دووبارە گەمارۆ! بەشی شەشەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
دووبارە گەمارۆ! بەشی شەشەم! بە پێی ئەو هەواڵانەی کە دواتر بە پێشمەرگەکان گەیشتن، لە سەر یەک هێزێکی ۲۴۰ کەسی ئەرتەش لە مۆڵگەکانی دەورووبەری “پردێ کۆڕبناوێ” و “دەشتی کەپرانێ” ڕا بۆ گەمارۆدانی ئەو پێشمەرگانە هاتبوونە ناو گوندەکە و دەورووبەری. هێزی هێرشبەر دوای شەڕێکی کورت و کوژران و برینداربوونی چەند کەسێکیان و شکانی یەکەم و دووهەم هێرشیان، نەک هەر لە ناو گوند بەڵکو لە دەورووبەری گوندیش کشابوونەوە. چەند کاتژمێرێکی پێچوو بوو تا خۆیان سازمان بدەنەوە و دووبارە هێرش بێننەوە. شێوەی بیرکردنەوەیان چۆن بووە و لە سەر چ لێکدانەوەیەک چاوەڕوان بوون سەرەڕای تێکشکانی هێرشەکانیان، پێشمەرگەکان دەستە و ئەژنۆ دانیشن تا هێزەکە دووبارە هێرش بکاتەوە و ئەوجار پێشمەرگەکان بە هۆی لێ بڕانی تەقەمەنی ناچار بە خۆ بە دەستەوەدان یان خۆ کوشتن بکرێن؟!!! پرسیارێکە، کە تەنیا فەرماندەرانی هێزەکە دەبێ وڵامەکەی بزانن.
لە هێرشەکەدا تەنیا هێزەکانی ئەرتەش بەشدار بوون. ئەوە پێماندەڵێت کە ئەرتەش هەر لە کاتی وەرگرتنی هەواڵەکەوە تا هێرشکردن یەک لایەنە هەڵسو کەوتیان کردووە. هێزەکانی ئەرتەش لە ناوچەدا سەربە خۆ جموجۆڵیان دەکرد و تەنانەت سیخوڕەکانیشیان لە گەڵ سیخوڕەکانی دیکە جیاواز بوون. ئەو هەواڵە وادیار بوو بە “ڕوکنی۲ی” ئەرتەش درابوو و نەیانویستبوو هێزەکانی دیکە تێوەگلێنن. لە نێو هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئەرتەش خۆی بە سازماندراوترو شارەزاتر لە هونەری شەڕودا دەزانێ. ویستبووشیان ئەوە بە کردەوە بە هێزەکانی سپای پاسداران و تاقمی زەربەت بسەلمێنن. تێکشکانی گەمارۆی پێشووتر، وەک بەڵگەی ناشیاوی لە هونەری شەڕکردندا، بە سەر چاوی هێزەکانی دیکەی ڕێژیمدا دابدەنەوە. شەڕێک، کە هەر لە نیزیک مۆڵگەکانی ئەوان ڕووی دابوو و لەشکری شکاو بە بنەوپاڵی ئەواندا هەڵاتبوون. تەجروبە دەریخست کە هێرشی هەردووک لایان بە شکان دوایی هات و پێشمەرگەکان خۆیان دەرباز کرد.
هەڵسەنگاندنی هەل و مەرجی مەیدانی شەڕ!
پێشمەرگە دەبێ بە پێی هەل و مەرجی شوێنی شەڕەکە دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و لە لاوازییەکانی دوژمن بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێت و نەهێڵێ دوژمن ویستی خۆی بە سەردا بسەپێنێ، کارێک تەنیا ئەو کەسانە کە بۆ خۆیان لە شەڕەکەدان دەتوانن بیکەن.
لە گەمارۆی پێشتردا، پێشمەرگەکان پێویستیان بە تێپەڕینی کات هەبوو، تا تاریک دابێت و بتوانن خۆیان ڕزگار بکەن، بەڵام لە گەمارۆی ئەمجارەدا، هەڵکەوتنی شوێنەکە دەرفەتی بە پێشمەرگەکان دەدا، تا زوو لە ماڵەکە بێنە دەرەوە و خۆیان ڕزگار بکەن. لە گەمارۆی دووهەم دا تیمەکە بە سەر دوو ماڵی لێک جیاوازدا دابەش ببوون ئەمەش توانای خۆڕاگری ئەوانی زیاتر کربوو، چوارچێوەی شەڕەکەی بەرینتر دەکردەوە و تەلەفاتی دوژمنی زیاتر دەکرد. لەو گەمارۆیەدا تەنیا بەشێک لە هەموو تیمەکە ئاشکرا بوو بوو. کورتی ماوەی شەڕەکە و دەربازبوونی خێرای پێشمەرگە گەمادراوەکانیش پێویستی بە خۆ ئاشکراکردنی ئەوانی دیکە نەبوو. دەبێ ئەوەشمان لە بەر چاو بێت کە، شەوی پێشتر، کە تیمەکە بە سەر دوو بەشدا دابەش بوو بوون، ئەو تێ بینیانە لە بەر چاو گیرابوون.
بە دوای دەرچوونی ئەو تیمەی پێشمەرگەکان لە گەمارۆی دوژمن و ئاشکرا نەبوونی ئەو تیمەی دیکە، ئەوان لە هاتنە دەر لە گوندەکە پەلەیان نەکردبوو و دوای چەند کاتژمێرێک لە ماڵەکە هاتبوونە دەر و خۆیان گەیاندەوە بنکەکانیان.
دووبارە کردنەوەی پیلان!
هێزەکانی ڕێژیم وا ساغ ببوونەوە، کە خانووی ئەو ماڵەش وەک ماڵی شوێنی گەمارۆی پێشتر بڕوخێنن. بەڵام بە هۆی بەربەرەکانی خەڵک و هەروەها شوێنی ماڵەکە، کە لە نێوان خانوی دوو ماڵی دیکەدا هەڵکەوتبوو، چوونی لۆدێری بۆ شوێنەکە ئاستەم کرد بوو، لە ڕووخاندنی پاشگەز ببوونەوە. بە چەکی ئار پی جی لە ماڵەکەیان دابوو زەرەر و زیانێکی زۆریان بە خانوەکە گەیاند بوو، بەڵام هەر نە ڕووخاندنی خانوەکە بۆ خۆی بۆ بنەماڵەکە دەستکەوتێک بوو. وەک دەڵێن؛ “زەرەد لە نیوەی وەگەڕێ”.
بەرەو بنکە تازەکان!
دوای دەرمانکرانی سەرەتایی بریندارەکە و پشوودانێکی کورت لە ماڵێکی ناسیاوی قەڵادزەیی، بۆ بەیانی، پێشمەرگەکان بەرەو شوێنی تازەی کومیتەی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ “قەڵای چوارقوڕنە” وەڕێکەوتن. بریندارەکە دەبووایە بە مەبەستی دەرهێنانی گوللەکەی ڕانی بەرەو نەخۆشخانە بەڕێ بکرێت. بە هۆی بارکردنی نەخۆشخانەی ئازادی ڵە “بۆڵێ” ڕا ئیمکانی ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی ئازادی نەبوو. ئەو بەرەو شاری سلێمانی بەڕێکرا.
چەند دێڕێک لە سەر قەڵای چوار قوڕنە!
لە زەمانی ڕێژیمی بەعس دا ژمارەیەک قەڵای گەورە و بچووک، لە شێوەی قەڵای دێموکڕات لە کۆیە، لە ئێراق دروست کرابوون کە بەشێکی هەرە زۆریان لە کوردستان دروست بوون. مەبەست لە دروستکردنی ئەو قەڵایانە کۆکردنەوەی هێزە نیزامیەکانی ئەرتەشی عێراق لە نێو ئەو قەڵایانەدا دابوو. ئەو قەڵایانەی قەبارەیان گەورەتر بوو جێگای فیرقەیەکی ئەرتەش یان بە هەموو کەل و پەلەکانیانەوە تێدا دەبۆوە.
ژیان لە نێو ئەم قەڵایانەدا یەگجار ناخۆش بوو. پێشمەرگەکان شەوی دوای گەڕانەوە لە ناوچە و بە تەمای حەسانەوە چوونە ئەو قەڵای چوارقورنە بۆ لای ئەو پێشمەرگانەی، کە لەوێ خەریکی خاوێنکردنەوەی قەڵاکە بە مەبەستی تێدا جێگیربوونی بوون. ئەو شەوە لە بەر تەپۆیەکی لە ڕادەبەدەر ژمارەیەکی کەم لە پێشمەرگەکان توانیان بنوون. گەرمای زۆری “دەشتی بیتوێن”، کە بە یەکێک گەرمترین ناوچەکانی باشوری کوردستان دادەندرێت، هێندەی دیکە خەوی لە چاوی پێشمەرگەکان تاراندبوو. گەرمای قەڵاکە بە جۆرێک بوو کە پێش ڕۆژهەڵاتن هێشتا دیواری دەرەوەی قەڵا گەرمایی ڕۆژی پێشتری تێدا مابوو. بنکەی کومیتەی شارستان و هێزی گیاڕەنگ بە شێوەی کاتی لە “قوللەی کانی ماران” جێگیر کرابوون، کە زۆر لە ناو قڵای چوارقوڕنە خۆشتر بوو. ئەو گوندە بۆ ئەو بنەماڵانە دروستکرابوو کە گوندەکانیان لە گەڵ دروستکرانی بەنداوی “دوکان”دا کەوتبوونە بن ئاوی بەنداوەکە.
دواتر بە پێی بڕیاری حیزب واز لە قەڵای چوارقوڕنە و قوللەی کانی ماران هێندرا. وا بڵاو ببۆوە کە گۆیا ڕێژیم بە موشەکی “گراد”٭ توانای لێدان لە قەڵای چوارقوڕنەی هەبووە.
٭ موشەکی گراد جۆرێک موشەکی کورت مەودا بوو کە کۆماری ئیسلامی ئەو کاتە تەنیا ئەوانی هەبوون تا لە مەودایەکی دوورتر لە توانای تۆپخانە، هەڕەشەیان پێ لە بنکەکانی حیزب بکات.
درێژەی هەیە…


Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *