دووبارە گەمارۆ! بەشی پێنجەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
دووبارە گەمارۆ!
بەشی پێنجەم!
سەعات لای نۆ یان نۆ و نیوی شەو بوو کە لە باژاڕ ڕا وەڕێ کەوتین. جادەی گۆڕەهێلکێ چەندە بۆ ماشێن ناخۆش بوو دوو هێندە بۆ تراکتۆر ناخۆش بوو. بە جادەیەکی سەرەوژێری پڕ لە چاڵ و قوڵدا و بە سواری تراکتۆر وەڕێکەوتین. بە هیوای دەستکەوتنی ماشێن لە گۆڕەهێلکێ، قسەی تا ئەوێ لە گەڵ خاوەن تراکتۆر کرا. کەسێک زۆر ناچار نەبووایە، نەیدەتوانی سواری تراکتۆر بێت. ڕێگا و بانەکان هێندە خراپ بوون کە تەنانەت سواری ماشێنیش خۆش نەبوو، کە ئەوە بۆ کەسێکی بریندار چەند قات ناخۆش بوو. بریندارەکە هەروەک پێشتر ئیشارەی پێکرا وێڕای شکانی چەند ددانێکی، زمانیشی بریندار ببوو و بە زەحمەت قسەی بۆ دەکرا، ئەگینا زۆر بەو سواربوونە دڵخۆش نەبوو، بە کورتی گلەیی و گازەندەی بۆ دەرنەدەبڕا. کە گەیشتینە گۆڕە هێلکێ، خاوەنی تراکتۆر پێیوابوو ئەرکەکەی تەواو بووە و چیدیکە لە گەڵ پێشمەرگەکان نایەت. بەڵام کە پێشمەرگەکان دیتیان هیچ ماشێنێک بەو درەنگیە لەوێ پەیدا نابێت، هیچ چاریان نەما. ڕوویان لە خاوەن تراکتۆرەکە کردەوە و دوایان لێکرد تا گوندی هێرۆشیان بەرێت. خاوەن تراکتۆر، دوای قسە بۆ کردنێکی زۆر ڕازی بوو تا هێرۆیە درێژە بە ڕێگاکەی بدات. ئەو ترسی ئەوەی هەبوو کە سەفەرەکەی زۆری پێ بچێ و کەسانێک پێبزانن کە نەدەبووایە ئاگاداری ئەو سەفەرەی بن و بەو هۆیەوە تووشی کێشە ببێت. ئاژەڵی کێوی و مەیمەنەت؟!! زۆرجار کە باس لە هێندێک ئاژەڵی کێوی دەکرێت، دەڵێن کەروێشک پێ و قەدەمی خراپە یان مەیمەنەتی باش نیە و ڕێوی پێ و قەدەمی چاکە …هتد. لە ڕێگا ناخۆشەکەی گۆڕەهێلکێ ڕا بەرەو هێرۆ دوو کەروێشکی ژیکەڵە خەویان لێ تێکچوو و بە ڕووناکایی چرای تراکتۆرەکە دەرپەڕین. خاوەنی تراکتۆر ترسی ڕێنیشتبوو کە ئەوە نیشانەی ڕوودانی شتێکی ناخۆشە. پێشمەرگەکان زۆر دڵخۆشیان دایەوە کە تەنیا لە سەرخۆ لێبخوڕێت هیچ نابێت. نەک هەر ئەو مەودایە، بەڵکو درێژەی ڕێگاکەش بێ کێشە تەواو بوو. تەنانەت خاوەن تراکتۆریش بێ کێشە گەیشتبۆوە باژاڕی. کەروێشکەکان لانی کەم ئەو شەوە پێ و قەدەمیان باش بوو. پێویستی ڕاپۆرتی پۆلیس بۆ چارەسەری بریندارەکە! لە گوندی “هێرۆ” ڕا پەیداکردنی ماشێن ئاسانتر دەبوو. پێشمەرگەکان توانیان لە نێو گوند ماشێنێک بە کرێ بگرن و بریندارەکە بگەیەننە نەخۆشخانەی قەڵادزێ. تەنانەت پرسگەی پێشمەرگەش کە زانیان برینداریان پێیە هیچ کێشەیەکی ئەوتۆیان دروست نەکردوو و ئیزنیان دا تا بڕۆن. کە گەیشتنە نەخۆشخانەی قەڵادزێ، لەوێ بە پێی یاسای دیاریکراو دەبووایە کەسێک کە برینداربووە بزانن بە چی و چۆن بریندار بووە داوای وەرەقەی پۆلیس، ” شورتە یان” دەکرد. بریندارەکەیان لە نەخۆشخانە ڕاگرت تا پێشمەرگەکەی دیکە چوو لە بنکەی پۆلیس ڕا وەرەقەیەکی بۆ بێنێ. ئەو کەسەی کە ئەو شەوە”خفر” بوو واتە نۆرەی بە خەبەربوونی بوو هەڵیان ستاند. پێیان ڕاگەیاند کە کەسێک داوای وەرەقە دەکات. کاتژمێر دوای ۱ی نیوە شەو بوو و دەڵێن ئەو کاتە مرۆڤ لە خەوێکی قوڵدایە. کابرای “مفوض” ئەرکدار، بە زەحمەت وەخەبەر هات. کە هات پرسیاری کرد: “چ باسە؟” هێشتا پێشمەرگەکەی نەدیبوو. هیچ ئاسەوارێکی تووڕە بوونی بە هۆی هەڵستاندنەکەیەوە پێوە دیار نەبوو. کە پێشمەرگەکەیان پێ ناساند بە دەم باوێشکدانەوە بە خێرهاتنی کرد و پرسیاری لە مەبەستی هاتنی بۆ بنکەی پۆلیسی بەو درەنگی شەوە لێکرد. “فەرموو کاکە بڵێ؟ چ بووە و چ قەوماوە؟ بریندارتان هەیە؟ لە کوێ بریندار بووە و لە گەڵ کێ دوژمنایەتیتان هەیە؟” پێشمەرگەکە وڵامی دایەوە کە ئەوان تەنیا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی دوژمنایەتیان هەیە و هیچی تر. ئەو پێشمەرگەیەش دوێنێ ئێوارە گەمارۆ دراوە و دواتر بە برینداری خۆی ڕزگارکردووە. بۆ ئەوەی باسەکە زۆر درێژ نەبێتەوە پێشمەرگەکە خۆی لە ئاشکراکردنی خۆی وەک بەشدارێکی شەڕەکە بوارد، تا هەرچی زووتر نامەی پۆلیس وەرگرێ و بۆ نەخۆشخانەی بەرێت و بریندارەکە چارەسەر بکرێت. مفوض پێی وابوو داخوا لە سەر زەوی و زار بە کێشە هاتووین و ئەو کەسە بریندار بووە. کە باسی بە سەرهاتی شەڕەکە کرا، تووشی سەرسوڕمان بوو. کاکی مفوض زۆر بۆ لای نووسینی نامەکە تێدا نەبوو. بە گوتەی ئەو، دەبووایە بە ڕوونی دیار بێت ئەو کەسە چۆن بریندار بووە!!! وادیار بوو گێڕانەوەی پێشمەرگەکەش زۆر لە لای کابرا پەسند نەبوو و زۆریش مەودایەکی دوور بوو تا بەو شەوە درەنگە تاقیبی بکات. ئەوە کە بریندارەکە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات بوو و دەرمان کردنەکەشی بەرپرسیارەتی بە دواوە بوو بیانووی زیاتری دەدا بە دەست “مفوض” ەوە تا بە تێ بینیەوە بجوڵێتەوە. دوای باسێکی زۆر لە نێوان پێشمەرگەکە و پۆلیس دا دواجار نامەیەکی بۆ نەخۆشخانە نارد تا بریندارەکە دەرمان بکەن. لەوێشدا تەنیا ئیشارە بە دەرمانکردنی پێشمەرگەکە کرابوو. تا ئەو سەرە و بەرە تەواو بوو، لای سەعات دووی نیوەشەو بوو و بریندارەکە تەنیا سەرپێیی دەرمانکرا و لەوێ ڕایان نەگرت. دوای هاتنەدەر لە نەخۆشخانە، پێشمەرگەکان بە دوای دەستکەوتنی شوێنێک بۆ نوستن و حەوانەوەدا، کەوتنە نێو شار. ئەو کاتانەی شەو وەدەستکەوتنی ماشێن بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ بنکەکان، بۆ پێشمەرگەکان زەحمەت بوو و برسیایەتیش بڕستی لە پێشمەرگەکان بڕیبوو. بنکەکانی کومیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ، بە شێوەی کاتی گواسترابوونەوە قوللەی کانی مارانێ لە دەشتی بیتوێن. وابڕیار بوو لە “قەڵای چوارقوڕنە”دا جێگیر بن. چەند قسەیەک لە سەر قەڵادزێ! قەڵادزێ بۆ پێشمەرگەی دێموکڕات هەردەم وەک شوێنی حەسانەوە وابووە. کەم کادر و پێشمەرگەی کومیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ هەبووە چەند ماڵێکی خزم یان ناسیاوی لە قەڵادزێ نەبێ. خەڵکی قەڵادزێ لە کۆنەوە ئۆگرییەکی زۆریان بۆ شۆڕشی ڕۆژهەڵات هەبووە و زۆر بنەماڵەی قەڵادزەیی وەک شوێنی حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب لە زەمانی هەردووک ڕێژیمی شا و کۆماری ئیسلامیدا بوون و پێوەندییەکی توند و تۆڵیش لە نیوان چەند بنەماڵەیەک و کادرانی حیزبیدا بنیاتنراوە کە تا ئێستاش هەروا بەردەوامە. تەنانەت لە ڕۆژە هەرە سەختەکاندا، خەڵکی قەڵادزێ باوەشیان بۆ پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات کردۆتەوە و لە ماڵەکانی خۆیاندا حاواندوویاننەوە. قەڵادزێ تازە ئاوەدان کرابۆوە و هێشتا زۆر کەس توانای دروستکردنەوەی خانوویەکی ڕێکو پێکی بۆ خۆی نەبوو. پاشماوەی وێرانکردنی ساڵی۱۹۸۹ لە لایان ڕێژیمی بەعسەوە وێرانکرا و خەڵکەکەی بەرەو ئۆردوگا زۆرەملییەکان ڕاگویزران. پێشمەرگەکان ڕوویان لە ماڵی ناسیاوێک کرد، تا پشوویەک بدەن و بەیانی بەرەو بنکەکانیان بگەڕێنەوە. پێشمەرگەکان لە بەر سەرقاڵی دەرفەتیی نانخۆاردنیان نەبوو بوو. کاتێک لەو ماڵە خەریکی نانخواردنێکی سەرەتایی بوون، دەرکەوت کە پێشمەرگە بریندارەکە بە هۆی برێنداربوونی زمانی بە باشی توانای نانخواردنی نیە. ——– بە پێی ئەو هەواڵانەی دواتر بە پێشمەرگەکان گەیشتن و هەروەها ئەو تیمەی لە ناو دێ دا مابوون، هێزەکانی ڕێژیم تا چەند کاتژمێر دواتر نەگەڕابوونەوە ناو ئاوایی و دەورووبەری ماڵەکە. هێزەکە بە بۆچوونی خۆیان وایان لێکدابۆوە کە پێشمەرگەکان هەر لە نێو ماڵەکەدا ماونەوە. بە مەبەستی پێشگرتن لە دەربازبوونی پێشمەرگەکانیش زۆر بە توندی دەورووبەری ماڵەکە و هەروەها نێو گوندەکەش دەگرن. ئەوان ئاگاداری ئەوە نەبوون کە پێشمەرگەکان دوای شەڕێکی کورت ماوە خۆیان ڕزگار کردووە و ئەو کاتەی ئەوان هاتوونەوە تا بە خەیاڵی خۆیان بیانگرن یان شەهیدیان بکەن، بە چەند کیلۆمیتر لە شوێنی شەڕەکە دوور کەوتبوونەوە. درێژەی هەیە…. وێنەی شاری قەڵادزێ و گوندی هێرۆ

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *