڕەنگ بوو کەلە ساڵی1374 لە نیزیک گوندی خۆمان، واتا گوندی دۆڵەتوو شەهید بوو .
گوتی ئەو نەفەرە دەبینی دەڕوا، ئەوە زاواکەتە وتوویە با خدر بەگ نەمبینێ .
منیش هەرزوو بەنەفەرێکم گووت بڕۆ بیگێڕەوە. گێڕایانەوە و من هەر لەوێ لە گەڵی ئاشت بوومەوە و هەر بە خۆی‌دا عەکسێکی خۆم بۆ خوشکم نارد، زاوا بەخێرو ئەمن بەسڵامەت! .
جا بۆ ئەوە گێڕانەوەکە خۆشتر بێ و خوێنەرانی ئازیز بزانن بۆچێ زاوا زێڕینە خۆی لە من دەشاردەوە هەر خۆشە بەسەرهاتەکە وەک خۆی بگێڕمەوە؛
ئەوە من زۆر منداڵ بووم کە ئەو زاوایەمان لە دێی ئێمە شوانی گاڕانێ دەبێ و خوشکم دەڕفێنێ، یان بە کوردییەکەی خۆمان خوشکم ڕەدووی دەکەوێ و چەندین جار بۆ مەسڵەت دەچێتە ماڵی ئێمە بەڵام براکانم ڕازی نابن و دەستی بە سینگەوە دەنێین.
دوای ئەوی من لە گەڵی ئاش بوومەوە بەردی بناغەی ئاشبوونەوی یەکجاری سەری گرت و خوشکم دوای زیاتر لە بیست بۆ بیست ودوو ساڵ گەڕایەوە بۆماڵی باوان و لە خۆیان گرت.
دوای داڕشتنی تەرحێکی عەمەلیاتی گەورە لە لایەن فەرماندەکان، کارێکی خێری کەمن کردم بە خێرو خۆشی گەڕاینەوە بۆ سونێ بۆ بنکەکانمان .
لە بەشی یازدەیەم دا بەوردی دێمە سەر گێڕانەوی ئەو عەمەلیاتەی کە لەم ناوچەیە بەڕێوە چوو .
وێنەکان گوندی سەپێکان وێنەیەکی دەستە جەمعی پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ گوندی گۆڕەشێر خۆم شەهید خالید نێوچوانی
///////////

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *